<

ئەشکەوتی جاسەنە

12/07/2025, 17:47 (GMT+1)
وێڕای هەموو شک و ترس و خەمگینیی و ڕەخنە لەم پرۆسەی ئاشتییە کە تێیدا تورکیا براوەی یەکەمە، نمایشی چەکدانانی پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە، پڕ بوو لە هێمای قوڵ و گرنگ. ئەو ئەشکەوتەی یەکەم ڕۆژنامەی شێخ مەحمودی تێدا چاپ کرا و هێمای شوينێکی ميژوویی و کولتوریی و بەرخۆدانە، شکستیان وەرچەرخان بۆ بەرخۆدان.
هەرچەندە لە سەرەتاوە وينەکان ئازاریان دەدام و بیری ئاشبەتاڵی ساڵانی حەفتای دەخستمەوە بۆیەکا بە خێرایی تێم پەڕاندن، بەڵام دوای وردبوونەوە و تێڕامان نمایشێکی هەتا بڵێی سەرکەوتوبوو. بۆ جیهانیان سەلماند کە کوردان خاوەنی هزری تایبەت بە خۆیانن. سەرەمۆنیەکە هەتا بڵێیت گەورە و پیرۆز بوو. شاز بوو، لە مێژوودا وێنەی نیە و نەبووە، وەک هێمایەکی نمونەیی و دڵگیر دەمێنێتەوە لە جیهاندا ئەگەر ئاکامەکەشی شکست بێت. هەرچەندە شکیش لە هەڵبژاردنی ئەم ئەشکەوتەش دەکرێت، چونکا شێخ مەحمود لەم ئەشکەوتەدا لەگەڵ کاربەدەستێکی عوسمانی کۆبۆتەوە دژ بە ئنگلیز.
ژنێک پێشەنگتان بوو. کچێکی گەریلای پەکەکەش کاتێک چەکەکەی خستە ناو ئاگرەوە، وەک ئێمە لە سیمایدا خەمگینیی و ناڕەزایی دەبینرا. بەڵام دوای چەکدانان ڕێگای شاختان گرتەوە بەر. هەر دوای چەک دانانیش تورکیا بۆ دەستخۆشی لێکردنتان بۆردومانی کردن. ئەمەیە پرۆسەی ئاشتی؟

دوعا بکە دوژمنەکەت تورک نەبيت.

ئەوەی ئێمە نیگەران دەکات وەک ئەو کچە گەریلایە، کاردانەوەی تورکیایە؛ لە کاتێکدا ئەوان دەسیبەرداری چەکەکانیان دەبن وەڵامی تورکیا دڕندە و نەرێنیە؛ ئەوەی ئيمە ناومان ناوە پرۆسەی ئاشتی، تورکیا ناوی ناوە پرۆسەی داماڵینی چەک و تورکیای بێ تیرۆر.
ئەوەی ئێمە نیگەران دەکات و دەمانخاتە شکەوە لەم پرۆسە سەمەرەدا ئەوەیە کە ئاپۆش ئەگەر باسی دیموکراسی و پيکەوەژیان دەکات ئەوا هیچ داوایەکی نییە بۆ بەرپرسانی تورکیا، وەک کەسێکی گوێرایەڵ وەک ئەوەی یەکێک بێت لەوان و بە پێداگریەوە داوای چەکدانان لە پەکەکە بکات؛ لە کاتێکدا خەمباریی خۆی بۆ سەربازە کوژراوە تورکەکان دەردەبڕێت، بە مەسجێک باسی ڕاوێستانی بۆمبارانکردنی قەندیل ناکات. نا، ڕێگای پێ نەدراوە و بوێری ئەوەی نییە وەک بەندکراوێک. کەواتە بۆ بڕیاری چەکدانان دەدەیت ئەگەر ئازادی تەوات بەدەست نییە؟
وێنەکەی ئاپۆ و جۆری دانیشتنی و دوانی، زیاتر لە بەرپرسێکی تورکیا دەچوو هەتا سەرۆکی پەکەکە. جۆری دانیشتنی لە گرتە ڤیدیۆکەیدا وەک کەسێکی لەخۆبایی و بێ ڕێز دەبینرا، وەک ئەوەی ئۆجەلان خۆی داخوازی بۆردومانی قەندیل بکات. ورگی لە هزری زیاتر خستبوە پێش خۆی، قسەکانی هیچ بەهایەکیان نەبوو، وەک گووتەی زۆر لە سیاسەتمەندارەکان زۆر دەڵێن و هیچ ناڵێن، جێگەی نیگەرانییە لەم ساتە وەختە گرنگەدا گوێمان لە ڕستەیەکی گرنگ نەبوو بۆ مێژوو چونکا گووتەکانی گووتەی بەرپرسانی تورکیان و ناتوانێت ئەو سنورە تێ پەڕێنێت.
نا، تۆ هەرگیز ناتوانیت داوای ڕاوێستانی بۆمبارنکردنی قەندیل بکەیت، چونکا تۆ کەسێکی بەندکراویت و وتارەکانت لە لایەن بەرپرسانی تورکیاوە نوسراون.
بۆ ئەوەی نەڵێین ئەم ماستە مویەکی تێدایە دەڵێین ئەم ئاشتییە نائومێدیەکی گەورەی تيدایە. بێ گومان تۆ هەر وەک دەستکەوتێکی مەزن تێی دەڕوانیت چونکا چارەت نییە و بەوە دڵت خۆش دەکەیت گوایە تورکیا دانی بە بوونی کورداندا ناوە.

چ بوونێک ؟

ڕاستە نکۆڵی لەوە ناکەین و جیهان شایەتیی ئەوە دەدات کە ئەوە پەکەکە بوو کوردی لە تورکیا ژیانەوە و ئێمەشی فێری کوردایەتی کرد، بەڵام بۆچی لەم نیوەڕێگەیەدا هەموو شتێک وێستا بە قازانجی تورکیا دژی (زایۆنیزم و ئیمپریالیزم) ؟ لە کاتێکدا ئێمە لەلایەن تورکیا و ئێران و ئێراقەوە جینۆساید کراوین.
دەبوا پێش پرۆسەی چەکدانان، ئاپۆ سەردانی دکتۆرێکی دەروونی بکردایە، بەڵکو کێشەی ڕابوردووی لەگەڵ ئاواتی گەلێک تێکەڵ نەکردایە. چونکا بڕیارەکانی بەندن بە تۆڵەسەندنەوەی کوێرانە، وەک چۆن لە کتێبی مانیفێست بۆ شارستانیەتیەتێکی دیموکراسی ئاوا دەبێژێت:
عیبریەکان کە هەنگاوی یەکەمیان نا لە بازرگانیدا، ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینن لە هێنانە کایەی کاپیتالیسم و زاڵبونی سەرمایەی فاینەنس، هەرچەندە بە ژمارە کەم بوون، لە مێژووی شارستانیەتی مرۆڤایەتیدا، بەڵام وەک شارستانیەتێک کاریگەریەکی گرنگیان هەبووە، کرایگەریەک کە دەتوانین بەرواوردی بکەین بە ئیمپراتۆریەتێک، بۆیە ئەوە ئەهێنن هێندەی شارستانیەتێک لێکۆڵینەوەیا لەسەر بکرێن. ئەوان وەک ئیمپراتۆری زانست و قانون و فاینەنس دەردەکەون، ئەمڕۆش هەمان دەوریان هەیە وەک لە ڕابوردودا بە هەموو شانازیانەوە.................

پاشان دەڵێت:

چیرۆکی تایبەتی خۆم، رەنگدانەوەیەکی بچوکی کەوتنی خێڵەکانن. وەک ئیبراهیم، لە سورچەوە کەوتمە ڕێ، وەک چۆن عیسایان گرت بە یارمەتی پاشایەکی جوو، منیش گیرام و لە خاچ درام بە بەندکردنم لە بەندیخانەی ئیمراڵی، بە یارمەتی ئیسرائیل (بە یارمەتی نێوان مۆساد و CIA )، بەرگریکردنم بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو خاچەی کە عیسای لەسەری خاچدرا بوو.
پاشان دەڵێت: "کاتێک لە سوریا بووم، مۆساد ویستبووی بمبینێت. من دژی ئەو دیدارە نەبوم." بەڵام ڕوونی ناکەتەوە بۆچی ئەو دیدارە رووی نەداوە. هەروەها دەڵێت: ئیسرائیل چارەسەرێکی تری هەبوو بۆ کوردان، لێرەشدا باسی ئەو چارەسەرەی ئیسرائیل ناکات بۆ کوردان.

تێبینی:

ئەگەر عیبرییەکان هەر لە مێژەوە لە فاینەنسدا کاریان کردووە، ئەوە بە ئارەزویی خۆیان و هەڵبژاردەی خۆیان نەبووە، بەڵکو وەک سزایەک مەسحییەکان ئەو کارەیان پێ سپاردوون، وەک کارێکی بەد، چونکا پارە لای مەسیحیەکان شتێکی بەد بوو.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست