ئاوێنەی دەیەم " ئاوێنەی ڕۆژهەڵات"
26/10/2025, 21:00 (GMT+1)

ئیتر کاتێتی! نەتەوەکە لەگەڵ حیزبەکانیدا خۆی یەکلا بکاتەوە!
هۆیەکی گرنگی شکستی نەتەوەکە لەو مێژووە دوور و درێژەیدا، گرووپ و تاقم بووە، دیالۆگی من لەگەڵ خەڵکی خۆمە، (دوژمن ئێدی دوژمنە و هەمیشە بووە/ دەشبێت)، بەتایبەت گرووپە چەکدارکانی.
• بۆچی گرووپی چەکدار گرفتی دروستکردووە؟!
ئێمە لەم مێژووە دوورو درێژەدا، هەم خوێندوومانەتەوە، هەم لە باوانمان بیستووە و هەم زۆرینەی ئێمە لە قۆناغێکی ئەو بزووتنەوەیەی نەتەوەکەدا ژیاوین یا بەجۆرێک هاوبەشی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بزووتنەوەکە بووین. بینیوومانە کە لە کۆتایدا، یا لە قۆناغیکی ئەو حیزبانەدا، ڕووی چەکی شانی گووپەکەیان، کردۆتە گرووپێکی تری چەکداری ناو بزووتنەوەکە و ژمارەیەکی زۆر لە تاکی کوردیان کردۆتە سووتەمەنی خواستی دەروونیی سەرکردەیەتی حیزبەکانیان.
ئێستا ئێدی نەتەوەکە لە قۆناغی " ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا" دەژی، کە دوو قۆناغی جووداکەرەوەن لە مێژووی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکەدا، یەکەمیان وەک سەرهەڵدانێکی کوردەواریی ڕێکخراوی بەهەموو پێوانەکان ئەمڕۆیی کە لەسەر زەمینەیەکی هزریی پتەو خۆیان ڕێکخستووە، دووەمیان بزووتنەوەی" ژن ژیان ئازادی" یە، کە بووە هۆی بزووتنی هزریی ئازادیخوازیی بە تەوژمی ژنانی دلێری کورد و وەرگرتنەوەی ڕێبەریی بزووتنەوەکە بوو لە پیاوگەلێک، کە شەری کوردکوشتن، دۆڕاندنی شۆڕشەکانی نەتەوەکە، خیانەتی نەتەوەییان ئەنجام دابوو و بە کوردایەتی بە نەتەوەکەیان فرۆشتبوەوە/ دەفرۆشنەوە.
ژنانی کورد و پیاوە ئازادیخوازەکانی ناو بزووتنەوەکە، گەیشتنە ئەو خاڵەی، کە بوونی حیزبگەلێک بەو جۆرە کە میلیشیای جەکداریان هەبێت و ئەو ڕەفتارە دژە کوردانەیان ئەنجام دابێت، مەترسی گەورەن بۆ سەر " ئاسایشی نەتەوەیی کورد"، نەتەوەکە ئەگەر ئاسنیش بێت، ژەنگی ناوخۆی لە نێوی دەبات و دەیڕزێنێ. ئەم حیزبانەی تاکو ئێستا زۆر مۆدێلی ڕەفتارییان داهێنا کە هەمووی ئاماژەیە بۆ مەترسی بوون و مانەوەیان لەو فۆڕم و شێوەیەدا. لە نموونەی ئەو ڕەفتارانە، تاکی کوردیان کوشتووە لە شەڕەکانی نێوان خۆیاندا، مەڵێ کای کۆنە!!! تاوانە و کراوە و هەموویان ئامادەیی بەباکردنی سەرلەنوێی ئەو کا کۆنەیان تێدایە و هەمیشە شەڕە دەنووکەکانیان، بۆتە پەلاماری چەکداریی یەکتر.
• حیزبی کوردی میلیشیای چەکداری بۆچییە؟!
1. ئەگەر خێڵ و عەشیرەتی، ئەوە تۆ حیزب نیت و یەکێک لەو عەشیرەتە زۆرانەی کوردی، کە ڕێگربوون لە بەنەتەوەبوونی کورددا.
2. ئەگەر دەتەوێ خۆت و گرووپەکەت بپارێزی، مانای وایە کە بەرژەوەندییەکی تایبەت بە گرووپێک دەپارێزی و نەتەوەکە ناتوانێت، متمانەت پێ بکات و بە شێکی مەترسیداری لەسەر بزووتنەوەی نەتەوەکە، چوونکە ئەگەری ئەوە هەیە لەهەر خاڵ و قۆناغێکدا، بەرژەوەندییەکەت لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتی نەتەوەکە یا گرووپێکی چەکداری تری نەتەوەکە یەکتر ببڕن، ئەوسا گرووپە میلیشیا چەکدارەکەت، دەبنە بەربەست و چەکەکانیان ڕووی لە نەتەوەکە یا بەشێک لە نەتەوەکە دەکەن.
3. تۆ، بەردەوام لە قۆناغی دابەشکردنی نەتەوەکەدا ماویەوە و هەر ئەندامێکی دەفتەری سیاسی و سەرکردەیەتی حیزبەکەت دەتوانێ، بەیانییەک کە لە خەو هەستان، چادرەکەی خۆی جودا بکاتەوە و گرووپێکی نوێ کە بەشێک لەچەکدارەکان لەگەڵ خۆی دەبات، بە ناوێکی ترەوە دروست بکات، واتە لەتێک لە نەتەوەکە بکاتەوە و کەلێنێکی نوێ بخاتە جەستەی نەتەوەکەوە.
4. من ناڵێم تۆ کورد نیت، بەشێکی بچووکراوەی دابڕاوی نەتەوەکەی، لەبەر ئەوەی چەکدارت هەن و بەرامبەرەکانیشت، چەکداریان هەیە، ڕێژەی پێک هەڵپژانی چەکداریی نێوانتان زۆرە و چارەسەری گرفتەکانی نێوانیشتان بە زەبری بەکارهێنانی چەک، ئەگەری گەورەترینە!!!.
5. ئەگەر حیزبی سیاسیت، کە نیت، بەڵکو حیزبی چەکداری، هەموو خۆبادان و خۆ گیڤکردنەوەیەکت، بەهۆی ئەو چەکانەوەیە کە لە شانی میلیشکاندا بوونیان هەیە.
6. خۆت باشتر لەمن دەیزانی، کە بەهەموو پێوانەکان، وای لە دوای بزووتنەوەی نەتەوەکەوە، ئەم حاڵەتە، ئەگەر لەوەوبەر شاراوە بووبێت و توانیبێتت، لە سێبەری چەکەکانتدا خۆت لە نەتەوەکە بشاریتەوە، ئێستا ئێدی بزووتنەوەی " ژن ژیان ئازادی " ئەو فرسەتەی بەرمەڵاکردیت و نەتەوەکە پەنجەی ئاشکرا بۆ کەم و کوڕیی و لارییەکانت درێژدەکات و دەتوانێ پیناسەت بکات وەک ئەوەی کە هەیت.
تۆ دەزانیت، لە نێوان خەباتی چڵ ساڵ لەمەوبەری تۆدا و ئەمڕۆدا، نەوەیەکی وشیار و ئاشنا بە گرفتارییەکان، پەروەردە بووە، کە توانای جوداکردنەوەی خواریی و لارییە تیۆریی و پڕاکتیکییەکانی تۆی هەیە، نە "درۆزنە کوردایەتی" و نە
" چەپ و ئیسلامی سیاسی" تاوانن تەفرەی بدەن و نەیش نەزان و نەخوێندەوارە کە ئاشنایی لەگەڵ قسەی ناوکتێبان و دروشمی بریقەداری وەک " سپای میللی"، " سەربەخۆیی پف تێکراو" (ئەمانە وشەی جوانی خوازراوون لە بەرنامەکانی پێشەواوە، بەڵام ئەو ئەگەر هەمووشی نەتوانیبێت جێبەجێ بکات، سەرەتاکەی داڕشت و بە بەخشینی گیانی خۆشی مۆرکری کرد)، ڕێگاکەی لێ هەڵە بکەن، زۆرینەی سەرکردەیەتی حیزبەکان، دەبێت لە دەرسەکانی ئەم نەوە نوێیەدا، وەک قوتابی گوێ بۆ شیکردنەوە و چارەسەرە پێشنیازکراوەکان و ڕەفتارییەکانیی پراکتیکی ئەم نەوە نوێیە بگرن، تا لە گۆڕانکارییەکان و جودا بوونی قۆناغەکان تێبگەن، ئەمەش هیچ بچووکبوونەوەیەک یان دابەزینێک نییە، بەڵکو من بە پێویستی دەزانم بۆ سەرکردەیەتی حیزبەکان بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتدا، چوونکە، لەسەرەوە وتم، نەتەوەکە لە دوو قۆناغی " ڕۆژڤاوا و ڕۆژهەڵات" دا دەژی، کە ئاڵۆزیی حیزبایەتی لە ڕۆژهەڵاتدا، زیاترە و تێکەڵە کوردەوارییەکەش لە نێوان ڕۆژهەڵات و باشووردا، گەلێک فراونترە لە تێکەڵاوییەکەی نێوان ڕۆژئاوا و باشوور، هەروەها سەرکردەیەتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات گرفتاری دەسەڵاتی باشوور بوون و بەتایبەت قیادەموەقەتە، کاری زۆریان لەسەر دەکات و دوای ئەوەی نەیتوانی کەلێن و جودایی بخاتە نێوان ڕۆژئاواییەکان، ئەوا بایداوەتەوە بۆلای ڕۆژهەلات و بە زلکردنی دەستەیەک و درووستکردنی گرفتاریی بۆ دەسەیەکی تر، هەر لە ئێستاوە، زەمینەی خۆسەپاندن لە ڕۆژهەڵاتدا خۆشدەکات، بەڵام خۆشبەختانە بۆ نەتەوەی کورد، لە ڕۆژهەڵاتدا، جگە لە حیزبە کلاسیکییەکانی بزووتنەوەی نوێش هەیە، کە لە ناو خەڵکی خۆیدایە و باوەڕی بە گرووپی چەکدار نییە و لە خەمی دروستکردنی " سپای ڕزگاری کوردستان" دایە و ئەمەش پێویستییەکی سەرەکی، زۆر گرنگ و نەتەوەییە بۆ نەتەوەی کورد، هیچ مەرامێکی دی لە ئێستادا پێش ئەم مەرامە نەتەوەییە گرنگە ناکەوێت، ئەمە زۆر زۆر گرنگە!!!.
ڕۆژهەڵاتییەکان، خەڵکە شەرافەتمەند و ئازادیخوازەکەی ڕۆژهەڵات، بە وردبوونەوە لە گفتار و ڕەفتاریان، سەلماندوویانە کە زۆر لە پێش ئەو قۆناغەوەن کە سەرکردەیەتی حیزبە کلاسییەکانی تێیدا چەقیوون، ئەوان چەپایەتی و مەرامی ئیسلامی سیاسی باش ناس دەکەن و ئەوانەیان تێپەڕاندووە و ڕێبەرایەتی و پەروەردەیەکی کوردستانی شەنگ و بە باوەڕیان خوڵقاندووە، کە ڕووە هەرە گەشەکەی شارستانەتی کورد، پیشان دەدات. ئەو زەمینەیەی کە ئەوان کاری لەسەر دەکەن، دێرین و کوردەواریانەیە بەهەموو پیوانەکانی دروستڕوانینن بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیەک، ئەوان بارۆمەتری بزووتنەوەی گەلانی ئێرانن، دینەمۆی ئازادیخوازیی ئەو دەیان نەتەوەیەن کە لە ئێراندا سەت ساڵە گرفتاریی لوتبەرزیی نەتەوەیەکی خۆ بەزلزان و بادێکراو بوون. تۆ کە گوێ بۆ شیکارییە زمانی و سیاسی و کوردستانییەکانی ئەوان دەگریت، بۆت ڕوون دەبێتەوە، کە بیرکردنەوەی سەرکردەیەتی حیزبەکلاسیکییەکانی ڕۆژهەڵات، چەندە لە مەرامە نەتەوەییەکە دوور و نائاشنا بوون، ئەگەر تەماشای قۆناغەکان بکەین، دەتوانین لارییەکانی سەرکردەیەتی هەر حیزبێکی کلاسیکی کوردی ڕۆژهەڵات، دەستنیشان بکەین، بەڵام گرفتارییەکە لەوێدایە کە ئەم سەرکردەیەتییە کلاسیکییە، لە جێی خۆیدا، باری لە زۆر شوێندا دژە کوردیی چل ساڵ لەمەوبەری بە شانی خۆیدا داوە، یان سواری ئەو ئەسپە پیرەی هزرێک بووە کە ئێدی توانای بەسەرکەوتتنی کێوەکانی نیشتمانی کوردی نەماوە، زارەکی هەر دەڵێ هەم و دەتوانم، بەڵام نیە و ناتوانێ!!! لە باشترین حاڵەتیاندا لاساییکردنەوەی ئەزموونە تێکشکاو و قێزەوونەکەی باشوور وەک دیاری دەستی خەباتی چەندین ساڵەی ئەو بەشە لە نەتەوەکە، لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتییەکان، من دەزانم فشنبیرگەلێکی ڕۆژهەڵاتی شوێنکەوتەی " جل و جامانە" هەن کە نەڕەنەڕیانە و لە سوشیالمێدیادا، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە عەیبی چییە ئەزموونی باشوور بەرینەوە بۆ ڕۆژهەڵات؟!، پێیان دەڵێم: نەک عەیبی زۆرە، بەڵکە عەیبستانە و مایەی جەفەنگە بۆ لاوانی ئازادیخوازیی بزووتنەوەی " ژن ژیان ئازادی ".
• مەرامە گرنگە نەتەوەییە هەرە پێویستەکە!
دنیا جۆرێکە لەگەڵ گەورە بەهێزەکان سەودا دەکات، ئەوەی کە حەقی و لەسەر حەقی و مافت هەیە، ڕەنگە هەموو ددانی پێدا بنێن، بەڵام ئەوی کە گرنگە تۆ چۆن و بەکام ئامڕازە ئەم لەسەر حەقبوون و مافەت نوێنەرایەتی دەکەیت؟! ئەگەر بە دنیا دەڵیت من ستەمم لێکراوە و نەتەوەکەم مافی ئەمە و ئەوەی هەیە، پێت دەڵێن: بۆمان بسەلمێنە کە تۆ نوێنەرایەتی نەتەوەیەک دەکەیت، ئێ خۆ تۆی سەرکردەیەتی گووپێکی نەتەوەکە، ناتوانیت بیسەلمێنی کە دەمڕاستی نەتەوەی کوردی!!! گرووپێکی بچووکی کوردیت، لە قۆناغێکدا شەڕی گرووپێکی بچووکی تری کوردت کردووە!!! ئەمە یەک. چەند منداڵی کچ و کوڕی کوردت پەنا داوە و پەیمانت لێوەرگرتوون کە لەگەڵتدا بمێننەوە و سیاسەتەکانت جێبەجێ بکەن، ئەمە دوو. گرووپێکی چەکداری " ڕەنگە لە ڕوانینی ئەوانەوە نایاسایی" بیت و کارستانێکت لە خۆت پیشان نەداوە بەرانبەر بەو ڕژێمەی کە ستەمی لێکردووی، ئەمە سێ و بەدوایدا دەیان باسی دی دێت... .
ئەزموونی کوردیی لە باشووردا، پیشانی داوە/ لەئێستادا پێمان دەڵێت و لە داهاتووشدا یەخەمان دەگرێت، کە بوونی حیزبی میلیشیای چەکدار، لە ڕوانینە جیهانییەکەیدا، بەهیچ جۆرێک نوێنەرایەتی نەتەوەکە ناکات، کە بۆ وەرگرتنەوەی مافی خۆی ڕاپەڕیووە، بەڵکو لە زۆربەی قۆناغەکاندا، مەترسی گەورەی بۆ دروست دەکات، ئێوە بڕوانن: ئێمەی زۆرینەی نەتەوەکە، چەند ساڵە بە گرفتاریی سەرکردەیەتی حیزبەکانەوە، خەریکاوین و هێشتا دڵە ڕاوکەمانە، کە نەبادا سبەی دیسانەوە زەریای خوێن لە نێوان خویاندا دروست بکەنەوە و سەرکردەیەتییەکیان: ببێتە بورهان و ئەوی دیان حمیدتی لە سوودانێکدا !.
نەتەوەکە بەئەندازەی ئەو ڕێزەی سەرکردەیەتی حیزبەکان، ڕێز لە خواست و هیوای ڕزگاریی نەتەوەکە دەگرن، ڕێزیان لێ دەگرێت، من باسی ئەو مەیموون بازییە ناکەم کە، کەمینەیەکی کەسانی پەراوێزیی کۆمەڵگا، لەسەر پەردەکانی سوشیاڵمێدیادا، لە کەرامەت و مرۆڤبوونی خۆیان کەلدەکەن و بۆ مەرامێکی دنیایی، بەگیانی بەرپرسێک سوێند دەخۆن، یا ئەداوئەتواری مەیموونانە لە خۆیان دەردێنن، یا وەک سەگی بەردەرگای فڵان سەرۆکی حیزب، دەوەڕن، ئەمانە مرۆڤگەلێکن کە جێگای بەزەیین و کۆمەڵگا دەبێت هەوڵی چارەسەریان بدات و لەو "رەزالەتە" ڕزگاریان بکات. نەتەوەکە ئەگەر ڕێزی سەرکردەی حیزبەکان بگرێت تەنیا لەبەر ئازادیخوازبوون، کوردستانپەروەریی و مرۆڤ بوونە، نەک پلەی حیزبی و سەرۆک و مەرۆک بوون، ئەوان دەبێت ئەمە باش ناس بکەن، تا نەکەونە ناو خەیاڵاتی بۆشەوە. بەڵێ هەر مرۆڤێکی کوردی شەرافەتمەند، دوور بوو لە خیانەتی نەتەوەیی، ئازارگەیاندن بە تاکی کورد، هەواڵگریی بۆ دوژمنانی کورد و پشتیوانی لە هەموو تاکەکانی کورد کرد، بەشێکی گرنگی ساتەکانی بۆ پێشبردنی مەسەلەی نەتەوەکەی تەرخانکرد، جا بە خۆپەروەردەکردن بێت یا پەروەردەکردنی کەسێکی تری کورد لەسەر ڕێگای کوردناسین و وشیارکردنەوەی کوردەواری، بە ئەخلاقێکی بەرزی کوردەواری و ڕێزەوە، ئەوە نەتەوەکە ڕێزی لێدەگرێت و متمانەی پێدەکات و لەهەر بوارێکدا کار بکات و لەهەر پلەیەکی کۆمەڵایەتیدا بێت، گرنگ ئەوەیە کە بەڕێز بیت بەرانبەر بە مرۆڤی کورد، هەوڵی سوودوەرگرتن بە خراپی نەدات لە بارو حاڵ و نەداریی تاکی کورد. وا مەزانە من ئامۆژگاریی و پێشنیازیی خێرخوازیت بۆ دەهۆنمەوە، نا، ئەو چەند دێڕەی سەرەوە کە نووسیم، کرۆکی سیاسی سەرکردەیەتی حیزبەکان بووە/ هەیە کە ڕەنگدانەوەی دەبێت لە سەر ئەندامەکانیان، مرۆڤ تا بنەمایەکی دروستی پەیوەندیکردنی بە هاونیشتمانییەکانی خۆیی و مرۆڤەکەی بەرانبەرییەوە نەبێت و ئەو وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ نەبینێت و ڕێز لە مرۆڤ بوونی نەگرێت، لە هەر پلەو پایەیەکدا بێت و خەیاڵ کردبێتی بەهەر پاڵەوانێک، ڕەفتاری لار و بیرکردنەوەی خوار و لایقی متمانە پێکردن نابێت، کە ژمارەیەک مرۆڤی کوردی پێ بسپێری کە ڕێبەرایەتییان بکات، چ جای لە زەمانە پڕ لە تالوکەکاندا، کە ئەم زەمانە یەکێک لەو زەمانانەیە، کە ئەگەر ئیرادەیەکی کوردستانی هەبێت، دەتوانرێت بە سوودی نەتەوەکە وەربگێڕدرێت!!!.
لەم سەردەمە تالوکەیەدا ئیتر بواری هێنانەوەی بەهانەی پووچ، سەردەمی بەسەرچووە و نەتەوەکە گەیشتۆتە خاڵی کۆتایی لەگەڵ سەرکردەیەتی حیزبەکانیدا، من باسی نەتەوەکە ئەکەم بە گشتی کە ئێمە زۆرینەین، حاڵەتی کەسێک و تاکێکی کورد کە لەبەر هەرهۆیەک وابەستەی گرووپێک و تاقمێکە، ئەوە حاڵی ئەو تاکەیە و بگشتی ناکرێت، هەتا زووە و کات ماوە و بارودۆخەکە لەبارە، بڕیاری کۆکردنەوەی پێشمەرگەکانتان بدەن لە چوارچێوەی " سپایەکی ڕزگاریی کوردستان" * دا تا نەتەوەکە بتوانێت دڵنیا بێت لەوەی کە توانای هزریی و جەستەیی ڕۆڵەکانیان بەفیڕۆنادرێت لە شەڕی لابەلا و ناوخۆتاندا، چوونکە کاتی ئەوە هاتووە کە نەتەوەکە بایکۆتی سەرکردەیەتی حیزبەکانی بکات، ئەگەر بەو ئەرکە نەتەوەییە دەسبەجێیە هەڵنەسن، کچان و کوڕانی کورد، سەرمایە و گەنجینەی بەنرخی ئێستا و ئایندەی کوردن، چ وەک هزرکردن، چ وەک توانای بزووتن و ڕیبەریی کردن، شت نین بەدەستی خەڵکێکەوە سەدا و مامەڵەیان پێوە بکات!!!. ئەوان خوڵقێنەری بزووتنەوەی " ژن ژیان ئازادی "ین کە هەموو لەمپەر و بەربەستە کۆن و نوێکانی تێکشکاند، هەم ڕوو بەدەرەوەی کۆمەڵگای کوردستاندا و هەم ڕوو بە ناوخۆی کۆمەڵگای کوردستان خۆیشدا.
1. ڕوو بەدەرەوەی نیشتمانی داگیرکراوی وتی: من هەم ئیرادەی ئازادبوونم هەیە و بڕیارم داوە کە ئازاد بم.
2. ڕوو بەناوخۆی وتی: ئەگەر هەتا ئێستا کەمینەیەک لە پیاوی کورد، بزووتنەوەی کوردیان بەرەو تێکشکان و بزربوون لە تیۆری نامۆ بە مەسەلەی نەتەوەکەمدا بردووە، ئێدی ئەمە خاڵی وەرچەرخانی ڕێبەریکردن و سیمایەکی نوێی تێکۆشانە کوردستانییە کەوناراکەی منە، کە شایستەی گەشانەوە و گەیشتن بە ئامانجەکانێتی، ئەو کەمینە پیاوەی کە نەتەوەکەیان لە شکستێکەوە داوەتە دەست شکستێکی تر، سەلماندیان کە لە مەسەلەکە دوورن و بیرکردنەوەیان لار و خواربۆتەوە بۆ کارگەلی کەسایەتییەکان و کۆبوونەوەی بەشێک لە لاوەکانیان لە ناو ئەو گرووپانەدا وەک مامەڵەی بازرگانی بینیوە کە لە پێناوی بە ئاکام گەیاندنی خواستە دەروونییەکانی سەرکردەیەتییەکانیاندا، گۆمی خوێنیان خوڵقاندووە.
3. ژنانی نەتەوەکە پەیامێکی ژیان بەخشییان بەهەموو کەسێک گەیاند، کە هەرهەوڵێک لە چوارچێوەی گرووپی دژ بەیەکدا، کە چەکیان پێیە، کورد ناگەێنێتە ئامانجەکانی و بەفیڕۆدانی هەموو توانا و دەرفەتەکانە و، لە هیچ سەرکردەیەتییەکی قبوڵ ناکات، کە بەو جۆرە ڕەفتار لەگەڵ لاوانی کورد بکرێت، بڕیاری سەرەتا و کۆتایی بزووتنەوەی " ژن ژیان ئازادی" کە بەردەوامی تێکۆشانە سەخت و گەشاوەکەی کچان و ژنانی باکوور و ڕۆژئاوایە لە پلەیەکی بەرزدا و کۆکراوەی هزر و ئامانجی بەرخۆدانی " ژنانەی نوێی " نەتەوەکەیە، تەنیا یەک کۆبوونەوە لە تاکەکانی قبوڵ دەکات ئەویش تێکۆشانێکی کوردستانییە لە چوارچێوەی "سپایەکی ڕزگاریی کوردستانی" دا کە پرانسیپی ئەخلاقی کوردەواری و سۆزی نەتەوەیی کورد و گونجا و لەگەڵ ڕەوتی سەردەمەکەدا بنەمای دروستبوونی بێت، تا ئەو سپایە سپای پاراستنی " بوون، ژیان، ئێستا و ئایندەی کورد" بێت، سپای نەتەوە بێت، بە هەبوونی هەموو پیویستییە سەردەمەکانەوە، چ وەک تیۆری شەڕ و بەرەنگاربوونەوە، چ وەک نواندنی پراکتیکی. دەبێت ئەوە بووترێتەوە، کە بوونی گرووپی چەکدار و حیزبی میلیشیای چەکدار: هۆی بنەرەتی گەورەن کە " ئاسایشی نەتەوەیی کورد" دەخەنە مەترسییەکی جدییەوە، ڕەتکردنەوەیان و قبوڵنەکردنیان و بایکۆتکردنیان لە ناردنی کچان و کوڕانی بەتایبەت ڕۆژهەڵات بۆ پەیوەستبوون بەم حیزبانەوە، لە ئێستادا ئەرکێکی نەتەوەیی بنچینەییە... .
....................
سەرنج/ ئەو داواکارییەی کە پژاک، داوای بنیاتنانی " سپای ڕزگاری کوردستان" ی دا بەگوێی سەرکردەیەتی حیزبەکاندا، لەلایەن ئەو سەرکردەیەتیانەوە، پشتگوێ خرا و خۆیان لێ نەبان کرد، کە ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئامادەیی ئەوەیان تێدا نییە و نایانەوێ، سپایەکی یەکگرتوو بۆ نەتەوەکە بنیات بنێن ئەمەش چەند هۆی هەیە:
1. ئەوان وەک کۆمپانیایەک بۆ حیزبەکانیان دەڕوانن، کە خۆیان بەڕێوەبەری گشتی ئەو دەزگایەن و لە حاڵەتی دروستبوونی سپایەکی وادا، بەشێکی گەورە لە توانای بڕیاردان و مانۆڕیی حیزبی خۆیان لە دەست دەدەن.
2. وەک باسم کردووە، من نەفەلسەفەیەک، نە هزرێکی قوڵی سیاسی، کە مرۆڤ بەرێتەوە سەر کوردەواریی و شیکردنەوەیەکی کورەواریانەی قووڵ بۆ مەسەلەکە لە ناو نووسراوەکانی ئەو حیزبانەدا نابینم، کە بتوانن وەک حیزبێکی سیاسی خاوەن بەرنامەیەکی فراوان لە کێبەرکێیەکی سیاسی کوردانەدا بەربەرەکانی گفتوگۆیی پێکەوە بکەن.
3. کەسیان پڕۆژەیەکی فراوانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کلتووری، سیاسی، لەشکری و دبلۆماسیان نییە، کە ڕەنگ و بۆی کوردەواری بدات و ڕەنگدانەوەی خواستەکانی نەتەوەکە بێت.
4. بۆیە هێشتنەوەی میلیشیای چەکدار، بۆیان گرنگە و حسابی داهاتووی ڕۆژهەڵات دەکەن، کە بەبێ "سپایەکی ڕزگاریی کوردستانی" قسەی یەکەم و کۆتایی چارەسەری ململانییەکان چەک دەیکات، کەواتە ئەوان دەبێت میلیشیای چەکداریان هەبێت، تایبەت بە خۆیان.
5. ئێمە وەک نەتەوەی کورد، هەمیشە تا ڕادەی لە توانادا بوون، بۆ ئاشتی هەوڵمان داوە، چوونکە وەک بیرمەندی کورد مامۆستا مەسعوود دەڵێت: " کورد هەر لە ئاشتیدا دەتوانێ پێشبکەوێت"، هەر وایە تاکە کەسێک و نەتەوەیەک و هەموو مرۆڤایەتیش، هەر لە ئاشتی و گفتوگۆدا دەتوانن پێشبکەوون و بیانپەرژێتە سەر چاکتر کردنی ژیانی کۆمەڵگاکانیان، چوونکە شەڕ وێرانکردنە و ئاشتی بنیاتنانە، ئێمەش تا بۆمان بکرێت دەبێت دژی شەڕ بین، بە پاراستن و مسۆگەرکردنی مافی هەموو گەلەکان لە ژیانێکی ئازاد و بەرانبەردا، بەڵام هیچ مەرج و حاڵەتێک بوونی " سپای ڕزگاریی کوردستان" کە دەبێت سپای پاراستنی نەتەوەکە بێت، ڕەت ناکاتەوە، هەتا ئێستایش، عەرەبەکان عرووبە، فارسەکان فارسایەتی و توورکەکان توورکایەتی، تاویان دەدا، کە ئەم سێ ڕەوتە دەمارگیرە تەسکبینە، لەسەر بناغەی هەڵوەشاندنەوەی " بوون" ی کورد کار دەکات و هێزوتوانای خۆی لە دژایەتی کردنی کورد و شارستانەتەکەی وەردەگرێت، کەواتە بۆئێمە ناچاربوونە کە دەبێت هێزێکی بەتوانای ڕێکخراوی کوردستانی تەیار و ئامادە و سەر بە ئامانجی نەتەوایەتیمان هەبێت، سڵاو لەو ڕۆژەی کە مرۆڤ دەگاتە ئەو ئاستە لە بێوەی بوون، کە بۆ دەربڕینی خۆی، پارێزگاری لە خۆی، داواکردنی مافەکانی خۆی، یاساگەلێکی هەمەگیر و دنیاگیر دادەهێنێ، کە کەس پێویستی بەوە نەمێنێ، بۆ مسۆگەر کردنی ئەو پێویستیانەی سەرەوە، خۆی بۆ جەنگ و پێکهەڵپژان ئامادە بکات، بەڵام ئەو ڕۆژە دووری دوورە و لە ئێستادا دەبێ نە بیەڵین بخوورێین نەیش خۆمان بە خواردن بدەین.... "سپای ڕزگاری کوردستان" سپای نەتەوەیەکی ئازادیخوازە کە مەبەستی پاراستنی ئەو مرۆڤانەیە ناویان "کوردە" لە نیشتمانی هەزاران ساڵەی خۆیاندا کە ناوی "کوردستان" ە، بە خۆڕایش، یا بەیەک دانە سێوی گەنیووی کوردیش، ئێمە زەی و خاكی کەسی ترمان ناوێ، تەنیا خاکی خۆمان لە خۆمان دێت و لێمان جوانە، بۆ پاراستنی هەموو جوانییە کوردەواریی و خەڵکە کوردستانییەکەشمان، دەبێت: " سپایەکی کوردستانیی ئازادیخوازمان" هەبێت.... .
6. داوایەکی تایبەت لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان/ پژاک دەکەم: ڕوو بە نەتەوەکە، بە فەرمی جارێکی دی داوا لە سەرکردەیەتی پارتەکانی ڕۆژهەڵات بکات کە بەم ئەرکە نەتەوەییە زۆر گرنگە، ڕابن، ئەگەر وەڵامی وەرنەگرتەوە، دەبێت و دەبێت، ئەرکی کوردستانیی سەر شانییەتی کە لە ڕاگەێندراوێکی خۆیدا ڕوو بە نەتەوەکە دامەزراندنی " سپای ڕزگاریی کوردستان " ڕابگەێنێت، من وەک تاکێکی ئازادیخوازی کورد، بیروڕای خۆم بەسەر کەسدا ناسەپێنم، بەڵام هەروەک تاکێکی ئازادیی خوازی کورد، لە پژاک ڕادەبینم کە بەرانبەر داواکارییە لۆجیکی و کوردستانیی و نەتەوەیەکانیی تاکی کورد، وەڵامدەرەوە و بیسەر بن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









