<

ئاشتی لە باكور كێ دەكات بە سوڵتان؟

23/03/2013, 12:00 (GMT+1)




لە دوای پەیامەكەی بەڕێز ئۆجەلان لە رۆژی نەورۆز، قسەی زۆر لەسەر رەوشی كورد و پڕۆسەی ئاشتی دەكرێت لە باكوری كوردستان، هەندێك كەس بە ڕادەیەك دڵخۆشن، كە سەرخۆش بوون پێی و هەندێك كەسیش ئەوەندە پێی نیگەرانن، كە دەڵێی بە ئاشتی چارەسەر بوونی كێشەی كورد لەسەر حسابی ئەوە.
ماوەی دوو رۆژە پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت گفتوگۆكانی ئاشتی بە چالاكی خۆی بزانیت و زۆر لێدوان دەدەن لەبارەی ئەو پڕۆسەیەوە، وای نیشاندەدەن كە ئەوان ئەندازیاری پرۆسەی ئاشتی ئەو وڵاتەن، بێ ئاگان لەوەی كە بە باوەڕی بەشێك لە خەڵكی ئەو حزبە، تەنها خواستەكانی لایەنێكی جێبەجێ كردووە، كە ئەویش دۆستی دێرینی ئەو حزبەیە كە توركیایە، چونكە لە رابردوودا زۆرترین شەڕی بە هاوكاری توركیا لەگەڵ پەكەكە كردووە و تا ئێستاش ناهێڵێت ئەو هێزە سیاسیە بە ئاشكرا و بێ كێشە كارەكانی خۆی لە ژێر دەستی ئەودا بەڕێوەبەرێت.
رۆڵی یەكێتی كە هیچ هەڵمەتێكی فراوانی ئیعلامی بۆ نەكردووە لە پڕۆسەی ئاشتیدا زیاترە، بە هۆكاری ئەوەی تاڵەبانی لە مێژوودا چەند جارێكیتریش هەوڵی چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی پەكەكە و توركیای داوە، كە بەداخەوە ئەو جارانە سەری نەگرت، دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانیش ئەوكاتە زۆر كەس وتیان هیوامان وایە هیچی لێنەیەت لەبەرئەوەی بەشێكە لەو هەوڵانەی بۆ ئاشتی دەدرێت لە باكوری وڵات. ئەمە جگە لەوەی خودی حزبەكەی تاڵەبانی چەند جارێكیش شەری پەكەكەی كردووە و ئێستاش ئەم حزبە بە ئاشكرا و بێ كێشە رێگا بەو حزبە نادات چالاكیەكانی بكات هەر وەك پارتی دیموكراتی هاوپەیمانی.
ئەم پڕۆسەیە كێ ناوبژیوان بووە دەستی خۆش بێت مێژوو بۆی تۆمار دەكات، بەڵام ئەوەی گرنگە پێشتریش وتومانە سەركردایەتی سەرەوەی پەكەكە سەركردایەتیەكی ئاقڵە، بۆیە ئەگەر بەگوێرەی ئەو باوەڕیەی من بێت دەبێت نەكەوێتە هەڵەوە، خودی پەیامەكەی ئۆجەلانیش ئەگەر شتی تری لەپشتەوە نەبێت بەس نیە بۆ ئەم قۆناغەی كورد، چونكە لە ئێستادا كورد بۆ ئەو پڕۆسەیە زۆر قوربانیداوە پێویست نیە قوربانی كشانەوەی هێزی گەریلا بدات لە هەرێمەكانی باكوری كوردستان، كە ئەمە گەورەترین قوربانیە و تا ئێستاش هیچ مەسجێكی ئاشتیخوازانە لەلایەن توركیاوە نەدراوە و یەكێكیش لەو سیناریۆیانەی كە دەكرێت خوێندنەوەی بۆ بكرێت ئەو دانیشتنانەی توركیا بۆ كشانەوەی ئەو هێزانەی گەریلا بێت لە هەرێمەكانی باكوری كوردستان، كە بە گوشاری سەربازی بۆی نەكرا. دەكرێت بەم شێوەیە تا ئەو كاتەی كە گەریلا دەكشێتەوە لەگەڵ پرۆسە نهێنیەكان بێت و دواتر بكشێتەوە، چونكە ئەوەی توركیا دەیكات لە ئێستادا لەسەر دەستی حزبەكەی ئەردۆغانە و ئەویش لە ئێستادا لە سەر ئاستی توركیا و نیودەوڵەتیشدا زۆر بەهێزە و خاڵی هەرە لاوازی ئەوەیە كە كێشەی كوردی هەیە لەوڵاتەكەیدا. بۆیە دەبێت سەركردایەتی سەرەوەی پەكەكە و خودی رێزدار ئۆجەلان ئاگاداری ئەو خاڵە بن و بیریان نەچێت مەترسی كشانەوەی گەریلا لە هەرێمەكانی باكوری كوردستان زۆر مەترسیدارە و پێویستە گرنتی مافە دەستوریەكان بكرێت ئەوكاتە هەنگاوێكی وا بنێن.
هاوكات رەوشی رۆژئاواى كوردستانیش راستەوخۆ گرێدراوی ئەو رەوشەیە كە تیایدا باشوری كوردستان و رۆژهەڵاتی وڵاتیش هەیە و ئەو دیزاینە نوێیەی لە ناوچەكەدا هەوڵ بۆ كێشانەوەی سەرلەنوێ نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدرێت، كورد پێویستە ئاقڵانە هەنگاو هەڵبگرێت، چونكە زۆر مەترسیدارە كە بەشی تورك وەك نەتەوە لەوە زیاتر ببێت كە هەیە، چونكە ئەم هەنگاوەی خودی ئەردۆغان بۆ ئەوەیە، كە سەرلەنوێ لە دیزانەكەدا ببێتە سوڵتانێكی عوسمانی، بە سوڵتان بونی ئەردۆغانیش لە بەرژەوەندی كەس نیە لە ناوچەكەدا بە خودی ئەمریكاشەوە، چونكە ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نایەویت بۆ داهاتوو كەس سوڵتان بێت، ئەو خواستیەتی هەریەكە بەشێكی بچوك بەرێت بۆ ئەوەی بتوانێت پرۆسەی بە خوابونی خۆی لەناوچەكەدا درێژە پێبدات.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست