<

کۆچ و هەڵاتن لەبێدادی !

26/05/2025, 13:35 (GMT+1)
ئەگەر سەیری ئەو راپۆراتەنە بكەین كە ساڵانە لە لایەن دادگاكان بڵاو دەكرێنەوە باس لە گرێبەستی هاوسەرگیری دەكەن دەبینرێت کە ڕێژەی ئەنجامدانی پڕۆسەكە ساڵ بەساڵ ڕوی لەكەمبوونەوەیە، بەدڵنیایەوە کە ئەمەش بەشێكی زۆری پەیوەندی بەكۆچی بە لێشاوی ئەو هەموو گەنجەوە هەیە كە لەم چەند ساڵەی دوایی كوردستانیان جێهێشتووە، لەبەرامبەریش ڕێژی جیابوونەوەی هاوسەران ئاستێكی مەترسیداری تۆماركردووە و ئەمەش وادەكات كۆمەڵگەی كوردی بەرەوە لێكترازانی زیاتر بچێت ،
ئەم پرسە كاریگەری زۆری لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی داناوە و خێزانی کوردی خستۆتە نێو چەندین گرفت و رووداوی نەبیندراو و هەست پێنەكراو بە ڕادەیەک کەتاكەكانی نێو خێزان و كۆمەڵگا پێیەوە دەناڵێنن و دەتلێنەوە و بوونەتە قوربانی دەستی كۆچ و جێهێشتنی وڵات، بەتایبەتیش كۆچی بە نایاسای و سنوور بەزاندنی وڵاتان و نێودەریاكان وەك كارەسات و تراژیدیای ئەو كۆچانەی دەیبینین ،
کۆچ بەپێی هەموو لێکدانەوەکان بەشێوەیەکی گشتی دوو جۆر کۆچمان هەیە کەئەوانیش : کۆچی زۆرەملێ یان ناچاری ، وە کۆچی ئارەزومەندانە ، کەجێ ی داخە ئەوەی لەکوردستان هەیە تەنها کۆچی زۆرەملێ و ناچاریە ، هەڵهاتنە لەدەستی زوڵم و ستەم ، ڕاکردنە لەدەست بێدادی و بێڕێزیکردن بەکەرامەتی تاکی کورد ، چەتەیی و ڕاوەڕوتی ئەوانەی لەشاخ هاتنەوە شارو کۆڵەپشتەکانیان پڕبو لەقسەی باقوبریق و فەلسەفەی قۆرو بێ مانا ، کەدواتر هەگبەکانیان پڕبو لەتەنها فریودانی خەڵک و بەکارهێنانی سۆزو عاتیفەی جەماوەری خێرلەخۆنەدیوی کوردستان بەناوی کوردایەتی و ئازادی و مافی چارەی خۆنوسین و کەرکوک قودس و دڵی کوردستانەوە ، کەدواجار خۆمان لەژێر حوکمێکی دیکتاتۆری و تۆتالیتاری کوردیدا دیتەوەو تاڵاوێکی زۆرمان چەشت ،
ئەم دیاردەی هەڵاتن و کۆچە وەک کابوس سەری لەهەمو ماڵ و خێزانێکی کوردی داوە کەتەنانەت ماڵوخێزانەکەی منیش بەدەرنین لەم موعانات و ئازارە کەڕەنگە کوڕەگەورەکەی خۆم یاخود دایکی مناڵەکانم بۆ ڕزگاربون لەو ژیانە پڕ لەبێکەرامەتی و بێحورمەتیە چەندین جار داوای جێهێشتنی وڵات و کۆچ و سەرهەڵگرتنی کردبێ بەڵام من ڕێگریم کردووە چونکە باوەڕم وابووە کەدەبێ بەهەمومان لەدژی ستەم و نادادیەکانی بوەستینەوەو تاکی کوردی هوشیار بکەینەوەو کۆمەڵگا بگۆرین نەک هەڵبێین ، 
ڕێگریکردن لەم کارەساتی کۆچکردنە وەیان بەلانی کەمەوە کەمکردنەوەی دیاردەکە دەتوانرێ لەم چەند خاڵەدا وەک سەرەتایەک گۆڕانکاری بە خۆیەوە ببینێ بۆ نمونە باشکردنی باری ئابووری وڵات، ئەویش بەبەرنامەی واقیعییانە و زانستییانە ، بوژاندنەوەی وڵات و دەستپێکردنەوەی پرۆژەکانی چاکسازی و خزمەت گوزاری تەواو، هاوکاری گەنجان بۆ چوونەناو پرۆسەی هاوسه‌رگیری و یارمەتی دانیان بۆ پێکهێنانی ژیانی نوێ ، سەروەر بوونی یاسا و نەکردنی جیاوازی لەنێوان چینەکانی کۆمەڵگا ، کۆنترۆڵکردنی لایەنی بازرگانی و دیاریکردنی نرخی گونجاو، رێگەگرتن لە دروستبوونی گرانی .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست