<

داخستنى رێبەر كویك هۆكارى سیاسى لە پشتە

08/01/2012, 12:00 (GMT+1)




ماوەیەكە كێشەو گرفتێكى گەورە بۆ بەشداربوانى هێڵى ئینتەرنێتى رێبەر كویك لە شارى سلێمانى دروستبوەو هۆكارەكەشى هەتاكو ئێستا نەزانراوە چونكە كۆمپانیاكە چەندین جار و لە رێى كەمپینێكەوە راستى و دروستى هەموو گرێبەستەكانى سەلماندووەو پارێزگارى سلێمانیش بە بیانووى نەبوونى مۆڵەتى یاسایى چەند جارێك سویچى سەرەكى هێڵەكەى كوژاندۆتەوە. رێبەر كویك كە سەر بە كۆمپانیاى نەورۆز تیلیكۆمە كۆمپانیایەكە سەر بە كەرتى تایبەتە و هیچ پەیوەندییەكى نییە بە هیچ یەكێك لە حزبە سیاسییەكان چونكە ئەگەر پەیوەندى هەبێت بە لایەنێكى سیاسى دیاریكراوەوە ئەو كاتە لە سەرانسەرى كوردستاندا مۆڵەتى نەدەبوو. ئەوەى جێگەى سەرنجەو لەناو خەڵكیدا ئاشكرایە ئەوەیە كە ئەو كۆمپانیایە نزیكەى دوو ساڵە لە هەموو پارچەكانى كوردستاندا ریكلام بۆ هێڵى ئینتەرنێتەكەى دەكات و ئەگەر كێشەیەكى یاسایى هەبوایە دوو ساڵ بەردەوامى نەدەدا بە كارەكانى و هەر لە سەرەتاوە دادەخرا بەڵام لاى هەمووان ئاشكرایە كە ئەو كێشەیە زیاد لە پێویست گەورە كراوەو كۆمپانیاى ناوبراویش لەو نێوەندەدا هیچ تاوانێكى نییەو زەرەرمەندى سەرەكى ئەو حەفتا هەزارو قسورە بەشداربووەیە كە پێدەچێت بەشێكى زۆریان خوێندكارو قوتابى زانكۆ بن و بۆ خوێندنەكەیان سوود لەو ئینتەرنێتە هەرزان بەهایە وەربگرن كە لە سەرەتاى هاتنییەوە بۆ شارى سلێمانى خزمەتێكى زۆرى بە بەشداربووانى كردووەو كۆمپانیاكانى ترى بوارى خزمەتگوزارى ئینتەرنێتیان خستۆتە دڵەڕاوكێوە. خۆم وەك بەشداربوویەكى ئەو هێڵە داوا لە حكومەتى هەرێم و پارێزگارى سلێمانى دەكەم كە بە پەلە چارەسەرێكى گونجاو بۆ ئەو كێشەیە بدۆزنەوەو چیدى خەڵكى هەژار كە تواناى بەشداریكردنى نییە لەگەڵ كۆمپانیاكانى تر نەكەنە قۆچى قوربانى و كارێكى وەها نەكەن كە لە داهاتوودا لە شارەكەدا دەنگیان پێنەدەین. بەردەوامبونى پارێزگارى سلێمانى لەسەر ئەو هەڵوێستەى، بێلایەنى لە كارەكانیدا دەخاتە ژێر پرسیارەوەو چیدى لەلایەن بەشدابوانى رێبەر كویكەوە خۆشەویست نابێت و گلەیى و گازندەیى زۆر لە كارەكانى دەكرێت.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست