كەمپین بۆ پارێزگارى كردن لە میدیاى ئازاد بەرامبەر بە هێرشی ناڕەواى ئیسلامیەكان واژۆ بكە
12/06/2010, 12:00 (GMT+1)

ئێمە وەكو(دەستەى نووسەران و رۆشنبیرانى كورد لە تاراوگە) ئەم تیۆرە نا مەنتیقیانە بەسەر میدیاى ئازاددا رەت دەكەینەوە و ئیدانەى ئەو هەڵوێستەى ئیسلامیەكان دەكەین، لەپێناو سەركەوتنى میدیاى ئازاد بەسەر شەمشەمەكوێرەكانى جەهالەت دەنگت بخە پاڵ دەنگى ئێمە بۆ ئەوەى حكومەتى هەرێم و پەرلەمان و پارتە سیاسیەكانى باشوورى كوردستان و سەرجەم رێكخراوەكانى داكۆكیكار لە مافەكانى مرۆڤ و كۆمەڵگاى مەدەنى و سەندیكاى رۆژنامەنووسان و یەكێتى نووسەران بە ئاگا بێنین كە ئەم(هێڵە سور)انەى كە ئیسلامیەكان باسیان لێوە دەكەن چ هەڕەشەیەكن بۆ سەر ئایندەى نەتەوەكەمان و بیر و هزرى تاكى كۆمەڵگاى ئێمە، نرخ و بەها و نەریت لە گفتوگۆكردندایە لەسەر چەمكەكان نەك قەدەغەكردنى گفتوگۆكردن لەبارەیانەوە، نرخ و بەها و رەوشت لە دیالۆگ و نووسینى عەقڵانیدایە نەك تەكفیركردن و هەڕەشەلێكردن و سووك و ریسواكردن، بەزاندنى هێڵی سور ئەوەیە تۆ مووچە لە داگیركەر و دوژمنى میللەتەكەت وەربگریت، بەزاندنى هێڵی سور ئەوەیە تۆ پێشێلى ئەمنى قەومى نەتەوەكەت بكەیت، بەزاندنى هێڵی سور ئەوەیە كە دوژمنەكەت سنورەكانت، گوند و شارۆچكەكانت بۆردومان بكات و تۆش بێ هەڵوێست بیت و كۆمەڵگا سەرقاڵ بكەیت بە بابەتى نێو گۆڤار و رۆژنامەیەك یاخود بە هەڵگەڕانەوەى گەنجێك لە ئاینەكەى، بەزاندنى هێڵی سور لەوەدایە كە تۆ دیالۆگ رەت بكەیتەوە و راستەوخۆ بەرامبەرەكەت تەكفیر بكەیت، هاوسۆزى پیشاندان بۆ دوژمنەكەت بەزاندنى هێڵی سورە، بۆیە جارێكى تر داواكارین لەسەرجەم نووسەران و روناكبیر و رۆشنبیرانى كورد لە هەركوێیەكى جیهاندابن هاو دەنگ و هەڵوێستمان بن بۆ ئەوەى ئەمجارەش ئەم هەڕەشەكردنە لەسەر ئیسلامیەكان تێپەڕ نەبێت و ئێمەى رۆشنبیرانیش سنورێك بۆ ئەو سنورانەى ئەوان دابنێین لەپێناو ئازادى، لەپێناو سەربەست بوونى نەتەوەكەمان لە چنگ ئەو هەموو كۆت و زنجیر و هێڵەسورە چەقبەستووەى ئیسلامیەكان، با ئایندەى رۆڵەكانمان لێڵ نەبێت لە چنگ ئەو هێڵە سورانەوە، كێ ناڵێت دەرچوون هێڵی سور یەكسان نییە بە تیرۆركردنى هەموو فیكرە تازە و جوانەكان، تیرۆركردنى هەموو ئازادیخوازە داهێنەرەكان، با هەموو بەیەك دەنگ واژۆ بكەین بۆ(نا بۆ تیرۆرى فیكرى، نا بۆ هێڵی سورى ئیسلامى، نا بۆ خنكاندنى ئازادى و میدیاى ئازاد)..
[email protected]
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









