<

تۆ بڵێی گواستنەوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ ئەستەنبوڵ، خەونی خەلیفە ئەردوغان بێت؟

14/11/2025, 23:53 (GMT+1)
- تۆبڵێی نەتەوە یەکگرتووەکان بگوێزرێتەوە بۆ ئەستەنبوڵ؟ ئەردۆغانیش مکیاجی ترۆری پێ بکات؟
- ئایا ئەردۆغان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گێل و بێ هەڵوێست دەزانێت؟
- ئایا تورکیا ڕۆڵی گەورەی هەبوو وەک وڵاتێکی ترانزێت بۆ چەکدارەکانی داعش؟
- تۆ بڵێی خەونی ئەردۆغان بۆ خەلافەتە نوێیەکەی لەسەر شانی کورد و شەڕی ناوچەکە بێتەدی؟
-  ئاخۆ چۆن ئەردۆغان لە ڕێگەی ئایین و شەڕەوە بەدوای کورسی سوڵتاندا دەگەڕێت؟
- ئایا منداڵدانی تیرۆری ناوچەکە لای ئەردۆغانە؟
---‐----------------------------------

- تۆبڵێی نەتەوە یەکگرتووەکان بگوێزرێتەوە بۆ ئەستەنبوڵ؟ ئەردۆغانیش مکیاجی ترۆری پێ بکات؟

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەیەوێت بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکەوە بگوێزێتەوە بۆ ئەستەنبوڵ. بە ووتەی ئەردوغان ئەمەش دەبێتە هۆی جیهانێکی دادپەروەرتر لە ئێستا!
ئەردۆغان ، لە ئیستەنبوڵ بە ئاشکرا بانگەشە بۆ چاکسازی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەکات!
ئەمەش لە پەیامێکدا هات کە ئەردۆغان بە بۆنەی ڕۆژی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەشتاهەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دەکەوێتە ٢٤ی ئۆکتۆبەری هەموو ساڵێکە،
ئەردۆغان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند (ئامانجمان ئەوەیە، ئەو ئیستەنبوڵەی کە شارستانیەت و کیشوەرەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، وە خاوەنی سەرچاوەی مرۆیی زۆرە، بکەینە ناوەندێک بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان)
ئاماژەی بەوەشکرد (تورکیا بەردەوام دەبێت، لە هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەمان و لە سەرانسەری جیهانیشدا)
- له کاتێکدا کە ئەردۆغان له ئاستی نێودەوڵەتیدا باسی دادپەروەری دەکات، کەچی لە ژێر دەسەڵاتی ئەودا سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانی کورد و تورکیش زیندانی دەکرێن و ناسنامەی کورد تا ئێستاش وەک هەڕەشە سەیر دەکرێت نەک وەک بەشێک لە تورکیا.
بەڵام زۆرێک لە شرۆڤەکاران ئەمە وەک هەوڵێک دەبینن بۆ بەهێزکردنی تورکیا، وە ئەردۆغانیش وەک سەرکردەیەکی نوێی جیهانی ئیسلامی، بە بەرگێکی مۆدێرن بۆ خەلافەتێکی عوسمانی تازە!
ئەگەر سەرنجی سیاسەتی دەرەوەی ئەردوغان بدەیت، ئەوە بە ئاشکرا دەبینیت کە ئامانجی بۆ نائارامی و شەڕ و دەستەڵاتە، نەک بۆ ئاشتی! وە بۆ بەیاسایی کردن و داڕشتنی پلانی شەڕی دژی کورد لە باکور و باشور و ڕۆژئاڤا و دانیشتووانی ناوچەکانی تری لە سوریاش! ئەویش بە پشتگیری لە گروپە جیهادیەکان، هەتا خەونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نوێ بێتەدی!

  - ئایا ئەردۆغان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گێل و بێ هەڵوێست دەزانێت؟

زۆرجار پێدەچێت ئەردۆغان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک گێل و بێ هەڵوێست سەیر بکات! ئەویش بەکارهێنانی قسەی زل و لوس پرۆپاگەندەی ئایینی هەتا سەرکردە سیاسیەکانی ڕۆژئاواش بەلاڕێدا ببات!
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە ئەو بەرپرسیارێتیە مێژووییەی کە لەسەر شانی نەتەوە یەکگرتووەکان دانراوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت لە کاتێکدا کە جیهان ڕووبەڕووی (جەنگ و قەیرانی مرۆیی و برسێتی و هەژاری و ئیسلامۆفۆبیا و تیرۆر و گۆڕانی کەشوهەوا) بووەتەوە.
بەڵام جیهان چاک ئەوە دەزانێت کە تورکیا لە سەردەمی ئەردۆغان وڵاتی ئاشتی نەبووە و نییە! بەڵکو وڵاتێکە کە شەڕ هەناردە دەکات بۆ ناوچەکەکانی کوردستانی باشور و ڕۆژئاوا و سوریا و لبنان و غەززە و لیبیا و قوبرس و ئەرمینیا و ووڵاتانی تریش) وە هەر دەستەڵاتەکەی ئەردوغانە کە ژینگەی کوردستانی گەورەشی تێک داوە بە دزینی دارزەیتونەکان و وێرانکاریەکانی!
ئەردۆغان دەیەوێت کاریگەری خۆی لە سوریا و عێراق و غەززە و لیبیاو باکوری ئەفەریقا فراوانتر بکات!

- ئایا تورکیا ڕۆڵی گەورەی هەبوو وەک وڵاتێکی ترانزێت بۆ چەکدارەکانی داعش؟

لەو ماوەیەی کە داعش گەشەی دەکرد، تورکیا ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان! وەک ڕۆڵی وڵاتێکی ترانزێت بۆ چەکدارە بیانییەکان، ئەوەش شتێک بوو کە دواتر مشتومڕ و ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا!
بەگوێرەی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، تورکیا ساڵانێکە ڕێگای ووڵاتی ترانزێت بووە بۆ جیهادییەکانی ووڵاتانی ئیسلامی بۆ سوریا و عێراق بۆ پەیوەندی کردنیان بە داعشەوە!
ڕەخنەگران دەڵێن قسەکانی ئەردوغان لەگەڵ دیدگایەکی گەورەدا هاوتەریبن، کەئەویش خەلافەتێکی نوێی دەوڵەتی عوسمانییە کە لە مێشکیدا وێنەی بۆ دەکێشێت! ئەو ئامانجەشی دەیەوێت لە ڕێگەی ترۆری سیاسی و ئایینی و  هێزی سەربازییەوە بێتەدی!

- تۆ بڵێی خەونی ئەردۆغان بۆ خەلافەتە نوێیەکەی لەسەر شانی کورد و شەڕی ناوچەکە بێتەدی؟

ئەوە هێزە کوردییەکانی یەپەگە و یەپەژە و هاوپەیمانییەکانی پێشمەرگە بوون کە بەشێکی زۆر لە بنکە و دەسەڵاتی داعشیان لەسەر خاک شکاند و داگیریان کرد!  وەک ڕەقە و کۆبانی و شنگال و ناوچەکانی تر، بەم شێوەیەش لە ڕووی سەربازییەوە زۆربەی گرووپە تیرۆریستییەکان پاشەکشەیان کرد و تێکشکان ئەویش لەسەر دەستی هێزی ژنان و پیاوانی کورد.
ئێستاش شرۆڤەکارانی ئەمنی هۆشداری ئەوە دەدەن کە شانەکانی داعش و تۆڕە توندڕەوەکان لە ناوچە بیابانییەکانی سوریا و کەمپەکاندا خەریکی خۆ ڕێکخستنەوەن! ئەوەش بەیارمەتی تورکیا و پارێزگاری لێ کردنیان لەلایان هێزەکانی سەر بە تورکیاوە! 
هەندێک لە ڕاپۆرتەکان باس لەوەش دەکەن کە هەڵاتنی زیندانییەکان و گۆڕانی ئاسایش لە ئۆپەراسیۆنەکانی پێشووی تورکیادا، مەترسییەکانی زیندووکردنەوەی پێگەی توندڕەوەکان زیاتر کردووە!
بەدڵنیاییەوە توندڕەوەکان دەیانەوێت لە سەرەتادا گروپە کوردییەکان بکەنە ئامانج و دواتریش هێرش دەکەنە سەر ئامانجەکانی تریان لە ناوچە جیاوازەکاندا!
بۆ کورد ئەمەش بەو مانایە دێت کە ئەو دەستکەوتە سەربازی و سیاسیانەی کە بەدەستیان هێناوە لە شەڕی دژی داعشدا،  وە ئەو سەقامگیریانەش کە لە ڕۆژئاڤا دروستیان کردووە بە خوێن، وەک خۆی نامێنێتەوە! دەبێت بەبەردەوامی چاودێری بکرێت و بپارێزرێت!
کەواتە ئەرکی سەرشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە کە جارێکی دیکە هەمان تیرۆر نەهێڵێت زیندوو ببێتەوە و گەشەبکات، هەتا ئەردوغان لەو کوشتار و ووێرانکاریانەدا خۆی بکاتەوە بە خەلیفەی عوسمانی تازە!

-  ئاخۆ چۆن ئەردۆغان لە ڕێگەی ئایین و شەڕەوە بەدوای کورسی سوڵتاندا دەگەڕێت؟

ئەردۆغان یاری بە هەست و سۆزی ئایینی دەکات، ئازارەکانی غەززە و سوریا و ووڵاتانی ئیسلامی بەکاردەهێنێت بۆ بنیاتنانی وێنەی خۆی وەک خەلیفەی ڕزگارکەر، وە خاڵە نەگەتیڤە جەوهەریەکەش ئەوەیە کە ئەردۆغان دەیەوێت هاوسۆزی نێودەوڵەتیش بەکاربهێنێت بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی خۆی، بەمەش بواری بۆ دەڕەخسێت کە تۆڕی گروپە توندڕەوەکان دوبارە زیندوو بکاتەوە  لە سوریا و عێراقدا و ووڵاتانی ئیسلامیدا!
لەئێستادا ئەردوغان میلیشیا توندڕەوەکان لە سوریا بەکاردەهێنێت، بۆ شەڕکردن لەگەڵ کوردەکان و گوندە کوردنشینەکانی تورکیا و عێراق و سوریاش بۆردومان دەکات! و ڕەنگە دواتریش دژی ئیسرائیل بێت، ئەگەر ئەو شەڕانە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەردوغاندا بگونجێت!

- ئایا منداڵدانی تیرۆری ناوچەکە لای ئەردۆغانە؟

ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕاستی بگوێزرێتەوە بۆ ئەستەنبوڵ، ئەوە جیهان لە ئاشتی نزیکتر ناکاتەوە،
بەڵکو کۆمپاسە ئەخلاقیەکەی( قیبلەنما ئەخلاقیەکەی) نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕادەستی ئەردوغان دەکرێت، کە ئەویش دەسەڵاتی خۆی لەسەر شەڕ و ئایین و ترس بنیات ناوە و بنیات دەنێت، وە زیاتریش پەرەی پێ دەدات! واتە دەبێتە منداڵدانی ترۆری ناوچەکانی!
- کەواتە، جیهان باش ئەردۆغان دەناسێت، بۆیە بەزمانی لوسی ئەردۆغان بەلاڕێدا ناچێت سەبارەت بە دادپەروەری و ئاین!
- تورکیا لەژێر سەرکردایەتی ئەردۆغاندا وڵاتی ئاشتی نەبووە و  نییە! بەڵکو ڕژێمێکە کە شەڕ هەناردە دەکات و ڕێگەش بە توندڕەوی دەدات.
- زلهێزە جیهانیەکانیش ئەرکێکی ئەخلاقیان لەسەرە، کە ڕێگری بکەن لە گەشەسەندنی هەمان ئەو تیرۆرەی داعش، بەڵام ئەمجارەیان لە ژێر ئاڵای تورکیادا و بە باڵاپۆشی  و مکیاجی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەلایەن ئەردۆغانەوە!

سەرچاوە:

- نقل مقر الأمم المتحدة من نيويورك في الولايات المتحدة إلى مدينة إسطنبول
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست