پێویستە یاسا بە بڕیارەكانیدا بچێتەوە دەرهەق بە بڕیاردان لەسەر ئازادى رۆژنامەنووس هیوا فریادڕەس
10/11/2010, 12:00 (GMT+1)

بزاڤى ژیان كە رێكخراوێكى داكۆكیكارە لە مافەكانى گەنج و لەو كایەشدا بە شانازییەوە كارەكانى لە خزمەت ئەو توێژانەدابووە، (هیوا فریادڕەس)ى سكرتێرى رێكخراوەكەش چ لەناو رێكخراوەكەو چ وەك رۆژنامەنووسێكیش بەرگریكارێكى دیارى مافەكانى گەنجان و ژنان بووەو ژیاندۆستانە هەوڵەكانى لە پێناو دەستەبەركردنی مافەكانی مرۆڤ چڕ كردوەتەوە، بەڵام لە كاتێكدا كە بە مەبەستى چارەسەری كێشەیەكى كۆمەڵایەتى لەگەڵ ماڵى خەزووری لە وتووێژدا بووە بەو مەبەستەى كێشە خێزانییەكانیان بە بنبەست نەگەن و ماڵى خەزوورى سازش بكەن لەو داوایەی كە بەزۆر دەیانەوێ هیوا فریادڕەس لە دەزگیرانەكەى جیا ببێتەوە، هەندێك گرژى لە نێوانیاندا روودەدات، لە ئەنجامى ئەوەى كە فریادڕەس ئاگاداریان دەكاتەوە "ئەگەر مكوڕ بن لەسەر جیابوونەوەى من و دەزگیرانەكەم، بابەتەكە دەبەمە سەر رووپەڕى رۆژنامەكان". ئەوانیش داواى ئەوەى لەسەر تۆماردەكەن كە گوایە هەڕەشەى لێ كردوون، لە بەرامبەریشدا سەرەتا بە بڕیارى دادگا 14 رۆژ راگیرا لە بەندیخانە و ئێستاش بە پێى ماددەى 431 لە یاساى سزادانى عێراقى، 5 مانگ زیندانی كراوە.
ئێمە لە رێكخراوى بزاڤى ژیان وێڕای ئەوەی ئەم حوكمە بە ناسەروەری یاسا دادەنێین، هاوكات ئەو بڕیارەش بە بڕیارێكى ورد نازانین و پێمانوایە هەر لە سەرەتاوە هەوڵ بۆ ئەوە هەبوو كە ئەو دۆخە بشێوێنرێت تا بەوەى ئێستا گەیشت، ئێمە لە كاتێكدا كە داواكارى پێداچوونەوەین بە بڕیارى دادگاى كەتنى قەزای خەباتدا، هاوكات ئەم روونكردنەوەیشمان بۆ بەرچاوى راى گشتى لەو پێناوەیە كە ئەو بابەتە وەك خۆى بكەوێتە بەر دیدى خەڵك و چەواشەكارییەكان دۆخەكە بە ئاقارێكى دیكەدا نەبات، راشیدەگەیەنین ئەگەر پێداچوونەوەى ورد لەسەر ئەو دۆسیەیە نەكرێت، ناچار بەوە دەبین رێ و شوێنى دیكەى مەدەنیانە بگرینەبەر.
لەگەڵ رێزماندا.
بزاڤى ژیان
بۆ داكۆكیكردن لە گەنجان
10 / 11 / 2010
--------------------------------------------------------------------------
كۆمیتەى بەرگرى بۆ كەیسى رۆژنامەنووس (هیوا فریادڕەس)
سەروەرى یاسا پێویستە تەنها دروشم نەبێت و هەمووان لە بەرامبەریدا یەكسان بین
لە رۆژى 4 / 11 / 2010 دادگاى كەتنى خەبات بڕیارى 5 مانگ زیندانیكردنى بەسەر رۆژنامەنووس (هیوا فریادڕەس)ى (سكرتێرى بزاڤى ژیان بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانى گەنجان) دا سەپاند، بە پێى ماددەى 431 لە یاساى سزادانى عێراقى، كە ماددەكە تایبەتە بە هەڕەشە كردن، لەكاتێكدا كڕۆكى رووداوەكە كێشەیەكى كۆمەڵایەتییە و فریادڕەس كێشەى لەگەڵ ماڵى خەزوورى هەبووە و ئەوان داواى ئەوەیان لەسەرى هەبووە بەزۆر لە دەزگیرانەكەی جیاببێتەوە، ناوبراویش پێیان رادەگەیەنێت "ئەگەر ئێوە مكوڕ بن لەسەر ئەو داوایە ئەوا كێشەكە دەخەمە سەر رووپەڕى رۆژنامەكان". لە بەرامبەریشدا كەسوكارى دەزگیرانەكەى داواى لەسەر تۆمار
دەكەن بە تۆمەتى ئەوەى كە هەڕەشەیان لێ كراوە.
ئەوەی جێگەی نیگەرانی ئێمەیە ئەو رەوشە زیاتر لە قەبارەى خۆى گەورە كراوە و یاسا تیایدا وردبینانە بڕیارى خۆى وەرنەگرتووە، ئەمەش زەنگێكى ترسناكە لەسەر ژیانى (رۆژنامەنووس هیوا فریادڕەس) و هەر رۆژنامەنووسێكى دیكە كە كار بكات بۆ ئەوەی كێشەكانى خۆیشى وەك كێشەى خەڵك لە رووپەڕى رۆژنامەكاندا بڵاوبكاتەوە، بۆیە ئێمە پێمانوایە كە ئەگەر دیوێكى بابەتە تێپەڕاندنى دۆسیەیەكى یاسایى بێت، ئەوا بە دیوێكى دیكەدا چاوشكاندنى رۆژنامەنووسانە بەوەى نەتوانرێت دەست بۆ كێشە كۆمەڵایەتییەكان ببرێت بە ناوى راستەقینەى كارەكتەرەكى ناو رووداوەكانەوە.
هیوا فریادڕەس كە زیاتر لە 10ساڵە لە پێناو دەستەبەركردنی مافەكانی ژنان و لاوان كاری رۆژنامەوانی و رێكخراوەیی دەكات و لە داكۆكیكردنە راستەقینەكانیشیدا پەیامی ژیاندۆستی و مرۆڤسالاری هەڵگرتووە، هیچ كاتێك لەو كەسانە نەبووە كە خۆی هەڕەشەبێت لەسەر ژیانى كەسانی دیكە، لەو نێوانەدا ئێمە داواكارین دادگا پێداچوونەوەیەكى ورد بە بڕیارەكەیدا بكات و رووداوەكە وەك ئەوەى هەیە لەبەر چاوى بگرێت نەك بەو شێوە چەواشەكراوەی ئێستا، هاوكات چەند رۆژێكە لە زیندانی ناوەندیى هەولێر هیوا فریادڕەس مانی لە خواردن گرتووەو بەو هۆیەشەوە ژیانی لە مەترسیدایە، بۆیە بە ئەركى خۆمان و رێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى و رۆژنامەنووسان و رۆژنامە و گۆڤارەكانى دەزانین كە بەرامبەر ئەم حاڵەتە ترسناكە بێدەنگ نەبین و داوا بكەین كە كەیسی هیوا فریادڕەس چاوخشاندنەوەیەكی خێرای بۆ بكرێت و لەوەشدا بە دروستی پیادەی بڕگەو ماددە یاساییەكان بكرێت و یاسا بۆ هەمووان یەكسان و سەروەربێت.
لەگەڵ رێزماندا...
كۆمیتەى بەرگرى لە كەیسى
(رۆژنامەنووس هیوا فریادڕەس)
هەولێر
10/ 11 / 2010
بۆ پەیوەندى كردن و وەرگرتنى زانیارى زیاتر لە كۆمیتەكە، پەیوەندى بكەن بە:
07504499385
07504965013
ئیمەیڵ:
[email protected]
[email protected]
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









