پێکەنین بە ڕووی هیچدا
04/11/2025, 19:23 (GMT+1)

هەر گفتوگۆمە، کەچی هەر دەڵێم و تێ ناگەم
هەر جوستوجۆمە، کەچی هەر دەڕۆم و پێ ناگەم
چاوم ڕوا و گۆشەی ئەو ئەبرۆوەم نەدی
دڵ بوو بە بەحری علووم و لە ئەلف و بێ ناگەم
(مەحوی)
سەیرە کار و پیشەی ئەم گیانەوەرە سەرگەردان و پەرتوبڵاوە کە ناوی مرۆڤە لەو ڕۆژەوەی کە چاوی بە ڕووناکایی ئەم جیهانە هەڵهێناوە و مێشکی کەوتووەتە گەڕ، خەریکی هەڵچنین و داچنینی دوو وشەی ئاڵۆزە کە لە بنەڕەتدا نە خۆی دایناون و نە بە تەواوی لێیان تێدەگات؛ «بوون» و «نەبوون». وەک ئەوەی چارەنووسی ئەبەدیی ئەو بێت کە لەنێوان ئەم دوو جەمسەرە نامۆیەدا سەرگەردان بێت؛ لە لایەکەوە قورسایی و ژاوەژاوی بێ پێچوپەنای «بوون» و لە لایەکەی تریشەوە بێدەنگیی ترسناک و نەبڕاوەی «نەبوون». هەموو فەلسەفە و هونەر و ئەدەبیاتی ئەم بوونەوەرە، لە کۆتاییدا، هەر هەوڵدانێکی مایەپووچە بۆ ئەوەی پردێک لەنێوان ئەم دوو کەنارەدا دروست بکات، یان لانیکەم، لەسەر لێواری ئەم پردەدا، بۆ ساتێک ڕابمێنێت و لە قووڵاییەکە بڕوانێت.
«بوون» شتێکی سەیر نییە. بوون خۆی ڕاستییەکی ڕووت و بەرچاوە. هەر لە خشەی گەڵایەکەوە لە بەر با، تا دەگاتە گرمەی ئەستێرەیەکی ڕوو لە تەقینەوە، هەموویان شاهیدیی بوونی خۆیان دەدەن. بوون، بە هەموو قورسایی و زبری و ڕەنگاوڕەنگییەکەیەوە، خۆی بەسەر هەستەکانماندا دەسەپێنێت، وەک لەشکرێکی داگیرکەر کە هیچ بستێکی خاک بۆ ئارامی و بێدەنگی ناهێڵێتەوە. هەموو شتێک دەقیژێنێت؛ «من هەم». بەرد هەیە چونکە ڕەقە و بەرگری دەکات. ئاو هەیە چونکە تەڕایی دەبەخشێت. من هەم چونکە گوایە بیر دەکەمەوە، هەست دەکەم، ئازار دەچێژم. کەواتە «بوون» پێویستی بە بەڵگاندن نییە، چونکە خۆی بەڵگەی خۆیەتی؛ بوون شتێکی «دراو»ە، فڕێدراوینەتە ناوی و ناچارین مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. ئەو شتەیە کە هەیە و تەواو.
بەڵام کارەساتەکە لە «هیچ» یان «نەبوون»ـدایە. ئەمەیان چییە؟ ئەمەیان چۆن هاتە ناو هزری مرۆڤەوە؟ ئاخر «هیچ» شتێک نییە تا بیبینین، بۆنی بکەین یان بیگرین. «هیچ» ڕەنگی نییە، دەنگی نییە، کێشی نییە. کەواتە چۆن بوو کە مرۆڤ، ئەم بوونەوەرە هەستەکییە، کەوتە بیری شتێک کە لە دەرەوەی هەستەکانیەتی؟ تۆ بڵێی ئەمە نەخۆشیی عەقڵ بێت؟ وڕێنەیەکی مێشک بێت کە لە بێکاریدا، دەست دەکات بە داتاشینی چەمکی وا کە لە واقیعدا بوونیان نییە؟ یان بە پێچەوانەوە، ئەمە گەورەترین داهێنانی هزر بێت؛ توانای بینینی ئەو شتەی کە نابینرێت؟
«هیچ» وەک تارماییەک وایە کە بەردەوام بە دوای «بوون»ـەوەیە. هەر شتێک کە «هەیە»، لە هەمان کاتدا سنوورێکیشی هەیە کە لەوێدا «نییە». کورسییەکە لێرە «هەیە»، بەڵام مەترێک ئەولاتر «نییە». ئەم «نەبوون»ـە سنوورییەیە کە شێوە و قەبارە و ناسنامە بە «بوون» دەبەخشێت. ئەگەر هەموو شتێک، لە هەموو شوێنێکدا، بە یەک شێوە «هەبووایە»، ئەوا هیچ شتێک نەدەبوو. دەبووینە تۆپەڵێکی بێ شێوە و بێ ناسنامە. کەواتە «هیچ» ئەو بۆشاییە پێویستەیە کە ڕێگە بە «شت»ـەکان دەدات هەناسە بدەن و ببنە خۆیان. وەک بێدەنگیی نێوان نۆتە مۆسیقییەکان وایە؛ ئەگەر ئەو بێدەنگییە نەبێت، مۆسیقا دەبێتە ژاوەژاوێکی بێ مانا. یان وەک ئەو بۆشاییە سپییەی نێوان وشەکانی سەر کاغەز؛ ئەگەر ئەو بۆشاییە نەبێت، نووسین دەبێتە لەکەیەکی ڕەشی نەخوێندراوە.
کەچی بەم پێناسەیە دەردی خۆمان گرانتر دەکەین و سەرلێشێواویەکە زیاتر دەبێت. ئەو «هیچ»ـەی کە لە بنەڕەتدا هیچ نییە، دەبێتە مەرجی پێشوەختە بۆ ئەوەی «شت» ببێتە شت. لێرەدایە کە مرۆڤ تووشی سەرگێژە دەبێت. چونکە هەر کە دەم دەکەیتەوە و دەڵێیت «هیچ»، ئیتر تۆ کردووتە بە «شت»ێک؛ شتێک کە قسەی لەسەر دەکرێت، بیری لێ دەکرێتەوە و دەخرێتە ناو ڕستەوە. زمان، کە ئامرازی بیرکردنەوەی ئێمەیە، ناپاکییەکی بنەڕەتیی لەم چەمکە دەکات. زمان تەنها دەتوانێت باسی «بوون»ـەکان بکات. کاتێکیش دەیەوێت باسی «نەبوون» بکات، ناچارە جلوبەرگی «بوون»ـی لەبەر بکات و بیهێنێتە سەر شانۆی گوتار. ئەمە ئەو گرێکوێرەیەیە کە عارفان لە ئیبن عەرەبییەوە تا مەحوی پێوەی ماندوو بوون؛ چۆن دەتوانیت باسی شتێک بکەیت کە جەوهەرەکەی بریتییە لە «باسنەکران»؟
بەڵام حەزی قسەکردن لەسەر «هیچ» هەر واز لە مرۆڤ ناهێنێت. چونکە «هیچ» تەنها بۆشاییەکی فیزیکیی نێوان شتەکان نییە. «هیچ» ئەو قووڵاییە بێ بنەیە کە لە پشتی دیاردەکانەوە خۆی حەشارداوە. پرسیاری ئەوەی کە بۆچی «شتێک» هەیە لەبری «هیچ»، گەورەترین و جەوهەریترین پرسیارە کە عەقڵی مرۆڤ دەتوانێت لە خۆی بکات. ئەم پرسیارە مرۆڤ دەباتەوە سەر لێواری ئەزەل، ڕووبەڕووی ئەو ساتە بێدەنگەی دەکاتەوە کە پێش تەقینەوە گەورەکە، پێش وشەی «ببە». لەوێدا، لەو بێدەنگییە ڕەهایەدا، «بوون» و «نەبوون» مانای خۆیان لەدەست دەدەن. لەوێدا، هیچ شتێک نییە تا بوونی هەبێت، و هیچ شتێکیش نییە تا بوونی نەبێت. ئەمە ئەو پنتەیە کە هزر تێیدا دەئاڵۆسکێت و زمان لاڵ دەبێت.
لەوەش سەیرتر، ئەم «هیچ»ـە، تەنها لە دەرەوەی ئێمە نییە، بەڵکو لە ناخیشماندایە. هەر یەکێک لە ئێمە، لە قووڵایی ڕۆحماندا، هەست بە بۆشاییەک، بە «هیچ»ـێکی تایبەت بە خۆی دەکات. ئەمە ئەو هەستە نامۆیە بە بێمانایی، بە پووچی، کە هەندێک جار وەک مۆتەکە بەسەر ژیانماندا دادەگەڕێت. ئەمە ئەو «نەبوون»ـەیە کە هەندێک لە ڕێبازە فەلسەفییەکان بە مەرجی ئازادیی مرۆڤی دادەنێت؛ چونکە مرۆڤ «هیچ» جەوهەرێکی پێشوەختەی نییە، ئازادە خۆی دروست بکات. ئێمە ئەو بوونەوەرەین کە لە «هیچ»ـەوە دەست پێدەکەین و بە درێژایی ژیانمان خەریکی ئەوەین بە کردار و هەڵبژاردنەکانمان، ئەو «هیچ»ـە بکەینە «شت»ێک؛ بیکەینە کەسایەتییەک، ژیاننامەیەک، بەرهەمێک.
وا دەردەکەوێت کە مرۆڤ بوون، یەکسانە بە ژیان لەسەر ئەم سنوورە باریکەی نێوان «بوون» و «نەبوون». ئێمە نە بە تەواوی بەشێکین لە «بوون»ی کوێرانەی سروشت، چونکە ئاگامان لە «نەبوون»ی خۆمانە؛ نە بە تەواویش دەتوانین لەناو «نەبوون»ـدا بتوێینەوە، چونکە حەزی مانەوە و «بوون» لە ناخماندا پل دەدات. ئێمە لە هەمان کاتدا هەم «شت»ـێکین لەناو جیهاندا، و هەم ئەو «هیچ»ـەشین کە بیر لەم شت بوونەی خۆی دەکاتەوە. ئەم دابەشبوونە، ئەم قڵیشانە بە ئێشە، سەرچاوەی هەموو ئازار و هەموو پەل هاویشتنێکی ئێمەیە. ڕەنگە هەموو ئەو شتانەی ناومان ناوە شارستانییەت، هەر هەوڵدانێکی بێهوودە بێت بۆ داپۆشینی ئەو «هیچ»ـە گەورەیەی کە لە بنەمای هەموو «بوون»ێکدا خۆی مەڵاس داوە. ڕەنگە جوانترین و ڕاستگۆترین ساتەکانی ژیانیش، ئەو ساتانە بن کە واز لەم هەوڵە دەهێنین و بۆ چرکەیەک، بوێریی ئەوەمان دەبێت، بێ هیچ ترس و خۆفریودانێک، ڕاستەوخۆ بڕوانینە ناو چاوەکانی «هیچ» و پێی پێبکەنین، چونکە تەنها لەو پێکەنینەدا بە تەواوی دەژین.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









