پارتی ماراسۆن بکا باشترە وەك لەسیاسەت
12/01/2013, 12:00 (GMT+1)

عەبە ڕەق جگە لەوەی کەسێکی گەلێک خاکی و لەسەرخۆ بوو لەکاتی گفتوگۆدا، کەسێکی قسە خۆش و باس و خواسی زۆری لابوو. ئەو شەوە هەرچی هێزی پێشمەرگە بوو لەکەرکوك دەرئەچوون و خۆیان بەرەو سلێمانی و سنوورەکان ئاودیو ئەکرد، کەرتەکەی ئێمە کە عەبە ڕەق سەرپەرستی ئەکرد ئەو شەوە هەر خەریکی قسەی خۆش و بەسەرهاتەکانی ڕۆژانی پێشمەرگایەتی و چالاکیەکانی ناو شار بوو. کاکە عەبە یەکێ بوو لەو کەسانەی هەریەك لە ملازم موحسین و عەلا کون بەکون بەدوایدا ئەگەڕان. عەبە ڕەق پێیەکی لەشارباژێر بوو، پێیەکەی تری لەناو شار بوو. ئەم زۆربەی کاتەکان و بەتایبەتی لەهەشتاکاندا زۆربەی چالاکیەکانی لەناو شار بوو. خۆی ئەیوت کە زۆربەی کات بە تەکسیەکی بەرازیلی هاتو چۆی ئەکرد و بێ گوێدانە هیچ ترس و سڵەمینەوەیەك. دیار بوو گەلێ هاوڕێی شەهید جەلال بوو، زۆریش پێی سەرسام بوو.
ئەو شەوە کەلەوێ بووین هیچ خۆرادنمان پێنەمابوو ، بۆیە داوای لە سهباح کرد ناسراو بوو بە سابەحی شوقەکانی رعایە کە شتێکمان بۆ ئامادە بکات تا بیخۆین ، نازانم چۆن چوو دوو مریشکی لە ماڵێك هێنا دیار بوو کەسی لێ نەبوو، هەر ئەو شەوە مریشك سەربڕاو و سوورکرایەوە و خورا. لەم کەین و بەینەدا بووین کە هەر هێزی پارتی بوو ٢٠٠ یان قەبات کرد و کەس نەیئەزانی بۆچی ئەمانە وا زوو بەرەکانی شەڕ جێدێڵنن و بێ ئەوەی بەکەسیش بڵێن و هەروا زوو یەك نەفەری ئەوانی لێ نەما. بۆیە کاکە عەبە ڕاستی ووت لەوەی کە پارتی هەقە بەشداری ماراسۆن بکەن گەلێ باشترە لەوەی بێن و بەرەکان چۆڵبکەن و وورەی پێشمەرگە بەربدەن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









