شیعە تایپی دووەمی بەعس لەحوکمڕانیدا(بەشی یەکەم)
08/01/2021, 13:51 (GMT+1)

بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی ووڵات کەوتە دەست عەرەبی شیعە، بەداخەوە شیعە ھەمان ھەڵەی حوکمی بەعسی دووبارەکردەوە، بەچڕی کاری کرد بۆ چەسپاندنی حوکمی زۆرینەی شیعە، لەبری دەوڵەتداری و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری و درووستکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەسیستەم کردنی دەزگاکانی حکومەت، پێشخستنی بواری پەروەدە و فێرکردن و ھێنانی وەبەرھێنی بیانی و ڕەخساندنی دەرفەتی کار، ھەستان گرنگییان بەدرووشمی تایفی و عاتفیدا، ھەوڵی بە شیعەکردنی تەواوی کۆمەڵگەیاندا.
ئەوە ڕوونە کە تاک بەتاکی حیزب و گروپ و کەسایەتییە شیعییەکان و سەرکردە و سیاسییەکانیان قەناعەتی تەواویان بەوەیە کە دەبێ حوکمی زۆرینەی شیعە بسەپێنرێت، ھەر بۆ ئەو مەبەستە سیاسەتی پەرتەوازەکردن و پەرتکردن و کۆنترۆڵکردنی ھێزە کوردی و سونییەکانیان گرتووەتەبەر.
ئاشکرایە شیعە لەبەڕێوەبردن و ئیدارەدانی ووڵاتدا کاریان بۆ چەسپاندنی یاسا نەکردووە، لەمامەڵەکردن لەگەڵ پێشھات و ڕووداوەکاندا بێلایەن نەبوون، بینیمان کاتێک کە شەری تایفی نێوان شیعە و سوننە درووست بوو، چۆن تەداخولی شەڕەکەیان کرد و حکومەت و ھێزە ئەمنییەکانیان خستە خزمەتی تایفەی شیعەوە و یارمەتیاندان، دەستیان نەپاراست لەگرتن و ڕاپێچ کردنی عەرەبی سوننە بۆ زیندانە نھێنییەکانیان و بێسەرو شوێن کردنیان، ڕفاندن و بەکۆمەڵ کوشتنیان، ھەروەھا بە زۆر ڕاگواستنیان بۆ شارەکانی ھەرێمی کوردستان یاخوود پەڕاگەندەی ووڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا بوون، لەئەنجامدا توانیان شەڕەکە بەسەرکەوتنی خۆیان کۆتای پێ بھێنن و زۆربەی شارە تێکەڵەکان لە شیعە و سوننە بکەنە شاری شیعی و پێناسی شیعێتی بە بەردا ببڕن بە بەغدای پایتەختیشەوە، واتە دەزگا ئەمنی و سەربازییانەی عێراق لەڕووکەشدا دەزگای فەرمی حکومەتن و بودجە و مووچەیان لەسەر حکومەتە، بەڵام لەناوەڕۆکدا دەزگای مەزھەبین کار بۆ چەسپاندنی حوکمی شیعە و پاراستنی بەرژەوەندییە تایفییەکانیان دەکەن.
لەدەرئەنجامدا دەتوانین بڵێین ئەگەر عەرەبی شیعە پێدارگر بێت لەسەر ئەو شێوازە حوکمەی ئێستای خۆیان «کە ھاوشێوەی حوکمی بەعسی سەدامییە» و ھەرێمێک بۆ عەرەبی سوننە پێک نەھێنرێت، دووبارە کۆنترۆڵ کردنەوەی ناوچە سونییەکان ئەگەرێکی کراوەیە، دەکرێت لەھەر کات و سات و زەمانێکدا ڕووبدات.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان











