دانیشتنێکم لەگەڵ سەرۆکی عێراقی فیدڕاڵ
22/09/2012, 12:00 (GMT+1)

پرسیار: ئەڵێن لە ماوەی ئەو ٣ مانگەی جەنابتان کەوەك نەخۆش خۆتان و یەك تۆپەڵ بەناو سکرتێرو پاسەوان لەئەڵمانیا لەسەر بودجەی لە ١٧% ی کوردستان وەك گای عەلی خەریکی خۆلێسانەوەبوون، سەرف کرد. وە بۆ جەژنیش قەیسی و قەلت بۆ چوو بوو، بۆچی ئامۆژنە هێرۆ سەردانی نەکردن و ئەڵێن گوایە بەعزن؟
وەڵامی مامە:- کاکی خۆم تۆ بەندەی موخلیس باش ئەناسی، لەو ماوەیەی خەریکی ئەژنۆ گۆڕین بوم ، هیرۆی کاکە بلە، جگە لەوەی هەرخەریکی بەخشینەوەی بەناو خەڵاتی بلەو سەرف کردنی ئەو هەموو پارانەی لای دلێری سەید مەجید دام نابوو بۆ کاتی تەنگانە و نەخۆشی مردن ، کەچی ئەوەتا زیاتر لە ٢٠ دەفتەری یابو بە دکتۆرە چاو بایەمیەکە کەوابزانم ناوی دکتۆر هۆجۆیە. ئاخر بەڕیشی کێ ڕەوایە ئاوا ئەو پارانە وا لێ بکەیت و بیدەی بەدارو بەردا. ئەمەش قەیناکە، لەسەرێکی تروە هێرۆخان ئەو ماوەیە خەریك بوو (یەکێتی نیشتمانی کوردستان)م لێ بکاتە(یەکێتی ژنانی کوردستان)، ئاخر پێم ناڵێی بۆچی لەجیاتی سەرکردایەتی و بنکردایەتی کەسی تر نەبوو قسەو باسی ڕاگەیاندن بکات لەجیاتی (شاناز) کە قسەی بە هاوڕێی ٤٠ ساڵەم ئەڵێ و ڕەخنەی لێ ئەگرێ. ئاخر کاکە (نەوە)گیان هی ئەوەیە شانازێکی دەم ڕووت پێیا هەڵشاخێ. ئەو کاکە (نەوە)یەی کە لەکاتی خۆپیشاندەکانی دوای ١٧ شوبات و دواتر فریامان کەوت و نەیهێشت بکەوینە ژێر پێی خەڵکەوە. خوا دەست بەتەمەنیەوە بگرێ و وا ئێستاش وەك بەندەی موخلیستان لەجیاتی گردەکە، قیبەلەکەی بەرەو تاران و ئێران گۆڕیوە و دڵسۆزی کۆماری ئیسلامیە.
پرسیار: ئەی ئەوە چیە باس باسی پیاچوونەوەیە بەو ڕێکەوتنە ستراتیژیەی جەنابتان و سەرۆکی تەزوویر؟
وەڵامی مامە:- لێت ناشارمەوە، ئێران پێی ووتوم و ناتوانم لەقسەی ئەو مێزەر بەسەرانە دەچم و وام نیازە بەم زوانە دەرچوو لێ ئەیەم و جرتێك بۆ مەسعودیش لێ ئەیەم . ئاخر تۆ قسەیەك بۆ دز بکە، لەو ڕۆژەوە یەك تەختە لێی کەوتوم نەپرسیارێك، نەنامەیەك، نەئیمێڵێکم بەدەست نەگەیشتوە لەلایەن نامەسعودەوە، نازانم بەجامانەیەکی سوورەوە بەم ئاخرو ئۆخرە هەر خەریکی فییس بووکەو خۆی و ئەدهەمی ئامۆزای لێمان بوون بە ڕیش سپی و خۆیان بەکەس ناگۆڕنەوە. نەك هەر ئەوەش، ئەوەتا من هاتمە و ئەویش لەداخی من، ئۆغری کرد و بەخێرهاتنەوەی لێ نەکردم، ئێتر تو خوا هەقی خۆم نیە ، هەستم بەهەڵوەشانەوەی ئەو پەیمانێتیە، دەبا هەر ئەوەندەی تر خۆی خیش بکاو بزانین چی ئەبێ با ببێ.
پرسیار: ئەی ئەوەی فٶادی ڕەفیق تەلەبەییت ووتی ، کە گوایە لەجیاتی دکتۆرەکەت ووتویەتی، مام جەلال ١٠٠ مەتر ئەتوانێ بڕواو گوزەر بکا ڕاستە؟
وەڵامی مامە:- کاکە گیان ئینجا ١٠٠ مەتر چیە، سوێند بێ بە کەرکوکی قودسی کوردستان و دەوڵەوتی کوردی خەونی شاعیران، ئێستا لەگوێزی هەورامان ساغترم و هەچی عەیب و عار بێ نیمەو نەك هەر ١٠٠ مەتر حەز ئەکەی بەبێ گۆچانیش لەسەر یەك قاچ ئەوەستم.
پرسیار: ئەی باشە ماوەیەکە ئەڵێن گەلێ پێت ناخۆشە گاڵتە بە موحەمەد ئەکرێ و وێنەی کاریکاتێری لەسەر دروست ئەکەن و گوایە داوات لە ئۆباما کردوە سنوورێك بۆ ئەو بێ ئەدەبیە دابنێ؟
وەڵامی مامە:- چی بڵێم، یاخوا پیاو کۆیلەی کەس نەبێ، ئەگینا منێكی سۆسیال دیموکرات و (کۆنە ماویەك) لەبەر خاتری ئێران نەبێ ، یائەڵایان ئەکرد هەموو ڕۆژێ وێنەو کاریکاتێر نەك لەسەر موحەمەد، لەسەر خواش دروستیان ئەکرد، من خۆم کێشەم کەمە نۆبەی ئەوەیە تا سەری خۆمی پێوە بیەشێنم، ئەوە عەلی باپیر و سەلاحەدین بابەکرو ئەمسالی ئەوان بابچن ئەو کارە بکەن، خۆ ئەوان هەر خەریکی پارە وەرگرتنن لەمن و مەسعودی سەرۆکی ١٠٠٠ پیاوەکە.
پرسیار: ئەوە چۆن بوو ئەم جارە ڕێگەتان پێداین و ئەم دیمانەیەتان لەگەڵماندا ساز دا، خۆ ئێوە ڕقی دونیاتان لەکوردستان پۆست و نووسەرانێتی؟
وەڵامی مامە:- بەقەبری باوکم نەك هەر ڕقم لێتانە، بەڵکو بۆم بکرایە مۆرێکم لەدەرگاکەتان ئەیاو هەرچی ڤایرۆس و میکرۆبە ئەم ناردە ئەم وێبسایتە و بەڵکو لەکار بکەوێ، بەڵام چی بڵێم ، هەر خۆت ئەزانی بەندە خۆم وەك دیموکراس و مافناس و ئەندامی سۆسیال دیموکرات ناساندوە، جار جارەش مۆڵەتان ئەدەمێ و گەر لەمەو دوا قسەم لەسەر نەکەن و ڕەخنەم لێ نەگرن، هەریەکە و ٢ دۆنم زەویش ئەدەم بەئێوە هەر وەك چۆن ٢ دۆنم زەویم دا بە کەمال ڕەوفی هاوڵاتی.
- لەکۆتایی ئەم دیمانەیەدا بەناوی خۆم و کوردستانپۆستەوە گەلێ سوپاستان ئەکەین و هیوامان تەمەن درێژیتانە بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی ئێران و عروبە بکەن بۆ ئەوەی نەوەی نوێ گەلێ بەباشتر بتانناسن و لەماهیەت و حەقیقەتی خۆتان و مێژووەکەتان ئاشنا بن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









