<

هۆکار و دەرئەنجامەکانی شەڕی ٢٤ کاتژمێرەی هەرکی و بارزانیەکان

13/07/2025, 18:41 (GMT+1)
ئەوەی ڕوویدا کێشەی زەوی و زار بوو و دەکرێت بە ئاسانی چارەسەر بکرێت. بەشێک لە دۆستەکانمان وتیان خورشید لێی قەوماوە و تازە دەرچوونی زەحمەتە، وتم نەخێر لێی دەردەچێت و پارتی داری زیاتر ناکات بە کونی زەردەواڵەکەدا.
پێویستە بارزان قەساب و تیمەکەی سزا بدرێن
پارتی خوێندنەوەیەکی ناواقیعی بۆ سنوری قەزای خەبات کرد، قەزای خەبات کە زۆرینەی خەڵکەکەی وەک بلۆکی عەشیرەت دابەش بووە کارکردن تیایدا زۆر زەحمەتە، هێزی چەکداری زۆرە، دەستەمۆکردنی زەحمەتە. زەردەواڵەیەکی ئارامە تا ئەوکاتەی دارەکەیان بەرنەکەوتووە. کە بەریان کەوت، بەرتان دەکەوێت گرنگ نیە تۆ کێیت و چیت.
خورشید هەرکی ئاغا نیە بەڵام کاندیدێکی بەهێزە بۆ بوون بە ئاغا.
ئاغایەتی لەناو عەشیرەتەکانی بادینان بە پشتاوپشت ە لە باوکەوە بۆ کوڕ دەمێنێتەوە، خورشید وەکو کەسێکی نوێ بە بەکارهێنانی پارە و تیکتۆک و توانی سەرنجی عەشیرەتی هەرکی و تەواوی خەڵکی کوردستانیش لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.
مەحمود ئاغای هەرکی کە تەمەنی تەواو کردوە، کوڕەکانی نەیانتوانیوە وەک پێویست سنگیان دەرپەڕێنن، زیاتر خەریکی کەسابەتن و ئەمەش ئەستێرەی سەر شانی خورشیدی کردوە بە باز و خەنجەر، دەکرێت لەدوای ڕووداوەکانی دوێنێ ئیتر بۆ هەمیشە وەک ئاغایەکی نوێ لە دی ئێن ئەی یەکی نوێیەوە پێشڕەوی عەشیرەتی هەرکی لە ناوچەی سۆران بکات.
بارزانیەکان خەویان زڕا بوو،
بارزانیەکان لە بارۆدۆخێکی زۆر ناسکدا تێدەپەڕن لەلایەکەوە مەسرور خەریکی سەپاندنی هەژموونە بەسەر نێچیرڤاندا، لەلایەکی ترەوە پیلانی ئیسرائیل - ئێران سەری نەگرت و بارزانی باوک گەفی گەورەی دا. لەلایەکی ترەوە خەڵکی کوردستان ٧٠ ڕۆژە سوپاس و کەرامەت دەخەنە مەنجەڵی چێشتخانەکانیانەوە. بۆیە تا بڵێی بارزانی بێتاقەت بوو بەم هەنگاوەی خورشید بابۆک. سەرۆکی پارتی دەیزانی ئەگەر گۆرانەکان کاردانەوەیان هەبێت، ئەوکاتە سورچی و زراری و خەیلانیش ڕەنگە بێنە ناو یاریەکە بەڕەکە لەژێر پێی بارزانی دەرکەن ئیتر بۆ هەمیشە حوکمی سەری ڕەش نەمێنێت!
هەرکیەکان بۆچی پشتی مستەر بابۆکیان بەرنەدا لەکاتێکدا دەیانزانی کە خۆی پارتیە؟ بابەتەکە کەرامەت و سەپاندنی هێز بوو، هەرکی وەکو هۆزێکی بوێر و چاونەترس چۆک دانانێت بۆ هیچ کەسێک گرنگ نیە ئەو کەسە، ئاغایە، بەڕێوەبەری ئاسایشە، عەقید ڕوکنە وەزیرە گزیرە. دوێنێ شەو خودی مەسرور هەوڵیدا خورشید چەکدانێت، داینەنا چونکە بڕیارەکە لەدەست خۆیدا نەمابوو و ئەوانەی چەکیان هەڵگرتبوو و ئەوان پێویست بوو بڕیار بدەن.
ئایا کارەکە باش بوو؟
بە دڵنیاییەوە نەخێر، چەکهەلگرتن هیچکات باش نیە بەڵام لەبیرمان نەچێت یاسا و دادگا ڕێککەوتنێکی کۆمەڵایەتیە لەنێوان قەوارە و هاوڵاتیاندا، هەرکاتێک هاوڵاتیان هەستیان بەسەلامەتی نەکرد ئەوا بێگومان هەرچی هەیە دەیخەنە ژێرپێیان و دەگەڕێنەوە خاڵی سفر!
فۆلدەرێکی نوێ لە مێشکی تاکی کورد کرایەوە،
چیتر بارزانیەکان و پارتی ئەو هێزە تۆقێنەرە نین، چیتر حکومەتی پارتی ئەو هێزە سەرکوتکەرە نیە بتوانێت هەموو شتێک لەناو ببات بەو جۆرەی خۆی دەیەوێت، ئیتر فۆلدەرێک لە مێژوودا بۆ ئەم بابەتە دروستکرا، فۆلدەرێکیش لە مێشکی هەموو تاکێکی کورددا دروستبوو کە دەکرێت هێزێکی ڕێکخراو لە کۆمەڵگای کوردستان کە هەڵقوڵاوی هەمووان بێت کۆتایی بە حوکمی بنەماڵەیی بهێنێت بەڵام هێشتا ماویەتی..
وەکو کەسێکی دژە ستەمکار، ئامۆژگاریم بۆ لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی ئەوەیە سۆز و پشتیوانی هەرکی بەدەست بهێنن، دەتوانن کاری گەورە بکەن و میلەتیش تیایدا سودمەند بێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست