<

چەند ڕووخساری جودای جەنگی دەروونی

08/06/2025, 19:43 (GMT+1)
جەنگێکی نادیاری دوژمنانی ناوەکی و دەرەکی نەتەوەکەیە، بیرکردنەوە، هزر و دوانەکانی تاکی نەتەوە دەکاتە ئامانج، بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشە: زانیارییەکی نادروست بە ئامانجی گومڕاکردنە، بەتایبەتی بە شێوەی پڕوپاگەندە لەلایەن دەزگایەکی دەوڵەتییەوە، ڕووبەڕووی هێزی بەرانبەر یا مێدیا، دەکرێتەوە، سەبارەت بە پێکهاتەی نەتەوەکە، مێژووی نەتەوەکە و لە هەموویان گرنگتر بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکەمان.
ئاگاداریی، زانیاری و زانین
پلەی هزرکردنی تاکی نەتەوەکەمان جیاوازیی هەیە، بەپێی پۆلاندنی زانیار(١).
ئاگاداریی: کەسێک کە لە شتێک ئاگادارە، بەڵام تەنیا  ڕووکەش و دیوێکی مەسەلەکە دەزانێت.
زانیاریی: کەسێک کە زانیارییەکی زیاتری سەبارەت بە دەنگۆیەک هەیە و خویندنەوەیەکی سادەش بۆ ڕووداوەکە دەکات.
زانین: کەسێک کە لە زۆر ڕوو و گۆشەی جوداوە بۆ دەنگۆیەک دەڕوانێ و زانیاری قووڵی لەسەر مەسەلەکان هەیە.     
بۆ نموونە: بە شێوەیەکی گشتی، ئێمە ئەو ئاگادارییەمان هەیە ئەگەر دیوارێک چیمەنتۆی تێدا بەکارهاتبێت، دەبێت لە سەرەتاوە ئاوڕشێن بکرێت و نابێت بۆ ماوەیەکی درێژ بە وشکی بمێنێتەوە.
وەستای دیواری کۆنکرێتی، زانیاری سەبارەت بەمە زیاترە و بە پێی ئەزموونی خۆشی، پەی بەوە بردووە کە کۆنکرێت پێویستی بە ئاودانی زۆرە، بەڵام لەوەی زیاتر تێناپەڕێنێ.
ئەندازیارێک، بە شێوەیەکی قووڵ، زانستی و پراکتیکی (زانیار)ی هەیە کە بەهۆی ئاوی ناو کۆنکرێتەکەوە لە کاژمێرە سەرەتاییەکانی ئەم تێکەڵەیەدا چ کارلێکێکی کیمیاوی ڕوودەدات و ئاوڕشێنکردنی دیوارێکی کۆنکرێتی لە نوێ دروستکراو چەندە پێویستە بۆ دروستنەبوونی درزگەلێک کە بەهەڵم بوونی ئاوی ناو کۆنکرێتەکە دروستیان دەکات.

ئەمە بە سادەیی نموونەیەک بوو لە پۆلێنکردنی زانیار، نموونەیەکی خۆماڵی بۆ تێگەیشتنێکی کوردیانە و بە پێویستم نەزانی کە نممونەکە ئاڵۆز بکەم، بەم پێیە جەنگی دەروونی نەبینراوی دوژمنان، ڕووی جیاواز، ئامانجی جیاواز، گرووپی جیاواز دەکاتە ئامانج و دەزگای جیاواز و ئامڕازی جۆراوجۆری تێدا بەکاردێت، بەڵام لە هەموویان گرنگتر لەم سەردەمەی ئێمەدا بەکارهێنانی مێدیایە، کە خۆی لە تۆڕێکی چالاکی مێدیایدا دەبینێتەوە کە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەر لەهەموویان ئامڕازێکی فراوان و چالاکن.
تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، هەم ژینگەیەکی لەبارن بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری چەواشە(پڕوپاگەندە یا دیسئینفۆرمەیشن)، هەروەها ژینگەیەکیشن بۆ گفتووگۆی تاکەکانی نەتەوەکە، واتە مەیدانێک بۆ بیستن و ئاگادارکردنەوەی تاکەکانی نەتەوەکە، بەڵام دوژمنانی دەرەکی و ناوەکی، خاوەن دەوڵەت، دەسەڵات و پارەن، ئەوان زیاتر ئەم مەیدانەیان داگیرکردووە، کەچی هێشتاش ناتوانن هەموو هزرێک بگۆڕن، هەموو دەمێک ببەستن و هەموو بیرکردنەوەیەک چەواشە بکەن. بە دوو هۆ:
1- ساڵانێکی زۆری نکولیکردن و داگیرکردن بەسەر میللەتی کورددا تێپەڕییوە و ئێدی وشیاریی لە ئامڕازەکانی نەتەوەی سەردەست و داگیرکەر لە کوردستاندا، بۆ نەتەوەکە ڕوون و ئاشکران و دەیانناسێتەوە.
2- بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکە، زۆر لایەنی نا دیاریی بەرجەستەکرد و بە تێکۆشانی خۆی سەلماندی کە ئێمە دەتوانین لە دووژمن بەهێزتر بین و یارییەکانی دوژمن پووچ بکەینەوە. 
تا ئێستاش ڕۆژنامە و کەناڵەکانی تێ ڤێ و هەواڵگری و سیخوڕی نێردراو و .... هتد ڕۆڵی خۆیان ماوە لەم جەنگە دەروونییەدا، هەرچەندە مرۆڤ بەرەو ئەوە دەچێت کە زیاتر ڕوو لە کەناڵی بینراو و بیستراو بکات. هەموو کەناڵە تەلڤزیۆنییەکانی دنیا کەناڵیکی بەردەوامیان لە یوتیوبدا هەیە، چوونکە ئەوان دەزانن، کەناڵی یوتیوب، دەگاتە چەند بەرانبەری ئەو کەسانەی کە تەماشای کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکە دەکەن، کە وا پێدەچێت، هێدی هێدی ڕۆڵی بوونی شاشەی تێ ڤێ، لە ماڵەکاندا، ڕووی بەرەو نەمانە، لەبەر ئەوەی کە وەک ڕابووردوو خێزان پێکەوە بەرانبەر بە شاشەی تێ ڤێ دانانیشن بۆ بینینی پێکەوەیی فیلمێک یا سریاڵێک، ئەمە ئێستا بە دەگمەن لە ناو خێزانەکاندا ڕوودەدات، ئای پادێک هەموو دنیا بچووک دەکاتەوە و بە کوالیتی زۆر بەرز، کتێبخانە، دانیشگا، قوتابخانە، هوونەر، پیشەسازیی، زانست، ئەدەب، نووسەران، هونەرکاران، یاسا و سیستەمە بەڕێوەبەرێتییە جوداکان، جەنگەکان، ئاین و بیروڕاکان، بەهەموو ڕەهەندەکانیانەوە دێنیتە بەرزەینی تاک.
مۆبایلی ژیر و ئامڕازە ژیرەکانی دی کە هەر ڕۆژ جۆر و ژمارەیان بەرەو هەڵکشان دەڕوات، تاکی لە خێزان، لە دەورووبەر و کۆمەڵگا و زۆر جاریش لە خۆشی دابڕیووە، تاک جیهانی خۆی هەیە، بیرەوەری خۆی هەیە، مێژوویەکی تایبەت بە خۆی هەیە، هاوڕێکانی باوانیان ئێدی هاوڕێ و ناسیاوی منداڵانی باوان نین، ناویان دەبیستێت و هیچ بایەخێکی نییە کە کێن و چۆنن، تەنانەت بۆ منداڵەکانی یەک باوان، ئەوەش کاڵ بۆتەوە، کە باوانیان کێن و چۆن بیردەکەنەوە، ئێستا ئێدی خێزان یەک مێژوو دروست ناکەن، بەڵکو دابەش بوون بەسەر چەند مێژوویەکدا، کە تایبەتە بە ئەندامانی خێزانەکە، حاڵەتەکە لە فۆڕمی ئاسایی خۆی نەچۆتە دەرەوە، واتە ڕەنگی ژینەکەکە، بارە کۆمەڵایەتییەکە، تەکەنۆلۆجییەکە، ئاینییەکە، مێدیاییەکە و سیاسییەکە، دەداتەوە، بەهەموو کووتوپڕیی و سستی و کارلێکەکانییەوە.
لەم جەنگە ئاڵۆزە دەروونییەدا، تاک بە ئامانجگیراوە و بەهەموو تواناوە، هەر دەستە، تاقم، حوکوومەت، دەسەڵات و بەرژەوەندییەکی ئابووری و ئاینی، لەهەوڵی ئەوە دان کە زۆرترین ژمارەی بینەر، شوێنکەوتوو، بیسەر و کڕیار بۆ خۆیان مسۆگەربکەن، من بەتایبەتی تاکی میللەتەکەی خۆم مەبەستە، نەک لەبەر ئەوەی کە بیرکردنەوەم لە دەواری خێڵ تیناپەڕێ، بەڵکو لەبەر ئەوەی خێڵ، لەهەموو فۆڕم و شێوە و کەوڵەکانیدا، سوار سەری مەسەلەی ئازادیی نەتەوەکەم بووە، لە کەوڵی خێڵ- حیزب، ئاین-حیزب، حیزب-خێڵ، حیزب-ئاین و شێوەکانی تری گردبوونەوەی بەرژەوەندییەکان لە دەوری یەکتر، کە مەبەستی سەرەکیان دابڕینی نەتەوەکەیە لە یەکتر، کە کۆنترۆل و چەواشەکردنیان ئاسانتر دەکات و ئاڕاستەکردنیان ڕەوانتر. ئێستا فشنبیرانی خێڵیش هێدی هێدی بە خۆ لەپاڵ نانی یەکێک لەو گرووپانەی سەرەوەدا، جاروبار وەک چینێکی دیاریکراو خۆ پیشاندەدەن و ڕینمایی، قسە و پڕووپاگەندەکانیان بە گوێی تاکی کورددا دەدەن، ژمارەیەکیان دەڵێن کە: ئەوان سەرچاوەن و جاروبار ئاماژە بە نووسین، چاوپێکەوتن و قسەی بەر لە ئێستایان، دەکەن، کە گوایە ئەوان پێشبینی ئەم بارودۆخەیان کردووە!!!. بە بڕوای من سەرچاوەکە تا ئێستاش هەر سەرچاوەکانی تا ڕاپەڕینە، دوای ڕاپەڕین، جگە لە هەندێ سەرچاوەی نووسینی بڵاوکراوە لەوانە کوردستانپۆست و فیلمی تایبەت نەبێت، داهێنانێکی ئەدەبی، کۆمەڵایەتی و سیاسی تەکاندەرمان لە بوارە جوداکاندا نایەنە بەر زەین، لە ڕووی بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەوە، هەنگاوی مەزن و بنجی نراوە و ژنانی دلێری کورد، پێشەنگایەتییەکی شایستەیان لە خۆیان پیشانداوە کە کاریگەرییەکی گەورەی کردۆتە سەر فراوانکردنی بزووتنەوەی نەتەوەکە، ئەمە نزیکەی تەنیا بوارە کە لە دوای ڕاپەڕینەوە ئێمە لە کۆی بارە کۆمەڵایەتی و سیاسی تێکۆشانەکەدا بە ڕوونی دەیبینین.

• جەنگی دەروونی و تایبەتی داگیرکەرانی کوردستان.
توورک: 
بە پێی لێکدانەوەی بیرمەندی مەزنی کورد، مامۆستا ڕەفیق حیلمی، بۆ سایکۆلۆجییەتی سەران و پیاوانی حوکوومەتەکانی توورک، ئەوان شەڕەنگێز، مونکیری حەقیقەت، درۆزن، هەلپەرست، بێ بەڵین، خیانەتمەند، نادیمۆکراتی و باوەڕی بنجییان بە هێزی سەربازی هەیە و هەموو گرفتێک بە زۆر و بەکارهێنانی هێز چارەسەر دەکەن و بچنە هەر ناوچەیەک، بنکەی سەربازی لێ ئاوەدان دەکەنەوە و بەهی خۆیانی دەزانن. میللەتانی ناو ئەو ئیپراتۆریەتە نەخۆشەی کە ناوی خەلافەتی عوسمانی بوو و خەلیفەکان ناویان لە خۆیان نابوو سوڵتان و ئیمپراتۆر، وەک چاولێکەریی و خۆ بەکەمزان بەرانبەر ئیپراتۆریەتی ڕۆمەکان، گەلانی ناو دەسەڵاتەکەی ئەوان، کڵۆڵی، حەسرەت و ئازارێکی زۆریان بە دەستیانەوە چەشتووە، بەتایبەت کورد، کە ئەم توورکانە پاش ئەوەی کورتکرانەوە و لە ڕووبەرێکدا قەتیسیان کردن، گەورەترین ڕووبەری کوردستانی مەزنیان پێخەڵات کرا، کە دەسەڵاتدارانی توورک، لەو دەڤەرە گرنگ و هێژا و خۆشەویستەی نیشتمانەکەماندا، دۆزەخێکیان بۆ کوردەکانی ئەو دەڤەرە داخست. مامۆستای بیرمەند بیرەوەری زۆر تاڵی لەگەڵ سەرانی توورکدا هەیە، چوونکە مامۆستا وەک ڕاوێژکار و دیپلۆماتکاری مەلیک مەحـوود، گەشتێکی دوور و درێژی کرد بۆ توورکیا لە سەردەمی دەنگۆی بەستنی پەیمانی (لۆزان)دا، تا لە مەرام و بەڵین و بیرکردنەوەی توورک تێبگات، بەتایبەت لەسەردەمی سەرەتای درووستبوونی دەوڵەت- نەتەوەی نوێی توورکدا، بە پێشەوایەتی کەمال ئەتاتوورک، لەم گەشتەدا، مامۆستا کەسایەتی زۆر دەبینێ وەک سەرەک وەزیزرانی ئەو دەمە (حسەین رەئووف بەگ)، هەروەها زۆر بە وردی سەرنجە قووڵەکانی خۆی لە یادداشتەکانیدا بۆ نەتەوەکە باسدەکات و وەک بیرمەند، سیاسی و دپلۆماتکارێک ڕای خۆی بەرانبەر بە ڕووداوەکان دەنووسێتەوە، نموونەی زۆر سەیر باس دەکات، کە بەشێکن لە جەنگە دەروونییەکەیان:
- توورکەکان خۆیان زۆر بە سیاسی و ئێمەشیان بە کەرێکی تەواو ئەزانی. یادداشت بەرگی سێیەم ل ١٤١، دێڕی ٢٠.
- ............ ئەنجا عەلی صائیب بەگ(٢) خۆی توندکرد و وتی: تۆ چۆن بەم بیرە زەهراوییەوە بەم وڵاتەدا ئەسوڕێیتەوە و کێ ئیزنی داوی، ئیتر نایەڵم لەمە بەولاوە پێ بەر پێ بنێی! و غەریب نەبوویتایە ئێستا دەمانچەیەکیشم ئەنا بە تەپڵی سەرتەوە،...... 
وتم: عەفو ئەفەرمووی(٣)، تۆ ناتوانی دەمانچە بە منەوە بنێی. چوونکە من جارێ بە دزییەوە نەهاتوومەتە ئەم وڵاتە و بە ئیزی حوکوومەت و ئاگا لێ بوونی بێرەدا تێناپەڕم. دووەم نامەی یەکێکی وام پێ نییە کە هیچ پیاوێکی ئەم حکوومەتە لە یارمەتی دانم و ڕێ پیشاندانم سەرپێچی بکات، ئەوساکە عەلی صائیب بەگ پێکەنی وتی: ئا بزانم ئەو پیاوە کێیە؟! منیش نامەکەی(حسەین ڕەئووف بەگ) م دایە دەست، کە خوێندییەوە زەردەخەنەیەک گرتی و کاغەزەکەی دایەوە دەستم، وتی:................................... منیش وەکو تۆ کوردم میللەتی کوردم خۆشەوێ، بەڵام ئەزانم کورد تەنیا برایەکی دینی و نیشتمانی هەیە ئەویش توورکە، لە توورک بەولاوە میللەتێک نییە کە چاکەی کوردی مەبەست بێت. ....... کوردەکان ئەبێت ئەمە بزانن و بە قسەی کورد و کوردستان و سەربەخۆیی تەفرە نەخۆن و نەبن بە چەکوشی دەستی ئینگلیز. یادداشت بەرگی سێیەم ل ١٤٩ دێڕی ٢٥، ل ١٥٠ دێڕی ١.
- من دوای گەیشتنمان لە غەزەتەیەکی ئەنقەر باسی ئەوەم بەرچاو کەوت کە ئینگلیزەکان ....پەلاماری کوردەکانیان داوە و بە فڕۆکە بۆمبارانیان کردوون....لەسەر ئەمە من کاغەزێکم نووسی بۆ (حسەین رەئووف بەگ)(٤) لەم کاغەزەدا سەرزەنشتم کردن....خولاسە کەمێک زیاد ڕۆیشتبووم و لە زمان و لەهجەی دپلۆماسی دوور کەوتبوومەوە...... .لەبەر ئەمە پاشنیوەڕۆیەکی درەنگ (حسەین رەئووف بەگ - سەرەک وەزیرانی ئەو دەمەی توورک)، هاتبووە ئوتێل بەڵام لەبەر دەرگا وەستا بوو ناردی بە شوێنما کە چوومە بەردەرگا ڕوانیم بە پێوە وەستاوە، تەنیا کابرایەکی لەگەڵ بوو، دوای دەس گووشین.............وتی: وام هاتە بەرچاو کە ئەو خەبەری غەزەتەکەی ئیمڕۆ زۆر تەئسیری تێکردووی، لەبەر ئەوە ویستم خۆم چاوم پێت بکەوێ و تەسکینی بە دڵت بدەم، مەسەلەکە بەو ڕەنگە نییە کە نووسراوە، ئێمە لە (ئۆزدەمیر) هەموو لەحزەیەک باس و هەواڵ وەرئەگرین، وەزعی سلێمانی و شێخ مەحموود باشە، بەدەم پیاسەوە بەسەر شەقامەکەدا پێکەوە شان بەشان لەگەڵ مندا بە پیان و بە وێنەی پیاوێکی هاکەزایی ڕۆیشتین.....قسەکردنی رەئیس وزەرای توورک شتێکی جوان و نیشانەی ڕۆحێکی دیمۆکراتیی بەرزە، بەڵام لە پشت ئەم دیمۆکراتییە ڕواڵەتەوە، ئەو خوێنەی بە دەمارەکانی پیاوە گەورەکانی توورکدا دەهات و دەچوو، هەر ئەو خوێنە بوو کە لە دەمارەکانی (ئەنوەر) و (جەمال)دا هاتوو چۆی دەکرد(٤).... یادداشت، بەرگی سێیەم ل ١٣٩ دێڕی ١٥-٢٣، ل ١٤٠ دێری ١-١٦.

• عەرەبەکان
خەسڵەتەکانی خێڵی دەوارنشینیان هێشتا بە گووڕ لە دەمارەکانیاندا دێت و دەچێت، کوردییان، پێ موالی و لەپلەی دوەەمدا دێت، هەرگیز دانیان نەناوە بە تاوانەکانی یەکەمینی هێرشەکانیان بۆ سەر وڵاتی کوردستان، لە سەرەتای پەلامارەکانی لەشکری موسڵمانەتی بۆ سەر ئەم دەڤەرە و کوشتنی باوک و کاکی کورد و فڕاندن و بە سەبایە و کویلەکردنی دایک و کچی کورد و منداڵی کورد. خۆیان بە پێشڕەوی ئەو نەتەوە داگیرکراوانە دەزانن، کە هێرشەکانی سەردەمی خەلیفەی دووەمی موسڵمانەتی، بەهێزی شمشێر و تاڵانکردن و کوشتن و سووتاندنی ژینگەی ئەم نەتەوانە، ناچاریان کردن کە باوەڕ بەوە بێنن کە ئەوان دەیانووت فەرمانێکە و لە خواوە پێمانکراوە!!!. لە بێدەسەڵاتیدا ملکەچ و ئەگەر لە دەسەڵاتدا بن، کۆ لەهیچ تاوان و ناڕەواییەک ناکەنەوە. هەر لە شێخی تەریقەتیانەوە تا شێخی چیرۆکنووس و شاعیر و هونەرکاریانەوە بگرە تا خەڵکە ڕەشۆکەکەی سەر جادەکانیان، هەڵوێستێکی شەرافەتمەندانەی خواناسی و مرۆ ناسییان، پیشان نەدا بەرانبەر بە تاوانەکانی هەڵبجە، ئەنفال و وێرانکردن و بە سووتماککردنی خاکی کوردستان، بە پێچەوانەوە، لە سەر مینبەر و ناو کەناڵی تی ڤێ و ڕاگەیاندراوە ئاشکراو نهێنییەکانیانەوە، پەسەنی تاوانەکانی (المجاهد القومی الکبیر و فرسان العرب الاکبر صدام حسین حفظه اللە) یان دەدا و کوشتنی منداڵی کوردیان بۆ پاساو دەداوە و ئەو قۆرئانانەی کە لە زیاتر لە ٤٠٠٠ گوندی کوردی وێنرانکراودا بە فەرمانی سەددام سوتێنران، پشتگوێ خران و ئەوەی سەددام دەیکوشت و دەیسووتاند لای ئەوان خوێنی نایە!!!. هەموو کردەوەکانی ئەویان بە جیهاد ڕیز دەکرد لە پێناوی سەرخستنی کەلیمەی خوادا!!!. بڕێک لەوانەی کە لە باکووری ئەفەریقادان، دۆستایەتی و ویژدانی زیندوویان تێدایە، کە ئەمەش هۆکەی ئەوەیە کە یا لە بنجدا عەرەب نین و بەعەرەبکراون دوای هێرەشەکانی لە شکری داگیرکەری موسڵمانەتی، یا بەهۆی نزیکیان لە کشوەری ئەوروپاوە بە تایبەت فرەنسا، کاریگەریی ڕۆشنبرانەی ئەو شارستانەتەیان لەسەرە و تەنانەت لە ئاخافتنیشدا، لە وانی دی جوودان، زۆر هێمن و لەسەرخۆن لە گفتوگۆ و دواندندا، ئەو دوو وڵاتەش، تونس و مەراکیشە، دەنا ئەوانی دی وەک مەکینەی هەڵهێنانی دەنگن(دیاردەیەکی دەنگین) و چاکوچۆنیشیان بەهاوار و قاوقیژە. خەڵکی ئەم دوو وڵاتە(خەڵکەکە نەک حوکوومەتەکانیان)، سۆزێکی مرۆیانەی تێگەیشتوانەیان بۆ بار و حاڵی کورد هەیە، چوونکە لە بنەڕەتدا، ئەم خەڵکانە، دەچنەوە سەر ئەمازیغەکان، کە ئەوانیش گرفتاری هێرش و بە عەرەبکردنەکانی لەشکری موسڵمانەتی بوونتەوە، ژنان و کچانی زۆریان لێ سەبایەکراوە و بە دیاری بۆ خەلیفەی موسڵمانەکان نێردراون لەلایەن ئەو والیانەوە، کە نوێنەرایەتی فەرمانەکانی خەلیفەی موسڵمانانیان!!! دەکرد لەو دەڤەرە داگیرکراوانەدا. خەڵکانی ئەم دوو دەڤەرە لەگەڵ ئازارەکانی کورددا هاوسۆز و بەهەڵوێستن، ئێمە ئەم هەڵوێستانەیان لە ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا دەبینین و دەبییەن. عەرەب بە خۆیی و بەرمیلی نەوتی زۆرەوە کە ڕۆژئاواییەکان بۆیان کەشفکردن و دەرهێنان، بە ٢٣ دەوڵەتی دەوڵەمەندی بەناو سەربەخۆوە، بە هەموو هیزی خۆیانەوە نووساون بە ئاینی ئیسلامەوە، چوونکە هەرچییان کرد و کۆشان و بەرانبەری وەستانەوە، دەرەقەتی (ئیسرائیل) نەهاتن و نەیانتوانی بیدەن بە عەرزا و خەونەکەیان بۆ نەهاتە دی، تا ئەم شەڕەی دواییان کە حەماسییەکان لە جیاتی ئێران جارێکی دی خۆیان تاقیکردەوە و بەجارێ ئیسرائیل دەستی لێکردنەوە و زیانی مرۆیی و مادی و مەعنەوی گەورەی پێگەیاندن کە ئەژنۆی شکاندن و توانای لە سەرپێوەستانی ئیفلیجکردن. ئەو نەخۆشییە دەروونییەی کە تووشی دەسەڵاتدارانی عەرەبی، ڕۆشنبیرانی عەرەبی بووە، جێگای داخە کە خەڵکەکەی خۆشیانی گیرۆدەکردووە و ناهێڵن کە بەرچاویان ڕۆشنبێتەوە و ڕاستییەکان ببین، لە ناو باڵۆنێکی با تێکراوی ڕەنگاو ڕەنگدا، کە هەروەک فارسەکان، ئەمانیش، هەموو دیاردە، نووسین، مێژوو و کەسایەتی داهێنەر دەگێڕنەوە بۆ سەر بنەچەی ئەوان فارس و ئەمان عەرەب، ڕێگرن لە وشیارییەکی مرۆیی سەردەم، کە ببێتە هۆی پەروەردەیەکی مرۆیی باڵا بۆ نەوەکانی ئەمڕۆیان و ئێستا و ڕابووردووی خۆیان وەک هەن/ هەبوون تێبگەن و ئەو تاوانانەی کە دژ بە میللەتانی ناوچەکە بەتایبەت کورد ئەنجامیان داوە، بخەنە بەر باس و لێکۆڵینەوە، شەرم نییە ئەگەر باپیرانی/ باوکانی نەتەوەیەک ڕووڕەشی فرەیان بە ڕەفتارە نامرۆییەکانیان بەرهەم هێنابێ، نەوەکانیان ئەم تاوانە نامرۆییانە ڕەتبکەنەوە و باپیرانی خۆیان دادگایی بکەن، ئەمە نەک دابەزین و نزمبوونەوەیە، بەڵکو سەرکەووتن و بەرزبوونەوەیە، کە زۆر گرێی دەروونی کە لە هزری گشتدا هەڵکۆڵراوە، چارەسەر دەکات و دەرگای پیشوەچوونی پەیوەندییەکی مرۆیانە لەسەر بنەمای مرۆڤبوون بۆ ئەم نەوانەیان دەکاتەوە.
 
• فارسەکان
مێژوویەکی تەنکی دروستکراوی هەڵبەستراون، لە مۆنتاجکردنی مێژووی بەتایبەتی کوردەوە، بە بۆیەکراوی گواستراوەتەوە و پارە و پوڵێکی زۆری لە پێناودا خەرجکراوە و مەستییەکی مەیلەو مەرگێکی لەسەرخۆی بەخشییوە بە خەڵکەکەی. زماندرێژیی و هونەرکاربوون لە کۆپیکردن و هەڵگێڕانەوەدا، پیشەیەکی کۆنی ئەم کۆمەڵە خەڵکەیە کە شارەزاییەکی زۆریان تێدا بەدەستهێناوە.
شاپەرستی و نووسینەوەی نەزیلە و مەسنەوی کۆپیکراو لەلایەن فشنبیرانی سەر بەم ڕەوتەوە، ساڵانێکی زۆرە هەروەک فشنبیرانی عەرەبی، دەیئاخننە کتێبە قەبە ژاراوییەکانی ڕیزکراو لەناو کتێبخانەی ئێراندا. هەموو تیرە ژاراوییەکان ڕوویان لە "باڵا شەنگە کلتوورییە ڕەسەنەکەی کوردە"، ئەو ترسەی کە بۆ کوردێکی وشیار سانایە لە نێوان دێڕەکانی نووسینە ئاینی، ئایدیۆلۆجی، سیاسی، دپلۆماسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەواندا، بیان دۆزێتەوە و بیان ناسێتەوە. چوونکە تەمەنی ئەم نووسینە کۆپیکراوانە زۆر کورتە و چنراوێکە لە نێوان ڕایەڵەی چنینەکەدا، وێنە راستەقینەکە و شێوە کوردستانییەکە بە ئاشکرا خۆیان پیشانی چاوی کوردێکی وشیار بە مێژووی خۆی دەدەن. ئەم ڕاستەقینە کوردستانییە لەگەڵ هاوارە بەرزەکەیدا و ڕەنگە کوردییە ڕەسەنەکەیدا،  هێشتا بۆ کوردانێکی خۆ بە ئێرانیزان، چ سیاسەتمەداری کورد بووبێت، یا نووسەری مێژوو و بابەتی کۆمەڵایەتی، ڕاینەچڵەکاندوون و بە پێچەوانەوە، ڕەدووی ڕەووتی ئێرانیبوون کەوتوون، جا زانیاریان بووێت، یا وەک قەڵەمێکی ڕەدووکەوتوو/ هزرێکی ئێرانزەدە  بەمەبەست ئەم کارەیان کردبێ، هاوبەشی گەشەکردنی ئەو بیرە تەمەن کورت و شلەژاوە بوون، کە ناوی ئێران و ئاریا و شتی لەم بابەتەیە. بۆ نموونە کاک ڕەشید یاسەمی، بە چەسپی (دووقولوو) دەکۆشی کە بنەچەی کورد بەرێتەوە سەر ئێرانی کە لە زەین و نا ئاگایدا، دەیباتەوە سەر فارس، ئەم زاتە لە جەنگێکی دەروونی سەختدا بووە هەم لەگەڵ خۆیی و هەم لەگەڵ خوێنەرانیدا، لەگەڵ خۆیدا کەس بەئەندازەی خۆی نازانێت کە ئەو دەیزانی کە خەریکی پینە و پەڕۆیە بەڵام دەیکرد، لەگەڵ دەروونی خوێنەرانیشیدا کە دەیویست بابەتێکی قەڵبیان بەسەردا ساغ بکاتەوە، چوونکە کوردێکی ڕۆژهەڵاتی و کوردێک بە گشتی، کە سیاچەمانەیەکی هەورامان دەیبات بۆ کەشکەلانی فەلەکی مرۆڤبوون، چۆن ئاوڕ لە بابەتێکی قەڵبی وەک نووسینەکانی کاک ڕەشید دەداتەوە؟!، ئەمە ئەوی دین دەکرد، ئەو پێی وابوو کورد هەمووی لەو پەنجەرەیەوە کە ئەو لەسەر مێژوویەکی هەڵبەستراوی کورت تەمەن و تەنک کردبوویەوە، بۆ ئێران دەڕوانن!!!. 
کوردبوون، ڕاچڵەکاندنێک، شانازییەک و مەزنبوونێکی هێندە فراوانە کە ڕەنگە هەر(ژنی دلێری کورد) بتوانێت ئەم ڕاگەێندراوە شارستانەتییە بەرجەستە بکات، هەر وەک بینیمان لەم سەردەمەی ئێمەدا بەماوەیەکی کەم وێنە گشتییەکەی بەرجەستە کرد و لە ڕۆژهەڵات، ئاڤا شین و کۆبانیەوە بە جیهانی پیشاندا!!!. ئاخر ئەوە کەی دەبێتە قسە و نووسین و ڕامان بۆ کوردێک کە ئاوی زاگرۆس دەخواتەوە و هەڤاڵی قەندیلیان و گەڕیدەی پانتایی وڵاتێکە هەر لە لوڕستانەوە تا ئامەد و سەر ئاوەکانی دەریای سپی ناوەڕاست،  چۆن خۆی لە ئێرانی بووندا قەتیس دەکات و بچووک بچووک بە داوێنی لەهجەیەکی هەڵبەستراودا، بیەوێ خۆی دەرببڕێت!!!، کورد لە پانتایی کلتوور و زمانێکدا دێت و دەچێت، کە وەک بیرمەندی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد لە دەفتەری دووەمی حاجی قادری کۆیدا دەڵێت: 
" دەوێرم مەرجێک بکەم، بایی ئەوەی ئەگەر بیدۆڕێنم ئیفلاس بکەم، لەسەر هێندی کەوا هەرچی تا ئێستا لە بارەی کورد و کوردستان و کوردێتی و ئەدەب و کەلەپوور و کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و مێژوو و هەموو سەروبەرێکی کوردەوە نووسراوە لە سەرەتایەکی کورت و تەنک پتر نییە، لە ژێریەوە ڕاستییە هەرە گەورەکان و ڕاگەیاندنە هەرە دروستەکان ماونەوە بۆ لێکۆڵینەوەی سەر لە نوێی دوور و قووڵ".  
کەواتە ڕاستییە هەرە گەورەکان، ڕاگەیاندنە هەرە دروستەکان، شارستانەتە ئەسڵەکە و کلتوورە شاردراوەکەی کورد، هێشتا وان لە قووڵای مێژووی مرۆڤایەتیدا و چاوەڕوانی دەرکەووتن و گەشانەوە دەکەن تا جارێکی دی مرۆڤایەتی بخەنەوە سەر ڕێگا دروستکەی ژیان و ژیار. ئەمە بانگەشەی کوردێک نییە کە شانازیی کووردبوون فڕێی دابێتە سەر باڵی خۆشخەیاڵیی، بەڵکو ڕاستییەکە کە هەرڕۆژێک تێدەپەڕێ چمکێکی ئەم شارستانەتە دەردەکەوێ. هەر ئەو وریابوونەوەیە بەوەی کە مامۆستا باسی دەکات کە ڕاگەیاندنە دروستەکەی شارستانەتەکە وا لە قووڵایدا، خۆی سەرەتای بزووتنە بە ئاڕاستەی گەشانەوە، جا بۆ کوردێکی دی بێت یا بۆ تۆ و من.!!!
ئەم هەواڵانەی مامۆستای بیرمەند، ئەو کۆتی ئێرانی بوون و عێراقی بوون و تورکیای بوون و شامی بوونەمان لێ دادەماڵێ و دووباڵی فڕینمان پێشکەش دەکات کوردستانی، کە وەک کوردێکی ئازاد، هاوارمان : بەرز و بزووتنمان: فراوان و هزرکردنمان: قووڵ، بە بەرزیی چیای زاگرۆس و فراوانیی خاکی کوردستان و قووڵایی کلتوورەکەمان.

• جەنگی دەروونی حیزبی کوردی لەگەڵ نەتەوەکە
ئەم جەنگە دەروونییە بە تایبەت لە دەڤەری باشووردا و نزیکتر ئەوە سی و چوار ساڵە، هەردوو تاقمی بنەماڵە (مەلایی و جەلالی)، سیستماتیک لەگەڵ ئەو بەشە لە نەتەوەکە لە باشووردا، بەڕێوەی دەبەن. ئەم دوو دەستەیە دوو دیاردەی خوارن کە لە شەستەکانی سەدەی ڕابووردوەوە، بە ملی نەتەوەکەدا هەڵواسران و لێی نابنەوە، چەواشەکاریی و ئازارە ڕاستەوخۆکانیان جزی لە دڵی نەتەوەکە هەڵستاندووە و تووشی خورپەیان کردووە، هیچ سەردەم و ماوەیەک، ئەو بەشە لە نەتەوەکە لە ژێر چاودێریی ئەم دوو تاقمەدا، هەستی بە ئارامی دەروونی نەکردووە، جا لە شەڕدا بووبن، یا لە ئاشتیدا لەگەڵ یەکێک لە داگیرکارانی بەشێکی کوردستان، نەتەوەکە هەمیشە دڵی لە مستیدا بووە، کە ئەمڕۆ نا و سبەی دیسان بەپێی ویست و ئارەزووی دەروونی سەرکردەیەتییەکانیان، پێک هەڵدەشاخێن و ڕووباری خوێن دروست دەکەن.
پاش ڕاپەڕینی شکستخواردووی کوردی باشوور و دابەشکردنی دەسەڵاتی بەرێوەبردنی باشوور لە نێوان هەردوو سەرکردەیەتییەکەدا، ئێدی خەزنەی باشووریان کەوتە بن دەست و بەشە زۆرەکە بەر مەلاییەکان کەوت و ئەوان بەم هۆیەوە، لە سووککردن، شکاندنی کەرامەتی مرۆڤبوونی کورد، خۆ تێکەڵکردنی سیاسی، سەربازیی، ئابووری لەگەڵ دوژمنانی دێرینەی کوردا، کەمیان نەهێنا و بەدڵنیاییەوە، ئەوەی بەعس بەهەموو تونایەوە بۆی ئەنجام نەدرا لە باشووردا، ئەمان لەم سی و چوارساڵەدا بە زمان، کلتوور، کۆمەڵایەتی و لایەنە ڕەوشتییەکانی ناوکۆمەڵگا، کردیان و بۆ هەر لایەکی ئێستای ناو کۆمەڵی کوردەواریی باشوور دەڕوانی، وێرانی و لەبەریەک هەڵوەشاندنەکە دەچن بە چاوتدا، زیانێک کە ئەمان لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردیان دا، چەند بەرانبەری ئەو زیانانە بوون، کە لەماوەی سەد ساڵی داگیرکردندا هەر چوار نەتەوەی سەردەست و حوکوومەتەکانیان کە نوێنەرایەتیان دەکردن، بەو ئەندازەیە نەیان توانی زیان لە نەتەوەکە بدەن. دەزانم کەسانێک هەن ئەم قسەیەی من وەک زیادە وتن و ڕۆشتن چاو لێ دەکەن و دەخوێننەوە، بەڵام من دەزانم چی دەڵێم: ئەو دەرفەتە کە دنیای بەرژەوەندی ڕەخساندی بۆ باشووری کوردستان و ئەو بایەخە نێودەوڵەتییەی کە بە باشوور درا، بۆ هەر یەک لە سێ پارچەکەی دی بڕەخسایە، بۆ خەڵکەکەی نەک حیزبەکانی چوونکە ئەوانیش لە داخورپاندی دڵی نەتەوەکەدا، شتێکی وایان لەمان کەمتر نییە، زۆر باشتر ئەم دەرفەتیان دەخستە پێناوی گەشەی نەتەوەکەوە، چوونکە دادەگیان و کاکەگیان ئێمە: هەر لە ساڵەکانی سەرەتای شەستی سەدەی ڕابووردوەوە، ئەم دوو دەستەکییە، چووە ناو: ماڵ، دڵ، نووسین، هوونەر، ڕوانین، دەربڕین و خوێن و ڕەفتارمانەوە. ئەوەندەی بە مەلایی و جەلالییەوە خەریکابووین، نەمانپەرژایە سەر کوردبوون و کوردستان و کوردستاپەروەریی،  جا لەوەش بە حەسرەتتر و قەڵبتر و خوارتر ئەوە بوو کە مەلایی و جەلالی هەرچیان کرد، کووشت، ڕسواکرد، نانبڕاوکرد، تەسلیم بە دوژمن کردەوە، لەو سەری هاوکێشەکەوە خۆیان بە کوردایەتییەوە با دا و بە نەتەوەکەیان فرۆشتەوە و منەتباریشیان کردین، هەر چەند هەفتە لەومەو بەر، بە دنەدانی دەزگای سیخوڕخانەکانی توورک، بەزمێکی نوێیان بۆ خەڵک نایەوە و دوو بۆرە گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی خۆیان مۆرکرد، بۆ هەڕاجکردنی گازی ناوچەی سلێمانی، بەم بۆنەیەوە، حوکوومەتی ناوەندی عێراق، مووچەی فەرمانبەرانی بڕی!!!.
ئەو ڕوانین و خوێندنەوەیەی کە ئێمە (نووسەرانی وەکی من) بۆ دەوڵەت و ڕژێم و نەتەوە سەردەستەکانی داگیرکاری بەشێکی کوردستانمان هەیە، ئەوە نییە و ٣٦٠ پلە پێچەوانەی ئەو قسانەیە کە مەلایی و جەلالییەکان بە ناوی کوردەوە دەیکەن. ئەوەی ئێمە باسی نەتەوە، خاک و بەرژەوەندی نەتەوەیە، ئەوەی ئەوان قسەیەکی سواوی کۆنی بێلەزەتی ناکوردی درۆزنانەیە و بەپلەی یەکەم داخوازییەکی دارایی و بەرژەوەندییەکی سەرمایەیە کە لەهەندێ کات و خاڵ و ماوەدا بەر یەک دەکەوون و بە شتێ کەمتر و شتێ زیاتر لە ئەنجامدا دەگەنە خاڵی دەست لەملی یەکتر کردن، ئا ئەمە خاڵێکی بنەڕەتی کۆنە کە هەمیشە ئەو پشێوییە دەروونییەی بۆ ئەو بەشە لە نەتەوەکە دروست کردووە سەبارەت بەم دوو تاقمە، بۆیە لێیان دڵنیا نین و زۆرینەی نەتەوەکە بە چاوی گوومان و چەواشەکاریی لە قسەکانیان دەڕوانێ و پشێویی دەروونی یەک لە دوای یەک بۆ نەتەوەکە بەرهەم دێنن.... . 
- خاڵێکی دی ماوە کە دەبێت ئاماژەی پێ بکەم، ئەویش سەبارەت بە کوردانی دلێری ڕۆژهەڵاتە، کوردە شەرافەتمەندە کوردستانییەکانی دەڤەرە ئازیزیەکەی ڕؤژهەڵاتمان: من لەسەرەوە مێژوویەکی کورتی ڕووداوەکانم باسکردن، کە ڕەفتاری جەلالی و مەلاییەکان، ئەگەر کاریگەرییەکەی زیاتر نەبووبێت لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان لە ڕۆژهەڵات هیچ کەمتر نەبووە لە باشوور، ئەم دوو دیاردە خوارەی کە ناویان مەلایی و جەلالییە و تۆزێ زیاتر تایبەت بە ڕۆژهەڵات و تاقمی مەلایی، بۆچی و لەبەر چی و چۆنچۆنایی؟! بڕێک لە فشنبیران و خەڵکە سادەکەش، ئاوا جاروبار خۆیان بەهەولێردا دەکەن و وێنەی یادگاریی لەگەڵ وان دەگرن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەسەر ئەو قسە هەڵەت و پەڵیتانەی بەرپرسانی حوکوومەتی هەرێم!!! دەنووسن و باوەڕیان پێ دەکەن، ڕووی قسەی من لە زۆرینەی خەڵکە ئازیز و ڕۆناکبیرە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئازیزە: خۆ من دەزانم ئەو فشنبیرە ڕۆژهەڵاتیانەی کە بەو کارە نەشیاوانە هەڵدەستن، تەنیا نوێنەرایەتی بیر و بۆچوونی خۆیان دەکەن، ئەگەر بیروبۆچوونێک لە ئارادا بێت، بەڵام دەستە شەرافەتمەند و کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵات کە زۆرینەن دەبێت هەڵوێستی ڕوونی خۆیان بەرانبەر بەم ڕەفتارە ناپەسەندە دەرببڕن، من ئەگەر هەزاران وشە سەبارەت بەو ڕەفتارەیان بنووسم، کاریگەری هەڵوێستی ڕووناکبیرێکی شەرافەتمەندی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی نابێت، دادەگیان/ کاکە گیان، سەرانی قیادە مووەقەتە بەر لە باشوور و خەڵکی باشوور، دەبێت لە ڕۆژهەڵات و خەڵکی ڕۆژهەڵات دادگاییان بکەن، لەسەر ئەو هەموو تاوانانەی دژ بە کورد و کوردستانیانی ڕۆژهەڵات، پێی هەڵسان و ئەنجامیان دا..... . 
............
(1) . بە واتای مەعریفەیە....بیرمەندی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد
(2) . عەلی سائیب بەگ، کوردێکی خەڵکی سلێمانییە و لە جەنگی دژ بە فەرنساوییەکاندا، لە خۆرئاوای توورکیا، هاوکاری کەمال ئەتاتوورک بووە و ئازایی زۆری لە خۆی پیشانداوە و ئەتاتوورک بە دڵسۆزی خۆی زانییوە، پلەیەکی بەرزی سەربازییان پێداوە.
(3) . عەفوو ئەفەرمووی: بەواتایەکی تر و لە زاراوەی ئاخاوتنی سلێمانیدا، بە مانای (ناماقووڵیت کرد). مامۆستا ڕەفیق حیلمی مرۆڤێکی زۆر بە ئیرادە و پێشڕەوێکی سیاسی و زانایەکی دپلۆماسی و ئەدیب و زمانزانێکی مەزی کورد بووە، بەهیچ جۆرێک قسەی قۆڕی سەبارەت بە کورد، قبووڵ نەکردووە، باسی دەکات کە مامۆستای بیرکاریی "ماتماتیک" بووە لە مووسڵ، قوتابییەکی کورد دێتە لای شکات دەکات، کە چەند بەچکە عەرەب، گاڵتەی کوردبوونی پێدەکەن، مامۆستا دەڵیت: قوتابییە عارەبەکانم پیشانبدە، یەک یەک ئەو منداڵە عەرەبانە دەگرێت و تەمێیان دەکات، ئیدی ببڕای ببڕ ناوێرن توخوونی ئەو قوتابییە کوردە بکەون. ئێستا لە هەولێر و سلێمانی، بەچکە عەرەب لە دایک دەبن بە ئارامیی و هێواشی زیاد دەکەن، دەبنە خەڵکی هەولێر و سلێمانی و لە ئایندەیەکی نزیکدا، پارت و ڕیکخراوی خۆیان بنیات دەنێن و بیئەوەی خوێن بڕژێنن، بەشی باشووری کوردستان داگیردەکەنەوە، سەرانی شەمەندەفەرە شڕکەی حوکوومەتی هەرێم لەم سەودا و مامەڵەیەدا ئاگادار و هاوبەشن، چ سەبارەت بە لایەنە توورکییەکەی بێت، چ سەبارەت بە لایەنە عەرەبییەکەی بێت، لە حاڵێکدا بە هۆی بە عەرەبکردنی باشووری کوردستان لە سەردەمی سەددامدا، دەتوانرا/ دەتوانرێ ڕێ بەم ڕەوە بگیرێت، ئەمە لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە کوردە لێقەوماوەکانی تری پارچەکانی نیشتمان، زۆر بە زەحمەت دەتوانن لە باشوور بمێنەوە و دەیان گرفتارییان لەلایەن دەستەکانی مەلایی و جەلالییەوە بۆ دروست دەکرێت، بە پێی کوردایەتییەکەی مەلایی و جەلالی........ .  
(4) . "حسەین رەئووف بەگ/ سەرەک وەزیرانی ئەو سەردەمەی توورک" . من بۆم ساغ نەبۆوە کە جەمال و ئەنوەر کێن، ڕەنگە لە خوێندنەوەی نووسینەکانی مامۆستادا ناویان هاتبێت و من نەچوومەوە سەری، بەڵام بە وەسفکردنەکەی مامۆستادا دیارە کە دوو بۆرەتوورکی فاشیستی داغ لە دڵ بوون لە کورد، بۆیە مامۆستا وەک نموونە باسی خوێنە پیسەکەیان دەکات.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست