ئامێز ئەو ڕێکخراو و کەناڵی تێڤێیەی، کە تاقانە بوو
06/05/2025, 7:29 (GMT+1)

"زۆر خراپە کە هەموو ئەو کەسانەی دەزانن چۆن وڵاتێک بەڕێوەبەرن، کەچی سەرقاڵی شۆفێری تاکسی و سەرتاشینن"- جۆرج برنز
کاتێک دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ڕۆژانە، ژیان زۆر واتادارتر بوو، چونکە ئێمە بڕوامان بەوە بوو کە دەکرێت لەهەر جوگرافیایەکدا بژیت بتوانی خزمەت بکەیت بە دۆزی گەلەکەت ، ئێمە کەهاتین بۆ ئەم نیشتمانە بابەتێک لەهەگبەماندابوو، زۆر زوو خۆمان ئامادەکرد پەیامەکەمان گەر لەسنوری لۆکاڵێکیشدا بێت بگەیەنین و دەستو پێ سپی ڕۆژەکانی مەنفا سەرژمێر نەکەین ، ئەودەم هونەری تەلەفیزۆن، هونەرێکی گەورەبوو، ڕاستە هەفتانە تەنها کاتژمێرێک یان کەمتر پەخش دەکرا، بەڵام لەناوەڕۆکی ئەو پەخشانەدا شتێکمان هەبوو بۆ ووتن کە بیڵێین.
یادی ئەو ڕۆژانە لای من گەورەن، چونکە گەنجی لەناو ئەم کارەکانماندا هێشتا پیر نەبوون، خەڵکی کورد هێشتا نەکەوتبوونە ناو ئەو جەنگەلستانی تۆڕە کۆمەڵایەتیانە و ئەو هەموو کەناڵە زۆڵەی کە گەلی ئێمەیان هەلاهەلا کردووە و هیچ پرەنسیپێک بۆ ژیان و مرۆڤبوون نەماوە لەڕێگەی درامای تورکی و بەرنامەی شۆوی مرۆڤە لەرزۆکەبێئەدەبەکانی میتەوە.
ڕۆژانێکی چەند خۆش بوو شتێک هەبوو بیکەین، لەجێگەیەک گەرم هەموومان کۆدەبوینەوە، هیوایەک بەبەرچاوماندا پێی دەگرت و پیی دەوتین بالەنیشتمانیش دووربین، خۆ دەتوانن نیشتمان و خەونەکەی بێنینە ئێرە؟
ئێستا هەریەکەمان جێگەیەک و دنیایەکی بچکۆلەمان دروستکردوە کە لەسنوری ماڵەکانمان کەخاوەنی نین تێناپەڕێت، ئەودەم لەڕێگەی تەلەفیزۆنی ئامێزو رێکخراوی ئامێزەوە لەخەمی گەلێكدابووین، هەمیشە بیرمان لەوەدەکردەوە کە پڕۆگرامێک داڕێژین کە تەنانەت حوکمەتێک لەمەنفاشدا دروست بکەین و بەخەڵکی بڵێین ئێوە تەنها جێناهێڵین. بیرمان دەکردەوە کە ئامێز ببێتە بزوتنەوەیەک بەڕێگەیەکی دروستدا کار بۆ دۆزی گەلەکەمان بکەین .
ئێمە چیمان کرد؟
کەلتورێکی تازەمان هێنایە ناو مێدیاوە، کەلتورێک کە ئیتر ستایش نەبێتە ئەوەی مێژووی ڕووداوەکان، یان ئەو ڕووداوانەی کەڕووی دەدا بەجوانی وێنە بکرێت ئەگەر هەڵەش بێت، ئێمە بەچاوی ڕەخنەوە دەمان ڕوانیە هەموو مێژوو یان ئەو ڕووداوانەی ڕۆژانە کە ڕوویان دەدا و چاودێریمان دەکرد .
بەر لە ٢٧ ساڵ ئێمە یەکەمین ڕۆژنامەی وەرزیمان بەناوی "چاودێر"ەوە بڵاو کردەوە لەژمارەی یەکەمدا کۆمەڵێک پرسیاری ڕەوامان وروژاندبوو، کە لەوکاتەدا خەڵکی وایان دەزانی کەئەوهەرێمە لاقەکراوە بناغەی نیشتمانێکی ئازادە .
ئیتر خەڵکە ئۆپرتۆنیستەکە کە هەمیشە خۆیان دەگونجێنن لەگەڵ هەموو دەسەڵاتێک و سیستەمێکدا دەسیان کردە دژایەتی کردمان و سەنگەر گرتن لێمان، تەنانەت نەش دەهاتن بۆ بارەگا خنجیلانەکەشمان، بەڵام ئێمە بڕوامان بەوەستان نەبوو بوارمان بۆڕەخسا کەناڵێکی تەلەفیزۆن دانێین و هەفتانە لەسەر کۆی ڕووداوەکان قسەو باسی جدیمان هەبێت .
لەو سەردەمەدا زۆر ڕووداو ڕووی دا لەهاتنی ئۆجەلانەوە تاکو گیرانی و فڕاندنی لە نەیرۆبێوە، داخستنی مێت تێڤێ لە بەلژیکاو . لەوکاتەدا تاکە کەناڵی کوردی کەناڵی ئامێز بوو لەهەموو ئەورپادا لەسەر کڵۆمدانی مێد تێڤی بەرنامەیەکی تێرو تەسەلمان کرد، کە مێدتێڤێ دامەزرایەوە ئەو بەرنامەیە پەخشکرا و ئێستا لەیوتوبدا هەیە .
یادی ڕاپەڕین و ئەنفال و هەڵەبجەو کۆماری مهاباد، سنەی خوێناوی، ڕاپەڕینی دەرسیم و دەیان چالاکی تر ئەنجام درا .
لەسەر ژینگە نامیلکەیەکمان چاپکرد کە چۆن خزمەتی ئەم پلانێتە بکەین کە تێدا مرۆڤایەتی لەقەیراندایە . ئەوکاتەی رێکخراوی سەوز لەسلێمانی دروست بوو، هاوڕیەکمان هەبوو لەئامێز خەڵکی شاری هەولێر بوو زمانی سوئیدی دەزانی و کاری وەرگێڕانی دەکرد، بۆم گێڕایەوە کەلەگەڕانەوەمدا بووم بەئەندامی رێکخراوی سەوز، لەگەڕانەوەیدا بۆ هەولێر لای نەوزاد هادی پێشنیاری کردبوو کە مۆڵەتی بەن رێکخراوی سەوز لەهەولێریش دروست بکەن تا خەڵکی بەئاگا بێنەوە لەسەر پاراستنی ژینگە، پارێزگاری هەولێرلەوەڵامدا ووتبووی هەوڵ دەدەم بەڵام دەبێت ناوی بنێین رێکخراوی زەرد .
پاشان قسەکردن لەسەر ئەدەب و فلیم و مەسەلەی پەناهەندەی کوردو بیانی و کێشەی ژن و ژن کوشتن لەدەرەوەی نیشتمان و ئەورپاو بەتایبەتیش ووڵاتی سوئید .
ئێمە کۆمەڵێ پڕۆگرامان لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی و مەسەلەی چارەنووسی گەلی خۆمان لەهەموو پارچە داگیرکراوەکانی کوردستاندا .
هەرکەسێک کە خشتێکی خستبێتە سەر دیواری مەینەتی گەلەکەمان و دەستمان پێی گەشتبێت لە کەناڵی تەلەفیزۆنەکەی ئامێزەوە زومان کردووە . نمونەی : عەبدوڵا پەشێو، ڕەفیق سابیر، د.حسێن عەزیز، ئامینەی کاکە باوە، حەسەنی قازی، خولەکەشکۆڵ، شیخ عەلی ، عەلی کیتابی خاوەنی ڕۆمانی ساراو سوڕسوڕەی مەرگ ، مەهدی ئومێد خاوەنی فلیمی تونێل، پشکۆ نەجمەدین، ئەردەڵان بەکر، کەمکارەکان، شڤان پەروەر، عەدنان کەریم، حەمەشوان هەڵەبجەی شاعیری جوانەمەرگ، نەجاتی عەبدە، پێشمەرگە زامدارەکان کەبەشێک لەجەستەیان لە نیشتمان گۆڕەوشارکردبوو، پێشمەرگەکانی کۆمەڵە کە بەشداربوون لەشەڕی خوێناوی سنە، مۆسیک ژەن و ئەکتەر و ژنانی چالاک وان و شاعیرو نوسەر و دکتۆرو پێشەوەری تری کۆمەڵایەتی . لەگەڵ رێکخراوی کوردستان سۆڵیدارەتی پەیوەندیەکی پتەومان هەبوو، چەند جارێک کاک فواد ەڕەش سەردانی کردین و کارو چالاکێکانی بە تۆمارکراوی پیشان دەداین و ئێمەش خەڵکمان ئاگادار دەکردەوە تابێن بۆ سمینارەکەی و کۆمەکی بکەن تا نیشتمان لە مین پاکبکرێتەوە و گوندەکان ئاوەدان بکرێتەوە.
لەسەرو هەمووشیانەوە دوای گرتنی ڕێزدار ئاپۆ ڕۆژانە بەرنامەمان هەبوو لەسەر چارەنوسی گیرانەکەی و ئەوڕووداو ڕێپێوانانەی ئەوروپای تەنیبوو.
پاشان لەم شارەدا چوار گەنج کەبەداخەوە یەکێکیان هاونیشتمانی خۆمان بوو ئاگریان لە دیسکۆتێکدا کردبۆوە بووە مردنی ٦٣ گەنجی تێکەڵەی زۆری نەتەوەکان و زامار بوونی ژمارەیەکی بەرچاو کە بەشێک لەجەستەیان لەدەستداو جگەلەسوتاوی کەبەمیرات بۆژیانیان مایەوە ، ئێمە ماوەی هەفتەیەک لە دادگایی کردنەکەدا ئامادەیمان هەبوو هەواڵی دادگایەکەمان پەخش دەکرد . ڕۆژنامەسوئێدێکان ئاوا نوسیبوویان : لە پایزی ساڵی 1998، ئاگرێک لە بینایەکی پیشەسازی لە هیسینگن لە یۆتۆبۆری کەوتەوە. "ئاهەنگێکی سەمای وڕێنە دژی ڕەگەزپەرستی" بۆ گەنجەکان .
کاک گۆران مەریوانی ڕاپۆرتێکی دەنووسی و ئێمەش لە شاشەی تەلەفیزۆنەوە لەهەمان هۆڵ وردەکاری دادگایەکەمان دەبینی و ئێوارانیش کۆی دادگایەکەمان پەخش دەکرد، . بەڕاستی ئەوە ئەزمونێکی زۆر فێرکەر بوو بۆمن کە لەوردەکاری دادگا گەشتم هۆکارلەڕووداوەکاندا و وردەکاری مێژووی جێگەی ڕووداوەکەو ئەو کەرەسانەی کە لە هۆڵ و خانۆکەی پێ دروست کرابوو.
بیرمە لەخانمێکی سوئیدیم پرسی "چاوەڕی چی دەکەیت لە دادگاکەدا " ژنەکە کچەکەی ببوە قوربانی وەڵامێکی دامەوە چاوەڕێم نەدەکرد لوتکەی مرۆڤ بوون وا گەورەبێت؟ بە دەنگێکی زۆر پڕ بڕوا پێی ووتم :
" من خەمی ئەو چوار گەنجەمە، هەمووژیانیان ئازار دەچێژن بەو کارەساتە کە لەدەستیان دەرچووە". من چاوەڕێ هیچ ناکەم لەدادگا چونکە بڕوام وایە دادگای ووڵاتەکەم هەڵەیەک ناکات مێژوو شەرم لەباسکردنی بکات .
ئێمە لەکارەکانماندا ئەرشیفێکی زۆرمان خستە سەر کاری مێدیای کوردی، ئەوەی جێگەی نیگەرانی بوو حیزبەکان بوو کە بۆتاکە جارێک چییە لەئێمەیان نەپرسی ئەرێ بەڕاست ئێوە خەریکی چین؟
لەناو رێکخراوی ئامێزدا من تاکی نەتەوەکەی خۆمم چاکتر ناسی و تێگەیشتم کە بێمەڵامە نییە ئێمە نیشتمانێکمان نییە ئازاد بین تێیدا، هەرئەوەنا کورد کەدێتە سەرپارەدان ئیتر دەبێتە دوژمنت و دەست دەکات بە دۆزینەوەی هۆکاری وا کە بونی نییە، ئەوە جگەلەوەی ناخوازێت دەسەڵاتداران تانەی لێبدەن . بیرمە جارێک بەرنامەیەکمان لەگەڵ مرۆڤێکدا کرد لەسەر مۆسیقا، بەڕاستی زۆر بابەتمان باس کرد کەشایستەی ئەرشیفکردن بوو . بەرنامەیەکمان لەگەڵ پێشمەرگە زامدارەکاندا کرد کاتێک پەخشمان کرد پێشمەرگەکان باسیان لەوەکرد کە بەرپرسێک لە شاری سەقز پێی ووتوون بڕۆن تەسلیم بنەوە. کابرای مۆسقژەند زەنگی لێداو ووتی ئێوە جوێنتان داوە من نامەوێت دەرکەوم لەکەناڵی ئامێزەوە . منیش پێم ووت خۆ تۆ بتۆڤن نیت شەرم ناکەی بەو تەمەنەوە دەکڕوزێتەوە بۆ ژیان؟
رێکخراوی ئامێز هەڵوەشایەوە هۆکار زۆر بوو بەڵام لێرەدا جێگەی نابێتەوە، ئەوەندەی من تێگەشتم کە کورد بەدەیجور ماوەتەوە لەسەر ئەم پلانێتە . وەک کەڕکەڕە خۆمان دەگونجێنین .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









