<

عەقڵی سیاسی کورد و ڕێککەوتنامەی ئەبراهامی ئیسرائیل!

08/06/2025, 20:12 (GMT+1)
- تۆبڵێی دەستەڵاتدارانی باشور، دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ لە نیمچە سەربەخۆیی، عەقڵی سیاسی بەکاربھێنێت و بچێتە ڕێککەوتنامەی ئەبراهامی ئیسرائیلەوە؟
- ئاخۆ عەقڵ و تێگەیشتنەکانی سیاسەتمدار دەبێت لە چ ئاستێکدا بێت؟ ھەتا بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی بپارێزێت؟
- ئایا سیاسەتمدارانی کوردستان، ئەو عەقڵە سیاسیەیان ھەیە؟
- ئەگەر سەرۆکی نوێی سوریا (ئەحمەد ئەلشەریع) ڕێگەی پێ بدرێت، لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کە بەشداری لە ڕێککەوتنەکانی ئەبراهامدا بکات! بۆچی کورد دەبێت  نەتوانێت یان نەیەوێت بەشداری لەو ڕێکەوتندا بکات؟
- ئایا ئەحمەد ئەلشریع، دۆستی ئەمریکا بوو یان ترۆریست؟ئەی ئێستا چییە؟
- ئەی ئاخۆ کورد دۆستی ھەمیشەیی ئەمریکا و ئیسرائیلە؟
- ئایا دۆست و دوژمنی ھەتاھەتایی، لەسیاسەتدا ھەیە؟
- ئەی ئاخۆ وەفا و خیانەتی سیاسەتی نێودەوڵەتیش ھەتاھەتاییە؟ یان تەنھا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە؟
- کەواتە کورد پێویستە چی بکات بۆ ئەوەی ڕێگەی پێ بدرێت بەشداری لە ڕێککەوتنەکانی ئەبراهامدا بکات؟ وە چۆن ڕۆڵێکی جێگری ھەبێت لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا؟
- لەبەشی پێشوودا با سی (ئەحمەد ئەلشەرع)م کرد کە چۆن لە جیھادێکی خوێناویەوە، باوەشی گرتەوە بۆ ڕێککەوتنامەی ئەبراهام لەگەڵ ئیسرائیل و ترەمپدا، وە دەستیشی خستە ناو دەستی (ترەمپ)ی سەرۆکی ئەمریکاوە!
- لەم بەشەدا باسی عەقڵی سیاسی دەستەڵاتی کوردی دەکەم کە چۆن و بۆچی دەبێت بەرەو ئەو  ڕێککەوتنامەی ئەبراهام ھەنگاو بنێت؟ وە چۆن ڕۆڵێکی جێگری ھەبێت لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا؟

- جارێ با بزانین عەقڵی سیاسی چییە؟

عەقڵی سیاسی بریتیە لە توانای شیکردنە و ووردکردنەوەی ئەگەرەکان بە شێوەیەکی کاریگەر لەناو ژینگە کۆمەڵایەتی و سیاسییە ئاڵۆزەکاندا! بە تایبەتی لەناو ڕێکخراوەکان و حکومەتەکان و پەیوەندییە ناوخۆ و نێودەوڵەتییەکاندا!
- ئاخۆ عەقڵ و تێگەیشتنەکانی سیاسەتمدار دەبێت لە چ ئاستێکدا بێت؟
- دەبێت تێگەیشتنی سیاسەتمدار، بۆ بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتی و نیشتمانی و نەتەوەییەکان بێت، وەئەمەش ببەستێتەوە بە پەیوەندییەکانی دەستەڵاتەوە!
- وە دەبێت سیاسەتمدار بەرچاوڕوونی و ووریایی ھەبێت، لە کات و ساتە ھەستیار و نالەبارەکاندا! ھەتا بتوانێت بڕیاری ڕاست و دروست بدات لەسەر بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتی و نیشتمانی و نەتەوەییەکان!
- دەبێت سیاسەتمدار توانای ووتوێژ کردنی سەرکەوتووی ھەبێت، بۆ ڕازی کردنی بەرامبەرەکانی لە بواری سیاسی ناوخۆ و دەرەوەدا، بە شێوەیەکی کاریگەر و وە سازدان!
- دەبێت سیاسەتمدار توانای دروستکردنی هاوپەیمانی ھەبێت، بۆ دروستکردنی متمانە، لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە!
- دەبێت سیاسەتمدار، زانین و تێگەیستنی ھەبێت لەشیکردنەوەی مشکیلەکاندا،  کە چ کاتێک دەبێت بێدەنگی ھەڵبژێرێت لە بوارە دیبلۆماسیەکاندا؟ وە چ کاتێکیش دەبێت قسەی خۆی بکات؟ ئەویش بۆ بەدەستھێنانی زۆرترین دەستکەوت بۆ بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی!
- بەڵام ئایا سیاسەتمدارانی کوردستان کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە نیمچەسەربەخۆییان ھەیە، ئەو عەقڵە سیاسیەیان ھەیە؟ یان بەکاریان ھێناوە؟ بۆ بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی؟
ئەوەیان، وەڵامەکەی لای کۆمەڵگەیەو ئەوان دەتوانن بڕیاری لەسەر بدەن، ئەویش بەپێی ڕازی بونیان لە ئەنجامی کردارەکانی سیاسەتمەداران، وە ئاستی ژیان و بەختیاری تاکەکانی کۆمەڵگە!
- ئەگەر سەرۆکی نوێی سوریا (ئەحمەد ئەلشەریع) ڕێگەی پێ بدرێت لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل بەشداری لە ڕێککەوتنەکانی ئەبراهامدا بکات، بۆچی دەبێت کورد نەتوانێت یان نەیەوێت بەشداری لەو ڕێکەوتندا بکات؟
پرسیارەکە هەندێک پرسی جیۆپۆلەتیکی ئاڵۆز دەھەژێنێت! با لێرەدا بە چەند خاڵێک ڕوونی بکەمەوە:
١ - بۆچی ئەحمەد ئەلشریع لە ڕێککەوتنەکانی ئەبراهامدا ئەبێت، بەڵام کورد نابێت؟
ئەگەر ئەحمەد ئەلشەریعی ترۆریست و دەست خوێناوی دوێنێ و سەرۆکی سوریای ئەمڕۆ، جوانکاری بۆ ڕابوردووی کرابێت و لە بلۆکی ڕێککەوتنەکانی ئەبرەھامدا وەرگیرابێت یان وەردەگیرێت، ئەوا چەند گریمانێک هەیە:

- دەستەڵات لەسەرو ھاوپەیمانی ئەخلاق و خیانەتەوەیە:

زۆرجار سیاسەتی نێودەوڵەتی دیاری دەکرێت بە بەرژەوەندییەکان و نەک ئەخلاق و وەفا و خیانەتکاری و ھاوپەیمانی کاتی! ئەگەر ئەحمەد ئەلشەریعێکی ترۆریست و جیھادی دوێنێ! لە ڕێگەی سعوودیە یان ئیماراتەوە خۆی لە پێگەیەکی ستراتیجیدا تردا، کە سەرۆکی نوێی سوریایە ببینێتەوە، کە ئەویش بە قازانجی ئیسرائیل و ئەمریکایە! ئەوا ڕەنگە ئەوان بڕیاری بۆ بدەن کە ئەحمەد ئەلشەرع وەربگرن! سەرەڕای ڕابردووی خوێناوی و جیھاد و کارە ترۆرەکانی!
-  دەسەڵاتی مەرکەزی: کورد خاوەنی دەوڵەتی خۆی نییە، کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراو بێت! کورد بەسەر چوار وڵاتی سوریا وعێراق و ئێران و تورکیادا دابەشبوون و هیچ دەنگ و نوێنەرایەتییەکی ناوەندی و یەکگرتوو یان نەتەوەییان نییە!. ئەمەش بەشداریکردنی کورد، لە ڕێککەوتنە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتیەکاندا قورستر دەکات! ھەرچەندە کورد ھەمیشە ھاوپەیمانی ئەمریکا و ئیسرائیلیش بووە!
- تورکیا وەک بەربەستێک وایە دژی کورد: تورکیا بە توندی دژی هەر جۆرە سەربەخۆییەک (یان ئۆتۆنۆمی)یەکی کوردە! تورکیا وەک هاوپەیمانێکی ناتۆ، زۆرجار فشار دەخاتە سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی ڕێگری لە پێشڕەوییەکانی کورد بکەن!  بەتایبەت لە ڕووی دیپلۆماسییەوە!

٢ - پشتیوانی کورد لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە:

کورد بەتایبەت لە سوریا و عێراق هاوپەیمانی گرنگی ئەمریکا بووە لە شەڕی داعشدا!
- ھاوپەیمانی ئەمریکا:  کوردەکان (یەپەگە/هەسەدە) لە ڕۆژئاڤا کاری پێکەویی و ھاوکاریان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا ھەیە و پێکەوە کاریان کردووە و بەردەوامیش کاردەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٩ دا وازی لە کوردەکان ھێنا، کاتێک کە تورکیا هێرشی کردە سەریان لە ڕۆژئاڤا( باکووری سوریا )! کەواتە بەرژەوەندی ئەمریکا لەو کاتەدا لە پێش وەفا و ھاوپەیمانی کوردەوە بووە!، بۆیە وازی لە کورد ھێنا (بەڵام  کورد پێی دەڵێت  ئەمریکا خیانەتی لە کورد کردووە)!
-  ئیسرائیل و ھاوپەیمانی و بەرژەوەندیەکانی: ئیسرائیل لە هەندێک کاتدا بۆ بەرژەوەندی خۆی بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ سەربەخۆیی کوردستان هاتۆتە دەنگ! لەبەر ئەوەی ئیسرائیل دەوڵەتێکی کوردی، وەک بەربەستێک دەبینێت و پێی باشترە لە نفوزی ئێران لە ناوچەکەدا! بەڵام ئیسرائیل ناتوانێت لەڕووی دیپلۆماسییەوە لەم بوارەدا زیاتر بڕوات! چونکە نایەوێت زیان بە پەیوەندییەکانی خۆی بگەیەنێت لەگەڵ تورکیا و ووڵاتە عەرەبییەکاندا! کەواتە ئیسرائیلیش بەرژەوەندی خۆی لەپێشترە وەک لە بەرژەوەندی کورد!
- کەواتە دۆست و دوژمنی ھەتاھەتایی لەسیاسەتدا نییە! بەڵام عەقڵی سیاسی دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت بۆ شیکردنەوە و ئەگەرەکان و جیاکردنەوەی بەرژەوەندیەکانی لە ڕوداوەکانی ناوچەکە! بەڵا بەداخەوە کورد لەم بوارەدا ھەمیشە دۆڕاوی یەکەم بووە! وەک ڕوخاندنی کۆماری مەھابات لە ساڵی ١٩٤٦ دا وە  ئاشبەتاڵ لە ساڵی ١٩٧٥ دا، وە ڕیفرۆندۆم لە ساڵی ٢٠١٧ دا ھەرچەندە ٪٩٣ کۆمەڵگە دەنگی (بەڵێ) دابوو !  وە بێگومان بێجگە لەوەی ھەتا ئێستاش بەغداد ھەموو مانگێک بۆ موچە ڕێز بۆ ھەرێم ناھێڵێتەوە! وە لە باکوریش چەند جارێک ڕێکەوتن بێ ئەنجام بووە!
٣- کورد دەتوانێت چی بکات بۆ ئەوەی بەشداری بکات لە ڕێککەوتنەکانی ئەبراھامدا؟ وە چۆن ڕۆڵێکی جێگری ھەبێت لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا؟
ئەمە ھەرچەندە لەوانەیە سەخت بێت، بەڵام لێرەدا چەند خاڵێک دەخەمەڕوو:
- دروستکردنی لۆبییەکی نێودەوڵەتی: کورد ڕەوەندی بەهێزی هەیە لە ئەوروپا و ئەمریکا! کەواتە کورد دەتوانێت کەناڵ و میدیای دیپلۆماسی بەکاربهێنن بۆ بەهێزکردنی دۆسیەکەیان! بەڵام ئەوەش بوجە و پارەی دەوێت!
- ئایا بۆ دەستەڵاتداران ئەو لۆییە دروست نایکەن؟ وە بۆ پارەی تێدا سەرف ناکەن؟
بەڵام پارە سەرف دەکەن لە دروستکردنی شوقە و خانوو بۆفرۆشتن بە عەرەبەکان! کە ئەویش دەبێتە ھۆی تەعریب کردنی کوردستان بەڕێگای نەرمە تەعریب!
ئایا خەرجکردنی پارەی حوکومەت بۆ لۆبی کردن،  باشتر و قازانجی زیاتر نییە؟  ھەتا دەستکەوتەکان ببێتە قازانجی ھەمیشەیی بۆ ھەموان؟ لەجیاتی دەستکەوتی کاتی فرۆشتنی شوقە و و خانوو بۆ کۆمەڵە کەسێک یان حزبێک؟
چونکە ئەو پارەیەش کە خەرج دەکرێت بۆ لۆبی کردن،  بۆ بەرژەوەندی گەورەی نیشتمانی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیە!

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا بۆ دەستەڵات ئەوە ناکات؟

ئەوەشیان وەڵامەکەی لای خۆیان و خەڵکی کوردستانە، کە واقعی ڕۆژانە دەبینن و تێیدا دەژین کە پارەی حوکومەت چۆن خەرج دەکرێت!
- پتەوکردنی یەکڕیزی سیاسی ناوماڵی کورد: یەکێک لە خاڵە ھەرە لاوازەکانی کورد، دابەشبوونی ناوخۆییەکانە! چونکە قەوارەیەکی سیاسی هاوبەش و یەکگرتوو و ستراتیژیەکی ڕوون،  دەتوانێت نوێنەرایەتی هاوبەشی کورد بکات بۆ دانوستانەکان و زیاتر باوەڕپێکراویش دەبێت!
بەڵام دەستەڵاتداران بۆ ئەوە ناکەن؟
وە بۆ واز لە بەرژەوەندی تەسکی حیزبی ناھێنن؟
ئایا ئەو یەک ھەڵویستی و یەکگرتنە، بۆ بەرژەوەندی گەورەی نیشتمانی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی نابێت؟

ئەوەشیان ھەر وەڵامەکەی، لای خۆیانە و بۆ خەڵکی کوردستانیش ڕوون و ئاشکرایە!

- قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو: دەستەڵاتدارانی کوردستان (یان ھەرێم) دەتوانن پەیوەندیان لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو وەک ئیمارات و سعودیە دروست بکەن. وە بەدوای پێکەوەکاردن و ھاوکاری ئابووری و تەکنەلۆژیدا بگەڕێن، بۆ ئەوەی لەڕێگەی دیپلۆماسی نەرمەوە، ڕۆڵێکی گرنگترو کاریگەرتر بۆ کوردستان بەدەست بھێنن!
- ھاوپەیمانی کورد بۆ سەقامگیری و لایەنگری لە ڕۆژئاوا: لەکاتێکدا لە ناوچەکەدا، ھەندێک لە ڕژێمەکان ناسەقامگیرن یان دوژمنایەتیان ھەیە بەرامبەر بە ووڵاتانی ڕۆژئاوا، لەم کاتەدا کورد دەتوانێت وەک هاوبەشێک و ھاوپەیمانێکی سەقامگیر و عەلمانی و دیموکراتی خۆی پیشان بدات، بەوەش پێگەی دیبلۆماسی خۆی زیاتر و جێگیرتر دەکات بۆ ھەنگاونان بەرەو داھاتوویەکی ڕوون بۆ کوردستان!
- دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ لە نیمچە سەربەخۆیی، ئاخۆ دەستەڵاتداران دەتوانن عەقڵی سیاسی خۆیان بەکاربھێنن؟
- بەبۆچونی من، ئەگەر دەستەڵاتدارانی کوردستان لەم ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵەی ڕابردوودا،  تەنھا ٪١٠ ئەو سامانە کە بۆ تاوەر و  شوقە و خانوو و دروستکردن خەرج کراوە، کە بۆ قازانجی کەسی یان حیزبی  فرۆشراوە! ئەگەر ئەو پارەیە (واتە  ٪١٠ ) خەرج بکردایە بۆ لۆبیکردنی نێودەوڵەتی، ئەوا لەوانەبوو ھەر دوای ڕیفرۆندۆم، کوردستان وەک ووڵاتێکی سەربەخۆ، دانی پێدادەنرا! چونکە بۆ کوردستان، ھێز و ھاوپەیمانی و بەرژەوەندی کاتی و وەفای ئەمریکا، بەرامبەر بەکورد (وەک دەڵێن) ئەوانە ھیچیان  ڕۆڵ نابینن! وە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیشدا ئەوانە ناخوێنرێنەوە! بەڵکو عەقڵی سیاسی بۆ لۆبیکردن و پێکەوە گرێدانی بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی کوردستان بە بەرژەوەندی ئیسرائیل و ئەوروپا و ئەمریکاوە ڕۆڵ دەبینن! وەبەتایبەتیش لەبواری ووزەدا کە لە ئێستادا ووزە (نەوت و غاز) کاریگەریەکی گەورەی خۆی ھەیە بۆ ئەوروپا، ئەویش بەھۆی شەڕی ڕوسیا و ئوکرانیاوە! چونکە ئێستا ئەوروپا، غازو نەوت لە ڕوسیا ناکڕێت! وە کوردستانیش سەرچاوەیەکی باشی ووزی  ھەیە!
- کەواتە ئێستاش کاتەکە بەسەر نەچووە، با سیاسەتمەداران قۆڵی لێ ھەڵبکەن و بوجە بۆ دروستکردنی لۆبیەکی بەھێز و کاریگەری نێودەوڵەتی دابنێن و دەرگایەکیش لە یەکڕیزی ماڵی کورد بکەنەوە !
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست