شێوازى شەرێكى نوێ لە كوردستان پراكتیزەكردنى روو بەروو بوونەوەیەكى سەرتاسەرى بانگەوازێك بۆ خەڵكى كوردستان و میدیاى ئازاد
18/07/2011, 12:00 (GMT+1)

نابێت چیتر خەڵكى كوردستان دەستەو ئەژنۆ وەك تەماشاكار دابنیشێت ، دەبێت بوێرانە بێتە ناوهاوكێشەكانەوە،، ئەویش بە لاتەریك كردن و نەكڕین و مامەڵە نەكردن بە كەل و پەلى ئابورى ئەو وڵاتانە ، با ئەم خەباتە مەدەنیەش وەكو یەكەم هەنگاوو سەرەتایەكیش لە ئێرانەوە دەست پێبكرێت ، كەئەگەر پەلامارەكانى رانەگرێت ، ئەوا كەس كەل و پەلى ئێرانى نەكڕێت ، دەبێت هەموو تاكەكانى كورد ، لە هەرچوار پارچەى كوردستان ، بە تایبەتیش لە باشوورى كوردستان ، كە تا رادەیەكى زۆر بڕبڕەى پشتى ئابورى ئێرانە لە سنوورەكانى باشوریدا ، هەست بە بەرپرسیاریەتى مێژوویى خۆیان بكەن و ئەركى نەتەوەیى خۆیان بەجێبگەیەنن ، پشت لە بەرهەم و كەل و پەلەكانى ئێرانى بكەن . لێرەدا داوا لە هەموو خەڵكى كوردستان دەكەم ، بەسەرمایەدارو هەژارەوە ، بە فەرمانبەرو كرێكارەوە ، بە بازرگان و بەكاربەرەوە ، كە وەكو یەكەم هەنگاو بۆ هاتنە ناوەوەى خەڵكى كوردستان و بەهێزكردنى رۆڵى گەل لە ململانێیە سیاسیەكاندا ، بۆ ماوەیەك پشت لە كڕین و بەكارهێنان و بازرگانى كردن و مامەڵەكردن بە كەل و پەلى ئێرانى بكەن ، ئەم هەڵمەتەش با لە رۆژى هەینى رێكەوتى 22/7/2001 دەست پێبكات و ماوەى 3 رۆژ بخایەنێت ، واتە لە 25 مانگدا كۆتایى پێبهێنرێت ، ئەگەر حكومەتى ئێران ملكەچى نەكردو وازى لەو سیاسەتەى نەهێنا ، دواتر ئەو لاتەریك كردنەى ئابورى ئێران درێژتر بكرێتەوە و رێگاو شێوازى ترى مەدەنیانە دژى ئەو سیاسەتە بگیرێتە بەر، داوا لە هەموو رۆشنبیرانى كوردستان دەكەم كە زۆر بەجدى كار لەسەر ئەم هەنگاوە بكەن ، داوا لە خەڵكى كوردستان دەكەم ، كە زۆر هوشیارانە ، لەو مێژووەى دیارمان كردوە ، پشت لە كڕێنى كەل و پەلى ئێرانى بكەن ، داوا لە میدیاى ئازاد دەكەم ، هەروەك چۆن رۆڵى بەرچاوى هەبوە لە هوشیاركردنەوەى كۆمەڵگاى كوردى ، لەمەشدا هەمان رۆڵ بگیرَێ ، داوا لە بازرگان و سەرمایەدارەكان دەكەم ، لەو رۆژانەدا مامەڵەى خۆیان لەگەڵ ئێران رابگرن ، دڵنیابن كە دەسكەوت و سەركەوتنە نەتەوەییەكان ، گەورەترین سەرمایەو قازانجە بۆ هەمووان ...
18/7/2011
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









