تەشویشەكەی ساڵانی هەشتاكان و ئەمساڵ كتوومت وەكو یەكن؟
24/04/2011, 12:00 (GMT+1)

هەشتاكان ئەو ساڵانە بوو كە سەرەتاكانی پەیوەندی كاری ڕێكخستنم بوو كە بۆ ساڵی 1984 دەگەڕێتەوە، هەر لەو ساڵانەوە لەسەر گوێگرتنم لە دەنگی گەلی كوردستان ڕاهاتم و بوومە هاودەمی هەموو ساتەكانی، بەو ئاستە لە ماڵەوە پێیان دەوتم گەر تەشویشەكەش هەبێت تۆ هەر دڵت پێی خۆش دەبێت.
بەڵام كە ئاستی تەشویشەكە زیاتر دەبوو، هەموو تواناكانی و هاوارەكانی فەرهاد سەنگاوی ئازاد چالاك و حاكم فەرهاد نقوم دەكرد لەخۆیدا ئیتر من بەناچاری وردە وردە میلی ڕادیۆكەم دەگۆڕی تاكو هەناسەیەكی ئەو سەنتەرو پێگەیەم پێبگات كە ڕێنمایی نوێ بە منیش بگات، سەركەوتنی نوێ شۆڕش و پێشمەرگەم پێبگات.
بەڵام ئەوانە زۆر كات بە نیوەیی پێمدەگەیشت چونكە زۆر كات تەشویشەكە هێندە زۆر دەبوو مەگەر تەنها ئەو كاتانە تێر بوومایە بە دەنگی گەلی كوردستان كە دەچوومە ئیزگەو لەگەڵ فرهاد سەنگاوی دادەنیشتم و دواتر چەند كاسێتیكی چالاكییەكانی بەدەنگی خۆیم دەهێنایەوە بۆ سلێمانی تەنها ئەوكاتانە تینوێتیم دەشكا، لەهەمانكاتیشدا بیرم لەوە دەكردەوە باشە حكومەتی عیراقی بۆچی لەگەڵ ئەم هێزی پێشمەرگەو شۆڕشی كوردە ڕێكناكەوێت و پێكەوە ژیانێكی ئارام بەسەر بەرن، دوور لە تانەو كێشەكانی جەنگ و ماڵوێرانییەكانی جەنگ، بەڵام هێندەی نەبرد لەوە تێگەیشتم كە حكومەتی عیراقی بڕیاریداوە كە جەنگ لەدژی گەلی كورد بەرپا بكات، بەڵام چ جۆرە جەنگێك، جەنگێك كە سڕینەوەی تەواوی سیمای نەتەوەیی بێت، هەربۆیە هیچ سازشێك قبوڵ ناكات و ئەوە بوو دواتر كیمیایی بۆ كپكردنەوەی میللەتی كورد بەكارهێنا، بەڵام دواتر كە خەڵكی كوردستان لەدژی ئەم حكومەتە ڕاپەڕین لەشاری سلێمانیدا تەنها دوو ڕۆژ تەمەنیان بوو.
ئەو مێژووەی سەرەوە بەراوردكردنی لەگەڵ ئەمڕۆو ئەم سەردەمەدا زۆر نزیكایەتی و لێكچوویان هەیە، ئێستا خەباتێكی نوێ، خەباتێك بۆ چاكسازی و خۆشگوزەرانی كە لاوان پێشڕەوایەتی دەكەن، لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن هاتۆتە مەیدان بە تایبەت بزووتنەوەی گۆڕان بە پلەی یەكەم و دواتر كۆمەڵ و یەكگرتوو بوونەتە سیانییەكی ئۆپۆزسیۆن، لەگەڵ شەقام و لاوانی ئەم هەرێمە بەگشتی و بەتایبەتی شاری سلێمانی هاوار دەكەن بۆ پاوان نەكردنی مافەكان، بۆ نەهێشتنی گەندەڵییەكان، بۆ ئازادی زیاتر فرانتربوونی، بەشێكی زۆر لەم داوایانە لەڕێگەی كەناڵی KNN وە بڵاودەكرێتەوەو گفتووگۆی لەسەردەكرێت و زۆركات تەنگی بە دەسەڵات هەڵچنیووە، هەربۆیە بیر لەوەكراوەتەوە چۆن ڕێگە لە پەخشی ئەم كەناڵە بگیردرێت، سەرەتا بیر لەوە كرایەوە لەڕێگەی هێزو هێنانی دەبابەوە، دواتر بیر لەوە كرایەوە تەشویش بخرێتە سەر ئەم كەناڵەو بۆ چەند شەوێك بەهۆی ئەو تەشویشەوە كەناڵەكە لە پەخشی ئاسایی پەكی دەكەوت، هەر لەوكاتەدا بیرم چوەوە بۆ ساڵانی هەشتاكان كە حكومەتی بەعس تەشویشی دەخستە سەر دەنگی گەلی كوردستان، بۆیە پرسیارم كرد جا گەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەم كارە هەستابێت كەواتە جیاكاری لەنێوان بەعس و یەكێتی چییە كە هەردووكیان بۆ كپكردنی دەنگێك كە ئاواتی ڕزگاری دەخوازێت بۆ میللەتێك كە ناوی میللەتی كوردە، خۆشحاڵ دەبم ئەوە كاری یەكێتی نەبێت، دەنا ئەوكاتە جیاوازی نامێنێت لەنێوان بەعس و یەكێتیدا.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









