چیرۆکەکانی چیا، ئەو رۆژەی بۆمەرگی جاشێک فرمێسکم ڕشت (چیرۆکی ژمارە ٧)
22/11/2015, 3:25 (GMT+1)

لەدۆڵەکەدا هەر پێشمەرگەبوو لەگەڵ دەستەو تیپ و کەرتەکەیدا لەو جێگەیە کۆبوینەوە کە بڕیاربوو لێیبین ، ئێمەش وەک ئەوان لەوێ یەکمانگرتەوە و سڵاوکردن و یەکتر لەئامێزکردو ڕاموسینی دەموچاوە ڕیشاوی و خۆڵ و ئاراقاویەکانی یەکترمان ڕادەمووسی و هەواڵپرسین و قسەو باس کردن تادەهات درێژەی کێشا
پاش ئەوەی کاتبەرەو درەنگی دەچوو ڕۆژ لەدەمی کەلەکانەوە ئاوادەبوو نهێنی شەو دانراو هەموومان دەمان زانی ئەم شەو چی دەکەین ، بەڵام نەمان دەزانی چەندمان گیان لەدەست دەدەین و شەهید دەبین؟ هەمووجارێک کە ئاوا بۆ چالاکیەکی سەربازی کۆدەبوینەوە دەستدەکرا بەهەڵپەرکێ و خۆشی وسەماکردن ، پاشان کەدەکەوتینەڕێ زۆرجاران سرودی "ئێمەین پێشمەرگەی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانمان دەوت" ئەو ئێوارەیەش دەستە، دەستە بەپێی ئەو پایگایەی بۆی دانرابوو بەڕێ دەکەوتین ، پلانەکە گرتنی فەوجێکی گەورەی جاشەکان بوو ، بەداخەوە ئەم شەو دەبوو ئێمە شەڕی ئەوکەسانەبکەین کە هاوخوێنی یەکترین و خەڵکی هەمان نەتەوەو هەمووشمان کوردبووین . ئێمەش ڕێچکەمان گرت و کەوتینەڕێگە و نزیک بوینەوە لەو پایگاگەورەی کەبۆمان دانرابوو، ئەوانەی کە لەناو پایگاکەبوون وەک ئێمەهاوزمانمان بوون . خەڵک بەئێمەیان دەوت شۆڕشگێڕو بەوانیشیان دەوت چڵکاوخۆرو خائین و خۆفرۆش و دەیان ناوی دزێوی تر. سەمەرە لەوەدابوو کاتێک کەسانێک لەناو ئەمانەوە دەهاتنە شاخ، ئیترهیچ بیریان نەدەهێنانەوە کەجاش بوون ، ئەوان دەبونە پێشمەرگە . من نەم بیستوە جاشێک لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابێت ، یان هەر پرسیارێکی لێکرابێت کە بۆ بوە بەجاش ؟ کاتێک هاتۆتە چیا ئیتر ئەو وەک ئێمە پێشمەرگە بوە .
کاتژمێر ١٢شەوبوو تەقەدەستی پێکرد ، کەدەڵێم تەقە بەجارێک هەزاران گولە بەرەو ئەو مۆڵگای جاشانە ڕۆشت ، لەکاتی شەڕی وادا کات زوودەڕوات و نازانی چۆن کاتژمێرەکان تلدەبنەوە و کاتەکان بەرگەی هیچ ناگرن ، بەڵام لەکاتی ئێشکگرتندا ئەو کاتژمێرە بەساڵێک دەچوو. پاش کەمێک دەیان کۆپتەرهاتنەسەر مەیدانی شەڕەکەو ئەوان بەتەقینی گولەی گڕدار ئەو ناوچەیەیان کردە چراخان و ڕۆژی ڕووناک . من هەرگیز باوەڕم نەدەکرد بەعسێکان ئاوا لەسەر کورد بێنەدەنگ ؟ ئێمە داوامان لە جاشەکان کرد کە خۆیان بدەن بەدەستەوە و سوێندی "گۆڕی شەهیدانمان خوارد کە هیچیان لێناکەین" ئەوان بەردەوام بوون لەشەڕکردن .من ووتم شەرم ناکەن جاشێتی بۆ بەعس دەکەن کەئەو هەموو تاوانە بەرامبەر گەلەکەمان دەکات ؟ لەوەڵامدا جاشە دڕەکە ووتی : فەرقی چی یە ؟ ئێوەش جاشێتی بۆ ئێران دەکەن ؟ ئەوە ئەو وەڵامەبوو کە منی لەناخەوە هەژاند ، ڕاستە ئێمە ئەو شەوە پازداری ئێرانیمان لەگەڵ نەبوو، بەڵام پاسدار لەسایەی ئێمەدا لەهەموو ناوچەکە تەراتێنی دەکرد .
دنیا ڕووناک بۆوە ئێمە گەڕاینەوە دەیان تفەنگ و فیشيک و ڕومانە مان لەگەڵ خۆماندا هێنا ، شەهیدەکانیش لەپشتی ووڵاخەبەرزەکان نران و هەریەکەو بۆزێدی خۆی گەڕایەوە ، شێرکۆ بێکەس لەهۆنراوەیەکدا ئەم دیمەنەی جوان کردۆتە خامەیەکی ، برینارەکانیش بەرەو ئێران بەڕێ کران . لەژێر پردێکی داماودا دکتۆرێکی شۆڕش خەریکی تیمارکردنی دوو پێشمەرگەبوو. منیش وویستم بتڵێ خوێن بدەم ، کە خوێنیان دەویست ، دکتۆرەکە لێی پرسیم "گروپی خوێنەکەت چییە "؟ ووتم وابزانم AB+
ووتی : بەوابزانم نابێت دەبێ بزانیت و دڵنیابیت ، منیش ووتم ڕاستە بەڵام چۆن بزانم ؟ بیرم کردەوە بەڕاستی ئێمە لەو چیایە خەریکی چیبووین ؟ ئاخر زانینی گروپی خوێنەکەت دەتوانێت ژیانت پێببەخشێتەوە. من زۆرماندووبووم لەگەڵ هاوڕێکانمدا هەریەکەمان لەبن سێبەری دارێکدا سەرخەوێکمان بۆ کرد ، بەرلەوە فیشيکدانەکانمان پڕکردەوە لەفیشەک ، پێمان وابوو کەڕژێم لەتۆڵەی ئەو ئابڕووچونەی ڕەنگە هێرش بکات . نازانم چەنێک خەوتم ؟ کەهەستام ڕوانیم چەند دیلێک سەرکزانە لەپەنای یەکەوە دانیشتوون ، منیش لێیان چومە پێشەوە لەناویاندا پیاوێکی بەتەمەنم دی سەروچاوی خۆڵاوی و ڕیشێکی تەنکی ماش و برنجی و دەموچاوێکی قوپاوی پێوەبوو دیاربوو جگەرە کێش بوو ، سمێڵەکانی زەرد ببوو لەبەر دوکەڵ ، دانەکانی شاش بوو چڵکن وەک خۆی و هیچ ڕۆحی بەبەرەوە نەمابوو دەگریا ، بەڕاستی زۆر ئازاری دام ، لێچومە پێشەوە و مەتارەی ئاوەکەم بۆڕاگرت و لێم پرسی "بریناری ئازارت هەیە" دەنگی گریانەکەی زیاتربوو من دانیشتم لەبەردەمیا و باوکی خۆم بیرکەوتەوە و زۆر بەزەیم پیایداهاتەوە ، ووتم خاڵەگیان چیتە ؟ ووتی دووکوڕم لەگەڵدابوو شەو یەکێکیان کوژرا و پێی ووتم بەدایکم بڵێ لێم ببورێت ، پاشان ووتی : باوکە پێم ووتی من نابم بەجاش ، نابم بەجاش ، چەند جارێک ئەمەی ووتەوە . من نەم توانی ڕزگاری کەم گولەلەسنگی دابوو سەری لەسەر ڕانم بوو کە گیانی دەرچوو. من چۆن لەخۆم ببورم ،پێم ناڵێیت؟ ئەوەش کوڕەکەی ترمە گولەیەک بەباڵێوەیە و زامارە ، کەبەدەست ئاماژەی بۆکوڕەکەی کرد ، ئەویش سەری داخستبوو بەڵام بەلەفاف باڵیان بەستبوو گەرچی ئێسقانی شکابوو بەس زۆر ترسناکیش نەبوو برینەکەی . من لەناوەندی ڕق و سۆزدا مابومەوە ، نەم دەتوانی لەوەبگەم کابرایەک بۆ والەکوڕەکانی دەکات لەگەڵی چەک هەڵگرن ؟ قسەمان زۆرکرد .
باوکە جاشيکە هێندە بەناسۆرەوە باسی کوڕەکوژراوەکەی کرد، منیش بیرم چووبۆوە کە پێشمەرگەم فرمێسکەکانم هاڕەی کرد و هاتەخوارەوە ، پاشکەمێک هەڵیان ساندن و بەرەو سەرکردایەتیان بردن وەک دیلی شەڕ بەرەو بەرگەڵو کە زیندانی شۆڕش لەوێ بوو. منیش لەدەفتەری یاداشەکەمدا نوسیم " ئەمڕۆ بۆ مەرگی جاشێک فرمێسکم ڕشت" . کاتێک هاوڕێ شەهیدم حەمە بی کەی سی زانی بۆ ئەو جاشەگریاوم زۆر پێکەنی ، منیش ووتم بیرتە چوین بۆ سینەما سیروان لەفلیمە هندێکەدا کاتێک منداڵەکە کەوتە بیرەکەوە و پاش کەمێک مەمکە مژەکەی سەر ئاو کەوت تۆچۆن گریایت؟ ئیتر بێدەنگ بوو ، بەڵێ لەچاوی ئەو باوکەدا چاوێکی پڕ ئازارو پڕشنگدارم بینی ، دڵێکی پاکو خاوێن ، ئەو دەیزانی چ هەڵەیەکی کردوە و چەندە گوناح بارە؟ بەڵام تازە درەنگ بوو نەی دەتوانی کوڕە کوژراوەکەی ببینێتەوە. لەو ڕۆژەوە من بیرم دەکردەوە داخۆ دایکی جاشێکی کوژراو وەک دایکی پێشمەرگەیەک فرمێسک دەڕێژێت؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان












