<

لالەزار

07/09/2025, 20:24 (GMT+1)

وەک چالاکوانێکی داکۆکیکارێک لە مافەکانی مرۆڤ، کە پابەندم بە بنەما ئەخلاقییەکانی مرۆڤایەتی، ئەو ڕەفتارە ناشیرین و دڕندانەیەی لەلایەن ئەم هێزە چەکدارەوە بەرانبەر بە (لاهور شێخ جەنگی) نیشان درا، بە کارێکی قێزەون و نامرۆڤانەی دەزانم، ئەم هەڵسوکەوتە بە ڕوونی ئاشکرای دەکات کە ئەم چەکدارانە وەک دڕندە مامەڵە دەکەن نەک وەک مرۆڤ، و لەکاتی شەڕیشدا هیچ تێگەیشتنێکیان بۆ بەها بنچینەییەکانی مافی مرۆڤ نییە دەهەق بە هەڵسوکەوتکردنیان لەگەڵ دیلێک، پێویستە ڕێزی لێ بگیرێت.

دیمەنی ئەو ڤیدیۆیە کە دونیای تەنیوە و تێیدا بە دەنگی بەرز جنێو و سووکایەتی بە لاهور شێخ جەنگی دەدرێت و تەنانەت زلە و شەق لەپشتی ملی دەوەشێنن، ئەم ڕەفتارە ئەوپەڕی ترسنۆکی و نامرۆڤانە و نامەردیی یە، هەرچەند دڵنیام ئەو کەسانە ڕۆژێک دێت و باجی ئەو کارەیان وەردەگرنەوە.

لەم ڤیدیۆیەدا،  زۆر ماناو مەغزا لەچیرۆکی بەدیلگرتنی لاهور شێخ جەنگی دەتوانین وەربگرین، کە زۆر لەچیرۆکی بەدیلگرتنی سەرکردە و چەکدارەکانی تر جیاواز ترە:

ـ ڕۆژێک لە ڕۆژان لاهور شێخ جەنگی سەرکردەی هەمان ئەو چەکدارانە بوو.

ـ  بەرپرسی ڕاستەوخۆی هەمان ئەو چەکدارانە بوو، و ڕەنگە لە زۆر دۆخیشدا پشتیوان و هاوکاریان بووبێت.

بەڵام ئەو گرتە ڤیدیۆییە وانەیەکی گرنگە و دەبێت هەموو بەرپرسێک وانەی لێوەربگرێت:

ـ  ڕۆڵ و بەرپرسیارەتیی ئاغایەتی و پۆست هەمیشەیی نییە.

ـ  متمانە بەو پاسەوانانەیان نەکەن کە تاسەر پارێزگاریان لێ بکەن، ئەوەتا هاوڕێ و پاسەوانەکانی خۆی لە کاتی بەدیلگرتنی بە قێزەونترین شێوە سووکایەتییان پێکرد.

ئەم ڕووداوە، سەرسێکی بەنرخە بۆ هەموو بەرپرسان، و ئەگەری دووبارەبوونەوەی بۆ زۆرێک لە بەرپرسان هەیە.

خاڵێکی دیکە: دەتوانین بڵێم لەم شەڕەدا ( لاهور شێخ جەنگی) کەلەناو بینایەکی ڕووت و لەژێر هێرشی تانک و تۆپ و هێزێکی زۆردا، گەمارۆ درابوو  دوای نزیکەی چوار سەعات شەڕ،  بەرگرییەکی سەخت و بەهێزی کردوە. بیستوەمە دواجار لەپشتەوە خەنجەری ژەهراوی لێدرا و بەو هۆیەشەوە بەدیل گیرا. واتە، بە ترسنۆکی و بەجەبانی تەسلیم نەبوو، بەڵکو خیانەت پشتی شکاندوە.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست