تەیموریش نەبووە كوڕی جەلال تالەبانی
27/10/2025, 20:04 (GMT+1)

تەیمور تاكە تاقانەی رزگاربووی ئەنفالی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی ژن و منداڵەكان و یەكێك لە رزگاربووانی گۆڕە بە كۆمەڵەكان, لە دوای راپەڕین لەسەر داوای خودی جەلال تالەبانی, كرایە كوڕ سێهەمی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تالەبانی, كە ئەو كات جەلال تالەبانی لەو پەڕی دەسەڵات و هۆشدا بوو كە ئەم بڕیارەی بە خواستی خۆی و لەسەر پێشنیاری خۆی دا, هەرچەندە تەیمور كوڕێكی بایەلۆجی ئەوان نەبوو, لە فەرمانگەی باری شارستانیش ناسنامەی بەو ناوەوە بۆ دەرهێنرا, ئەگەر كوڕایەتیەكەی راستەقینە بووایە, بۆ ریكلامی سیاسی نەبووایە, ئەبوایە بە پێی شەریعەتی ئیسلامیش كە پاڤێڵ تاڵەبانی پابەندە روكەشانە زۆر پابەندە پێوەی, هەمان بەشی پاڤێڵ و قوبادی بەر بكەوتایە لە هەموو ئەو سەروەت و سامانەی تاڵەبانی بەجێی هێشتووە, سەروەت و سامانی مادی و مەعنەوی, وێڕای بەشی لە دەسەڵات كە ئەویش لە وڵاتی ئێمە بە میرات بەجێ دەمێنێت لە باوك و باپیرەوە بۆ كوڕو نەوەكان, كەچی تەیمور تەنها دڵۆپەیەك لە ئۆقیانووسێكی بەركەوت, دڵۆپەكەشیان دوێنێ لە قوڕگی دەرهێنایەوە لەسەر ئەوەی وێنەیەكی لە گەڵ لاهوری ئامۆزایان گرتبوو.
من هەقم بەسەر ئەوەوە نییە تەیمور چی دەكات و دەڵێت, تەنانەت بە نووسین هەڕەشەی زۆر توندی لێم كردووە, كێشەكە ئەوەیە ئەم سەركردانەی ئێمە جار جارە بە درۆ بۆ راكێشانی سەرنجی خەڵك ئەو منداڵانە دەكەنە كوڕی خۆیان كە سونبلن لە كۆمەڵگادا و چیرۆكەكانیان سەرنج راكێشن لای جەماوەر, تەیموریش بە منداڵی چیرۆكەكەی یەكێك بوو لە چیرۆكە هەرە دگمەنەكانی كورد لە سەردەمی نوێدا, چیرۆكێك رقیشت لێی بێت لە گەڵ خوێندنەوەی دەبێت هۆن هۆن بگرێیت بۆ ئازارەكانی, لەو كاتە كردنی تەیمور بە كوڕی جەلال تاڵەبانی سەروەتێكی مەعنەوی گەورە بوو بۆ خودی تاڵەبانی بۆ راكێشانی سەرنجی جەماوەر بە گشتی و كەسوكاری قوربانیانی جینۆساید بە تایبەتی و قازانجی ئەو كوڕ و باوكییە قورساییەكەی بەلای تاڵەبانیدا داشكاوەتەوە نەك تەیمور, هەرچەندە لە رووی مادییەوە ئەویشی كردە بەختەوەرترین منداڵی كەسوكار ئەنفالكراوەكان.
لە كۆتاییدا دەڵێم لە كۆمەڵگای خێڵەكی و پیاو ساڵاری كوردستاندا هیچ یەكێك لەو منداڵانەی كە كرانە منداڵی سەركردەكان نەبوونە منداڵی ئەوان, قەتیش نابن, ئەو كارە تەنها موزایەدەیەكی سیاسییە, ئەوەی هەیانە لە سامانی مادی و دەسەڵای مەعنەوی بۆ منداڵە بایەلۆجییەكان خۆیان بەجێی دەهێڵن, سەندنەوەی ئۆتۆمۆبیلەكە لە تەیمور لە لایەن پاڤێڵ و قوبادەوە ئەوەی سەلماندەوە .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









