جەنەڕاڵە کارتۆنییەکان لە باشووری نیشتماندا
23/10/2025, 4:10 (GMT+1)

بیرمەندی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێت:" کوردایەتیش تێکۆشانی ژیرانە و دڵسۆزانە و زانستکارانەیە بۆ گەیشتنی کورد بە مافە ڕەواکانی خۆی لە ئازادی و سەربەخۆیی و کامەرانییەکی لە ئیمکاندا بێت: هەڵبەتە- سەربەخۆیی- کە قەڵغانی سەلامەتی و بەزاندنی خەتەری تەفروتونابوونە، بەر لە هەموو مەبەستێکەوە دێت، دواتر حیسابی کەرامەتی تاک و دادی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆ...دێت. کە ئەمانەش دەبێ لە سەرەتای خەباتەوە بەشێکی فەلسەفەی تێکۆشان بن، نەک دواتر کە حاکمی کورد بوو بە جەللاد( وەک لە هەموو میللەتی تازە ڕزگاربووی دواکەوتوو ڕابەرەکەی کە بە عادەت دەبێتەوە میری سەربڕی خۆماڵی) سەر لە نوێ خەڵقەکە گۆڕەوشار بدرێتەوە بۆ ئازادبوونێکی تازەزاو" سەرچاوە: کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆچی بە شێتخانە دەچێت ل ٤١-٤٢.
هیچ هێزێک لەوە جوانتر نییە، کە بیردەکەیتەوە بۆ ساتێک کە تۆ ئەو هێزەت هەیە و دەتوانی یا لە تواناتدا هەیە لە کرداردا بینوێنی، ئەمە خەیاڵی تیفتیفەدراوی ڕەنگە هەموو مرۆڤەکان بێت، هیچ نەبێت لە سەردەمێکی ژیانیاندا و لە بوارێکدا کە بەدەستییەوە گیرۆدە دەبن، ئەم خەیاڵە جوانە مرۆییە، ئێخەی هەموو ئەو کەسانە دەگرێت کە کارەساتێک بەهەر هۆیەکەوە بێت، یەخەیان دەگرێت. چیرۆکێکی خەیاڵی مرۆییە و تەنیا یەک مرۆڤ، لەکاتێکی دیاریکراودا دەینووسێ، ڕەنگی دەکات، دەیبزوێنێ، با ئەکتەرەخەیاڵێکانی ناو ئەم فیلمە هەزارانیش بن، هەموویان بەهۆی ئەو خەیاڵەوە، دەبرێن و دەهێنرێن، ئەم نووسەرانە، هەمەیشە خێرخواز و ئاهوورایی و خۆبەخشیشن، وەک ئەوەی بیانەوێ ئەو چرکە ساتە کەمە ببینن کە (هەمووخۆیان) بەوانی تر بەخشیوە، ئەمە لایەنی ئایەتی بیرکردنەوەیە لە خۆ و لەوانی دی، بۆیە جوان و مرۆیانەیە و لەگەڵ یاسا گەردوونییەکان ڕێک دێنەوە.
ئەم خەیاڵە بۆیەش جوانە، چوونکە تا ماوەیەک هێزت پێدەبەخشێ و لە ڕاستەقینە ڕیالیستییەکان دوورت دەخاتەوە و لە دەرەوەی مەسەلەکانەوە بۆ ڕووداوەکان دەڕوانی، هەروەها ڕوویەکی جوانی تری ئەم خەیاڵە ئەوەیە کە هیچ زیانێک نە بەخۆت و نە بە ئەوانیتر ناگەێنێ.
لەناو میللەتی ئێمەدا، کە چێژەری ستەمی داگیرکردنێکی درێژخایەنە، لەم خەیاڵە کوردییە جوانانە هەمیشە وەک کارەکتەرێکی زیندوو بوونی هەیە، چوونکە مرۆڤی نەتەوەکەی ئێمە لە بەرەنگارییەکەی بەردەوامدایە، هەمیشە دەبێت لەسەر هەست، چالاک و لەبیرکردنەوەدا بێت، کە نەبادا شتێکی لێ بدزن و سەربووردەیەکی کۆپی بکەن و مۆری خۆیانی لێبدەن و گۆشەیەکی ژیانی کەل بکەن، ئەمە لەبواری کلتووریی بەتایبەت هونەر و مێژووەکەیدا زۆرکراوە. بۆیە بۆ زۆرینەی تاکی ئێمە، کە خۆی ناسیوە و پاشخانێکی کوردبوونی لە هەگبەکەیدا کۆکردۆتەوە و پێی دەژی و ڕەفتاری پێدەکات، ئەوە ئەو خەیاڵە مانایەکی تر و ڕەهەندگەلێکی نوێ وەردەگرێت، کە لەهەموو گەردووندا، تا ئێستا لە وێنەی نەبووە/ نابێت، مەگەر کوردێکی دی لە سەر هەسارەیەکی دی هەبێت کە وەک ئەم کوردەی سەر هەسارەی زەوی ستەملێکراو و داگیرکراو بێت. ڕەنگە پێم بڵێن: بڕوانە! کوردی لێکردووین بە عاجباتی، نا گیانەکەم، وەک چۆن چرکەیەک کە ڕابوورد، هەرگیز وەک خۆی دووبارە نابێتەوە، کوردبوونیش وایە، هەرگیز لەوێنەی خۆی دووبارەناکاتەوە، دەبێت کورد بیت، تا ئەو کووردبوونە ببێتە شانازییە یەکەمینەکەی ژیانت، کە کوردیش بوویت، ئێدی ئەم کورد بوونە ناتوانیت لە خۆت داماڵی، هەمانە کوردێکی ئازادیخواز، شەرافەتمەند و کوردستانپەروەرە، تیاشماندایە کوردێکی خیانەتمەند و کۆیلە و خۆ بەکەمزانە. دەی نموونەیەکی دی وەک قانعم بۆ بێنە کە ئەوەندە شانازی بەرزی بووبێت و هەمیشە بەو شانازیانە ژیابێت و لەو ساتە وەخت و لەو ژینەگە کوردییە و لەو دایکە کوردە و بەو جۆرە ڕەفتاری کوردبوونی خۆی کردبێ؟ یا پیرەمێردێکی دیم بۆ بێنە شەقی لە تاجی پاشایی و کۆشکی پاشایی هەڵدابێت و عەوداڵی وەرگرتنەوەی ئەو هەنارە بێت، کە لە خەونێکیدا لە کۆشکی پاشایی ڕۆمەکاندا دەیبینێ و (چوارباخی سلێمانی) لێ دەبێتە کوردستان و هەنارەکەش کوربوونێتی کە خەریکە لێی دەدزن، ئەمە کوردبوونە، جا لە ڕاستەقینەیەکدا پراکتیکی بکات وەکی قانع، یا لە خەونێکدا لێکدانەوەی بۆ بکات وەکی پیرەمێرد، کە لە دوایدا هەمووی لە داگیرسانی (نەورۆز)ێکدا کۆدەکاتەوە و گرێکی ئەبەدی بۆ خۆش دەکات، کە تا کورد مابێ، هەر کڵپەی دێ.
ئەم ستەمە زۆر قێزەوونە کە لە کورد کراوە/ دەکرێت، ڕۆڵی زۆر گرنگی بینیووە لە فۆڕم پێدانی دەروونی تاکی کورددا، هەن داگیرکردنەکە بۆیان بۆتە بەرەکەت چون بازرگانی شەڕن، هەشن(زۆرینەشن) کە داگیرکردنەکە بۆتە سفتکەر و خاراودەری بیر و بیرکردنەوەی ڕۆشنتر دەکاتەوە کە لە لوتکەی شەرافەتمەندیی کوردبووندا جێگایان گرتووە.
ئێمە پێشەوایەکمان هەبوو، بەهەموو مانای خۆبەخشین، ژیانی خۆی بەخشی بە نەتەوەکەی، بینیومانە و خوێندوومانەتەوە و دەیناسین، ئەم پێشەوایەی ئێمە، لە ماوەی یازدە ساڵی ئەو کۆمارەدا کە ئەو سەرۆکایەتی دەکرد، لەبەر هەر هۆیەک بووبێت، چوونکە ئێمە و کەسی تریش ناتوانێ هەستە بەرز و تایبەتەکانی پێشەوا کە هەر هی خۆین، بخوێنێتەوە و بزانێت لە پای چیدا و بەکام هۆ، نازناوی جەنڕاڵی بە کەسانێک بەخشیوە، ئازایەتی و شەڕکردن و بەرگریی سەخت، ڕووکاری پێدانی ئەم نازناوەن کە ئێمە وامان نیستووە، بەڵام ڕاستەقینەکان هەر لە دڵی خۆیدا بووە و ئەوانە ڕووکاری ناوەکی دییان هەیە لەلای پێشەوا کە ئێمە پەی پێنابەین و هەر دەشبێت وابێت، ئەو هەستانە تایبەت بەخۆی بوون. ئەو نموونە بەرزەکەی سۆز و بەڵێنی کوردەوارییە، کە لە کاتێکدا دەیتوانی بەهەموو هۆیەکی سیاسی باو، بەهانە بۆ دەربازبوون و بەجێهێشتنی خەڵکەکەی بهێنێتەوە و گیانی خۆی ڕزگار بکات، بەڵام ئەو لە پلەیەکی بەرزی وشیاریدا، کە بنەماکەی ئەو(سۆزە کوردەوارییە) بوو کە خۆی لەسەر پەروەردە کردبوو، بڕیاری مانەوەی دا لەگەڵ خەڵکەکەی خۆیدا، کە ئێمەوە وەک نەتەوەی کورد ئەم هەڵبژاردەیەی ئەو، لە حاڵی ئێستادا هەڵدەسەنگێنین، زۆر ڕێزدار و هێژای دەبینین، وا لێکی دەدەینەوە کە پێشەوا هەموو تاکێکی کوردی لە بیرکردنەوەی خۆیدا هاوبەشکردووە لە بڕیارەکانیدا، چوونکە نەتەوەکە متمانەی پێشەوایەتی بەو داوە، ئەویش ئەم پێشەوایەتییەی وەک تاجێک خستۆتەوە سەر سەری نەتەوەکە، واتە نەتەوەکە پاش پێشەوا ئەو مافەی هەیە، بەپێی ڕەفتاری کەسەکان سەبارەت بە نەتەوەکە، لە بڕیارەکانی پێشەوادا ڕۆبچێت و بەو متمانەیەش کە بە پێشەوایان هەیە، بەسەر بڕیارە دراوەکانیدا بچێتەوە و نازناوی(جەنەڕاڵ) لە کەسانێک وەربگرێتەوە لە پای خیانەتە نەتەوەییەکانیاندا، لە دوای مەرگی ئەو، چوونکە ئێمە دەزانین کە دوای مەرگی پێشەوا، خیانەتە نەتەوەییەکان لە بازنەی ئەڵقەیەکەوە فراوانکرا و بووە زنجیرێک لە خیانەتمەندی، نەتەوەکە بۆ شکۆ و ڕیزگرتن لە بڕیارەکانی پێشەوا، ئەو مافەی هەیە کە نازناوی(جەنەڕاڵ) لەو کەسانە وەربگرێتەوە، کە خیانەتیان بە نەتەوەکە کرد و تاکی نەتەوەکەیان کوشت و بەشێک لە نەتەوەکەیان ناچارکرد و تەسلیمی دوژمنانی کوردییان کردنەوە و خۆشیان جارێکی تر و دەیان جاری تر بوونەوە بە کەواسووری بەر لەشکری داگیرکەران بۆ دژایەتیکردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستانیی نەتەوەکە.
جا ئێستا لە باری شێواو و شەمزاوی باشووری کوردستاندا، کە بە هەرێمی کوردستان ناسراوە و خەڵکی ئەم دەڤەرە شایان بە هەرێمێکی ڕێزدار و بەهێز و خاوەن ئەخلاقی کوردەواریی و بڕیاردەر بوون، هیچ لەم کۆنسێپتە گرنگ و چارەنووس سازانە، نەک نەهاتنە دی بەڵکو ژیانی ئەو بەشە لە نەتەوەی کورد کرایە مایەی جەفەنگ و گاڵتە پێکردن، هەندێ کەس تووشی نەخۆشییەکی دەروونی بوون(لە سەرکردەی حیزبەکان)، کە پارە و پولی خەڵکی ڕەنجدەر و مامۆستای کوردەواریی و تەنانەت پێشمەرگەکانی کە زۆریان بەهۆی ڕۆژە سەختەکانەوە، پەککەوتە و لانەوازبوون، دەدەنە ئەسپی عەرەبی گرانبەها و ئۆتۆمۆبیلی سەدان هەزار دۆلاریی و ڕابوواردنی شەوانەی خۆیان، سوار ئەو ئەسپ و ئۆتۆمۆبیلانە دەبن و بە دوای خۆشیاندا، نازناوێکی کارتۆنی زەبەلاح وەک (ژەنەڕاڵ و دکتۆر و ناوگەلی عاجباتی)* کێش دەکەن، ئەمە لایەنە کۆمەڵایەتییە نزمەکەی ئەم جەنەڕاڵە کارتۆنی و دکتۆرانەیە، لەوە مەترسیدارتر، ئەوەیە کە ئەم جەنڕاڵە کارتۆنیانە کە سەرۆکبوونی حیزبێک، وەک پلەیەکی خودایی بەکاردێنن بۆ سووکایەتی کردن بە کچان و کوڕانی نەتەوەی کورد، بەتایبەتی ئەو کچ و کوڕانەی کە بەهەر هۆیەکەوە بێت، ڕۆژهەڵات جێدەهێڵن و خۆیان دەگەێننە بنکە و بارەگاکانی ئەم جەنڕاڵە کارتۆنیانە لە باشوور، واتە سووکایەتی کردن بە تاکی ڕۆژهەڵاتی ڕێبەری بزووتنەوە شکۆدارەکەی ژن ژیان ئازادی!!!.
نەتەوەی کورد، بیەوێت یان نا، ئێدی هەموو ڕەفتارێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و دبلۆماسی، کاریگەریی لەسەر هەموو بزووتنەوەی گەلانی میزۆپۆتامیا هەیە و وەک پێوەرێکی ستانداردی لێهاتووە کە بە هەڵکشانی، بزووتنەوەی گەلانی ئەو ناوچەیە دەژێتەوە و بە داکشانی، بزووتنەوەی گەلانی ناوچەکە سست دەبێت و دەکشیتە دواوە، ئەمە کاریگەریی ڕەفتاری نەتەوەکەیە، نەک زۆرینەی حیزبەکانی، چوونکە ئەگەر لە ئاوێنەی نەتەوەکەوە بۆ سەرکردەیەتی حیزبەکانی بڕوانی، ئەوا زۆرینەی سەرکردەیەتی حیزبەکانی، ئەو پەڵە نامۆ و ناشرینن، ، بەڵایەکی هەتا ئێستا چارەسەرنەکراون و کورد هەرچی بەسەرهاتووە، ئەمانە دەستێکی شاراوەیان تێدا هەبووە، کە زمانیش درێژ دەکەن و خۆیان لە پشتی مایکرۆفۆنێکەوە دەبینن، یەکەوڕاست باسی شەهید دەکەن، وەک ئەوەی کە شەهیدی کورد کاتێک لەدایک بوو، لەسەر ئەمان و بەناوی ئەمانەوە تۆمارکرابێت؟!، ئەم سەرکردەیەتیانە زیانی زۆر گەورەیان لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکەی من داوە و ئەوەندەی لە دوژمنانی کوردیان کوشتووە، بارتەقای ئەوە لە نەتەوەکەی منیان کوشتووە،!.
بۆ زۆرینەی نەتەوەکەی من، کە لە بەرخۆدانێکی ئازادیی و شەروفەتمەندانەدایە، دژ بە چوار داگیرکەریی فاشست، خۆی نوێنەرایەتی خۆی دەکات، خۆی خاوەنداری لە خۆی دەکات، خۆی بڕیار لەسەر چارەنووسی تێکۆشانی خۆی دەدات و ئەم سەرکردەیەتی حیزبانە، بە مەترسییەکی گەورە دەبینێت لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، ئێمە ئەزموونێکی تاڵ و خوێناویمان لەگەڵ سەرکردەیەتی ئەم حیزبانەدا هەیە، کە ناچاری کردووین کە مەرج و داواکاریی زۆر سەختمان لەو کەسانە هەبێت، کە دەیانەوێت بەناوی ئێمەوە بانگەشەی تێکۆشان و خەبات بکەن، لەو مەرجانە:
١- کوردێکی وشیار بە هەموو پێویستییەکانی کوردبوون بێت.
٢- خاوەن ڕابووردوویەکی کوردەواری، پاک و بێ خیانەت بێت، لە تاکێک یان لە گشت.
٣- خاوەن ئەخلاقێکی کوردایەتی بەرز و بەڕێز بێت.
٤- لە هەموو بار و دۆخێکدا، سوودی گشتی بەر لە سوودی خۆی، دابنێت.
٥- ڕوون و ئاشکرا و بەبێ منجەمنج و فلتەر و پاڵاوتن، لەگەڵ نەتەوەی خۆیدا بدوێ.
٦- بەر لەوەی نەتەوەکە لە هەڵەکانی بپرسێتەوە، خۆی نەتەوەکە بانگ بکات بۆ لێپرسینەوەی.
وەک بیرمەندی گەورە کە لەسەرەوە ڕاسپاردەکەیم نووسیوە، ئەم پەروەردەییە دەبێت، هەر لە سەرەتاوە بێت، نەک پاش ئەوەی کە حاکمی کورد بووە جەلاد! حوکمڕانیی باشووری کوردستان، نموونەیەکی ئەمڕۆیە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانی سبەی!.
• گفتوگۆ لەگەڵ پژاگ
ئەگەر نەتەوەکە بەتایبەت ئەو بەشەی نەتەوەکە لە ڕۆژهەڵات ڕووی دەم و دوویان، چ وەک چاوەڕوانی یا وەک ڕەخنە، لە تۆیە، ئەوە لەو بەرپرسیارێتییەوە دێت کە خۆت سەبارەت بە نەتەوەکە لە ئەستۆت گرتووە و لەو متمانەیەوە کە بە تۆیان هەیە، بۆیە دەبێت گوێیان بۆ بگریت و سەبارەت بە لێکدانەوەکانیان هەستیار و وەڵامدەرەوە بیت، ئەوان وەک بزووتنێکی کوردستانپەروەری ئازادیخوازی چالاک و سۆزدار کە بە نەتەوەکەت داوە بۆتۆ دەڕوانن و پشتیوانیت لێ دەکەن و بڕوایان بە هەنگاوەکانت هەیە، ئەمانەش لە ئەنجامی ڕەفاتاری ئازادیخواز و ڕوونی و ڕۆشنی پەیوەندی تۆوەیە بە نەتەوەکەوە، بۆیە هەندێ شوێن و هەندێ کۆبوونەوە و کۆنفرانس جێگای تۆ نییە و تاقم و دەستە گەلێک، دەیانەوێ لە سێبەری تێکۆشانەکەی تۆدا، مۆری حەقانییەت و ڕەوا بوون لە خۆیان بدەن.
ئەوەش دەزانم کە ئەگەر لەهەندێ جێگا و کۆبوونەوە نەبیت، پڕوپاگەندەی تێکدانی یەکڕیزیت بۆ دەکەن، ئەوەش زۆرجاران ئەو داوەیە کە بۆ تۆی دەنێنەوە.
• گفتوگۆ لەگەڵ باوانی ڕۆژهەڵاتی هێژا
چەند جاری تر ڕووی رێزێکی زۆرم لە ئێوە ناوە و داوام کردووە کە بۆ ڕاگرتنی مرۆڤ بوون و شایستەبوونی کوردبوونی منداڵەکانتان، ڕێنماییان بکەن و ئەگەر دەتوانن ڕێگرییان لێ بکەن کە بەرەو باشوور نەیەن، کچان و کوڕانی ڕۆژهەڵات دەبێت لە ڕۆژهەڵات بن، ئاوات و هیوا و خواستی دەیان ساڵەی ئێمە بوو کە بەتایبەت ئەو دووبەشە زیاتر و زیاتر لێک نزیک ببنەوە و تێکەڵاوێکی کوردەواری نوێ بکەنەوە، بەڵام سەد مخابن، ئەوەی کە ئێمە لە پێناویدا تێکۆشانی چەندین ساڵەمان کرد و ئەنفالکراین و شار و گوندەکانمان بە گازی کیمیاوی کوژران، بەرهەمەکەمان ئەو حاکمە کوردە بووە فەرمانڕانمان کە نەک جارێک دەیان جار خەڵکی ئێمەی گۆڕەوشاردایەوە و سووکایەتی پێکردین و ئەوەی کە دژی ئێوە و بزووتنەوە ئازادیخوازەکەی ئێوە پێش سپای پاسداران کەوت، بووە جەلادێکی کوردی، بۆیە جارێکی دی داواتان لێدەکەم کە منداڵەکانتان مەنێرن بۆ باشووری ئێستا، ڕێگای دروست بۆ تێکەڵ بوون ئەوەیە کە کیژان و کوڕانی باشووری و ڕۆژهەڵاتی بۆ خێزان دروستکردن، هانبدرێن و متمانەیان بۆ دروست بکرێت و پشتیوانی ئەم هەنگاوە پیرۆزەیان بکرێت، ڕێگای ئەوەی کە بێنە باشوور بۆ پەیوەست بوون بە سەرکردەیەتی وەک حیزبی جەنڕاڵە کارتۆنییەکان، ڕیگایەکی چەوت و شایان بە کچان و کوڕانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی نییە، لە حاڵی ئیستای کورددا بەو جۆرەیە کە وەک بیرمەندی مەزنی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێت: " ئەگەر کەوتمە سەر دووڕیانێک و نەمزانی کام ڕێگەیەیان هەلبژێرم، پرسێ بەم حیزبە شیت و وێتانەی کوردستان دەکەم، ئەوان کام ڕێگەیەیان پیشاندام، من ملی ڕیگاکەی تر دەگرم و دڵنیام کە ڕێگە ڕاستەکەم هەڵبژاردووە" بۆیە پاش ئەزموونی فەرمانڕانیی جەلادیی کوردی لە باشووردا، بەڕێوەبەرانی حیزبی ئەو جەنڕاڵە کارتۆنیانە بیرو بڕوا و قسە و باس و ڕەفتار و گفتیان، جێگای متمانە نین و نابێت کچان و کوڕانی ئەو بزوتنەوە هێژایەی ڕۆژهەڵات خۆیان و چارەنووسی کوردبوونی خۆیان بەو ناوەندە قڕێژانە بسپێرن. ئێوە وەک دەزانن زۆرینەی سەرکردەیەتی حیزبی کوردی لە ڕۆژهەڵات و باشووردا، بە ناوی بزووتنەوەی کوردەوە بە بەکارهێنانی ناسنامەی عیراقی و ئێرانی( لە حاڵێکدا کوردستانی بوون بە ئێوە دەفرۆشنەوە) لە یەکێک لەم وڵاتانەی ئەوروپا و ڕۆژئاوادا مافی مانەوەیان بۆ خۆیان و خێزانەکانیان مسۆگەرکردووە، بەم پێیە چوونتە ژێر سۆزێکەوە کە یاسای ئەو وڵاتانە لێیان داوادەکات، کەواتە لەناو سنووری ئەو وڵاتانەدا بن یان لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتانەدا بن، ئەگەر تاوانێکیان ئەنجامدا بەرپرسیارن بەرانبەر بە یاسای ئەو وڵاتانە و ئێوە دەتوانن بۆ لێپێچینەوە لە چارەنووسی منداڵەکانتان، پەیوەندی بکەن بە باڵوێزخانەی ئەو وڵاتانەوە و حاڵی منداڵەکانی خۆتان بکەنە ڕاپۆرتێک و بیدەن بەوان و داوایان لێ بکەن کە لە ڕێگای یاساییەوە لەو تاوانبارانە کە مۆڵەتی مانەوە و ڕەنگە ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتانەشیان لە باخەڵ نابێ، بپرسنەوە، دڵنیابن کە ئەرک کێشانەکەتان بێ هودە نابێت، هەر لێرەشەوە داوا لە یاساناس و پارێزەرە یاساییە کوردە شەرافەتمەندەکانی ئەوروپا دەکەم، کە بە ئەرکی کوردبوونی خۆیان هەڵبسن و ئەو بەڵگانەی کە لەلای زۆر کەس دەست دەکەون کۆبکەنەوە و لە چارەنووسی ئەو کچ و کوڕانەی کورد کە کراونەتە دیلی بەرێوەبەری حیزبی کارتۆنی و جەنەڕاڵی کارتۆنی، خاوەن دەرکەون...ئەمە کەمترین چاوەڕوانییە لە پێناو پاکژکردنەوەی ئەو تێکۆشانە کوردستانییەیە کە بەرێوەبەری تاقم و دەستەکانی کوردستان، دەستیان بەسەردا گرتووە و بە دروشمی بریقەداری (درۆزنە کوردایەتی) کچان و کوڕانی پێدەخاپێنن و ڕوویداوە کە بەهەر هۆیەک بووە کوشتوونیان و بێ سەروشوێنیشیان کردوون... .
*لە باشووردا پلەی سەربازی وەک هەموو، پێشەکانی تر سووک و ڕسواکراوە، بینیمان کابرا چۆن وەک ڕەفتارێکی سەددامیانە ئەستێرەی بەشانی کوڕەزاکەیدا دادەدووری، لە حاڵێکدا ئەو جگە لە بەرێوەبەری تاقمێکی خیانەتمەند بە نەتەوەکەی، هیچ پلە و پایەیەکی کۆمەڵایەتی یا سەربازی نییە!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









