هاوارنامە
30/05/2010, 12:00 (GMT+1)

" بەرزو بەڕێز بێت 1/6 ڕۆژى جیهانى منداڵان "
ئەمساڵیش وەكو هەموو ساڵەكانى تر بەرەو پێشوازى ڕۆژى جیهانى منداڵان دەچین، ئێمەى منداڵ و نەوجەوانان لەم ڕۆژەدا و تەنها هەر لەم ڕۆژەدا لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە دنیایەك وەعدو بەڵێنى زۆر گەورەمان پێ دەدەن بۆ بەدیهێنانى مافەكانمان، بەڵام زۆر بەداخەوە درۆكردن و هەڵخەڵەتاندن و چەواشە كردن بووە بە پیشەو نەریتێكى خراپى دەسەڵاتدارانى كوردستان . ئێمەى منداڵان مافى خۆمانە بپرسین تاكەى لەچاوەڕوانیدابین، تاكەى درۆمان لەگەڵدا بكرێ ، تاكەى بێ باكن و بێ دەنگن و بێ كردەوەن لە ئاستى مافەكانمان، ئێمەى منداڵان لە ئێوەى دەسەڵاتدارانى كوردستان دەپرسین ئەوە چى ویژدانێكە واى لەئێوەى دەسەڵاتدارانكردوە كە دەست بەسەر بەشە داهات و دەرامەتى ئێمەى منداڵان بگرن و بۆ بەرژەوەندیە تایبەتیە كانى خۆتان قۆرخى بكەن و ژیانى فیرعەونیانە بۆخۆتان و منداڵەكانتان دابین بكەن. ئێوەى دەسەڵاتداران ئەگەر تۆسقاڵێك ویژدانى مرۆڤانەتان هەبێ ، ئەبێ دەست لە بەرۆكمان بەردەن و داواى لێبوردنمان لێ بكەن،
ئێمەى منداڵان پێویستمان بە بەزەیى پیا هاتنەوەى هیچ حیزب و دەسەڵاتێك نیە ئێمە، پێویستمان بە خێرو سەدەقەو یارمەتى خێرخوازى نییە، ئێمە پێویستمان بە بەڵێنى درۆزنانە و چەواشەكارانە نییە ، ئێمە پێویستمان بە شارى یاریەك نییە كە پارەى چونە ژورەوەیمان نەبێ، ئێمە پێویستمان بە ڕێكخراوى كارتۆنى و پاشكۆى حیزب نییە كە هیچى لەدەست نایە ، ئێمە پێویستمان بە شارى خەونەكان نییە كە بەڕاستى بۆ ئێمە هەر خەونە ، ئێمە پێویستمان بە یاساو بڕیارێك نیە كە لە ژیانى ڕۆژانەدا هیچ كارى پێ ناكرێ، ئێمەى منداڵان پێویستمان بەوە نییە بە درۆ و قسەى زل و بەشتى نا مرۆڤانە مێشكى ناسكمان داشۆرن.
ئێمەى منداڵان وەكو هەموو گەورەكان خواست و خەون و ئامانجى گەورەمان هەیە ، هەربۆیە ئێمەى منداڵان دەمانەوێ كە ڕێز لە بەها و كەسایەتیمان بگیرێ ، ئێمە دەمانەوێ دەرفەتى ئەوەمان بۆ بڕەخسێ وەكو منداڵانى وڵاتە پێشكەوتووەكان لەزەت لەژیانى سروشتى منداڵیمان بەرین ، ئێمە دەمانەوێ بە شێوازێكى تەندروست پەروەردە بكرێین و مافە زۆر سەرەتاییەكانمان بۆ فەراهەم بكرێ ، ئێمە دەمانەوێ بەهۆى جیاوازى تەمەنەوە بەكەم سەیر نەكرێین، ئێمەى منداڵان دنیایەك شتى ترمان دەوێ.......هتد
لەكۆتایى ئەم هاوارنامەیەدا ، بانگەوازى لایەنە ئازادیخوازان و مرۆڤ دۆستانى كۆمەڵگە دەكەین كە ژیان و چارەنووسى ئێمەى منداڵانى عێراق و كوردستان لەبەردەم كارەسات و مەترسى گەورەدایە. هەر بۆیە پێویستمان بە هاوكارى و كۆمەكى ئێوەیە بۆ ئەوەى بەرگرى لە ژیان و مافەكانمان بكەن.
كۆمەڵێ نەوجەوانى سەربەخۆ
29/5/2010
كەلار
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









