<

شێخ جەعفەر بەپەلە لیوا و فەوجەكانى پشدەر و بیتوێن لەدژى گۆڕان ڕادەسپێێرێ .

10/04/2011, 12:00 (GMT+1)
ئەمڕۆ بەروارى 10 / 4 / 2011 لەبارەگاى هەیئەى مەشقى دۆڵەبەفرەى نێوان ناحیەیى سەنگەسەر و ناحیەیى ژاراوەى نزیك قەڵادزێ كاتژمێر دەى سەرلەبەیانى كۆبوونەوەیەكى بەپەلە ڕێكخراوە بۆ لیوا و فەوجەكانى سنوورى پشدەر و بیتوێن ، هەریەك لە زیادخۆرانى و حاجى عەلى سستەى سەرۆك جاشى ڕژێمى پێشووى بەعس و فەرماندەى سەربازى ئێستاى یەكێتى لەسنوورەكە قسەیان كردووە بۆ بەژداربووان و ئامادەبووانى كۆبوونەوەكە ، لە سەرەتاى كۆبوونەوەكەدا زیاد خۆرانى فەرماندەى لیواى سنوورەكە ووتوویەتى بەڕێزان بۆ خۆتان دەزانن دۆخەكە بۆ ئێمە بەرەو ئاڵۆزى دەڕوا و گۆڕان ڕێگە نادات چیتر بەئیسراحەت دابنیشین بۆیە لەسەر داواى كاك شێخ جەعفەر ئەم كۆبوونەوەیەمان سازكردووە ، جەنابیان چەند ڕاسپاردەیەكى بەپەلەى هەبوو بۆتان ئەمەوێ پێتان ڕابگەیەنم و لەئێستاوە ئەبێ هەموومان بەیەكەوە ئیشیان لەسەر بكەین و هەوڵەكانى خۆمان بخەینە گەڕ لەم بارەوە .
1 _ هەر كەسێك گۆڕانە یان پشتگیرى ئۆپۆزسیۆن دەكات هەر لە ئێستاوە خۆى یەكلاى بكاتەوە ، بەپێچەوانەوە دوایى ئاشكرابێ ئیجرائاتى زۆر تووندى لەگەڵ دەكەین .
2 _ لەكاتى پەیدابوونى هەر پەشێوى و ئاڵۆزیەك بەهیچ شێوەیەك دەست لەخەڵكى گۆرٍان و هەڵسوڕاوەكانیان مەپارێزن و لێیان بدەن .
3 _ بەووردى چاودێرى ئیسلامیەكان بكەن و لەكاتى خۆپیشاندان و گردبوونەوە جەماوەریەكان لێیان دەن بەناوى گۆڕان .
4 _ بڕۆنە ناو خەڵك بەتایبەت پرسەكان و ناو بازاڕ و چایخانە و شوێنە گشتیەكان و زۆر بەتووندى وەڵامى ئەو كەسانە بدەنەوە كەدواواى هەڵوەشاندنەوەى حكومەت دەكەن ، پروپاگەندەى ئەوە بڵاوبكەنەوە بڵێن گۆڕان دەیەوێ نانتان ببڕێ و حكومەت تێك بدا و بەفیتى ئێران وادەكەن .
بەڕێزان ئەمە لەوانەیە یەكێكى تر بێت لەو سیناریۆیانەى كەپارتى و یەكێتى دایان ڕشتووە دژى خۆپیشاندەران و لایەنەكانى ئۆپۆزسیۆن ، هەروەها ئەمە لەكاتێكدایە بڕیاروایە ئەمڕۆ شێخ جەعفەرى وەزیرى نەخوێندەوارى هێزەكانى میلیشیایى یەكێتى و پارتى بانگهێشتى پەرلەمان بكرێ ، لەولاشەوە هێزەكان و فەرماندە سەربازیەكانى دەست و پەنجە سوور بەخوێنى سەدان گەنج لەشەڕى ناوخۆ هاندەدا كەدەست نەپارێزن و پەشێوى و ئاڵۆزى بنێنەوە ، ئێوە بڕیاربدەن چ ئومێدێكمان بەمانە بێ ؟ بۆ ڕانەپەڕین لێیان ؟ ئەوەتا دوایى ئەو هەموو ڕاو ڕووت و دزى و گەندەڵى و تیرۆر و كوشتنەى كردوویانە ئێستاش وازناهێن و ئامادەنین كورسى دەسەڵات جێ بێڵن ،ئێستاش هەرچاویان لەكوشتن و تیرۆر و لەناوبردنە .

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست