<

کێ دەتوانێت گۆڕانکاریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکات؟

09/08/2025, 22:00 (GMT+1)
- ئایا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، هاوپەیمانی نوێ دروست دەبێت؟ وە دوژمنە کۆنەکانیش دەبنەوە بە دۆستی یەکتر؟
- ئاخۆ چەند سەد ھەزار کورد، کوژرابێت، لە ڕوخاندنی کۆماری مەھاباتەوە تا ئەمڕۆ ؟
- ئاخۆ ئێستا کاتێکی ستراتیژیە، بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست؟ ئەی ئاخۆ پەرلەمانتارانی خەوتووی کوردستان چ خەوێک ببینن؟
- ئاخۆ ئێستا کاتی بانگەوازێکی نیشتمانی و نەتەوەیی بێت بۆ پەرلەمانی کوردستان و لایەنەکان؟
- ئاخۆ دەستەڵاتدارانی کوردستان دەتوانن وانەیەک لە ئیسرائیل وەر بگرن؟
- ئایا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، هاوپەیمانی نوێ دروست دەبێت؟ وە دوژمنە کۆنەکانیش دەبنەوە دۆستی یەکتر ؟
- جیهانی دەوروبەرمان بە خێرایی دەگۆڕێت. هاوپەیمانی نوێ دروست دەبێت و دوژمنە کۆنەکان دەبنەوە دۆستی یەکتر و بۆ بەدەستھێنانی زیاترین بەرژەوەندی بۆ ووڵاتەکانیان! وە سنوورەکانیش بە هێمنی و سەرلەنوێ دەکێشرێنەوە!
بەڵام گەلی کورد تائێستاش بەسەر چوار ووڵاتدا دابەش بووە! وە قوربانی پەیمانی سایکس - پیکۆیە،  وە زیاتریش لە سەد ساڵیشە دەچەوسێتەوە!
- کەواتە ئەگەر لەئێستادا پەرلەمان و لایەنە سیاسیە کوردیەکان خەبەریان نەبێتەوە ، ئەوا جارێکی تریش کورد پەراوێز دەخرێتەوە لە پەیمانێکی تری تازەی نێودەوڵەتیدا!
- ئاخۆ چەند سەد ھەزار کورد لە پەیمانی سایکس پیکۆە  تا ئەمڕۆ کوژرابێت؟
- کۆی گشتی کوژراوانی کورد (مەزەندەکراو) لە ساڵەکانی ١٩١٦-١٩٤٦ لە نێوان ٥٠ هەزار بۆ ١٠٠ هەزار، کە زۆربەی بە شێوەیەکی بەرچاو لە تورکیا بووە و بەشێکی لە عێراق و  لە ئێران. ھەرچەندە زۆرجار سەرچاوە تورکییەکان ئاماری کەمتر دەکەن وەک لە سەرچاوە کوردییەکان یان لەسەرچاوە ڕۆژئاواییەکان!
- لە کەوتنی کۆماری مەهابادەوە لە ساڵی ١٩٤٦ تا جینۆسایدی ئەنفال! وە لە بۆردومانی عەفرینەوە تا توندوتیژی سیزیر!  زیاتر لە ٢٦٥ هەزار کورد کوژراون و وەهەزاران گوندیش وێران کران و وە ملیۆنان کوردیش ئاوارە بوون و سەدەھا ھەزار کوردیش تەعریب کراون لە عێراق و سوریا، وە لەتورکیا بەتورک کراوە و لە ئێڕاھیش بەفارسیش کراون! لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز پرۆسەیەکی یاسایی نێودەوڵەتی جددی لە دژی ئەم تاوانانە نەبووە! ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ غەم ساردی سیاسەتمەدارانی کورد لە ھەموو پارچەکان و دەستەڵاتدارانی کورد لە باشور!
- ئاخۆ ئێستا کاتێکی ستراتیژیە بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست؟ ئاخۆ پەرلەمانتارانی خەوتووی کوردستانیش چ خەوێک ببینن؟
- لە کاتێکدا دەوڵەتانی عەرەبی لە ڕێگەی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام لەگەڵ ئیسرائیل ڕێک کەوتوون وەک ئیمارات و بەحرەین و سودان و مەغریب ! وە لە ئێستاشدا سعودیەش ڕێک کەوتوون یان بەم نزیکانە بە ڕەسمی ڕێک دەکەون!
تورکیا و ئێران تا دێت زیاتر توشی شەڕو بەیەکدادان دەبن لەگەڵ ھێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکاندا و دژی کوردیش، کەچی پەرلەمانی کوردستان لەم کاتە ھەستیارانەدا لە هەولێر بێدەنگە و نقەی لێوە نایە! ئاخۆ بۆچی وا بێدەنگە؟
- کورد لە شەڕدا ئازایەتی خۆی سەلماندووە! لە چیاکانی قەندیلەوە بگرە تا شەقامەکانی کۆبانێ،  لە دژی داعش و دژی دیکتاتۆرە جیاوازەکان و دژی ژەهراوی کردن و بۆردومان کردن وەستاونەتەوە! بەڵام ھەر وەک کورد دەڵێت:
کورد لە شەڕەکاندا سەرکەوتووە، بەڵام لە دانوستانەکاندا دۆڕاوە!
- ئەم دۆڕانەش بە لاوازی بۆ ھێزی کورد دانانرێت! بەڵکو بەهۆی نەبوونی دیدگایەکی فراوان بۆ دیپلۆماسیەت و پلانی دواڕۆژ و ستراتیژیەکی سیاسی گشتگری نەتەوەیی. ئەو پلانەش دەبێت لە لایەن کەسانی شارەزای سیاسەتی نێودەوڵەتی و یاسایی دابنرێت، ھەتا بتوانن خۆیان بگونجێنن لەگەڵ کات و شوێنی ھەلی زێڕیندا، وە بزانن چۆن لەگەڵ فشاری نێودەوڵەتییەکاندا ھەڵسوکەوت دەکەن!
- لەم قۆناغە نوێیەدا کە ئێران دابڕاوە و بێ ھێزە دۆڕاوە، وە تورکیاش کاریگەری خۆی لەسەر زەوی ناوچەکە، زیاتر لەدەست دەدات، وە کوردیش لە عێراق و سوریا زیاتر نیمچە سەربەخۆ و ئۆتۆنۆمی ھەیە!
کەواتە،  ئێستا بۆ یەکەمجارە کە دەرفەتێکی زێڕین هەیە بۆ ئەوەی دۆزی کورد ببرێتە کارنامەی نێودەوڵەتییەوە! بەڵام ئەبێت دەست پێشخەرییەکە لە خۆمانەوە بێت!
- ئاخۆ ئێستا کاتی بانگەوازێکی نیشتمانی و نەتەوەیی بێت بۆ پەرلەمانی کوردستان و لایەنەکان؟
پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە سەرچاوەی و شەرعیەت و بەرپرسیارێتی مێژوویی هەیە، دەبێت ئەو هەنگاوە بنێت! وە ئەمڕۆش باشترە لە سبەینێ! واتە ھەتا زووتر بێت باشترە!
با ئەندامانی پەرلەمان بانگەواز بکەن بۆ:
١ -  پڕۆسەیەکی پەرلەمانی بۆ چارەسەرکردنی جینۆسایدی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە فەرمی. ھەر لە ئەنفال و هەڵەبجە دەست پێ بکات، وە ھەنگاو ھەنگاو پرۆسەکە فراوانتر بکەن بۆ ئێران و سوریا و تورکیا!
٢ - دامەزراندنی دادگایەک بۆ (ڕاستیەکان و دادپەروەری کوردی) بە پاڵپشتی ڕەوەند و پارێزەران و قوربانیەکانی ئەو کارەساتانە!
٣ -  گرتنەبەری ڕێگای دیپلۆماسی بۆ ئەو وڵاتانەی کە دەتوانن لە ڕووی ستراتیژییەوە هاوکاری کورد بکەن، وەک فەرەنسا و باشووری ئەفریقا و ئیسرائیل و ئەرمینیا و هەندێک دەوڵەتی کەنداو!
٤ - دانانی لیژنەیەکی هەمیشەیی تایبەت لەناو پەرلەماندا بە ئامانجی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە مافی چارەی خۆنووسینی کورددا!
٥ - دانانی لیژنەیەکی هەمیشەیی بۆ دانانی پلانێکی ستراتیژی نەتەوەیی گشتگر، بەبەژداری ھەموو حیزبەکانی کوردستانی گەورە (ھەر چوار پارچەکە)! بەمەرجێک ئەو لیژنەیە پێکھاتبێت لە سیاسەتمەدارانی شارەزا لە یاسای نێودەوڵەتی دا ، ھەتا بتوانن بەیەک دەنگ لەگەڵ ھێزەگەورە نێودەوڵەتیەکاندا کۆببنەوە و بەشداربن لە گۆڕانکاریەکانی داھاتووی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا!

لەکۆتاییدا دەڵێم:

ئێمە گەلێکی خاوەن مێژوویەکی دە هەزار ساڵە و ملیۆنان دەنگ و هەزاران شەهیدین! ئێمە لەم ناوچەیەدا تەنھا ئازار و ماڵوێرانی و ئاوارەیی و ڕاگوێزانمان چەشتووە، جارێک بە ناوی ئاینەوە لەلایەن ووڵاتە موڵسوڵمانە داگیرکەرەکانی کوردستانە و دینبازە ناوخۆییەکانی کوردستانەوە.
ئەوان بەکردەوە سەریان بڕیوین و ئافرەتانیان کردووە بەکەنیزە و بۆ فرۆشتن دانرا بوون لەبازاڕەکانیاندا، وەجارێکیش بەناوی نەوە پەرستیەوە لەلایەن عەرەب و تورک و فارسەوە، ڕۆڵەکانی کوردیان لەسێدارە داوە و کوردستانیشیان ووێران کردووە!
- کەواتە ئێستا کاتی پەرتەوازەیی حیزبی، و دابەشبوون و و سەرسەختی ھەندێک لە سیاسەتمەدارو بەرژەوەندی تەسکی کەسی و حیزبی و بێدەنگی ناوخۆییش نییە! ئێستا ئەو کاتە زێڕینەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو دیپلۆماسییەی کە گەلەکەمان شایەنێتی بۆ ھەموو ئە قوربانیانەی کەداویەتی! ئەگەر ھەرسیاسەتمەدارێک یان حیزبێک حەز بە سەرسەختی  و خۆ بەزل زانین و پەرتەوازەیی دەکات! با ئەوەیان بھێڵنەوە بۆ دوای ئەم پرۆسەیە!  وەک ئەوەی لەسیاسەتی ئیسرائیلدا ڕودەدات!
- ئاخۆ دەستەڵاتدارانی کوردستان دەتوانن وانەیەک لە ئیسرائیل وەر بگرن؟
سیاسەتی دەرەوە ئیسرائیل وەک بەرژەوەندییەکی نەتەوەیی لە سەرووی بەژەوەندی کەسی حزبایەتیشەوەیە!
ئیسرائیل لەسیاسەتی ناوخۆی بە قووڵی دابەش بووە، ململانێی توندی ھەیە لە نێوان حزبەکان و گروپە ئایینییەکان و بزووتنەوە ئایدۆلۆژییەکان، بەڵام لە ناو پەرلەماندایە! بەڵام سەبارەت بە بەرژەوەندییە ئەمنی و دەرەکییەکانی ئیسرائل (وەک پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا، پلانی ستراتیژی دژی ئێران و کلکەکانی و ھتدد)، کۆدەنگی نیشتمانی و نەتەوەیی) هەیە!
کەواتە ( شەڕکردن لە پەرلەمان ڕێگەپێدراوە نەک لە باڵیۆزخانەکان) ، ڕەنگە ئەمەش گرنگترین وانەی ئیسرائیل بێت بۆ کورد، ئەویش هێشتنەوەی دابەشکارییە ناوخۆییەکانی کوڕد با لەناو دیوارەکانی پەرلەماندا بێت، بەڵام دەبێت لەدەرەوەی پەرلەمان، یەکڕیزی و یەک دەنگی و یەک ھەڵوێستی و یەک نەتەوەیی پیشان بدەن!
- چونکە ئەگەر ئێمە ئەم دەرفەتە نەقۆزینەوە و خۆمان نەگونجێنین لەگەڵ ئەو گۆڕانەی کەبەڕێوە دەچێت لە نەخشە و وویستی زلھێزە جیهانیەکان، ئەوا  ھێزە ناوچەیی و دەرەکیەکان بڕیار بۆ ئێمەی کورد دەدەن! ئەو بڕیارەش زۆرجاڕ دور دەبێت لە ویستی ئێمەوە! چونکە ئەو بڕیارانەی ئەوان بەزۆر بەسەر ئێمەدا دەیسەپێنن! ئەوگاتە ھێزە ناوچەیەکانیش جارێکی تر بوارێکی تازەیان بۆ ھەڵدەکەوێتەوە کە دژی کورد بوەستنەوە! ھەرەوەک بینیمان لە پەیمانی سایکسپیکۆدا!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست