بەرهەم ساڵح لە پەرلەمان
10/03/2011, 12:00 (GMT+1)

پاش ماوەیەكى زۆرو دواى(20) رۆژ لەدواى ڕووداوەكانى 17\2 بەپێى بڕیارنامە (17) خاڵیەكەى پەرلەمان سەرۆكى حكومەت بانگ كرایە پەرلەمان بەمەبەستى لێپرسینەوە لەمەڕ ڕووداوەكان كە لە درێژەى دانیشتنەكەدا سەرۆكى فراكسۆنەكان و ئەندامانى پەرلەمان پرسیارو ڕەخنەى بەجێیان ئاراستەى سەرۆكى حكومەت كرد بەتایبەت تەقەكردن لەخۆپیشاندەرو گرتن وتەعزیبی خۆ پیشاندەرو هەڵكوتانە سەر كەناڵى نالیاو ڕادیۆى دەنگ لەكەلار وسووتانى خێمەكانى مەیدانى ئازادی و ڕاگرتنى خوێندنى زانكۆ لەلایەن ڕێكخراوێكى ناحكومیەوە وە كێشەكانى و دیاردەكانى دوو ئیدارەیى وزۆر شتى تر ئەوەى بینرا سەرۆكى حكومەت زۆر بەگێلانە وەڵامى ئەندامانى دەدایەوەو زۆر هەوڵى ئەوەى دەدا خۆى لە تاوانەكان پاك بكاتەوە زیاتر وەڵامەكانى شیاو بوون بۆ منداڵێكى تەمەن (10) ساڵان نەك ئەندامانى پەرلەمان وە وەڵامەكانى زیاتر مناڵ هەڵخەڵەتێنە بوون نەك هەر وەڵامەكان لەئاستى پرسیارەكاندا نەبوون بەڵكو سەرۆكى حكومەت پێكەنینى بە زۆربەى شتەكان دەهات وەك ئەوە دیار بوو پێشتر مژدەى ئەوەیان دابوویە كە متمانە لەحكومەتەكەى ناسەنرێتەوە وە زیاتر جەختى لەسەر كردنەوەى دەرگایەكى جدى و هەنگاوى زیاترو بوونى كەم وكوڕى دەكردەوە دیارە بیرى چووبوەوە كردنەوەى دەرگاى جدى و هەنگاونان لەدەستى ڕێكخراوێكى ناحكومى دایە نەك سەرۆكى حكومەت یاخود هەستى بەوە نەكردبوو كە ڕێكخراوو كۆمیتەكان زیاتر دەستیان دەڕوا وەك لە سەرۆكى حكومەت .وەلەبەرامبەر هەندێك لە پرسیارەكان ئەوەى خستەڕوو كە گوایا لەزەمانى مندا نەبووە بەمەشى بەڕوونى ئاماژەى بەوەدا كە هەر زەمانەو نەگبەتیەك و ماڵوێرانیەكى لەگەڵ دایەو كۆمەڵێ كێشەى ئاڵۆزو چارەسەر نەكراو جێدێڵێت ؟بیرى چووبوەوە كە بەپێى یاسا لە گشت ڕووداوەكان بەرپرسیارە ؟ وەلەدرێژەى وەڵام وڕوونكردنەوەكانیدا ئەوەى دەرخست كە ڕێگرى حیزبى هەیە لەجێبەجێ كردنى كارەكانیدا بەمەش ئەوەى ئاشكرا كرد كە هێشتا زیاد لە (25) ساڵمان ماوە تاوەكو بەشێك لەكێشە كان بنبڕبكرێ ئەوەى جێى سەرنجە لەو دانیشتنەى پەرلەماندا كە سەرۆكى حكومەت بۆ لێپرسینەوەو ڕوونكردنەوە بانگكرابوو بەڵام بینیمان كارەكە پێچەوانە بوویەوە لەوەڵامەكانیدا سەرۆكى حكومەت لە ئەندامانى پەرلەمانى دەپرسیەوەو ئیهانەى زۆربەى لایەنەكانى كردو پێى وابوو ئەندامانى پەرلەمان كەمتەرخەمن لەوەى گفتوگۆو دایەلۆگ بەهەماهەنگى بكەن و زەمینە خۆش ناكەن بۆ چارەسەرى ڕووداوەكان وەك بڵێى قەرزار بارى دەكردن .زۆر هەوڵى خۆیدا قەناعەتیان پێبكات بەڵام ڕاستیەكان چووە چقڵى چاوویەوەو زمانى ڵاڵ كرد وە ئەوەى بۆ ئاشكرابوو كە هەموو درۆى دنیا ناتوانێ یەك ڕاستى بشارێتەوە .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









