جارێکی تر کەرکوك دەفرۆشرێتەوە
16/03/2011, 12:00 (GMT+1)

ئەوەتا ئەم جارەش بەهەمان شێوە دەیانەوێت جارێکی تر کەرکوك بفرۆشنەوە ، بەڵام ئەم جارەیان بە تورکە توند ڕەوەکانی کەرکوك ئامادەشن لەدەسەڵاتی هەرێمیشدا پۆستی وەك جێگری سەرۆکی هەرێم و حکومەتی هەرێمیان پێ بدەن بەمەرجێك دان بە دەسەڵاتی کوردیدا بهێنن و پشتیوانیان بن ، ئەمەش بەئاشکرا دەرکەوت لە کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستانەوە دوێنێ بەرواری ١٥ .٣ ئەویش بە میواندارێتی کردنی یەکێك لە بەر پرسەکانی بەرەی تورکومانی توند ڕەو لە کەرکوك کە لای هەموو خەڵکی کوردستان و بە تایبەت خەڵکی بەشەرەفی کەرکوك کەئەم بەر پرسەی بەرەی تورکومانی چی پیاوێکە و سەر بە دەزگای میتی تورکیە ودوژمنی سەر سەختی گەلی کوردە
وە هەرکەسێك دیدارەکەی بینیبێت دەزانێ چۆن ماستاویان بۆ دەکرد و ئەویش هیچ ئیعتیبارێکی بۆ نەدەکردن و بگرە ئەم سازشەی دەسەڵات دارانی کورد بۆ ڕازیکردنی سیاسەتی تورك بوو بۆ خۆیان نەك بەکوردانی شاری کەرکوك وە بەئاشکرا بەشانوباڵی ئەم پیاوەدا هەڵیان ئەدا و لێ ی دەپاڕانەوە کە شتێك بڵێ بەدڵی ئەوان بێت تابیکەنە دەهۆڵ کوتان بەوەی ماددەی ١٤٠ ڕۆحی بەبەردا دەکرێتەوەو جێ بەجێ دەکرێت ، بەڵام ئەم ئەم بەرپرسەی تورکومان زۆر ڕاشکاوانە جوابی دانەوە کە ئەوان کەرکوك بە شارێکی کوردی نازانن و کورد تەنها بەشێکن لە پێکهاتەی کەرکوك و ڕازیش نین بە گەڕانەوەی کەرکوك بۆ هەرێم
ئائەمەیە دەسکەوتەکانی دەسەڵاتی کورد لەمەڕ مەسەلەی کەرکوك، ئەوەتا بە ئاشکرا دەیخەنە ڕوو کە ئەوە ئەوانن هاوپەیمانی حیزبە شۆفێنێکانی ناو شاری کەرکوکن بە تورك و عەرەبەوە ، ئەوەتا بە بەرچاووی هەموو تانەوە میواندارێتی دەکرێن بۆ کەناڵەتەلەفیزیۆنێکانیان و دڵسۆزی دەسەڵاتی کوردیان بۆ دەردەخەن ، ئەمە کێن کە پێگەی ئەم حیزبە شۆڤینیانەی تورك و عەرەبی کەرکوك بەرز ڕادەگرن و دەیانەوێت بیانکەنە خاوەنی دەسەڵات لە کرکوك و هەرێم دا وبە ناوی دێمۆکراسیەوە دوژمنە سەر سەختەکانی کوردمان بۆ زیبدوو ئەکەنەوە
ئائەمەیە نیازی پاکی حیزبە دەسەڵات دارەکانی هەرێم لەکاتێکدا هاوپەیمانی لەگەڵ حیزبە شۆڤێنێکانی ناو کەرکوك دەکەن بە ئاشکرا بەڵام خەڵکی ڕاپەڕیوی هەرێمی کوردستان بە خۆفرۆش و هاوپەیمانی حیزبە فاشیستەکانی ڕژێمی بەعسی لەناو چوو ناو دەبەن. ئا ئەمەیە هەڵویستی کوردانەیان بەرامبەر نەتەوەی کورد کە نەتەوەکەیان بە خۆفرۆش ناو ئەبەن بۆ مەرام و سودی تایبەتی خۆیان
ئا لەم دەقە ساتەدا گریانم دێت
گریانم دێت بۆ زۆر شت
گریانم دێت بۆ ئەو خەڵکانەی کە هێشتا پشتگیری و ئەندامێتی ئەم جۆرە حیزبانەی کورد ئەکەن کە بائاشکرا هاوپەیمانێتی شۆڤێنیستەکان دەکەن و نەتەوەی خۆیان بە خۆفرۆش و ئاژاوەگێڕ و تێکدەر دەزانن
گریانم بۆ گیانی پاکی ئەو شەهیدانە دێت کە لەپێناو نیشتیمان وئازادی نەتەوەی کورد بەخت کرد و ئێستاش بەشێك لە هاو خەباتەکانیان کەماون خاك و نەتەوە دەفرۆشنەو و تاوان بار دەکەن بۆ مەرام وگیرفانی خۆیان
گریانم دێت بۆ ئەو نەتەوە بێ بەختەی کە درێژایی مێژوو لەئازاردا گوزەر دەکات و خەونەکانی سەرکوت دەکرێت
گریانم دێت بۆ ئەوەی ئەمڕۆ دوژمنی گەلەکەم بەشێکن لەو پێشمەرگەو پارتیزانانەی دوێنێ کە ئێمە شانازیمان پێوە دەکردن وئەمڕۆ لەلایەن ئەوانەوە خەڵکی شارەکەم دەکوژرێت و تیرۆر دەکرێت
هەی خەڵکی بەشەرەفی کوردستان
من دەزانم کە ئێوە هێشتا دڵ گەورەن و دڵتان نایەت بەرەنگاری ئەم حیزبە دەسەڵاتدارانەی ئێستای کورد ببنەوە بە هیوای ئەوەی بێنەوە هۆش خۆیان و باوەش بە نەتەوەکەیاندا بکەنەوە جرێکی تر و تف و نەعلەت لە پارەو سامان بکەن بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد و پەشیمان ببنەوە لەم کارەی دوژمنکارییانەی ئەمڕۆیان بۆ نەتەوەکەیان
بەڵام ئەبێ بپرسن تاکەی
تاکەی زوڵم و زۆرداری ئەمانە
تاکەی لێیان قبوڵ کەین و هیوامان بەگەڕانەوەیان هەبێت بۆ باوەشی گەلەکەیان
تاکەی تاکەی تاکەی
تاکەی خوێنی لاوەکانمان بڕێژرێت بە ناحەق
تاکەی تەعدا قبوڵ کەین لێیان
بیرتان نەچێت ئەم دێڕە هۆنراوەیە
داری ئازادی بەخوێن ئاو نەدرێت قەد بەر ناگرێت
سەربەخۆیی بێ فیداکاری ئەبەد سەر ناگرێ
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









