<

راگەیاندنى پارتى دەڵێت: بەڵى بنەماڵەى بارزانى سەردەشتیان تیرۆر كردوە

18/05/2010, 12:00 (GMT+1)

پێش ئەوەى ئەنجامى لێكۆڵینەوەى كەیسى تیرۆركردنى سەردەشت عوسمان دەربچێت، زۆر گرانە ئەو سەر دێرەى سەرەوە لە دەمى كەسێكى وەك منەوە دەربچێت،لەبەر ئەوەى بریارێكى بە پەلەیە و لە ناو كۆمەڵگا وحكومەتدا،لە ناو رێكخستنەكانى پارتیدا پشێوى زۆر دەنێتەوە و زەنگى كوشتنى بنەماڵەى بەرزانى لێئەدات،بەڵام ئەو بۆچوونە خەیاڵى من نیەلە سەر كەیسى سەردەشت،بە پشتبەستن بە هەواڵ و نوسینى سایت و رۆژنامەكانى ئۆپۆزسیۆن دانەرێژراوە.
ئەوەى منى والێكرد ئەم وتارە بەو مانشێتەوە بنوسم و پێشوەخت بریار بدەم كە بەرپرسانى باڵاى (پ د ك) و بنەماڵەى بەرزانى دەستیان لە تیرۆركردنى سەردەشت عوسماندا هەیە،خودى راگەیاندنى (پ د ك) و ئەو لێدوان و گفتووگۆیانەیە كە لە تەلەفزیۆنى كوردستانەوە دەیبینن.رۆژى 13-5-2010 مەكتەبى سیاسى پ د ك بە زمانى هەرشە وخۆ بە گەورە بینین و گەل بە بچووك بینین، بەیانێكى توندى دەركرد،لە شێوازى دارشتنى بەیانەكەدا دەردەكەوێت كە پارتى خۆى بە خاوەنى كورد و كوردستان دەزانێت،بەیانەكە نیشان ئەدات بێجگە لە پارتى و بنەماڵەى بەرزانى كەسى تر بۆ رزگارى كورد و كوردستان ماندوو نەبوە وخوێنى نەداوە،بەیانەكە گەلى كورد بە گشتى و چالاكوانانى كەیسى سەردەشت و سۆران بە تایبەتى، بە ئاژاوە گێڕ ودوژمنى كورد و ئەزموونى هەرێمى كوردستان ناودەبات،ئەو تێگەیشتنانەى دەسەڵاتدارانى پارتى بۆ كورد و كوردستان و خەبات و حوكمرانى،بەسن بۆ ئەوەى ببنە بریارى تیرۆركردنى چەندانى وەك سەردەشت و سۆران.بەیانەكەى مەكتەبى سیاسى (پ د ك)،بزوتنەوى گۆران بە دارێژەرى بەرنامەى چالاكى و نارەزاییەكانى تیرۆرى سەردەشت عوسمان تاوانبار دەكات و لە دژى بەرپرسەكانى گۆران كەیسى كوشتنى كادرەكانى پارتى دەهێنێتەوە یاد كە لە حەفتا و هەشتاكاندا لە كاتى شەرى ناوخۆدابە دەستى لێژنەكانى ئیغتیالاتى (ى ن ك) تیرۆركراون،ئەم بەراوردكردنەى مەرگى سەردەشت و مەرگى نورى حەمەعەلى و شەفیق ئاغا و سدیق ئەفەندى كەپێش (30)سى ساڵ لە سەردەمى شەرى براكوژیدا شەهید كران،بە شێوەیەكى لا ئیرادى واتاى ئەوەیە كە چۆن نەوشیروان مستەفا كاتى خۆى ئەو بەرپرسانەى ئێمەى تیرۆركرد،ئێمەش سەردەشتمان تیرۆركردوە،ئەگەر ئێوە لە سەر كەیسى سەردەشت و سۆران بێ دەنگ نەبن، ئێمەش لە سەر كوشتنى نورى و شەفیق و سدیق و ئەوانى تر بێدەنگ نابین.
خاڵێكى ترى گرنگ كە لە لایەن نوسەران وپەرلەمانتاران و كادرانى پارتیەوە لە كەناڵەكانى راگەیاندنەوە ئاماژەى پێدەكرێت، ئەوەیە،كە هەر هەموویان شەهید زەردەشت بە رۆژنامەنوس ناناسن،تەنها وەك قوتابى و گەنجێك باسى دەكەن،ئەمەش لە كاتێكدایە كە هەموو كەس دەزانێت سەردەشت رۆژنامەنوس و وەرگێر بووە و لە چەندان گۆڤار و سایتى ئەلكترۆنیدا وتارى نوسیوە و لە سەر نوسینەكانى تیرۆركراوە.ئامانج لە ناونەهێنانى زەردەشت وەك رۆژنامەنوس لە لایەن پارتیەوە، بۆ ئەوەیە هۆكارى تیرۆركردنەكەى(نوسینى وتار) لە بیرخەڵ ببرێتەوە و تاوانەكە لە پارتى دووربخرێـەوە.
خاڵێكى ترى لاواز كە كادرەكانى پارتى لە كەناڵەكانى راگەیاندنى خۆیانەوە ئاماژەی پێدەكەن و زنجیرى تاوان لە گەردنى بنەماڵەى بەرزانى توند دەكەن، دانانى هێڵى سورە بۆ رەخنەگرتن لە سەرۆكى هەرێمى كوردستان و ئاژانسى پاراستنى كوردستان،دلشاد تاهر،ئاسۆ كەریم،ئەحمەد مستەفا و كۆیلەكانى ترى راگەیاندنى بنەماڵەى بەرزانى،ئاماژە بەوەدەكەن هەر كەسێك رەخنە لە سەرۆكى هەرێم بگرێت دوژمنى كورد و كوردستانە،ئەمە لە كاتێكدایە هەموو خەڵكى كوردستان پێیانوایە كە سەردەشت لەبەر ئەوە كوژۆاوە رەخنەى لە سەرۆكى هەرێم گرتووە و بە خەیاڵ باسى لە پێوەندى خێزانى خۆى و سەرۆكى هەرێم كردووە.
بەو شێوەیە بە پشتبەستن بە راگەیاندنى (پ د ك) ،مرۆڤ دەتوانێت بڵێت بەڵى سەرانى پارتى سەردەشت عوسمانیان تیرۆر كردووە.
 

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست