تێگەیشتم بۆچی وەها خەمباریت!
18/07/2025, 12:44 (GMT+1)

خەمباریی ئەم کچە گەریلایە سەرنجی هەموومانی ڕاکێشا، بە جۆرێک کە بووە سەمبۆلی پرۆسەی ئاشتی. دەمان گووت داخۆ دوای قەندیل لە کوێ و چ ژیانێک بەڕی بکا؟ چەند بیرۆکەیەک گوزەریان کرد بە هزرمدا، بەڵام کاتێک گوێم لە وەزیری بەرگریی تورکیا بوو گووتی:
(ئەندامانی پەکەکە (ئەوانەی تاوانیان ئەنجام نەداوە) خزمەتی سەربازیی لە جەیشی تورکیادا دەکەن.)
ئەوسا لە خەمباریی ئەو خانمە تێگەیشتم! هێنامە پێش چاوانم چۆن پێشڕەوی جەیشی تورکیا دەکا، لە ژێر داخوازی ژەنەراڵەکانی تورکیا، بەرەو ڕۆژاڤا هێرش دەکەن، دار زەیتونەکانی عەفرین دەبڕنەوە، کوردانی ڕۆژاڤا ئەتک دەکەن !
چەند ژیانێکی ئەبسوردە!
بێ شک شتی وەها ڕوونادا.
خۆ ئەگەر ڕێزێکی بێ ئەندازەمان بۆ ئۆجەلانە هەس کە پەنجا ساڵی ژیانی کردۆتە قوربانیی، بیسوت و پێنج ساڵی زیندانی! بەڵام وەک ڕۆژنامەنوسێکی فەرەنسی گووتی:
(ئەم پیاوە سیاسیانە وەک ئێمە نین و وەک ئێمە بیر ناکەنەوە)
چونکا بە ڕاستیی ئەم پرۆسەی ئاشتییە پرۆسەیەکی ئێجگار سەمەرەیە! خۆ دەزانین و دەبینین کە ئەزمونی کوردان لە تورکیا ئێجگار جیاوازە لە بەشەکانی تری کوردستان.
ئێمەی کورد وەها فێر بووین خەمی خۆمان نەخۆین و زیاتر لە خەمی ئەواندا بین و کێشەی ئەوان چارەسەر بکەین، چونکا ئێمە هێندە ژینۆساید کراوین، هێندە لافاوی مەرگمان تیا هەستاوە، لەهەر لاوە نوکی قەڵەم بخەینە سەر دێڕی هۆنراوە، تکەی خوێنی ئەم زەمینە دەبێت بە مەرەکەبی هۆنراوە. ئێمەی کورد هێندە ژیناسۆید کراوین ئیدی خەمی خۆمانمان نیە بەڵام دەبێت ئاگاداری هەستی ناسکی ناسیۆنالیستە تورکەکانبین، نەوەکا بیان ڕەنجێنین، چونکا ئەوان فێری ئەوە نەبوون دایکان ببینن لە زینداندا لەگەڵ کوڕەکانیان بە زمانی کوردی بدوێن!
ئەم پرۆسەی ئاشتییە پرۆسەیەکی بە ڕاستی سەمەرەیە! بە جۆرێک کە باخچەلی کەڕ و لاڵ کردوە، بە جۆرێک کە ئۆردوگان وا خەریکە پرۆژەی کۆنفیدراڵی دیموکراسی ئاپۆ جێبەجێ دەکا، لەسەر دەستوری عوسمانی، ئەمانەش هەمووی بە ڕێکەوتن لەگەڵ ئۆجەلان.
تێبینی:
هەندێک دێڕ؛ (لە هەر لاوە نوکی قەڵەم....) هۆنراوەی سامی شۆڕشە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









