جیاوازی نێوان کردارەکانی پاپای مەسیحی و خەلیفەکانی موسڵمانان لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا!
19/05/2025, 16:46 (GMT+1)

- تۆبڵێی جیاوازی چی بێت لە نێوان پاپای مەسیحی و خەلیفەی موسڵماناندا (عەرب و فارس و تورک شیعە و سونە)؟
- ئایا جیاوازی ھەیە لە نێوان ئیمام خومەینی و پاپای مەسیحیدا بۆ مرۆڤایەتی و بۆ کورد؟
- ئەی جیاوازی چییە لە نێوان ئەبوبەکری بەغدادی و پاپای مەسیحیدا بۆ مرۆڤایەتی و بۆ کورد؟
- ئەی ئاخۆ جیاوازی چیە، لە نێوان خەلیفە ئەردۆغان و پاپای مەسیحیدا بۆ مرۆڤایەتی و بۆ کورد؟
- ئاخۆ پاپای مەسیح بەرگری لە کورد کردووە؟ کەی؟ وە چۆن؟
- ئاخۆ ئیمام خومەینی و خەلیفە ئەبوبەکری بغدادی و خەلیفە ئەردوغان چۆن ڕێزی ئیسلامیان بەکارھێناوە بۆ کوردی موسڵمان؟ خودا ڵە قورئاندا دەفەرمێت:(إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ فَأَصْلِحُوا بَيْنَ أَخَوَيْكُمْ [الحجرات:10]،) واتە (ئیمانداران تەنها برایەکن! )
- زۆربەمان لەپەنجا ساڵی ڕابردوودا خەلیفە و دینبازە جیاوازەکانی موسڵمانانمان بینی و ھەر ھەمووشیان بەناوی (اللە اکبر)ەوە عەربانە سیاسیەکەی ڕادەکێشێ و نوێنەرایەتی خودای دەکرد و دەکات لەسەر زەوی!
کۆمەڵگەش تێر بوو لە باسی خەیاڵی بۆ بەھەشت و ٧٢ حۆریەکان! وە ھەروەھا لە کردارە شەڕانی و کوشتن و بڕین و بەکەنیزەکردنی کیژانی کورد و کاولکردنی کوردستان!
- با ئێستا، ھەتا لە بیرەوەری ئەم نەوەیە(جیل)دایە، بەراوردێک بکەین لەنێوان خەلیفە جیاوازەکانی موسڵمانان و پاپای مەسیحیدا، ھەتا کەس نەڵێت ، کێ دەڵێت وایە( ئەوەی تۆ وا دەڵیێت، بەڵام وایە؟) یان ھەتا دینبازەکان نەڵێن( لێکدانەوەی تۆیە، تۆش ھەڵەیت) چونکە ڕۆژانە تاوانەکانمان دەبینین و ھەتا ئێستاش تاوانی دینبازەکان ، لەسەر یوتوب گیانە، کە یوتوب گیانیش بەرھەمی زانستیە! وە ھەتا ھەتایەش یوتوب گیان، ئەو تاوانانەمان بۆ دەپارێزێت!
- بیرۆکەی ئەم نوسینەم، لەسەر ئەو کاردانەوە نائەخلاقیانە بوو کە ھەندێک لە گەنجانی دینباز لەسەر پاپای مەسیح لەسۆسیال میدیادا نوسیویانە، لەسەر کۆچی دوایی پاپا فرانسیس کە لە ٢١ نیسانی ٢٠٢٥ دا کۆچی دوایی کردوە!
- من ھەرچەندە مەسیحی نیم! بەڵام دەمەوێت کردارەکانی ئەو خەلیفانەی موسڵمانان و پاپای مەسیحی بەراورد بکەم، ھەتا گەنجانی ئەمڕۆ بزانن: کە جیاوازی چییە، لەنێوان کردارەکانی دینبازە موسڵمانەکان و پاپای مەسیحدا لەڕووی:
یەکەم: ئاخۆ ماف و ھەستی مرۆڤایەتی و ئازادی ئایینەکان چەند بێت؟
دووەم: ئایا جێگای ئایین لەکوێی دەوڵەتدایە؟
سێھەم: ئاخۆ کێن، ئەوانەی داوای لێبوردنیان لە ھەڵەکانیان کردووە؟
یەکەم: ئاخۆ ماف و ھەستی مرۆڤایەتی و ئازادی ئایینەکان، چەند بێت لای پاپای مەسیح ئەو خەلیفانە؟
- پاپای مەسیح فرانسیس: بەتوندی پشتیوانی دەکرد لە مافی مرۆڤ، وەبەتایبەتیش لە بواری کەم کردنەوەی هەژاری و یارمەتیدانیان و مافی پەنابەران و ڕەتکردنەوەی توندوتیژی!
بۆ نمونە ڕۆژانە لە ئەوروپا دەبینرێت، کە ئەگەر پەنابەرە موسڵمانەکان لە کەمپەکانیان دەربکرێن، ئەوا کەنیسەکان باوەش بۆ پەنابەران دەکاتەوە و جێگا و پارە و خواردن و جل وبەرگ و پزشکیان بۆ ئامادە دەکەن! بەبێ جیاوازی ئایین و ڕەگەز و ڕەنگ و ئایدۆلۆجی جیاواز!

- ئەی ئاخۆ پاپای مەسیح بەرگری لە کورد کردووە؟ کەی وە چۆن؟
بەڵێ، پاپا فرانسیس لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠٢١دا، ھاتە دەنگ دژی بەکارهێنانی ئایین وەک پاساوێک بۆ توندوتیژی و تیرۆر و چەوساندنەوە! وە جەختیشی لەوە کردەوە کە خودا داوای خۆشەویستی و نیازپاکی و هاوئاهەنگی دەکات نەک کوشتن و ووێرانکردن!
- هەروەها پاپا لە ووتارەکانی پێشوودا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، کە بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر ئازاری و چەوسانەوەی کەمینەکانی وەک ئێزیدیە کوردەکان! وەداوای لە ووڵاتان کردووە کە بەشداری بکەن لە ڕێزگرتن و دروستکردنی پردی خۆشەویستی لە نێوان پێکهاتەکانیان.
- پاپا لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٤ بە ڕوونی هێرشێکی مووشەکی ئێرانی بۆ سەر هەولێر ئیدانە کرد! هاوسۆزی خۆی لەگەڵ قوربانیانی مەدەنی دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندی باشی نێوان دراوسێکان لە ڕێگەی توندوتیژیەوە دروست نابێت! بەڵکو لە ڕێگەی دیالۆگ و هاوکارییەوە بنیات دەنرێت.
- لێرەدا ئەم پرسیارانە دێتە پێشەوە ئەویش: ئایا پاپا مەسیح ھیچ کاتێک فەتوای کوشتن و بڕین و ووێرانکاری دژی کورد داوە؟ یان بڕیاری موشەک ھاویشتنی وەک خەلیفەی موسڵمانان داوە بۆ سەر شارێک؟
- ئایەتوڵڵا خومەینی (ڕێبەری شۆڕشی ئێران ساڵی ١٩٧٩):
لە سەردەمی خومەینیدا ئازادییە بنەڕەتییەکان سەرکوت کران و مافی ژنان کەم کرانەوە و کەمینە ئایینیەکان گۆشەگیر کران و دەمیان بەستن! سیاسیە بیرجیاوازەکان (یان ئۆپۆزسیۆن) زیندانی کران یان لەسێدارەدران یان ڕاونران!
ئایدۆلۆژی خومەینی تەنھا گرنگیدان بوو بە شەریعەتی ئیسلامی و بەھای ئەو شەریعەتەشی زاڵ دەکرد بەسەر مافە گشتیەکانی مرۆڤدا!

- ئایا ئایەتوڵڵا خومەینی ڕێز لە کوردی موسڵمان دەگرێت یان بەکافری دەکات؟
لەساڵی ١٩٧٩ دا خومەینی داوای جیهادی کرد دژی کورد و داواکاریەکانی! وە فەرمانیشی بە سوپا و سوپای پاسداران دا کە دژی کوردەکان بجەنگێن و لەناویان ببەن وە بە کافریشی کردن! ھەتا ئایەتوڵایەکی تایبەتی نارد بۆ کوردستان بەخۆی و سێدارەیەکەوە بۆ ئیعدامکردنی کوردان!
- ئەمەش پەروەردەی ئیمام و خەلیفەی ئیسلامی فارسییە(شیعە) کە تەنھا ھەر خۆی بەڕاست دەزانێت و لەکونێکی بچکۆلەی ئاینی شیعەوە سەیری جیھان و ژیان و کوردیشی دەکرد!
- ئەبوبەکر بەغدادی (سەرکردەی داعش): لەژێر سایەی شەریعەتی ئیسلامی داعشدا، مافی مرۆڤ بەتەواوی پێشێل دەکرا، ھەتا گەیشتە سەر، سەربڕینی مرۆڤەکان! داعش بە تەواوی نرخ و بەها مرۆڤایەکانی ڕەتکردەوە! داعش لەژێر سەرکردایەتی ئەم خەلیفەیەدا، دڕندەیی بێ سنور بوو! وە جینۆساید بەردەوام بوو! وە کۆیلایەتی وکوشتنی بەکۆمەڵ و تیرۆرکردنی دژی خەڵکی سڤیل کاری ڕۆژانەبوو! وە تەنھا داھێنانێک کە داعش دایھێنا بوو، بۆ مێژووی خوێناویەکەی، بریتی بوو لە خۆتەقاندنەوەی تیرۆریستەکان لەناو کۆمەڵگەی بێ تاواندا!
- ئایا بەغدادی ڕێزی لە کوردی موسڵمان دەگرێت؟
داعش چەندین هێرشی بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی عێراق و سوریا کردووە! لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٤ چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر دەڤەری شنگال و هەزاران کوردی ئێزیدیان کوشت یان دەربەدەر کرد یان بە کۆیلە کرد و ئافرەتەکانیشیان بەکەنیزە کرد! هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ پەکەکە و یەپەگە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە، دەستیان کرد بە هێرشی بەرپەرچدانەوە!. لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٤دا توانیان بەشێک لە شەنگال بگرنەوە! وە ئەو ڕێگا ستراتیژیانەی داعیشیان پچڕاند کە داعش لەنێوان شارەکانی ڕەقە و موسڵ دا بەکاریان دەهێنا!
- ئەمەش دیوێکی تر پەروەردەی ئیسلامی عەرەبی سونەی داعش بوو کە توندوتیژی وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ پاراستن و بڵاوکردنەوەی دەسەڵاتەکەی بەکاردەهێنا!
- ڕەجەب تەیب ئەردۆغان (سەرۆکی تورکیا):
مافی مرۆڤ لەژێر سەرکردایەتی ئەم خەلیفە ئەردۆغانەدا، دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت لە دوای هەوڵی کودەتاکەی ساڵی ٢٠١٦ دا ، ئازادی ڕۆژنامەگەری نزیک بۆتەوە لەسفر! و دەسەڵاتی دادوەری کەم کرایەوە و ئۆپۆزسیۆن دەمکوت کراوە!
ئەردۆغان بەڕوکار ھەستی مرۆڤایەتی بەکاردەھێنێت بۆ بەرژەوەندی خۆی و دەستەڵات و کورسیەکەی لەڕێی ئایینەوە! چونکە لە لایەکەوە ملیۆنان پەنابەری سوریای وەرگرتووە! چەند ساڵێک لەمەوبەریش پەنابەرانی سوریای وەک مقاش بەکاردەھێنا، بۆ ترساندن و ھەڕەشەکردن لە ئەوروپا! چونکە ھەرکاتێک ئەوروپا داوایەکی ئەردۆغانیان ڕەت بکردایەتەوە، ئەوا ئەردوغان بەلوعەی پەنابەرانی سوریای بەسەر ئەوروپادا دەکردەوە! ھەتا وای لێھات، بەزۆر پارەی لە ئەوروپا وەرگرت بۆ پەنابەران و گیرفانی خۆی و بەرژەوەندی کورسیەکەی! لە لایەکی تریشەوە بە شێوەیەکی دڕندانە نەیارانی سیاسی و کوردی سەرکوت دەکات و ڕۆژانەش کوشتارو ووێرانکاری لە باکور و باشور و ڕۆژئاڤای کوردستان ئەنجام دەدات، بەمزگەوت و قورئانەکانیشەوە دەیانسوتێنێ!

- ئەمەش پەروەردەی جۆرێکی تری خەلیفەی ئیسلامی سونەی تورکییە!
دووەم: ئایا جێگای ئایین لەکوێی دەوڵەتدایە؟
- پاپای مەسیح فرانسیس: پاپاکان بەگشتی دان دەنێن بە جیاکردنەوەی کەنیسە لە دەوڵەت! بەڵام هیوادارن بەها مەسیحییەکان کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگا هەبێت. بەبێ ئەوەی بەدوای دەسەڵاتی سیاسی ڕاستەوخۆ و کورسی و بەرژەوەندیدا بگەڕێن! بەڵام ڕێنمایی و کاریگەری ئەخلاقی و خۆشەویستی نێوان مرۆڤەکان بەکاردەهێنێن!
- ئایەتوڵڵا خومەینی (ڕێبەری شۆڕشی ئێران ساڵی ١٩٧٩):
بۆ خومەینی پێویستە ئایین بە تەواوی حوکمڕانی بکات! ئەو پێی وابوو کە پیاوانی ئایینی دەبێت کورسی دەسەڵاتی سیاسیان هەبێت، چونکە بە باشترین شێوە دەتوانن یاسای ئیسلام و خودایی جێبەجێ بکەن! بەڵام کام ئیسلام و کام خودا؟
- ئاخۆ ئەوەیە نمونەی ژیان و ئاشتی و بەختیاری کە ئێستا لە ئێراندا ھەیە؟ ئایا ژیان بەلای خومەینیەوە ژیانی ئەو دنیایە بۆ خەڵکی؟ ئایا ئەو دنیاش، کەس بینیویەتی؟ وە ئایا کەسیش لەو دنیا گەڕاوەتەوە؟ وە ئایا بەڵگەیەک ھەیە کە ئەو دنیا ھەبێت؟
- ئەبوبەکر بەغدادی (سەرکردەی داعش): بەغدادی بڕوای بە دەوڵەتێکی لەڕادەبەدەر مەزهەبی سوننە ھەبوو! کە دەسەڵاتی ئایینی ئیسلامی سوننە و ژیانی دونیایی تێدا یەکگرتوو بن، وە هیچ شتێک نەبێت کە لەیەکیان جیابکاتەوە! هەموو شتێکیش دەبێت بکەوێتە ژێر لێکدانەوەی شەریعەی ئیسلامەوە!
بەڵام کام ئیسلام و کام یاسای خودایی؟ ئیسلام و یاسای سوننە و بەکافرکردنی ڕێڕەوە ئیسلامیەکانی تر و ئاینەکانی تر؟
- ڕەجەب تەیب ئەردۆغان (سەرۆکی تورکیا): ئەردۆغان هەوڵ دەدات زیاتر ئایین ببەستێتەوە بە دەوڵەتە! ھەرچەندە بە فەرمی تورکیا خۆی عەلمانییە!، بەڵام ئەردوغان، بە کردەوە بەها و سیمبۆلە ئیسلامیە سوننەکان بەکاردەهێنێت بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی سیاسی خۆی و بەرژەوەندیە کەسایەتیەکەی!
بەڵام کام ئیسلام و کام یاسا؟ ئیسلامی بەرژەوەندی کورسی و گیرفان؟
سێھەم: ئاخۆ کێن، ئەوانەی داوای لێبوردنیان لە ھەڵەکانی ئێستا و ڕابردووی ڕێڕەوەکانیان دەکەن و کردویانە؟
- پاپاکانی پێشوو، وە کەنیسەی کاسۆلیکیش لە ڕووی مێژووییەوە هەڵەیان کردووە، بۆ نمونە جەنگی خاچپەرستی و دادگاکانی پشکنین و سووکایەتیکردندا، بەڵام پاپاکانی سەردەمی ئێستا، چاوکراوەترن و گۆڕانکاریان کردووە لەسەر خۆیان و ڕێڕەوی ئاینی مەسحیش! وە خۆیان لەگەڵ پێشکەوتنی ئەمڕۆی مرۆڤایەتیدا گونجاندووە و نایانەوێت وەک ئاوی وەستاو بمێننەوە و بۆگەن بکەن! بۆیە زۆربەیان دان بەو هەڵانەی مێژوودا دەنێن و داوای لێبوردن لە کەسەکان و گەلەکان دەکەن و قەرەبووی ھەڵەکانیشیان دەکەنەوە!
- ئایەتوڵڵا خومەینی: بۆ زۆرێک لە گێلە باوەڕدارەکانی ئێران بەتایبەت شیعەکان، خومەینی پاڵەوانێک بوو لە دژی دەسەڵاتی شای ئێران و گەندەڵی بوو! وە ھەتا خومەینی وای لێھاتبوو وەک نوێنەری خودا خۆی پیشان دەداو کلیلی بەھەشتی دەدایە خەڵکی!، بەڵام لە ئاستی ناوخۆی ئێران و کەمەنەتەوایەتیەکان و مەزھەبەکانی تری ئیسلام و نێودەوڵەتیشدا، ڕژێمەکەی تا سەر ئێسقان مافەکانی ھاوووڵاتیانی ئێرانی پێشێل دەکرد! تەنھا یەک ڕۆژیش کەسمان گوێمان لێ نەبوو کە دوای لێبوردن لەو ھەموو تاوان و کوشتن و کوشتنی زیاتر لە ملیۆنێک مرۆڤ لە شەڕی نێوان عێڕاق و ئێراندا! وە ئەو ھەموو کوشتار و لەسێدارەدانی کوردانی ڕۆژھەڵاتیش! وە دوای خومەینیش ئەو تاوانانە ھەتا ئێستاش ھەر بەردەوامە!
- ئەبوبەکر بەغدادی (سەرکردەی داعش): ئەم گروپەی داعش و خەلیفەکەی، نەک تەنھا بەھەڕەمەکی خەڵکیان دەکوشت و سەردەبڕی و خۆتەقاندنەوەیان ئەنجام دەدا، بەڵکو زۆرجار لەسەر ناوی مرۆڤەکەش خەڵکیان دەکوشت! وەک یەزیدیەکان و شیعە و مەسیحی و وە گروپەکانی تریش دورنەبوون لەو پریشکی کوشتن و تاوان و بەکەنیزەکردنی ئافرەتەکانیان لەلایەن داعشەوە!
وە ھەتا ئێستاش کەسێک گوێی لێ نەبووە کە ئەو گڕوپە دان بە ھەڵەکانیدا بنێت و داوای لێبوردن بکات! بەڵام بەداخەوە ھەندێک لە دینبازە کوردەکانیش تا ئێستا شانازیان پێوە دەکەن و دەڵێن، ئەوانە ئیسلامی ڕاستەقینە بوون!
بەڵام گروپی داعش تاڕادەیەکی زۆر تەنانەت لەناو جیهانی ئیسلامیشدا، بە توندڕەوی و نامرۆڤانە لەقەڵەم دەدرا و ڕەتکراوەتەوە!
- ڕەجەب تەیب ئەردۆغان (سەرۆکی تورکیا): ئەردوغان ھەندێک جار سەرکردایەتیەکەی کە دکتاتۆرانەیە، لەگەڵ واقعیدا تێکەڵ دەکات! چونکە هەم دەتوانێت دانوستان بکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆی و دەستەڵاتەکەی! وە هەم ستەم و کوشتن و بەندکردنی بێ بنچینە و ووێرانکاری کوردستانیش بکات! ئەوەش بەگوێرەی ئەوەی کە چی دەگونجێت لەگەڵ بەرژەوەندی خۆیدا!
وە ئێمە ھیچ کاتێک گوێمان لێ نەبووە کە ئەردوغان دان بنێت بەو ھەموو ھەڵەو تاوان و ترۆرەدا کە دژی کورد و کوردستانی باکور و باشورو ڕۆژئاوا و ئۆپۆزسیۆنی تورکیاش کردویەتی! یان داوای لێبوردن بکات لەو تاوانانەی کە خەلیفەکانی عوسمانی کردویانە لە مێژوودا!
ھەتا لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ دا، ئەردۆغان ڕایگەیاند کە چەکدارە کوردەکان لە سوریا، دەبێت چەکەکانیان دابنێن! ئەگەر چەک دانەنێن! (ئەوا بەچەکەکانیانەوە دەنێژرێن!).
- کەواتە پرسیارەکانی من و ملیۆنانی وەک من ئەوەیە:
- بۆچی ئێنە خەلیفەیەکی موسڵمانمان نەبینی گوێ لەقسەی خودا و قورئان و پێغەمبەر بگرێت؟ بەرامبەر بە برایەتی و پێکەوەژیانی عەرەب و تورک و فارس و کوردی موسڵمان؟ ئاخۆ خەلیفەکان درۆزن بن؟ یان ئایینەکە شەڕانی و خوێناوییە؟ چونکە:
- خودا لە قورئاندا دەفەرمێت:(إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ فَأَصْلِحُوا بَيْنَ أَخَوَيْكُمْ [الحجرات:10]،)
- وە پێغەمەریش دەڵێت( ﷺ: المسلم أخو المسلم: لا يظلمه، ولا يحقره، ولا يكذبه، ولا يخذله، التقوى هاهنا) واتە : (موسڵمان برای موسڵمانە: زوڵمی لێ ناکات، نە سووکایەتی پێدەکات، نە درۆی لەگەڵ دەکات)
-خودا ڵە قورئاندا دەفەرمێت: وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلاَّ رَحْمَةً لِلْعَالَمِين [الأنبياء(107)]
واتە: ئێمە، (ئەی محمد )تۆمان نەناردووە، تەنھا وەک ڕەحمەتێک نەبێت بۆ جیهانەکان!. [الئەنبیە’ (107)].
- ئاخۆ بۆچی وشەی (کوشتن) لەقورئاندا نزیکەی ١٧٠ جار ھاتووە؟ تۆ بڵێی بۆ خۆشەویستی و برایەتی بێت؟
- ئەم بەچکە خەلیفەیەش (عەلی قەرەداغی ) دەڵێت : کوردی ڕۆژیاڤا نابێت داوای فیدراڵی بکات!

- بەڵام قەتەر و ئیمارات و بەحرەین و کوێت دەبێت ووڵاتی سەربەخۆ بن! لەگەڵ ئەوەی ئەم ووڵاتە بچوکانە ھەر ھەموویان تەمەنیان لە ١٠٠ ساڵ زیاتر نییە! ئای عەقڵ و لۆژیک و زانست و ھەستی نیشتمانی و نەتەوایەتی ، ئێوە لە کوێن؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









