<

ڕونكردنەوەیەك لەگۆڕانخوازەكانى كفریەوە بۆ بەڕێز عوسمانى حاجى مەحمود

29/07/2009, 12:00 (GMT+1)
هاوڕیێَمان كاك سەباح عەلى قارەمان لە نامەكەى پێشودا كە ئاڕاستەى بەڕێزتى كردبو ئەگەرچى پەلەى لێكردبو بەڵام بڕیارى هەمومانە و لەگەڵ ناوەڕۆكى نامەكەیداین و دەمانەوێ لێرەشدا ڕاى خۆمان بە ڕەسمى ڕابگەیەنین دەربارەى ئەو برادەرانەى لەدواى هەڵمەتى پاكسازییەوە لەناو مەڵبەند و لقەكانەوە دەستپێدەكات گوایە ئەوانە دەردەكرێن كە گومانیان لەسەرە و لەڕابردودا كاریان بۆ گۆڕان كردبێ, بڕیار و ڕاى ئێمە لەم چەند خاڵەدا ڕوندەكەینەوە بۆ بەڕێزتان و هەمو هەواداران و لایەنگرانى گۆڕان, بۆ ئەوەى تۆش نەكەوێتە هەڵەكانى جارانەوە كە هەتا پۆستت لەبەردەستدا بو سەدان كەسى خراپت ئاخنیە جۆمگەكانى حیزب و حكومەتەوە و ئەوانەش دەزگاى حكومەت و حزبیان بەجۆرێ توشى بیرۆكراتیەت و گەندەڵى كرد ئەوەتا شۆڕشى گۆڕانى ماندو كردوە و دەیەوێ هەناسەیە هەڵمژێ دوربێت لەو دەموچاوانەى كە تۆ كردتە مۆتەكەى گەرمیان.
هەڵۆیستى ئێمەى گۆڕانخوازەكانى كفرى, ئەوانەى وەك مەفرەزە سەرەتاییەكانى جاران سەریانهەڵدا و برادەرانى بەناو ڕیفۆرمخوازى مەڵبەندەكەى جەنابت گاڵتەیان لێدەهات و پێاندەگوتین هەندێ مناڵ!!! و نەیاندەوێرا لەبازاڕ و شۆێنە گشتیەكاندا سڵاوەكەمان وەربگرنەوە نەوەك نۆك و نیسك و پارەكەیان ببڕێ لەلایەن مەڵبەندەوە, ئێمە جەختدەكەینەوە:
1_بەهیچ جۆرێ, ئەوانەى دواى هەڵبژاردن دەركراون و دەردەكرێن لەو مەڵبەندە(مەڵبەندى 26 كفرى), وەریانناگرین و نامانەوێ جارێكى تر بكەوینە بەر ڕەقى جەماوەر, چونكە ئەوانە تەنیا بۆ حیزبەكەى بارزانى و تاڵەبانى باشن, لەلایەكى تریشەوە غەدر لەخۆیان دەكەن و ئێمەش نامانەوێ ماندویان بكەین, چونكە ئێمە نە پارە و بودجە و سەیارە و ئیمتیازاتمان هەیە بیبەخشین و نە دەمانەوێ گۆڕان بكەینە دێوەخان, لەكاتى خۆیدا بەڵێنمان بە خەڵكى بەشەرەفى شارەكەمان داوە كە ئێمە دەموچاوى تازەین و بە وەزەیەكى ترەوە پڕچەك بە مەعریفە و لێبوردەى و نەرم ونیانى و دوور لە دەستگەرێتى و مەحسوبیەت و كلك گرێدان كار دەكەین و ئەگەر ئەو هەنگاوانەش بنێنێن دڵنیاتان دەكەینەوە كەسى شیاو دەچێتە شۆێنى شیاو و بەمەش شارەكەمان لەبەشێ ئازارەكانى كەم دەبێتەوە كە دەموچاوە كۆنەكان دروستیان كردبو, بۆیە نامانەوێ جوڵانەوەى گۆڕان بكەینە شۆێنى خەڵكیمان لێبڕەوەێتەوە و بیئَومێد بن ئەمەش بەوە دەبێ قەبوڵى ئەوانە ناكەین لەپێناو پارەو پولى ئەو مەڵبەندەدا تەنانەت گاڵتەیان بە ئێمە دەهات.
2_ تكا لە بەڕێزت دەكەین واز بێنە لە كۆبونەوەى نهێنى و هێنان و گرنگیپێدان بە كۆمەڵێ هەرزەكار كە گۆشكراون بۆ كارى جاسوسى و هەمو شتێ لەسەر گۆڕانخوازەكان تەنانەت بەتەسویریشەوە دەبەن بۆ ئەو مەردانەى كە جەنابت كردتە مۆتەكەى سەر هەناسەى خەڵكى قوربانیدەرى كفرى, ئێمە وەك گۆڕانخوازەكان بە پرەنسیپەوە كاردەكەین و دیاریشین ئەوانەى تەنیا لەو پێناوەدا گۆڕانیان هەڵبژارد و ژیانى خۆیان خستە مەترسیەكەوە.
3_ ئەگەر گۆڕان بوە ڕێكخراوێكى سیاسى, یا چارەنوسى یەكێتى كەوتەوە دەست, ئەو ڕاستیە بزانە ئەوە گۆڕانخوازەكانن خاوەن بەرنامەى زانستى و مەیدانى, نەك بیر بكەیتەوە كۆمەڵێ خەڵكى بێكەڵك و ڕابردو خراپ تەزكیە بكەى, بەهیچ جۆرێ ئەو جۆرە كارانە هەر كەسێ بەجەنابتیشەوە پێى هەستێ ئێمە بەتوندى ڕەدى دەكەینەوە.
4_ ئەوانەى لەترسى موچە بڕین و لەدەستدانى پۆستە حكومیەكاندا نەیانتوانیبێت بە ئاشكرا كار بكەن, ناسراون و هەوڵەكانیان جێگەى ڕێز و تەقدیرى هەمو لایەكە, بۆ ئەمەش نابێ چەند خاڵێ فەرامۆش بكرێ و كەسانى تر تێكەڵ بەو تێكۆشەرە خاوەن بیروباوەڕانە بكرێ هەرچەند خۆیان ئاشكرا نەكردوە بەڵام هەوڵیان نەداوە گۆڕانخوازەكان توشى ناڕەحەتى و ئازار بكەن, بە پێچەوانەى ئەوانەى كە مایەى ئازاربونە و گۆڕانخوازەكانى سەركوتكردوە كەچى كراسى عوسمان بكاتە بەر و بێتە لاى تۆ, وەك لەپێشەوە ئاماژەمان پێكرد بەڕێزت ئەگەرچى دڵپاكانە كارتكردوە, بەڵام كۆمەڵێ خەڵكى و كەمیش نین كردتە بەرپرس و بارقورسى بەسەر خەڵكى گەرمیانەوە, لەڕاستیشدا لەگەڵ ڕێزماندا بۆ خاوەن دوكانێ باشتر وابو لەسەر دوكانێ دابنیشن نەك تۆ تەزكییەى بكەى و بیخەیتە شۆێنى خۆتیش نەزانى چی كارەساتێكت قەوماندوە.
5_پێمان باش نیە بەهیچ جۆرێ تەسفیاتى كوتلەبازى لەسەر بزوتنەوەى گۆڕان و كاراكتەرەكانى ساغبكرێتەوە, بۆنمونە چەندەها كەس هەیە لە كفرى دا, گۆڕانخوازە و خاوەن بەرنامەیە و میلەت سودى لێدەكات, بەڵام لەگەڵ بیروبۆچونى بەڕێزتدا وێكنایەتەوە, تكا دەكەین مەیخەرە بەر توڕە بونى خۆت كە بەخەساربشكێتەوە بۆ پرسى گشتى !!!

لەكۆتاى ئەم ڕونكردنەوەیەدا, سوپاسى خەڵكى قارەمانى كفرى دەكەین, لەپێناو ڕێگەى حەق و ویژداندا سەرىنەوى نەكرد بۆ پارە و پول و ئیمتیازات, دڵنیابن دەنگ و هەوڵەكانتان بە فیڕوناڕوات و ئومێد دەكەین گۆڕینى سیستەمى حوكمڕانى و گۆڕینى هەندێ دەموچاوى بیرۆكرات و دز وابكات هەناسەیەكى جیاوازتر وەبەر ژیانى ئاساى هەموماندا بێتەوە.

هەندێ لە گۆڕانخوازەكانى كفرى (دامەزرێنەرانى ئۆفێسى كفرى لیستى گۆڕان)
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست