قەیرانی مانا لە فیزیای هاوچەرخدا
11/11/2025, 0:42 (GMT+1)

گەلێ جار وا ڕێک دەکەوێ کە مرۆڤ لە بەرانبەر دیاردەیەکی ڕووکەش جواندا دەوەستێ و بریقە و زەرق و بەرقی دەرەوەی، نایەڵێ قووڵایی ناوەوەی ببینێت. ئەو ئاهەنگ و شایییەی ئەمڕۆ بۆ براوەکانی خەڵاتی نۆبڵی فیزیا ساز کراوە، یەکێکە لەو دیاردانە. لەسەر شانۆ ئێمە سەرکەوتن دەبینین؛ بەڵام لە پشت پەردەوە، لە قووڵایی جەستەی ئەم زانستەدا، قەیرانێکی گەورە و گران بڵاو بووەتەوە. قەیرانێک نییە لە ڕواڵەتیدا دیار بێت، بەڵکو وەک میکرۆبێک لە ناخەوە پەیکەری زانستەکە دەکرۆژێ. ئەم قەیرانە، قەیرانی پووکانەوەی واتایە لەناو جەرگەی ئەو زانستەی کە ڕۆژگارێک بەڵێنی تێگەیشتن لە بوونی بە مرۆڤ دەدا.
گرفتەکە لەوەدا نییە کە فیزیا وەکو کەرەستە یان ئامرازێک لەکار کەوتبێ. نەخێر، بەڵکو بە پێچەوانەوە، لەم بوارەدا گەیشتووەتە ئەوپەڕی کامڵبوون. کێشەکە ڕێک لێرەدایە کە ئەمە سەرکەوتنی چۆنیەتییە بەسەر بۆچییەتیدا؛ سەرکەوتنی دەستە بەسەر هزردا. فیزیازانی ئەمڕۆ بووەتە وەستایەکی لێهاتوو، بەڵام حیکمەتی وەستایەتییەکەی لە بیر چووەتەوە. ئەو نەریتەی لە قوتابخانەی کۆپنهاگنەوە وەک میراتێکی شووم سەری هەڵدا، ڕۆحی گەڕانی لە فیزیکزان سەندەوە؛ لە جیاتی ئەوەی ڕێبوارێکی ڕێگەی حەقیقەت و تێێگەیشتن بێت، کردی بە کارگوزارێکی وردی ناو تاقیگە و کۆیلەیەکی ملکەچی ژمارەکان. بەم ئاکامە، زانست لە بەرزترین ئاستی خۆیدا، لە دەروازەیەک بۆ حیکمەت و فەلسەفەوە، بووەتە کارگەیەکی حیساباتی بێ ڕۆح.
کاتێ ئاینشتاین هەتا مردیش دەنگی بەرز دەکردەوە و هاواری دەکرد؛ لە رۆژێکی وا دەترسا، هاوارەکەی تەنها ناکۆکییەکی زانستیی ڕووت نەبوو، بەڵکو بەرگری بوو لە دوایین قەڵای عەقڵ. بەرگری بوو لەو باوەڕە بنەڕەتییەی کە گەردوون لە جەوهەری خۆیدا شایەنی تێگەیشتنە، نەک کۆمەڵێ یاسای هەڕەمەکی و بێ مانای لێرە و لەوێ. ئەو جەنگی لەسەر پاراستنی ڕۆحی زانست دەکرد، نەک تەنها لەسەر جەستە بیرکارییەکەی.
ئێستاکە، فیزیای تیۆری لە گۆمێکی مەنگدا وەستاوە و بۆگەنی کردووە. بیردۆزەکانی ئەم سەردەمە، وەک تیۆریی ژێیەکان، لە جیاتی زانست، زیاتر دەچنە خانەی هونەری بیرکاریی پەتییەوە؛ جوانکارییگەلێکی بێگیانن کە تەنها لەسەر کاغەز بوونیان هەیە. کێشە گەورەکانی وەک وزەی تاریکیش وەک گاڵتەیەکی تاڵی گەردوونی بە ڕیشی ئەم مرۆڤە داماوە پێدەکەنن. هۆکارەکەشی لە ڕۆژی ڕووناک ڕووناکترە؛ کاتێک ڕێگەت لێ ون بوو، خێراتر غاردان بێ هوودەییە.
چارەسەر لە بنیادنانی ئامێری گەورەتر و تاقیگەی پانتردا نییە. بەڵکو لە بوێریی گەڕانەوەدایە بۆ سەرچاوەکان؛ بۆ ئەو پرسیارە ئەزەلییانەی کە گەورە فەیلەسووفانی وەک ئاینشتاین و نیوتن خەونیان پێوە دەبینی. پێویستە نەوەیەکی نوێ بێتە مەیدان کە لە تەنیشت هاوکێشەکانەوە، گوێ بۆ ڕامانە فەلسەفییەکانیش بگرێت. دەبێ تێبگەین کە گەورەترین شۆڕشی داهاتوو لەم زانستەدا، پێش ئەوەی زانستی بێت، دەبێ تێهەڵچوونەوەیەکی فەلسەفی بێت؛ گەڕانەوەیەک بۆ ئەو باوەڕەی کە مرۆڤ نەهاتووەتە ئەم بوونە تا بەندەی ژمارەکان بێت، بەڵکو هاتووە تا لە چییەتی بوون تێبگات.
وێنەکە: براوەکانی خەڵاتی نۆبڵی فیزیا بۆ ساڵی ٢٠٢٥
ئەمانە وەستای هەرە کارامەی ئەو زمانەن کە پێی دەگوترێ بیرکاری؛ بەڵام پرسیارە گەورەکانی بوون، بە زمانێکی دیکە نووسراونەتەوە کە هێشتا هیچمان فێری نەبووین.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









