(پەکەکە) لە دروستبوونییەوە تا بڕیاری چەکدانان (بەشی شەشەم)
20/07/2025, 21:41 (GMT+1)

لە بەشەکانی پێشوودا باسمان کرد، کە چۆن لە رۆژی 27 / 11 / 1978 ، بیست و دوو کەسی (چەپی مارکسی/ لینینی)، بڕیاری دامەزراندنی (پارتی کرێکارانی کوردستان)یان دا و لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک چەندیین چالاکییەکیان لە باکور دەستپێکرد، وەک پڕۆپاگەندە و جموجۆڵ، هەروەها دژی هێزە چەکدارەکانی تورکیا پەلاماری چەند یندامەزراوەی حکومییان دا و چەند کەسێکی بەکرێگیراو و خۆفرۆشیان کردە ئامانج، ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە تورکەکان بەشێوەیەکی دڕندانە بکەونە گیانی خەڵکی سیڤیلی ناوچەکە، چەند گوند و ناوچەیان کاول و وێران کرد، ئەوەی ئارەزوویان لێ بوو کوشتیان و ژمارەیەکی زۆریشیان زیندانیی و دەربەدەر کرد، جگە لەوە بە گرتن، یان بەکوشتنی ئۆجەلان، فەرمانیان دەرکرد، ئەمەش وای کرد ئۆجەلان بەناچاریی لە مانگی 11ی ساڵی 1979 لە سنورەوە خۆی بگەیەنێتە سوریا و داوای مافی پەنابەری بکات، ئەو کاتەش حافز ئەسەدی سەرۆکی سوریا لە سەر پرسی ڕووباری فورات و ئەسکەندەرونە کێشەی لەگەڵ تورکیادا هەبوو، ئەمەی بە هەل زانی، ئۆجەلانی وەکو کارتێکی فشار لە دژی تورکیا بەکار هێنا، بەپێی چەند مەرجێکیش مافی پەنابەری بە ئۆجەلان دا، چالاکییەکانی پەکەکە و ئۆجەلانی لە سوریا سنووردار کرد، لەوانە:
1. دەبێت چالاکییەکانی پەکەکە تەنیا دژی تورکیا بێت و پڕۆپاگەندە و بڵاوکراوە و راگەیاندنەکانیان سنوردار بێت.
2. نابێت پەکەکە هیچ چالاکییەکی لەناو سوریادا هەبێت، کە ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوخۆ.
3. نابێت کوردەکانی سوریادا بەکار بهێنرێن و لەناو ریزەکانی رێکخستنی پەکەکەدا وەربگیرێن.
4. ئۆجەلان و پارتەکەی دەبێت هاریکاری سوریا بکەن، هەر زانیارییەکیان دەستکەوت، راستەوخۆ دەزگای هەواڵگری سوریا (موخابەرات)ی لێ ئاگادار بکەنەوە.
5. سوریا نیشتیمانی عەرەبە، کەمایەتییەکان لە ناو سوریادا میوانن، دەبێت ئەم راستییە بە ئەندامان و لایەنگرانی رابگەیەنن، کە لە کۆڕ و کۆبوونەوە و خۆپیشاندان و بۆنەکاندا رەچاوی ئەمە بکەن، نابێت دروشم و بانگەشە و هوتافەکان، پێچەوانەی ئەم سیاسەت و راستییانە بێت و هەڵسوکەوتی لەگەڵدا نەکەن.
6. کۆمەڵێک مەرجی دیکەش، کە رۆژانە و لە کاتی پێویستدا ئۆجەلان بانگ دەکرا و پێیان رادەگەیاند.
ئەو مەرجانەش بە نووسین و نامەی فەرمی نەبوو، بەڵکو بە زارەکی و بە دەمی پێیان رادەگەیەنرا. ئۆجەلانیش رازی بوو بەوەی هاوکاری تەواویان بکات، دوای ئەمە حکومەتی سوریا ئۆجەلانی لە دیمەشقی پایتەخت نیشتەجێ کرد، رێگای پێدان ئۆفیسێکیش بکەنەوە. وەک سەرچاوەکان ئاماژەی پێدەدەن، لەو ماوەیەدا لە نێوان ساڵانی 1980 تا 1982 ژمارەیەکی زۆر لە کوردی باکور و وڵاتانی دیکە لە ئەوروپاشەوە پەیوەندییان پێوە دەکردن، دەهاتنە ریزەکانییەوە، دوای ئەوە حکومەتی سوریا دەرفەتی بۆ رەخساندن، کە پەیوەندی لۆجستی لەگەڵ فەلەستینییەکان لە (بیقاع) دروست بکەن، بەمەش لەگەڵ فەلەستینییەکاندا مەشقی سەربازییان دەست پێکرد، بەڵام جگە لە دەشتی بیقاع، بەهیچ شێوەیەک چەکدارەکانی پەکەکە بۆیان نەبوو بچنە ناو سوریاوە، یان لە ناوچەی بیقاع بەولاوە بچنە ناو لوبنانەوە..
لە دوای ساڵانی 1982 وردە وردە ناوی پەکەکە دەنگی دایەوە و ژمارەیان بەرەو زیادبوون هەڵکشا، ئەمەش کاریگەریی تەواوی خستە سەر کوردەکانی دەرەوەی وڵاتیش، جموجۆڵ و خۆپیشاندان دەستی پێکرد ، چەندین رێکخراوی مەدەنی و چالاکیی دیکە دروست بوون، هەستی نەتەوایەتی لەناو کورداندا گەشایەوە، پارە و یارمەتییان بۆ دەناردن، راستەوخۆ لە رێگای نوێنەرەکانیانەوە دەگەیشتە دەست ئۆجەلان، یەکێک لەوانە مەهاباد کوردییی بوو، کە لە نامیلکەکەیدا بە دوور و درێژی باسی لێوە دەکات، کە چۆن چۆتە سوریا و پارە و یارمەتییەکانی راستەوخۆ داوەتە دەست ئۆجەلان. تەنانەت کاتی خۆشی یەکێک لە لایەنگرەکانی پەکەکە لە دانیشتێکدا ئەوەی گێڕایەوە، کەکاتێک پارەکە دەبرێتە سوریا، بەشێک لەو پارانە بنەماڵەی ئەسەد بە بیانووی جیاوازەوە وەکو سەرانە لێیانی دەسەند.
(سادق عومەر سندی) لە ساڵانی 1960ەکانەوە پێشمەرگەیەکی دێرینی پارتیی بوو، شارەزایی و ئەزمونی زۆری لە بەکارهێنانی چەکەکانی ئەو سەردەمەدا هەبوو، ئەو کاتەی کە هێشتا بنەماڵەی بارزانی نەگەڕابوونەوە بۆ باشوور، زۆر کەس بەهۆی ئاشبەتاڵ و خیانەتەکانی بنەماڵەی بارزانی وازیان لە پارتیی هێنابوو، یان خۆیان پاسیڤ کردبوو، پاش ئەوەی ئۆجەلان چووە سوریا و لەوێ دەستی کرد بە جموجۆڵی سیاسیی و سەربازیی، سادق سندی یەکێک بوو لەو کەسانەی کە خۆی لە ئۆجەلان نزیک کردووە، چەند جارێکیش چووە سوریا و لە نزیکەوە یەکتریان دەبینی، تەنانەت لە بیقاعیش مەشقی سەربازی بە کادێر و چەکدارەکانی پەکەکە دەکرد، کاتێکیش جموجۆڵی پەکەکە گەیشتە باشوور، هەر ئەم مەشقی سەربازیی پێدەکردن. دوایی فازیل میرانی بە فەرمانی مەسعود بارزانی، لە بۆسەیەکدا، سادق سندی و دوو ئامۆزای کە لەگەڵیدا دەبێت، تیرۆریان دەکات.
بەڕێزێک بەناوی کاک زانکۆ ئەحمەد بەگ لە کۆمێنتێکدا ئەمەی خوارەوەی بۆ نووسیبووم، کە بابەتی مەشقپێکردنی یەکەم هێزی چەکداری پ.ک.ک بە پێی بەڵگەنامەیەکی هەواڵگری ئەمریکی تیایدا هاتوە کە یەکەم هێز یاخوود با بڵێین بە تالیۆنی (پ.ک.ک) پارتی دیموکردتی کوردستانی عێڕاق پێی کردوون و تیایدا هاتوە کە دەبێت لێکۆڵینەوە لە مەسعود بکرێت لەسەر ئەو کارە.
بۆیە منیش دوای ئەو کۆمێنتە کە بۆ من زانیارییەکی نوێ بوو، بەدواداچوونم لەسەر کرد، پەیوەندییم بە پەیامنێرێکی کوردستانپۆستەوە کرد، بۆی روونکردمەوە، کە ئەوەی خراوەتە پاڵ پارتیی، بەو شێوەیە نییە، بەڵکو بەهۆی سادق سندییەوە گومان خرابووە سەر پارتیی، ئەو کاتەش بوو، کە سادق سندی سەربەخۆ ئەو کارەی کردووە و سۆزی بۆ ئۆجەلان و پەکەکە هەبووە. ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی کە بنەماڵەی بارزانی لە رێگای فازیل میرانییەوە تیرۆریان کرد، تا ئەستۆپاکی خۆیان بۆ تورکیا بسەلمێنن.
هەروەها کاک زانکۆ لە بەشێکی دیکەدا دەنووسێت، کە نیشتەجێبوونیان لە سووریا و بیقاع هەتا ئەم ساتە وەختە (پ.ک.ک) خۆیان بە قەرزارباری تاڵەبانی دەبینن بەوەی، کە تاڵەبانی پیاوی مخابەراتی سووری بوو لە ڕێگەی ئەو پەیوەندیەی ئەوەشەوە بووە، کە چوەتە لای ئەسەد و داوای لێکردووە ڕێ بدەن (پ.ک.ک) لە سووریا نیشتەجێ بن.
بۆ ئەمەشیان رێی تێدەچێت، تەنانەت تالەبانی لە هەندێک کاتدا وەکو وەرگێڕێکیش رۆڵی بینیوە، لەهەمانکاتدا وەکو سیخوڕێکیش زانیاریی بە حکومەتی ئێران و تورکیا و شوێنی دیکە داوە، تالەبانی دووسەرە وەکو سەرکردەیەک لەناو کورددا و لەملاشەوە بۆ بەرژەوەندی دوژمنانیش ئەوەی لە توانایدا بووبێت کردوویەتی.
تێبینی:
بەشێکی ئەو زانیارییانە لە سەرچاوەیەکی نزیک لەپارتییم وەرگرتووە، کە ئەم رووداوەی گێڕایەوە، ئەوەی ئاشکراکرد، کە تیرۆرکردنی سادق سندی بۆ رازیکردنی تورکیا و دەزگای میت بووە، یەکێک بوو لەو هۆکارانەش، کە تورکیا زیاتر متمانەی بە بنەماڵەی بارزانی کرد، چونکە مەسعود زۆر هەوڵی دەدا خۆی لە تورکیا نزیک بکاتەوە، بەڵام دوای ئەم کارە و دەیان کاری دیکەش، زیاتر متمانەیان پێیکرد و بەدوایدا ئەو هەموو رێکەوتن و پەیوەندیانە لە نێوانیاندا دروست بوو، تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە.
باشوور و چیای قەندیل:
پاش راپەڕینەکەی باشوور ساڵی 1992 سوریا و پارتیی و یەکێتی، رەزامەندییان دەربڕی، کە ژمارەیەک لە چەکدارانی پەکەکە ببەنە باشوور و دوایی لە چیای قەندیل خۆیان جێگیر کرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە تا رادەیەک پەکەکە جۆرێک لە ئازادیی خۆی بەدەست هێنا، هەرچەندە لەسەر ئەو مەرجانەی کە حکومەتی سوریا بۆ ئۆجەلانی دانابوو ، پابەند بوون و پەیڕەوەییان دەکرد، لەوانە کورد لە سوریا خاکێکی نییە بەناوی (رۆژئاوای کوردستان). هۆکاری ئەمەش ئەوەبوو، کە ئۆجەلان سوریان جێ نەهێشت و لەوێ مایەوە.
ئۆجەلان لە دیمەشق مایەوە، هەندێک جاریش بە ئاگاداری و چاودێری موخابەراتی سوریی، دەچووە حەلەب، بەڵام هیچ کات لە ژیانییدا وەک سەرکردەی پەکەکە نەچۆتە قەندیل، سەردانیشی نەکردوون، یان وەک سەرکردەیەکی مەیدانی لە نزیکەوە لەگەڵ گەریلاکاندا نەبووە، چەک هەڵنەگرتووە تا هاوبەشی خەبات و تێکۆشانیان بکات، تەنانەت لە کاتی جێهێشتنی سوریا پێشنیاری ئەوەی بۆ کرابوو، کە بچێتە قەندیل، بەڵام رازی نەبوو، پێی باشبوو لە وڵاتێکی دیکە مافی پەنابەری وەربگرێت، کە ئەمە یەکێک بوو لەو هەڵە گەورانەی کە بووە کارەسات بۆ خۆی و پارتەکەی.
ئێمە لێرە بەدواوە هەندێک لەو رووداو و بەڵگانە دەخەینە روو:
1- ئۆجەلان لە ماوەی مانەوەیدا لە دیمەشق و لە بیقاع، کۆمەڵێک کەسایەتی گومانلێکراو سەردانیان دەکرد، بەتایبەتی کەسانی بەعسی و فایلدار و سیخوڕی باشوور، ئەوانەی کە ناسراوبوون، بە مەبەستی زانیاریی وەرگرتن و کاری سیخوڕی دەیان بینیی، وەکو ئیبراهیم ئەحمەد، جەلال تالەبانی، مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا، تەنانەت کەسایەتییەکی دیکەی وەکو (د. عیزەدین مستەفا رەسوڵ)یش بە ئاگاداری حکومەتی عێراق چەند جارێک چاوی بە ئۆجەلان کەوت، دەیان کەسی دیکەش دەچوونە دیمەشق و لەگەڵیدا دادەنیشتن، وێنەیان لەگەڵدا دەچڕی. گفتوگۆ و چاوپێکەوتن و دیداریان لەگەڵدا ئەنجام دەدا، زۆربەی کەسەکان بۆ زانیاریی وەرگرتن بوو لەسەر خودی کەسایەتیی ئۆجەلان، کە لە نزیکەوە بیناسن و هەروەها وەرگرتنی زانیاریی لەسەر ئایدۆلۆژیای پەکەکە، ژمارە هێز و کۆمەڵێک زانیاری موخابەراتی، دوای ئەمە هەموو زانیارییەکان دەزگا هەوڵگرییەکانی (میت و ئیتیلاعات و موخابەرات و ئیستیخبارات)ی لێ ئاگادار دەکرانەوە، زۆرێک لەم چاوپێکەوتنانە ئاسایی نەبوون، بەڵکو بەشێک بوون لە پیلانێکی ئاڵۆزی ئەو دەزگا هەواڵگریانە، کە دواتر لە وردەکارییەکان دەکۆڵرانەوە، ئامانجی کۆتایی لەم هەڵسەنگاندنە بۆ ئەوەش بوو، تا بتوانن چۆن لە ڕووی سیاسی و ئەمنییەوە، مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. هەڵبەت کار و سیاسەتی دەزگا هەواڵگرییەکان تەنیا بەمەوە ناوەستێت، پێش ئەوەی هەنگاوێکی جیدیی بۆ کارەکانیان ئەنجام بدەن سەرەتا بەوە شێوەیە دەست پێدەکەن، کە پێش بڕیاردانی ستراتیژی، قۆناغێکی چاودێری و هەڵسەنگاندنی کاری هەواڵگری قووڵ لەسەر ئەو کەسە یان ئەو رێکخراو و گروپە دەکەن، ئەو زانیاراییانە دەکەنە ئامانج ، بۆ ئۆجەلانیش وەک هەڵسەنگاندنی کەسایەتییەکەی هەمان سیاسەت و هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکرا، هەروەها پەکەکە وەک بزووتنەوەیەکی سیاسیی و سەربازیی لە رێگای ئەو دیدار و قسانەوە خستیانە بەردەم لێکۆڵینەوە و پلاندانان، بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپی، ئەمەریکی و وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان، ئەوەیان خستبووە پێش چاوی خۆیان، پێیان وابوو لە داهاتوودا رەنگە (پەکەکە)کاریگەری لە سەر هاوسەنگی هێزەکان لە ناوچەکە دابنێت.


2- ئەو کاتەی هێزە چەکدارەکانی پەکەکە لە دەشتی (بیقاع) مەشقی سەربازیان دەکرد، لە نێوان ساڵانی 1985 - 1990لە بنکەکانی لوبنان و سوریا ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی تورکیا فراوانتر کرد، چەند جارێکیش لەگەڵ فەلەستینییەکان (PLO) پەلاماری سنوری ئیسرائیلیان دا، چەند کوژراو و دیلیشی لێکەوتەوە، ئەمەش گەورەترین هەڵەبوو، کە پەکەکە لە مێژووی خەباتی خۆیدا کردی، هەرچەندە تا ئیستاش پەکەکە ددان بەو هەڵەیەدا نانێت، بەردەوام وەکو ئیسلامە توندەڕەوەکان و دەوڵە داگیرکەرەکان هەڵوێستی خراپ بەرامبەر جووەکان و دەوڵەتی ئیسڕایلی پیشان دەدەن، دەبوو بێلایەنانە و دیلۆماسییانە رەفتاریان بکردایە، وەک پارتێکی سیاسیی، نە دەبوو، ئیسڕائیل و جووەکان بکەنە دوژمن و ناحەزی خۆیان، ئەمانیش دوژمن و ناحەزی تورک و عەرەب و فارس بە دوژمنی خۆیان بزانن، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی، کە ئیتر لەو کاتەوە ئیسرائیل هەڵوێستی نەرێنی لەسەر پەکەکە وەربگرێت، یارمەتیدانی تورکیا بۆ پلانی گرتن و رادەستکردنەوەی ئۆجەلان بۆ تورکیا بەشێکی زۆری پەیوەندیی بەو رووداوانەی دەشتی بیقاعەوە هەبوو. تا ئەمڕۆش پەکەکە بەردەوام سەرزەنشتی ئیسڕائیلەکان دەکات، کە ئەوان لە گرتنی ئۆجەلاندا هاریکارییان کردووە. ئۆجەلان بۆ خۆشی لە چەندین نووسراوییدا دژی دەوڵەتی ئیسڕائیلی بە خراپی قسەی کردووە، لە دوایین هەڵوێستییدا وەک رۆژنامەیەکی تورکی بەناوی (Aydinlik) نووسیبووی کە ئۆجەلان دەڵێت: دوژمنی ئێمە ئیسڕائیلە.
• هۆکار چییە، ئۆجەلان هەڵوێستێکی نەرێنیی و خراپی بەرامبەر بە جووەکان و ئیسڕائیل هەیە! لەکاتێکدا دەزانێت کە بۆ دۆزی کورد ئەم هەڵویستە بە قازانجی دوژمنانی کورد دەشکێتەوە؟ وەڵامی هەموو ئەمانە دەگەڕێتەوە، بۆ هزر و فیکری ئۆجەلان و کەسایەتییەکەی، کە لەسەرەتای ژیانییەوە، وەکو ئیسلامییەک و دوایی وەکو مارکسییەک، ئەوجا وەکو نیمچە تورکێک بیری کردۆتەوە لەو بارەیەوە عوسمان ئۆجەلانی برای لە لێدوانێکدا بەشێکی بۆ ئاشکرا کردووین، کە چۆن ئۆجەلان وەکو موسوڵمانێک، ویستوویەتی ببێتە پیاوێکی ئاینی. دەڵێت: خەڵـک چاوەڕێی دەکرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان ببێتە زانایەکی گەورەی ئیسلام.
• دیسان ئۆجەلان باس لەوە دەکات، کە باوکی کورد و دایکی تورکە، کاتێکیش گرتیان وەکو نیوە تورکێک یەکسەر وتی: (من دایکم تورکە و دەمەوێت خزمەتی تورکیا بکەم)، لەلایەکی دیکەوە وەکو کەسێکی مارکسیی و لینیی رەفتار لەگەڵ جووەکان و دەوڵەتی ئیسرائیلدا دەکات، ئەمەش لای هەندێک لەلایەنگرەکانی پێناسەی ئەرێنی بۆ دەکەن بەوەی: (ئاپۆ مرۆڤێکی گەردونییە، هەموو ڕەنگەکانی لەخۆ گرتووە. لە ڕوانگەیەکەوە تەنها مڕۆڤە، لەدیوێکی ترەوە، سۆسیالیستە، لە ڕوانگەیەکەوە نەتەوەییە، عەشیرەتییە، ئاێنییە،....، ئاشتیخوازێکی بێوێنەیە،کەچی شەڕیش لەخۆدەگرێ.... هتد.).
• ئۆجەلان دەسەڵاتێکی رەهای لەناو پەکەکەدا هەیە، پێچەوانەی سیستەمی هەموو رێکخراوە دیموکراتییەکان، کە خەبات بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی دەکەن. بەرنامە و پڕۆگرامی پەکەکە، کە زۆرترین وشەی دیموکراتی تێئاخنراوە، دەسەڵاتی ئۆجەلان ئەو سنورەی تیێپەڕاندووە و رەفتاری تاکڕەویی و دیکتاتۆرانە دەکات، لەلای ئۆجەلان هێڵی سوور بوونی نییە، پەکەکە لەسەر دەستی ئۆجەلاندا دەسوڕێتەوە، تا ئیستا هیچ فەرمانێکی رەتنەکراوەتەوە، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە پەکەکە وەکو دوکانێکی سیاسیی، ئۆجەلان خۆی بە خاوەنی دەزانێت. لایەنگران و ئەندامان و سەرکردایەتیی پەکەکەش خۆیان بە ئۆجەلانەوە وابەستەکردووە، چارەنووس و موڵکدارێتی ئەو رێکخراوەیان پێ سپاردووە. لە رووی دەرووناسییەوە هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی کە هەموو ئەندامانی پەکەکە لە ئاستی ئۆجەلاندا هەست بە خۆکەمزانین دەکەن.
(فرۆید) لە شیکاری دەروونیدا پێناسەی خۆبەدەستەوەدان و دڵەڕاوکێ بە ئاستێکی نزمی کۆمەڵایەتی باس دەکات، کە ئەو کەسایەتییانە ترسیان لە ڕەتکردنەوە هەیە، هەروەکو ئەمەمان بۆ رووندەکاتەوە، کە ئەم لاوازییە دەگەڕێنێتەوە بۆ بوونی "ئیگۆ"یەکی لاواز ، کە کەسی لاواز ناتوانێت "ئید" (ئارەزوەکان) و "سوپێریگۆ" (ویژدان) نزیک بخاتەوە. هەموو ئەمانەش وای کردووە، کە بەرپرسەکانی پەکەکە چارەنووسیان رادەستی تاکە کەسێک بکەن، خۆشیان بە ئاسانی کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی و بۆچوونی ئەو سەرکردەیەوە، لەلایەکی دیکەشەوە هەموو ئەندامەکانیان لە ژێر فشاری کۆمەڵایەتییاندا وەک فرۆید بۆچوونی وایە، کە ناتوانن بۆ خۆیان بڕیاری سەربەخۆیان هەبێت، دەبێت بەردەوام بگەڕێنەوە بۆ لای ئۆجەلان و هەمیشە لە چاوەڕوانییدان، ئەم جۆرە کەسایەتییانە لە لاوازی خۆیاندا ئەوە هەڵدەبژێرن، کە چاکترین حاڵەت بۆ خۆدەربازبوون ملکەچبوون و گوێڕایەڵییە، چونکە هێزی دەروونیان هێندە لاوازە متمانەیان بە خۆیان نییە. بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیانە کە لەو رۆژەوەی ئۆجەلان گیراوە، هەموو داخوازییەکی پەکەکە لە خۆپیشاندانەکاندا تەنیا ئازادکردنی ئۆجەلانە، چونکە خۆیان بە بێ ئۆجەلان ناتوانن سەربەخۆیی خۆیان رابگەیەنن و پارتەکەیان بەڕێوەبەرن، هەرچەندە دەزانن ئەمەی ئیستا دەیکەن هەڵەیە، بۆیە وەکو ئەرستۆش لە پێناسەی (Arete and Akrasia) باسی ئەم حاڵەتە دەکات و دەڵێت: (کەسایەتیی لاواز بۆ خۆشی ئەو ڕاستیە دەزانێت، بەڵام ناتوانێت ئەوەی کە راستە بیکات.).
(ئەم باسە دوور و درێژە تەنیا ئاماژەیەکی کورتمان پێیدا).
(ئەم باسە دوور و درێژە تەنیا ئاماژەیەکی کورتمان پێیدا).
• ئەوانەیش کە باسی ئاشتی دەکەن، زۆربەیان مەبەستیان لە ئاشتی راستەقینە نییە، بەڵکو لە لاوازییاندا خۆیان بەدوور دەگرن و لە ڕووبەڕووبوونەوە دەترسن، زۆربەی ئەندامان و لایەنگران هەروەها سەرکردایەتییەکەی پەکەکە، کەسایەتییان بە بێ ئۆجەلان لاوازە ئەو کەسایەتییە ناتوانێت، "خۆیان" دیوە راستییەکەی خۆیان ببینن. چونکە بوێری ئەوەیان نییە بۆ خۆیان ببنە بڕیاردەر و هەڵبژاردەیەک بۆ ڕێگای خۆیان دابنێن، ئیرادەشیان ئەوندە بەهێز نییە، بەرگەی دەرئەنجامی بڕیار و هەڵبژاردنەکانی خۆیان بگرن.
3- ئۆجەلان دەیسەلمێنێت، کە پارتیی کرێکارانی کوردستان، پارتێکی کوردستانی نییە، لەوەش پەشیمان دەبێتەوە، کە ئامانجی رزگاریی و سەربەخۆیی کوردستان بووە.


رۆژنامەنووسێکی نەرویژی و دۆستێکی کورد بەناوی (Erling Folkvord) سەردانی کوردستانی کردووە، لە نزیکەوە چەند سەرکردەیەکی کوردی دیوە، چۆتە بیقاع و لەگەڵ ئۆجەلانیشدا گفتوگۆی کردووە، لە کتێبەکەیدا بە ناوی (kurdistan om folk og framtid)دەڵێت: لێم پرسی: ئایا ئامانجی ئێوە سەربەخۆیی کوردستانە؟ ئۆجەلان لە وەڵامدا دەڵێت: ئەوە تۆ چی دەڵێیت؟ نەخێر ئامانجمان ئەوە نییە، تەماشا بکە، ئەو چەکدارانە دەبینیت، زۆربەیان تورکن، ئێمە بۆ تورکیایەکی ئازاد تێدەکۆشین!
4- لە گۆڤاری کۆنتراکتدا ژمارە 3 لاپەڕە 27 گۆران قەرەداغی بەناونیشانی (ریپۆرتاژێکی چاوەڕواننەکراو) چەند زانییارییەکمان پێدەدات، کە لە زمانی یەکێک لەوانەی بۆتە پەکەکە، دەگێڕێتەوە:
..... گروپێک لەو پێشمەرگانە (مەبەست لە شەڕڤانانە)، کە دەورەی پەروەردە و مەشقیان تەواو کردبوو لە ریزێکی سەربازییانەدا وەستابوون، بە دەنگێکی بەرز، کە دەروونی دەهەژاند، بە خوێندنەوەی دروشمی:
(باکور، باشوور، رۆژهەڵات- وڵات هەر یەکە وڵات) پێشوازییان لێکردین.
دەپرسێت: خۆرئاوا لە دروشمەکەدا نەبوو؟ ئەویش وەڵام دەداتەوە: نەخێر....
کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە بۆ خوێندنەوەی:
kurdistanpost.com/library/contrakt/3.pdf
کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە بۆ خوێندنەوەی:
kurdistanpost.com/library/contrakt/3.pdf
5- رۆژنامەنووسێکی سوری- بە رەچەڵەک فەلەستینی، بەناوی (نبیل الملحم)، کە لەگەڵ موخابەراتی سورییدا کاری دەکرد، ئەمیش دیدارێکی لەگەڵ ئۆجەلاندا ئەنجامداوە، دوایی پرسیار و وەڵامەکانی کردوووە بە کتێبێک بەناوی (سبعة ایام مع آبو- قائد و شعب) ئەم کتێبە راگەیاندنەکانی پەکەکە خۆیان وەریانگێڕایە سەر کوردی بەناونیشانی: (حەوت رۆژ لەگەڵ سەرۆک ئاپۆ)، پاش ماوەیەک لێی ژوان بوونەوە و نەیانهێشت دەستاودەست بکات، وازیان لە ىڵاوکردنەوەی هێنا.. لە وەڵامی پرسیارێکدا، کە ئایا کورد لە سوریا هەیە؟
ئۆجەلان بوونی ئەمە رەت دەکاتەوە، دەڵێت: مێژوویی کوردەکان لە سوریا زۆربەیان خەڵکی باکوری کوردستانن و دوای سەرکوتکردنی شۆڕشی شێخ سەعید لە ساڵی 1925 لەلایەن سوپای تورکیاوە، هاتوونەتە سوریا و ئاوارەبوون، ئەوانە دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ کوردستانی تورکیا.

لەو بارەیەوە نووسەرێک بەناوی (جەمال حامی) هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو کتێبە کردووە، دەڵێت: خوای گەورە ڕەحم بە ئەکتەری سوری (حوسنی ئەلبۆرزان) بکات، کە بە رەچەڵەک کوردیشە، دەیگوت “ئەگەر دەتەوێت بزانیت لە بەرازیل چی ڕوودەدات، پێویستە سەرەتا بزانیت لە ئەرجەنتین چی ڕووی داوە”. بۆ ئەمەش ئەگەر بتەوێت بزانیت لە کوردستانی سوریا چی ڕوودەدات، ئەوا دەبێت ئێمەش سەرەتا هۆکارەکەی بگەڕێینەوە بۆ کتێبی (حەوت ڕۆژ لەگەڵ ئاپۆ) ئەوە بخوێنیتەوە. کە تا ئەمڕۆش، کوشتن، ئاوارەبوون، سووکایەتیکردن، وێرانکردن، گۆڕینی دیمۆگرافیای رۆژئاوای کوردستان، کە بە قازانجی عەرەب، لێدانی پڕۆژەی نەتەوەیی، لەدەستدانی دۆزی کورد، پەرشوبڵاوی کورد، دڕاندایەتی دەسەڵاتدارانی سوری، و پارچەپارچەکردنی یەکڕیزی کورد، چونکە ئۆجەلان بەشێک لە بوونی کورد لە سوریا ڕەتدەکاتەوە، کە لە ڕێگەی ڕێککەوتننامەی سایکس پیکۆوە بە سوریاوە لکێنراوە. (کلیک لەسەر هەر یەک لەو دوو لینکەی خوارەوە بکە):
رۆژنامە سورییەکە لە ئۆجەلان دەپرسێت: بە ملیۆنان کورد لە گوند و شارەکان ئاوارە بوون و تورکەکان دەڵێن ئەمە بەهۆی ئەو شەڕانەوەیە، کە ئۆجەلان بەسەرماندا سەپاندوویەتی. ئەو شەڕانەش، کە باسیان دەکەیت، دەبێتە هۆی بڵاوەپێکردنی خەڵکی مەدەنی لە نێوان پایتەختەکانی ئەوروپا و دەربەدەر دەبن. ئایا تا ڕادەیەک تۆ خۆت بە بەرپرسیار نازانیت، کە چی بەسەر ئەم کوردانەدا دێت و هاوڵاتی مەدەنی کورد لە نێوان دوو ئاگردا گیری خواردووە! ئاگری ئێوە و ئاگری تورک؟
- ئۆجەلان وەڵام دەداتەوە:- ئاوارەبوونی گەلی کورد سەرکەوتنە! ئەمە لە خۆیدا شۆڕشێکە! ئەم ئاوارەبوونەی کورد دەوڵەتی تورکیا دەخاتە تەڵەوە و هێزێکی زۆری پێبەخشیوین.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان


















