<

سیاسەت و خەستەخانە

10/10/2025, 11:27 (GMT+1)
رۆژی ٢٩ و ٣٠ مانگی ٩ بە پشکنین و چارەسەریی دەمارگیرانی دڵدا رۆشتم لە خەستەخانەی ئەکادێمسکا لە شاری ئۆپسالە. ئەنجامەکەی باش بوو. دەمارێک تەسک بوبۆوە بە دەرمان و باڵۆن بەریان دا.
ئەم چارەسەرییە چەندی تێ چو لەسەر من؟ وەڵام: هیچ.
لە کتێبی "٤ک، رێگایەک بۆ مرۆڤبوون"دا واتای سیاسەتم کردووە بەم جۆرە:
سیاسەت پارێزگاریی خەڵک و بەڕێوبردنێتی بە باشترین شێوەی توانا. مەلیک مەحمودیش وتوویەتی: "ئێمە بۆ بەڕێوبردنی خەڵک هاتووین، ئنجا کە خەڵکەکەمان کوشت ئیتر چی تیادا دەمێنێتەوە." ئەمەی لە وەڵامی راوێژکارێکدا وتووە کە ئامۆژگاریی مەلیکی کردووە چەند کەسێک گولـلەباران بکات بۆ ئەوەی خەڵک لێی بترسن.
قسەکەی مەلیک مەحمود ئەوە دەگەیەنێت کە دەستەڵات لە بەڕێوبەریی و پارێزگاریی خەڵک لای دا ئیتر رەوایی سیاسیی نامێنێت. لێرەوە دەبێت چی بکرێت، ئەوە بە جێگای خۆی.
ئەگەر پارەی تێچووی نەخۆشییەکانم بچووایەتە گیرفانی حکومەتی سویدییەوە پێی دەوڵەمەند دەبوو. جارێک تێچووی چەند دەرمانێکمم بینی ٦ دەفتەری کردبوو. چەندەها پشکنین و تاقیکردنەوەم بۆ کراوە.
هەر کەسە لە سوید ساڵی پارەیەکی کەم دەدا هەم بە دەرمان و هەم بە دوکتۆر کە هەر یەکەیان نزیکەی ٢٠٠ دۆلارە ئەگەر زو زو سەردانی خەستەخانە بکات.
سەیرەکە لەوەدایە کە ئەو هەموو خزمەتە دەکرێیت هیچ کەسێک چارەت لێ گرژ ناکات. هیچ دوکتۆرێک خۆیت بە سەردا بانادات. دەڵێی تۆ کارت بۆ ئەو کردووە و ئەو قەرزاربارتە.
چەند پارەت تێ دەچێت تۆ نازانیت. کەس نایدات بە روتا. دەڵێی ئوتومبیلی دەچیتە ناو گەراجەوە و دوایی دێیتە دەرەوە.
ئەوە وێنەیەکی سیاسەت و دیموکراتیی بوو لە بواری کەرتی چاودێرییدا. هاووڵات دەبێت لای وا بێت کە سیاسەت دەبێت بەو جۆرە بێت.
نامەوێت درێژە بدەم بە بابەت. بە کورتی سیاسەت و دیموکراتیی لە ناو خەڵکەوە هەڵ دەقوڵێت، وەکو گەزۆ لە ئاسمانەوە نابرێت. دەستەڵاتێکی ناسیاسیی بەرهەمی کۆمەڵگایەکی سەرەتاییە کە ئێستا کوردی تیادایە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست