وەزیری رۆشنبیری وداخستنی کەناڵی تەلەفزیۆنی نەورۆز
24/04/2011, 12:00 (GMT+1)

لە هەمـوو جیهاندا ئەو کەسـانە هەڵدەبژێردرێن بۆ بەڕێوەبردنی دەزگاکانی دەوڵەت .. کە خاوەن عەقڵێکی قوڵی پێشبینی و شارەزایین لەو بوارەدا.. پلان و بۆچون و ستراتیجیەتی ئاسایشی دەوڵەت بپارێزێن و پەرەی پێبدەن ، کە دەڵێم ئاسایش تەنها بەو مانایە نییە کە کۆمەڵگا لە تیرۆریستان بپارێزرێت ، بەڵکو ئاسایشی کۆمەڵگا و گەیشتن بە ئامانجەکانی لە خوێندنی مۆدێرن و تەندروستی و رێگا و بان و کارگە و پلانی ئابوری پتەو و گەشەدان بە کلتور و ئەدەب و هونەر و دابینکردنی رۆژانی داهاتوی گەنجان .. هەروەها دژایەتی کردنی گەندەڵی و دانانی مرۆڤی شیاو لە جیی شیاودا ئامانجی بێت .
چەند رۆژێك لەمەوپێش لە یەکێك لە کەناڵە تەلەفزیۆنەکانمانەوە بەرێز- د . بەرهەم سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانم بینی کە یەکەم هەواڵی ئەو کەناڵەبوو دوو بارە و سێ بارە لێی دایەوە و بایەخێکی زۆری پێدا ، بەرامبەر بەوە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانیتر هەر بەلای ئەو هەواڵەدا نەچوون وە سەرنجم دا لە بۆنەیەکی تردا بە پێچەوانەوە ئەمجارەیان کەناڵی یەکەمیان خۆی بێدەنگ دەکات و ئەویتریان وەك هەواڵێکی گرنگ پەخشی دەکات، بەدڵنیاییەوە ئەو دوو کەناڵە حیزبین و کاری من لێرەدا ئەوە نییە دەستنیشانی ئەو کەناڵانە بکەم و بۆچی ئەم کەناڵەیان بایەخ ئەدات بەو هەواڵەو ئەویتریان نایدات . کاری من ئەوەیە کە باس لەوە بکەم کە کەناڵێکمان نییە سەر بە حکومەت بێت ، تەنها کەناڵی نەورۆز نەبێت ئەویش کە ئەم شۆڕە سوارە بوو بە وەزیری رۆشنبیری.. دایخست!!بەڵێ دایخست .
جا بۆ بەدبەختی ئەم وەزیرە .. دوای داخستنی کەناڵی تەلەفزیۆنی حکومەت، خۆی دەبێتە وتەبێژی حکومەت وبەمەبەستی گەیاندنی پەیامی حکومەت بۆ هاوڵاتیان دەبێت تەکلیف لەو کەناڵە حیزبیانە بکات .. بەبێ ئەوەی جەنابی وەزیر بتوانێت ئیجباری ئەو کەناڵە بکات بۆ پەخشکردنی ئەو هەواڵە ، یاخود لە جێی شیاوی خۆی وەك سەرۆکی حکومەت بایەخی پێبدات .
لێرەدا ئەگەر پرســیارێك لە خۆمان بکەین و داخســتنی کەناڵی نەورۆز لەلایەن رێزدار - د. هادی مەحمود - ەوە بخەینە ژێر باس و لێکۆڵینەوە ، دەبینین هیچ هۆیەکی گرنگ نییە تەنها لە بێ پلانی و کورت بینین و کاڵفامی جەنابی وەزیرمان نەبێت لە بواری راگەیاندن .. هەروەها گەراندنەوەی ئەو بڕە پارەیەی کە تەرخان دەکرا بۆ ئەو کەناڵە ، بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
ئەگەر جەنابی وەزیر بڵێت تەنها گەڕاندنەوەی پارە نییە بۆ حکومەت ، ئەو گەندەڵییە زۆرەشە کە لەو کەناڵەدا هەبوو ، پێی دەڵێم بەڵێ وایە .. ئەو گەندەڵییەی لەو کەناڵەدا هەبوو لە هیچ شوێنێکی ئەم کوردستانەدا نە بوە و ناشبێتەوە ، ئەگەر ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی زۆر بچکۆلە لە گەندەڵی نێو ئەو کەناڵە بکرێت کارەسات دەبینین و چەندین بەڕێوەبەری ئەو کەناڵە و جێگرەکانیان و ژمێریار و فەرمانبەر.. جێی گومان دەبن لە دەست پاکی . بەڵام ئەمە پاساو نییە بۆ داخستنی ئەو کەناڵە گرنگە .. پێویست ناکات بایەخدان و گرنگی راگەیاندن بۆ جەنابی وەزیری رۆشنبیری باسکەم ، بەڵام ئەگەر وتەکانی لینین تان لە بیرچۆتەوە ئەوا ئامادەم وەبیری جەنابتانی بێنمەوە چونکە جەنابتان پاڵێرراوی حیزبی شیوعین .. ئائەمەشە کارەساتی ئیستحقاقی حیزب دوای هەڵبژاردن ، بەداخەوە کە سەرکردەکانمان زۆر بە سادە و ساکاری سەیری ئەم حاڵەتانە دەکەن ، بەردەوام پێویستیان بەیەکێك هەیە کە مشکەکەی (سد مێرب) یان وەبیربهێنێتەوە .
ئەگەر ئێمە هەرج دەزگایەك گەندەڵی تێدابێت دایخەین .. ئەوا دەبێت دەروازەی حکومەت بەهەموو وەزارەتەکانەوە بە وەزارەتی رۆشنبیریشەوە داخەین .
بەڕێزان لێتان ناشارمەوە ئەو گەندەڵییەی کە لەو کەناڵەدا هەبوو لە هیچ شوێنێکی کەدا بەو شێوە فەرهودەییە نەبوە .. بەو شێوە لێنەپرسینەوەییە نەبوە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێت کەناڵێکی وا گرنگ داخرێت کە زمانحاڵی حکومەتەکەمانە .. ئەو حکومەتەی کە بمانەوێت یاخود نەمانەوێت سەرکەوتنی هیوا و ئاواتی هەموانە ، بەو هیوایەم لەگەڵ هاتنی وەزیری رۆشنبیری نوێ ، ئەو وەزیرەی کە ئاواتی هەموو رۆشنبیران و هونەرمەندانە .. ئەم کەناڵە بەشێوەیەکی نوێ کە بناغەی دەست پاکی و خزمەتکردنی وڵات بێت و جارێکیتر پەخشی بکەوێتەوە گەڕ ، ئێستاش چاوەڕێی بڕیار و هەوڵ و کۆششی جەنابی وەزیرن .. لەگەڵ راوێژکارەکەی د. فازیل جاف بە داخستنی بەڕیوەبەرێتی گشتی سـینەما کە جەنابی وەزیر و راوێژکارەکەی دڵنیادەکەین کە بێدەنگ نابین و داوا لە خەمخۆرێکی ونبووی وەك بەڕێز ئاریان فەرەج دەکەین کە رێگربێت لە ئەنجامدانی ئەم پلانە سەقەت و بەرژەوەندیدارەی جەنابی وەزیرو راوێژکارەکەی ..
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









