ئەوەی نییەتی بۆی دەمرێت، ئەوەی هەیەتی پێیدەمرێت.
14/07/2025, 19:35 (GMT+1)

١- ساڵی 1981-1982 بە حوكمی ئەوەی لە ڕژێمی بەعس قاچاخ بووین، لە گوندی ”گۆڕەدێم”ی ناوچەی شارباژێڕ گیرساینەوە و خەڵكی گوندەكەش بە گشتی خزم و ناسیاو بوون.
هەر لەو ساڵەدا، ڕژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران هێرشێكی بەرفراوانی بۆسەر شاری بانە و دەوروبەری دەستپێكرد و خەڵكێكی زۆر ئاوارەی شارباژێڕ بووبوون و بەشێك لە ئاوارەكانیش ڕوویان لە گوندی گۆڕەدێم كردبوو.
كاتێك گفتوگۆمان لەگەڵ ئاوارەكاندا دەكرد، زۆر بە موسبەت (پۆزەتیفی) باسیان لەو حوكمی زاتییە دەكرد كە صەدام حسێن بە بەشێكی باشووری كوردستانی دابوو و بەردەوامیش دووبارەیان دەكردەوە كە ئەوان شەڕ بۆ بەدەستهێنانی ئەو شێوە حوكمی زاتییە دەكەن.
ئێمەش وەكو كوردی باشوور، لە نێو خۆماندا دەمانگوت (بە ڕاستی كوردی ڕۆژهەڵات بێعەقڵن، ئاخر حوكمی زاتییەكی كارتۆنی چ بەهایەكی هەیە تاكو شەڕی لە پێناودا بكەن!).
دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و حاتنە سەر حازری دوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و زۆر بە تایبەتیش دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003دا، ئەوكات تێگەیشتم كە كوردی ڕۆژهەڵات بێئەقڵ نەبوون، بەڵكو ئەوە ئێمەی باشووری بووین كە هێندە دەبەنگ بووین و لەسەر داوای تاڵەبانی و بارزانی نەماندەزانی بە چ شێوەیەك سود لەو حوكمی زاتییە وەربگرین.
٢- ساڵی 1985-1986 كە سەرەتای چوونە زانكۆم بووم، لە پشوی هاویندا و لە ڕێگای برا گەورەكەمەوە كە ئەندازیاری ”الري و البزل” بوو، بۆ ماوەی سێ مانگ وەكو چاودێرێك لە كۆمپانیایەكی توركی دەستبەكار بووم بە ناوی ”گاپ” لە ناوچەی شارەبانی سەربە پارێزگای دیالە كە كۆمپانیاكە كەناڵی ئاودێرییان بۆ ناوچەكە دروست دەكرد و ئاوی بەنداوی حەمرینیان بۆ ڕادەكێشا و برا گەورەكەشم ئەندازیار بوو بەسەر كۆمپانیاكەوە.
نزیكەی هەزار كرێكار و ئەندازیار لەو پڕۆژەیەدا كاریان دەكرد و زیاتر لە 90%ی كرێكارەكان كوردی باكوری كوردستان بوون و ژمارەیەكی كەمیشیان كە زیاتر ئەندازیارەكان بوون، تورك بوون.
هەر كاتێك ئەندازیارێك یان كرێكارێكی تورك دەربكەوتایە، كوردەكان یەكسەر زمانەكەیان دەگۆڕی بۆ توركی و چەندیش بمگوتایە توركی تێناگەم، نەیاندەوێرا بە كوردی قسە بكەن هەتا ئەو كاتەی توركەكە دووردەكەوتەوە.
ئەو دیاردەیەش زۆر ئازاری ڕۆحی دەدام و ناچاردەبووم كە لە كرێكارە كوردەكان توڕە ببم و بڵێم بۆچی بە زمانی كوردی قسە ناكەن!؟
لە وەڵامدا دەیانگوت ئازیزەكەم هەموو ئاواتی ئێمە ئەوەیە وەكو تۆ سەربەستبین لە قسەكردن بە زمانی كوردی، بەڵام تۆ نازانیت كە قسەكردن بە زمانی كوردی چ سزایەكی گەورەی لەسەرە و هەتا بۆمان نییە ناوی كورد بهێنین و بشڵێین میللەتێك بە ناوی كوردەوە بوونی هەیە!
داخەكەم زۆر كەسایەتی بەڕێزی باشووری كوردستان و لە نێویاندا كاك كەمال جەمال موختاریش بە هەمان دیدگای باشووری كوردستانەوە لە پارچەكانی دیكەی كوڕدستان و بە تایبەتیش لە باكوری كوردستان دەڕوانن و هاوكات زۆر كەسایەتی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش بە دیدگای ڕۆژهەڵاتەوە لە باكوری كوردستان دەڕوانن.
بۆ نمونە/ لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا كێشەی زمان و ناسنامەمان نەبووە، بەڵام ئەو كەمە مافەی كە خەڵكی باشوور هەیانبووە لە حوكمی زاتی و خوێندن و نوسین، لە ڕۆژهەڵاتدا نەبووە و هەوڵی ڕۆژهەڵاتیش زیاتر بۆ ئەوە بووە كە هەمان مافی كوردی باشووریان هەبێت.
كوردی باشووریش كێشەیان لەگەل ناتەواوی حوكمی زاتی و كەمی مافەكاندا هەبووە نەك لەگەڵ بێمافی و نكۆڵیكردندا.
بەڵام لە باكوردا گەورەترین كێشە نكۆڵیكردن بووە لە ناسنامە و بوونی كورد وەك نەتەوە، كە بەدەستخستنی ئەوەش وەكو هەڵكەندنی بیرێك بووە بە نوكی دەرزی.
ئێستا لەم پرۆسەی ئاشتییەدا، كورد توانیویەتی ناسنامەی كوردبوون بەدەستبهێنێتەوە و دڵنیام هەنگاوی گەورەتریشی بەدوادا دێت.
بەڕێز ئۆجالانیش زۆر بوێرانە بڕیاری داوە و گەورەترین بوێریش ئەوەیە كە بەرپرسیارێتی هەر كەموكوڕییەكی لە ئەستۆ گرتووە كە هیچ بەرپرسێكی دیكە بوێری ئەوەی نەبووە كەمترین هەڵە و كەموكوڕی لە ئەستۆ بگرێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









