سەید عەبدوڵڵا كەردزی سۆسیالیستەكانی ناو پارتی كۆدەكاتەوە
22/04/2012, 12:00 (GMT+1)

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێك كە لە 21/4/2012 لە ماڵپەری كوردستان پۆستدا كە تێیدا ئاماژە بەوە كراوە یەكێتی لە هەوڵی بەرزكردنەوەی پێكەی جەماوەری خۆیدایە لە شاری هەولێرو لە یەكەم هەوڵیشیدا كار بۆ كۆكردنەوەی سۆسیالیستەكانی ناو پارتی دەكات كە لە شاری هەولێر خاوەن پێگەی جەماوەری و كەسایەتی گرنگن، ئەمەش بە پێی ئەو سەرچاوەیەی كە نزیك لە شاڵاوی كۆسرەت رەسوڵەوە راگەیەنراوە كە كۆسرەت رەسوڵ و شاڵاوی كوڕی بۆ ئەم مەبەستە دەیانەوێت پەیوەندی بە سەید عەبدوڵڵای كەردزییەوە بكەن بۆ بێتە ریزی یەكێتی و دواتریش لە ڕێگەی ئەوەوە سۆسیالیستەكانی تریش بهێنرێنە ناو یەكێتییەوە.
سەید عەبدوڵڵای كەردزی لەناو حیزبی سۆسیالیستی كوردستان ئامر هێزی زورگەزراو بووەو دواتریش بەرپرسی هەموو عەسكەری حیزبی سۆسیالیست بووەو پەیوەندییەكی زۆر بەهێزو تەنانەت خزمایەتیشی لەگەڵ سەید كاكەی سەركردەی حیزبی سۆسیالیستی كوردستاندا هەیە، هاوكات سەید عەبدوڵڵای كەردزی بەپێچەوانەی بەرپرسەكانی دیكەی پارتییەوە لەناو شاری هەولێرو دەوروبەریدا كەسایەتی ناسراو و بەرێزەو خاوەن پێگەی جەماوەری بەهێزەو ئەمەش كاریكەری لەسەر هەیمەنەی یەكێتی دەبێت لە سنووری هەولێرو بەڵگەش كۆنگرەی دوانزەی پارتییە كە سەید عەبدوڵڵا لە سنووری هەولێر لەناو پێشمەرگەكانی پارتی بە پلەی یەكەم هات بۆ هەڵبژاردنی بە ئەندامی كۆنگرەو ئەمەش لەو كاتەوە وەك زەنگێك وابوو كە پارتی هەستی بەمەترسی پێگەی سەید عەبدوڵڵا كردو ئیدی هێدی هێدی لە پۆستە سەربازییەكەی كە جێگری فەرماندەیی هەولێری پارتی بوو دوورخرایەوەو ئێستاكە بە پلەی لیوا لە ماڵەوەیە.
یەكێك لە خزمە نزیكەكانی سەید عەبدوڵڵای كەردزی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە بیانووی هەستیاری بابەتەكەوە ئەم هەواڵەی كوردستان پۆستی پشتڕاستكردەوەو رایگەیاند: سەید عەبدوڵڵا بەهۆی ئەو خەبات و ماندووبوونەی هەیەتی، لەبڕی ئەوەی گەورە بكرێت، بەپێچەوانەوە دوور خراوەتەوە لە پۆستی سەربازی لەناو پارتی كە ئەمەش بۆ كەسایەتییەتی وەك سەید عەبدوڵا هەروا ئاسان نییە، چونكە ئەو توانای زۆری هەیە لە كاری حیزبی و سەربازیدا، هەر ئەو خزمەی سەید عەبدوڵڵا، ئەوەشی ڕاگەیاند كە چەندین جار لەلایەن یەكێتییەوە داوای لێكراوە لەناو یەكێتی پۆستی گەورەی پێ بدرێت، كەچی ئەو خۆی رەتی كردۆتەوە، بەڵام ئەو پرۆژەیەی كە ئێستاكە یەكێتی خەریكییەتی بۆ كۆكردنەوەی سۆسیالیستەكانی ناو پارتی، ئەوا سەید عەبدوڵڵایان دەستنیشان كردووە بۆ كۆكردنەوەی ئەو سۆسیالیستانەی لەپارتی توورەن یان تاوەكو ئێستاكەش لەناو پارتیدان و ئەو واتە سەید عەبدوڵڵا پۆستێكی بەرفراوانی پێدەدرێت و خاوەنی هەموو بڕیارێك دەبێت كە خۆی پلەو پایە بداتە ئەو سۆسیالیستانەی دێنە ریزی یەكێتییەوە، واتە ئەو سۆسیالیستانەی دەچنە ریزی یەكێتییەوە ئەوا لەلایەن خودی سەید عەبدوڵڵاوە پلەی سەربازی و حیزبیان بۆ دیاری دەكرێت كە ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت ئەو پۆستەی سەید عەبدوڵڵا لە یەكێتی وەردەگرێت لە ئاستێكی بەرزدایەو بەمەش باڵانسی یەكێتی لە هەولێر لەچاو ئێستاكەدا زیاد دەبێت و بەپێچەوانەوە پێگەی پارتی لە كورتی دەدات كە ئێستاكە یەكێتی بەتایبەتی دوای هێنانەوەی مەكتەبی سیاسی بۆ هەولێر بەجیدی هەوڵ بۆ بەرزكردنەوەی پێگەی خۆی دەدات بۆ ئەوەی هەولێر لە دەست پارتی دەربهێنێت. بۆ ئەم مەبەستە چەندین جار پەیوەندیمان كرد بە ژمارە تەلەفۆنەكەی سەید عەبدوڵڵای كەردزی بۆ پێدانی زانیاری زیاتر، بەڵام وەڵامی تەلەفۆنەكەی نەدایەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









