حکومەت لە دۆڵێک و میللەتیش لە دۆڵێکیتر! بۆنایەن سەرێک لەم دۆڵەش بدەن کە میللەتی لێیە؟
12/02/2022, 6:57 (GMT+1)

ئەوەی ئەمڕۆ سەرانی حکو مەتی هەرێم و هەرسێ حیزبی بەشدار لەحکومەتی سەرقاڵکردووە کۆکردنەوەی زۆرترین داهات و فرۆشتنی زەوی شارەوانی بۆ پرۆژەی بازرگانی و دەستگرتن بەسەر داهاتی خاڵە سنوریەکان و گەیشتنی دووسەت ملیاردینارەکەی بەغدایە بۆ تەواوکاری موچەی مانگانەی مووچەخۆران وەدەستهێنانی پۆستی سەرکۆماری عێراقە بۆ نوێنەری هەرکام لە نوێنەرانی ( ینک و پدک) کە بەڕێزان ( وشیار زێباری و بەرهەم ساڵح) ن و پۆستی پارێزگاری کەرکوکیش یەکێکیترە لە ناکۆکیەکانی نێوانیان!
ئەوە ئەو دۆڵەیە کە حکومەت و بەرپرسانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی تێدایە.
وە ئەو دۆڵەش کە میللەتە بێ چارە و بەشخوراوەکەی تێدایە، ڕۆژانە لە ڕاگەیاندنەکانەوە باسی تەقەکردن و کوشتن و ڕفاندن و هات و نەهات و دواکەوتن و پاشەکەوتی موچە و کێشەی بێ بازاڕی و دروستبونی لافاو و خنکان و ژێرئاوکەوتن و نەمانی دەرمان لە نەخۆشخانەکان و کۆبونەوەى زبڵ و خشاک و ئاریشەکانی نەوت و غاز و بەنزین و کەمی کارەبای گشتی و زۆری نرخی مووەلیدەی گەڕەکەکان و وا دزینی تەل و تاوەر و ماحاویلەی کارەباشی هاتە سەر و ئەگەر ڕەوشەکە هەر بەوشێوەیە درێژە بکێشێت ئەوا چەندین دیاردەی دزێو و نەخوازراو ناشیرینتریش سەرهەڵدەدەن.
بۆیە بەسەرانی حکومەتی هەرێم و حیزبەکان دەڵێم ئەرێ لەودۆڵەی ئێوەی لێن بێتاقەت نەبون؟ بۆنایەن سەرێکیش لەم دۆڵە بدەن کە میللەتەکەتانی لێیە! ڕاستیەکان بەچاوی خۆتان ببینن، نەک لە ڕاگەیاندنە چەواشەکارەکانەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان












