وانەکانی پارتی لیکودی ئیسرائیلی بۆ کوردستانێکی بەهێزتر
31/08/2025, 22:02 (GMT+1)

ئایا ئیسرائیل و کورد ، دوو گەلی جیاوازن و دوو چیرۆکی نزیک لەیەکیان هەیە؟
- ئایا تەمەنی پارتی لیکوی ئیسرائیلی کورترە لە تەمەنی پارتی دیموکراتی کوردستان؟
- ئاخۆ حیزبە کوردییەکان دەتوانن چی لەپارتی لیکۆدی ئیسرائیل فێربن؟
- ئاخۆ دوژمنەکانی کورد و ئیسرائیل لە توندڕەوی و ستەمکاریدا هاوبەشن؟
- ئاخۆ پارتی لیکود و حیزبە کوردییەکان دەتوانن پێکەوە کاری هاوبەش بکەن؟ چۆن و لە کام بواردا؟
- ئایا وانەکانی پارتی لیکود بۆ پارتی و یەکێتی چین، وەک دوو حیزبی گەورەی باشور؟
_ ئایا ئیسرائیل و کورد ، دوو گەلی جیاوازن و دوو چیرۆکی نزیک لەیەکیان هەیە؟
مێژووی جولەکە و کورد لە زۆر ڕووەوە لەیەک دەچن!
هەردوو گەل بەرگەی سەدەها زوڵم و چەوساندنەوەیان گرتووە، وەخەونیان بەسەربەخۆیی ووڵاتی خۆیانەوە، بینیوە، وە بۆ ئاسایش و ئازادی تێدەکۆشن.
بۆ ئەم مەبەستەش لە کوردستان و ئیسرائیل حیزبە سیاسییەکان دروست بوون کە ئامانجیان ئەوە بوو کە سەرکردایەتی گەلەکانیان بکەن بۆ ئازادی و هێمنی و بەختیاری و دادپەروەری.
- لە ئیسرائیل، پارتی لیکود لە ساڵی ١٩٧٣ دامەزرا.
- لە کوردستانیش پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ دا دامەزرا.
- دواتر یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ دامەزرا.
بەڵام دەبینین کە ئەنجامەکانیان زۆر جیاوازن!
پارتی لیکودی ئیسرائیل ئەو خەونە سەربەخۆییەی بۆ ئیسرائیل بەدیهێنا و ئەمڕۆش ئیسرائیل وەک زلهێزێکی ناوچەیی لەسەر پێی خۆی وەستاوە. بەڵام کورد لە ساڵی ١٩٤٦ (پارتی) و ١٩٧٥ (یەکێتی)ەوە حیزبی هەیە، کەچی هێشتا دەوڵەتی نییە، هەنێک جاریش دەستیان دەچێتە خوێنی یەکتر! بۆچی؟
- ئاخۆ حیزبە کوردییەکان دەتوانن چی لەپارتی لیکۆدی ئیسرائیل فێربن؟
پارتی لیکود لە ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ دەسەڵاتی جیهانی هەنگاوی نا، سەرەڕای دژایەتییەکی توند! ئەو توانی کە خۆی بکاتە هێزێکی پێشەنگی ئیسرائیل.
لە سەردەمی سەرکردەکانی وەک مێناخێم بیگین و بنیامین نەتانیاهۆ، توانیان پارتەکەیان و ئیسرائیلیش وەک هێزێکی گەورەی ناوچەیی بخاتە سەر نەخشەی جیهان!، ئەویش بەوەی کە پلانی تۆکمەی سازدان و ئابوورییەکی بەهێز و داهێنانی تەکنەلۆژی و باڵادەستی سەربازی هەبوو و هەیە!
پارتی لیکود چاکی دەیزانی کە یەکگرتوویی ناخۆ و سیاسەتی پراگماتیکی شتێکی جەوهەرییە!. بەوەش پلانێکی گشتگری دانا، کە جیاوازییە ناوخۆییەکانی ئیسرائیل هەرگیز نابێت دەوڵەتی ئیسرائیل بخاتە مەترسییەوە!
هەرچەندە شوێنی جوگرافی ئیسرائیل باشترە چونکە چواردەوری بە دوژمن نەگیراوە و لەسەر دەریایە! بەڵام کوردستان چواردەوری بە دوژمن گیراوە! کەواتە لەم بارەدا، دەبوایە پارتە کوردیەکان زیاتر یەکگرتوو بوایە بەرامبەر بە دوژمنەکانیان هەتا بتوانن گۆڕانکاری مێژووی بکەن!
دەبێت ئەو ڕاستیەش بڵێین کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مستەفا بارزانی، ئۆتۆنۆمی لەساڵی ١٩٧٠ بۆ کوردستانی عێراق بەدەستهێنا!
وە یەکێتیش بە سەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانی ڕێبازێکی تری شۆڕشی (سۆشیال دیموکرات) پێشکەش کرد و پاشان تاڵەبانی بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق لەساڵی(٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٤)
لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار ئەو دوو لایەنە لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەهۆی شەڕی ناوخۆوە، دۆزی کوردیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لاواز کرد! وە لەدوای کەوتی (سەدام حسێن)یش کە هێز و دەستەڵاتی گەورە تریان هەبوو لە هێزە شیعەکان (لەسەرەتای پرۆسەکەدا) بەڵام بەداخەوە نەیان توانی ئەو هێز و دەستەڵاتە یاساییەی کەهەیان بوو بەکاری بهێنن بۆ بەرژەوەنی نەتەوەیی و خەونی گەورەی کورد، وەک پارتی لیکودی ئیسرائیلی، بەڵام لەگەل ئەو هەلە لە دەستچوونەشدا، ئێستاش وانەیەک لە مێژووی بەئازاری خۆیان فێرنەبوون! ئەو دوو حیزبە لە ململانێ و دووبەرەکیەکی بەردەوامدان لەسەر سیاسەتی ناوخۆی کوردستان و دیبلۆماسی دەرەوەی کوردستان، بەوەش نوێنەرە دیبلۆماسیە نێودەوڵەتیەکان نازانن لەگەڵ کام لایەن بدوێن!
- ئاخۆ دوژمنەکانی کورد و ئیسرائیل لە توندڕەوی و ستەمکاریدا هاوبەشن؟
ئیسرائیل و کورد دوژمنی سەرسەختیان هەیە، کە دەیانەوێت لەناویان ببەن، وەک:
گروپە توندڕەوەکانی وەک داعش و ئەلقاعیدە و حەماس.
ڕژێمە دوژمنکارەکانی ئازادی وەک ئێران و سوریا و تورکیا و عێراق! بەوەش ئیسرائیل دەبێتە دۆستی گیانی بەگیانی کورد! وەک پەندێکی کوردیش دەڵێت (دوژمنی دوژمنم، دۆستمە)
- ئاخۆ پارتی لیکود و حیزبە کوردییەکان دەتوانن پێکەوە کاری هاوبەش بکەن؟ چۆن و لە کام بواردا؟
١ - لەبواری ئاسایش و هەواڵگری: ئیسرائیل دەتوانێت تەکنەلۆجیا و زانیاری بۆ کورد دابین بکات، کوردیش دەتوانێت ئەزموونی شەڕ و زانیاری خۆیان لە ناوچەکەدا پێشکەش بە ئیسرائیل بکات!
٢ - لەبواری دیپلۆماسی: لۆبیکردنی هاوبەش لە ئەمریکا و ئەوروپا هەردووکیان بەهێزتر دەکات!
٣ - لەبواری میدیا: ئیسرائیل و کورد دەتوانن پێکەوە هەواڵ و بۆچونی جیاوازتر لە توندڕەوەکان و دەستەڵاتە دکتاتۆرە عەرەب و تورک و فارسەکان، پیشانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدەن، ئەویش بەوەی کە ژیان بە ئازادی و دیموکراسی و پێشکەوتن، جوانتر و هێمنتر پیشانی گەلانی ناوچەکەی بدەن، کە لە دیموکراسیدا هەمووان هەمان مافیان هەیە و پارێزراون بەپێی یاسا!
- ئایا وانەکانی پارتی لیکود بۆ پارتی و یەکێتی چین، وەک دوو حیزبی گەورەی باشور؟
لایەنە کوردییەکان بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لە ئەستۆدایە. ئەگەر بەڕاستی بیانەوێت بەهێزتر بن، دەتوانن لە پارتی لیکودی ئیسرائیل و لە ئەزموونەکانی خۆشیانەوە فێربن:
١ - یەکگرتوویی لە سەرووی هەموو شتێکەوە! پێویستە بیر لە کۆتایی بە ڕکابەرییە ناوخۆییەکان بهێنرێت. چونکە سیاسەتێکی نیشتمانی و نەتەوەیی یەکگرتوو دەبێتە هێزێکی لەبن نەهاتوو بۆ خەونی سەربەخۆیی. وەک هەموان دەزانین، گەلێکی دابەشبوو، زۆر ئاسانترە بۆ چەوساندنەوە و ژێردەستەیی!
٢ - وەبەرهێنان لە خۆشگوزەرانی:
تەندروستی و پەروەردە و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت، ببێتە چەق و تشکۆ بۆ پلانی سیاسیەکان چونکە میللەتێک ژیانێکی ئاسودەی هەبێت و بە باشی بژی، ئەوا زیاتر پشتیوانی هێزە نیشتمانەکان و سەرکردەکانیشی دەکات!
٣ - هەمەچەشنکردنی ئابووری:
پێویستە سەرکردە سیاسیەکان تەنها پشت بە نەوت نەبەستن! بەڵکو وەبەرهێنان بکەن لە کشتوکاڵ و سەرچاوەی ئاو و پیشەسازی و کەرتی دیجیتاڵی و ژینگە و گەشت و گوزاریشدا!
٤ - پەروەردە و تەکنەلۆجیا:
ئیسرائیل لە ڕێگەی زانکۆ و داهێنان و تەکنەلۆژیای بەرزەوە بەهێز بووە.
کوردستانیش بە پێدانی دەرفەت بە گەنجان بۆ زانست و داهێنان و زیاتر گرنگیدان بە پەروەردە، دەتوانێت هەمان پێشکەوتن بەدەست بهێنێت! بەڵام بەداخەوە کە ئێستا داری دەستی حوکومەتی بەغدا و هەرێم، لەسەری مامۆستایان و کەرتی پەروەردەدا، شکاوە!
٥ - ئازادی و دیموکراسی:
ئیسرائیل زۆر کراوەیە و زیاتر ڕێز لەئازادی ڕۆژنامەگەری دەگرێت، بەوەش گەندەڵی زۆر کەم دەبێتەوە یان هەر نامێنێت و یاسا باڵا دەستە و باڵا دەستیش دەمێنێتەوە!
کوردستانیش ئەگەر بیەوێت دەتوانێت کراوە و شەفاف بێت، چونکە تەنها سیستەمێکی ئازاد و دادپەروەرانە دەتوانێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا باوەڕپێکراو بێت و ڕۆڵی کاریگەر بگێڕێت و گوێی لێ بگیرت!
- کەواتە خەونی ئازادی و ئاسایش بۆ ئیسرائیلی و کورد وەک یەکە. پارتی لیکودی ئیسرائیلی ئەو خەونەی گۆڕیوە بۆ دەوڵەتێکی بەهێز، لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی هێشتا لەگەڵ دابەشبوون و هاتووچۆدان بۆ بەغداد بۆ مووچە! بەوەش دەستێوەردانی ووڵاتانی دراوسێ زیاتر بووە و ناڕەزایی خەڵکی کوردستانیشی چۆتە پاڵی و پێگەی هەرێمیش کە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا زۆر پتەو نییە!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









