<

ئەم هەموو جنێوە لە کوێوە دێت؟

28/10/2025, 22:58 (GMT+1)
کە مرۆڤ گوێی لەم هەرا و زەنایەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت ناچار دەبێت لەخۆی بپرسێت؛ ئەرێ ئەم دەموچاوە تووڕە و زمان زبرانە، ئەم دەنگە بەرزانەی کە گۆڕەپانی گشتییان پڕ کردووە لە قسەی ڕەق و جنێوی هەرزان بە ناوی دینەوە، لە کام کانییەوە هەڵقوڵاون؟ خۆ ئەم چڵکاوە لە هەورێکی وشک نەباریوە؛ ڕەگ و ڕیشەی هەر لەم خاکە نەخۆشەی خۆماندایە.
بێگومان ئەم توندڕەوییەی کە خۆی لە جنێودا دەبینێتەوە، یەکەم پریشکی ئاگرەکە نییە؛ بەڵکو کاردانەوەیەکی کوێرانەیە بەرامبەر بە کردارێکی کوێرانەی تر. کاتێک کۆمەڵێک مرۆڤی ڕووکەشبین و دڵ پڕ لە گرێی دەرونی، بە بێ مەعریفە و تێگەیشتنێکی قووڵ، بە ناوی "ڕەخنە"وە، دەستیان کرد بە تەشهیر و سووکایەتیکردن بەو شتانەی کە لای خەڵک پیرۆز بوون، ئەوانە لە ڕاستیدا ڕەخنەیان نەدەگرت، بەڵکو زووخاوی ناخی خۆیانیان دەڕشت، تەقەی کوێرانەیان لە تاریکیدا دەکرد.
سروشتی ژیانیش وایە، هەر کردارێکی توند، کاردانەوەیەکی توندی هاوشێوەی خۆی بەدوادا دێت. ئەو جنێوفرۆشییەی ئەمڕۆ لە لایەن بانگخوازەکانەوە بە ناوی دینەوە دەکرێت، خۆراکی سەرەکی لەو سووکایەتییە بێ بنەمایە وەردەگرێت کە بەرامبەر دین کراوە و دەکرێت. چونکە نەزانی، هەرچەند جارانیی خۆی بکەیتەوە، هەر نەزانیی زیاتر بەرهەم دێنێتەوە. ئەم دوو بەرەیە، سەرەڕای دژایەتیی ڕواڵەتیان، لە یەک کانیاوی لیخن ئاو دەخۆنەوە؛ کانیاوی سادەیی فیکری و تێنەگەیشتن لە جەوهەری بابەتەکان.
هەر ڕەخنەیەکی جاهیلانە لە دین، لە جیاتی ئەوەی ببێتە مایەی چاکسازی و بەخۆداچوونەوە، دەبێتە باشترین کەرەستە بۆ پتەوکردنی دۆگماتیزم. چونکە دۆگما، کە بریتییە لە قەناعەتی بێ پرس و ڕامان، پەناگەی عەقڵی تەمبەڵ و دڵی ترساوە. کاتێک تۆ بە نەزانییەوە هێرش دەکەیت، بەرامبەرەکەت ناچار دەکەیت بە هەمان نەزانی قەڵایەک بۆ خۆی دروست بکات. ئیدی لەم نێوەندەدا، ئەوەی ون دەبێت، حیکمەت و عەقڵانییەتە. ئەو بانگخوازە جنێوفرۆشانە، لەڕاستیدا پاڵەوانی ئەو گۆڕەپانەن کە "ڕەخنەگرە" جاهیلەکان بۆیان ساز کردوون. ئەوان قین و تووڕەیی خەڵکی سادە دەقۆزنەوە و خۆیان دەکەنە داکۆکیکاری ئەو پیرۆزییەی کە خۆشیان لە ماناکەی تێنەگەیشتوون.
ڕێگەی ڕزگاربوون نە لە جنێوی ئەم لایە و نە لە تەکفیری ئەو لایەدایە. چارەسەر تەنها و تەنها لە گەڕانەوەدایە بۆ بنەڕەتێک کە هەردوولا ونیان کردووە؛ گەڕانەوە بۆ عەقڵی سەلیم و ویژدانی زیندوو. دەبێت تێبگەین کە ڕەخنەی ڕاستەقینە، ئیدی لە دین بێت یان لە سیاسەت یان هەر بیروڕایەکی دیکە، لە مەعریفە و خەمخۆرییەوە لەدایک دەبێت، نەک لە ڕق و نەفامی. داکۆکیی ڕاستەقینەش لە دین، بە زمانی حیکمەت و ئەخلاق دەکرێت، نەک بە زمانی بازاڕی و جنێو. تا عەقڵ و تێفکرین نەبێت، ئەم ئاشە نەزۆکەی جنێو و دژەجنێو هەر دەگەڕێت و ڕۆحی هەموومان ورد ورد دەهاڕێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست