رێبەر ئۆجەلان: تورکتان لە کورد خۆشتربوێت
15/05/2025, 22:13 (GMT+1)

- پێویستە جەستەکەی شەهید سری سورەیا بپشکێنرێت دەستبەجێ!
- سری سوریا ئۆندەر، ژیان و تیرۆرکردنی.
- کاتێ رێبەر ئاپۆ دەڵێت: تورکەکانتان لە خۆتان خۆشتر بوێت، گۆتەیەکی راست و رەوانە، ئەو مەبەستی لە تورکگەلێکی هاوشێوەی سری سورەیا، دوران کاڵکان و هەزارانی دیکەیە. هەموو ژیانی ئەو تورکانە بۆ ئازادی کورد بووە و دەبێت. ئەم تورکانە یا تورکمانانە، یا چەرکەس و لاز و عارەب و فارسانە کە بۆ کورد و ئازادییەکەی خەبات و تێکۆشان دەکەن، دەبێت لە خۆمان زیاتر خۆشترمان بوێن و رێزییان لێبگرین.
سری سوریا ئۆندەر، سیاسەتمەداری ناسراوی تورکیا، لە ڕۆژی ٣ی مایسی ٢٠٢٥ لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ئەو لە نەخۆشخانەی فلۆرەنس نایتینگەیل لە ئیستەنبوڵ گیانی لەدەست دا، پاش ئەوەی لە ١٥ی ئەپریلەوە لە ژووری چاودێری چڕدا بوو. بەپێی ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەکە، هۆکاری مردنەکەی شکستی چەند ئەندامێکی جەستە بوو، دوای ئەوەی دووچاری نەخۆشییەکی دڵ بووبوو و نەشتەرگەرییەکی گەورەی بۆ ئەنجام درابوو کە نزیکەی ١٢ کاتژمێری خایاندبوو.
ئەو جەڵتەیەی کە لێدابوو، دوای ماوەیەکی کورت لە دیداری شاندنی ئیمراڵی لەگەڵ ئەردۆگان روویدا، بۆیە هەموو گومانەکان بۆ ئەوە دەچێت کە دەرمانخوارد کرابێت.
- با لە ژیانی سری سورەیا ئوندەر دەستپێبکەم و دواتر گرێدانی بە نمونەگەلێک لە تیرۆری سیاسی لە سەردەمی ئیپراتۆریەتی عوسمانی و کۆماری تورکیا، باس بکەم.
ئۆندەر لە ٧ی جولای ١٩٦٢ لە ئادیامان لەدایک بوو. ئەو دەرهێنەری فیلم، ئەکتەر، ڕۆژنامەنووس، نووسەر و سیاسەتوان بوو. سەرەتا لە ساڵی ٢٠١١ وەک کاندیدێکی سەربەخۆ بە پشتیوانی (BDP) هەڵبژێردرا بۆ پەرلەمانی تورکیا، پاشان بوو بە ئەندامی حزبی گەلان و دیموکراسی (HDP).
ئۆندەر، سەرەڕای ئەوەی کە خۆی کورد نەبوو و لە بنەماڵەیەکی تورکمانی بوو، یەکێک بوو لە گرنگترین بەرگریکارانی مافی کورد و کەمینەکان. ئەو ڕۆڵێکی بەرچاوی لە گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان دەوڵەتی تورکیا و (PKK) هەبوو. ئەو یەکێک بوو لە شاندی 'ئیمرالی' کە لەگەڵ رێبەر ئاپۆ، کۆبوونەوە بۆ هێنانەئارای ئاشتی لە تورکیا.
لە ساڵی ٢٠١٣، لە خۆپیشاندانەکانی پارکی گەزی لە ئیستەنبوڵ بەشداری کرد، و هەروەها ڕۆڵێکی گرنگی لە خوێندنەوەی پەیامی رێبەر ئاپۆ لە نەورۆزی ٢٠١٣ لە دیاربەکر هەبوو. ئۆندەر بە ڕاشکاوی دژی سیاسەتی دیکتاتۆری دەوەستایەوە و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕەخنەی لە سەرکوتی سیاسی لە تورکیا دەگرت.
ئەو سیاسەتمەدارێک بوو کە لەسەر ئاستی فرەوانی سیاسەتی تورکیا ڕێزی لێدەگیرا بەهۆی هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە ساڵانی ناکۆکی لەگەڵ کورددا. هەروەها ئەو پەرلەمانتارێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (DEM) بوو کە وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان بوو.
- ئایا سری سوریا وەک تورگوت ئۆزال تیرۆر کرا؟
تورگوت ئۆزال، سەرۆکی تورکیا لە نێوان ساڵانی ١٩٨٩ و ١٩٩٣، لە ١٧ی ئەپریلی ١٩٩٣ بە فەرمی بە هۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد، بەڵام لە دوای مردنی زۆر گومان دروست بوو دەربارەی تیرۆرکردنی. لە ساڵی ٢٠١٢، دادوەرێکی گشتی فەرمانی دا بە هەڵکەندنی گۆڕەکەی بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی. دەرئەنجامی پشکنینەکە دەریخست کە جەستەی ئۆزال بڕێکی زۆری ماددەی ژەهراوی تێدا بووە.
ڕۆژنامەکان ڕاپۆرتیان سەبارەت بە ئاستی چەند ماددەیەکی ژەهراوی لە لەشی ئۆزالدا دۆزرابۆوە، ئاشکراکرد، لەوانە DDT و DDE (ماددەی قەدەغەکراوی کوشتنی مێرووەکان) بە بڕی ١٠ جار زیاتر لە ئاستی ئاسایی، هەروەها ماددەی کادمیۆم و چەند ماددەیەکی تیشکدەری تر. سەرچاوەکان باسیان لەوە کرد کە "ئۆزال بە گەورەترین ئەگەر بە چوار ماددەی جیاواز ژەهرخوارد کراوە".
هۆکارەکانی گومانی تیرۆرکردنی ئۆزال دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا و کۆتاییهێنان بە شەڕ دژی کورد کە PKK نوێنەرایەتی دەکات. کورکوت ئۆزال، برای تورگوت، لە ساڵی ٢٠١٠ ڕایگەیاند کە بڕوای وایە "ئەرگەنەکۆن" کە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ سوپادا هەبووە، برایەکەی کوشتووە. هەروەها ئەحمەد ئۆزال، کوڕی سەرۆکی کۆچکردوو، چەندین جار گومانی خۆی دەربارەی تیرۆرکردنی باوکی دەربڕیوە.
ئۆزال بەر لە مردنی بە چەند هەفتەیەک، گفتوگۆی نهێنی لەگەڵ (PKK) دەستپێکردبوو و بەنیاز بوو هەنگاوی گەورەی سیاسی بنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد. بەڵام دوای مردنی، هەوڵی چارەسەری کێشەی کورد وەستا و تورکیا پەنای بردە بەر شەڕی دژوار و بە شێوەیەکی فراوان دژی کورد.
ئۆزال پێشتر لە ساڵی ١٩٨٨ لە کۆنگرەیەکی حزبی خۆیدا تووشی هەوڵێکی تیرۆرکردن بوو، بەڵام تەنها پەنجەیەکی بریندار بوو. تیرۆرکەر، کارتال دەمیراغ، دەستگیر کرا و بە زیندانی هەتاهەتایی سزا درا، بەڵام دواتر لە لایەن ئۆزالەوە لێبوردنی بۆ دەرکرا. گومان دەکرێت کە ئەم هەوڵە لە لایەن ژەنراڵێکی سوپا، سەبری یرمیبەشئۆغلوەوە، پلانی بۆ دانرابێت کە دواتر بووە سکرتێری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی.
- بەهەمان شێوە مردنی سری سورەیا بە تیرۆری سیاسی دەوڵەتی تورکیا دادەنرێت، چونکە سری سورەیا رۆڵیێکی گەورەی دەگێڕا لەو پرۆسەیەی کە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ بۆ (چارەسەریی) دەستیپێکرد بوو.
پێشتر سری سورەیا هاتبووە هەرێمی کوردستان، تێێدا سەرۆکی پارتی بینی بوو، هەندێ لە گومانەکان بۆ ئەوە دەچێت، بەتەعلیماتی دەزگای جاسوسی میت لەوێ ژەهراویکردنەکەی سری سورەیا دەستیپێکرد بێت. بە هەرحاڵ پێویست دەکات پێش ناشتنی جەستەی بپشکێندرێت و ئەو جۆرە ژەهرانە کە پێشبینی دەکرێت ئاشکرا بکرێن.
- نموونەی تیرۆری سیاسی لە تورکیا و عوسمانی
کوشتن و تیرۆری سیاسی لە پێناو گەرەنتیکردنی دەسەڵات لە مێژووی عوسمانی و تورکیادا، با هەندێک نمونە بخەینە ڕوو:
- لە سەردەمی عوسمانی:
١. سوڵتان عوسمانی دووەم (١٦١٨-١٦٢٢): لەلایەن ئینکشارییەکانەوە کوژرا دوای هەوڵی چاکسازی سوپا و کەمکردنەوەی دەسەڵاتیان.
٢. سوڵتان ئیبراهیم (١٦٤٨): بە فەرمانی گەورە پیاوانی دەوڵەت خنکێندرا دوای تۆمەتبارکردنی بە شێتی و گەندەڵی.
٣. کوشتنی شازادەکان (برای سوڵتانەکان): کردارێکی باو بوو بۆ پاراستنی تەخت. بۆ نموونە، سوڵتان محەمەدی سێیەم ١٩ لە براکانی پێکەوە کوشت دوای گەیشتنی بە حوکم.
- لە سەردەمی کۆماریدا:
١. عەدنان مەندەرێس (سەرۆک وەزیران): لەدوای کودەتای ١٩٦٠ لە سێدارە درا بە تۆمەتی ساختەی خیانەت.
٢. هەزاران سیاسەتمەدار و ڕووناکبیری کورد، بەتایبەت دوای هەر کودەتایەکی سەربازی (١٩٧١، ١٩٨٠، سیناریۆی ٢٠١٦)، تووشی کوشتن، ونکردن یان ئەشکەنجە تا مردن بوون.
٣. هەرانت دینک (ڕۆژنامەنووسی ئەرمەنی): لە ساڵی ٢٠٠٧ کوژرا دوای هاندانی میدیایی لەسەر هەڵوێستەکانی لە کێشەی ئەرمەنیدا.
٤. هەزاران کردەی "تیرۆری سیاسی نهێنی" کە لایەن دەزگای جاسوسی میتەوە (MIT) ئەنجامدراوە لەدژی چالاکوانانی کورد و بەرهەڵستکاران، لە ناوەوە و لە دەرەوەی تورکیا.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









