بۆ/ بەڕێز پێگەى كوردستانپۆست..وەڵام
16/09/2009, 12:00 (GMT+1)

1. ئێمەش لەگەڵ هەڵبژاردنێكى ئازاد و سەرتاسەرى و بێ قەید و شەرتین كە ساز بدرێت لەكوردستاندا و بۆ سەرجەم ئەندازیاران بۆ ئەوەى دەستەیەكى نوێ بۆ كۆمیتەى باڵا و سەرجەم لقەكان هە ڵببژێردرێن و لەو پێناوەشدا چەندین هەوڵمان داوە بۆ ئەوەى ڕیزى ئەندازیاران بەیەك و یەكگرتوویى بمێنێتەوە و لەو دووكەرتى و دوولەتبونەى ڕزگارى بكەین. پێشوازیش لەهەر هەوڵ و هیمەتێك دەكەین كە هاوكارمان بێت لەو پێناوەدا. هیچ كاتێكیش خۆمان بە شارەزاتر و زیرەكتر و چاونەترستر نەزانیوە لە كەسانى تر و هیوا خوازیشین لە ئایندەدا ئەندازیارانى بەتواناتر و زیرەكتر و ئازاتر بێنە پێشەوە بۆ خزمەتكردنى ئەندازیاران و بەرگریكردن لە داواكارى و مافەڕەواكانیان.
2. حەزدەكەین ئەوە بڵێین كە ((یەكێتى ئەندازیارانى كوردستان)) ڕێكخراوێكى پیشەیى سەربەخۆیە و لە ساڵى 1992وە یەكەم ڕێكخراوى پیشەیى بوە كە لە دواى ڕاپەڕینەوە دامەزراوە و بەشێوەیەكى ئازاد و شەفافانە ئیشوكارەكانى ڕادەپەڕێنێت و هەموو كاتێكیش ئامادەیە كە لەلایەن سەرۆكایەتى دیوانى چاودێرى داراییەوە ووردبینى سەرجەم داهات و خەرجیەكانى ساڵانەى بكرێت و لە ئێستاشدا تا بەروارى 31/12/2008 هەموو حساباتەكانى ووردبینى كراوە و تەنها ئەم 9 مانگەى ساڵى 2009 ماوە بكرێت كە پێویستە لە كۆتایى ساڵدا كارى ووردبینى بۆ ئەنجام بدرێت. بەڵام بۆئەوەى ئەو بوختان و درۆ هەڵبەسراوانەى ئەو ئەندازیارە بەدرۆ بخەینەوە داوامان لە سەرۆكایەتى دیوانى چاودێرى بەڕێز كردوە كە بێن و كارى ووردبینى بۆ ئەو 9 مانگەش ئەنجام بدەن. ئاشكراشە هەرئەوانیش دەتوانن و دەسەڵاتیان هەیە كە لە گەندەڵى و كەموكوڕى بكۆڵنەوە ئەگەر هەبێت. نەكە هەركەسەو هەڵسێت و بەڕاست و چەپدا بوختان و درۆ هەڵبەستێت. ئێمەش پابەندین بەهەموو یاسا و ڕێسا ژمێریاریەكانەوە و كارى ژمێریاریش لەلایەن ژمێریارێكى شارەزاوە ئەنجام دەدرێت نەك ئەندازیارێك و ئامادەشین بۆ هەر ووردبینى و بەدواچونێكى حساباتمان.
3. پشتگیرى و پشتیوانى لەهەموو ئەو ئەندازیارانەش دەكەین كە بوختانیان بۆ كراوە و ناویان لەو بابەتە پڕ درۆیەدا هاتوە و هەموویان بەخۆبەخش یان بە یارمەتیەكى كەم كاردەكەن و خزمەتى ئەندازیاران دەكەن كە ئەو یارمەتیە لە ئاست ماندوبن و گەورەیى ئەواندا نیە و لەگەڵ ئەوەشدا هەموانیان ئامادەن بۆ لێكۆڵینەوە و لێپرسینەوە و بێ باكن لە موحاسەبەكردن.
ئێستاش و هەموو كاتێكیش ئامادەین لەنزیكەوە گوێ لەهەموو ڕەخنە و پێشنیازێكى بونیاتنەرانە بگرین لەهەر كەس و لایەنێكەوە بێت بەمەرجێ بەرژەوەندى گشتى ئەندازیارانى تیادا بێت نەك تاكەكەس و گروپێكى دیاریكراو..پێشینانیشمان جوانیان گوتوە ((پەتى درۆ بەرى كورتە و , بەرى ڕۆژیش بە بێژنگ ناگیرێت)) و دووربێت یانزیك ئەو ئەندازیارە بوختانكەرە هەر ئاشكرا دەبێت و ئێمەش ئەو كاتە لە ڕێگەى یاساوە مامەڵەى ڕاست و دروستى لەگەڵدا دەكەین و ئەوكاتیش هەق و ناهەق دەردەكەوێت و ڕووڕەشیش هەر بۆ درۆزن و بوختانكەر دەمێنێتەوە.
لە كۆتاییدا دەڵێین خۆزگە ئەو ئەندازیارە گەر مەبەستى كاراتركردنى یەكێتى ئەندازیاران و نەهێشتنى كەموكوڕیەكان بوایە, ڕاستەوخۆ و ڕاشكاوانە و چاونەترسانە دەهاتە بارەگاى یەكێتى ئەندازیاران و هەموو ڕەخنە و گلەییەكانى دەردەبڕى و هاوكارى دەكردین لە چارەسەركردنەكانیشدا. نەك وەك ئێستا بەدزیوە و لە ژێر ناوى ئەندازیارێكى نەناسراودا درۆ و بوختان ڕیز دەكات و شەلم كوێرم ناپارێزم بۆ ئەو یەكێتیەى كە خۆى یەكێكە لە ئەندامەكانى و بۆ ئەو هاوكارانەى كە لەخزمەتى سەرجەم ئەندازیاراندا كاردەكەن.
لەگەڵ ڕێزدا ...
كۆمیتەى باڵاى یەكێتى ئەندازیارانى كوردستان
12/9/2009
سلێمانى
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









