<

تەواتور و قەیرانی دەنگی قورئان

14/11/2025, 23:59 (GMT+1)
عەقڵی سادە و باوەڕی ڕووکەش، هەمیشە ئارەزووی حەقیقەتی ئامادەکراو و بێ گرێوگۆڵ دەکات. مرۆڤ، بە سروشتی خۆی، حەز بە وەڵامی یەکلاکەرەوە و بناغەی پتەو دەکات کە بتوانێت هەموو بوونی فیکری و ڕۆحی خۆی لەسەر دابنێت، بێ ئەوەی پێویستی بە دوودڵی و پشکنینی بەردەوام بێت. لە مێژووی فیکری ئیسلامیدا، یەکێک لەو حەقیقەتە چەسپاوانەی کە وەک بنچینەیەکی نەگۆڕ و کۆڵەکەیەکی ئەستوور وێنا دەکرێت، بابەتی تەواتوری قورئانە.
بەڵام ئەم چەمکە، تەواتور، کە زادەی پێویستییەکی دەروونی و تیۆری بوو. واتای چییە؟ بە سادەترین شێوە، واتە گەیشتنی دەقەکە بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ؛ جەماعەتێک لە جەماعەتێکی دیەکەیان وەرگرتووە، نەوە دوای نەوە، بە ژمارەیەکی ئەوەندە زۆر و لە شوێنی ئەوەندە جیاواز کە لەڕووی عەقڵییەوە مەحاڵ بێت هەموویان لەسەر درۆ و هەڵە ڕێک کەوتبن. ئەمە ئەو قەڵا تیۆرییە گەورەیەیە کە زانایانی کەلام و ئوسوڵی فیقهـ بۆ پاراستنی مەعسومێتی دەق، واتە پاکی و بێهەڵەیی، بنیاتیان ناوە. قەڵایەکە بۆ ئەوەی بڵێن، ئەو دەقەی لەبەردەستی ئێمەدایە، هیچ گومانێکی تێدا نییە، قەتعی و یەقینە.
بەڵام، لێکۆڵەری ڕەخنەگر و وردبین، ئەو کەسەی کە فێر بووە پرسیار بکات و تەنها بە وەڵامە ئامادەکراوەکان ڕازی نەبێت، ناتوانێت لەبەر دەرگای ئەم قەڵایەدا بوەستێت و سەرسامی خۆی بۆ دیوارە بەرزەکانی دەرببڕێت؛ ئەرکی ئەو ئەوەیە کە سەیرێکی ناوەوەی بکات و بناغەکانی بپشکنێت. کاتێک ئێمە لە جیاتی باوەڕپێکردنی ئەم چەمکە، لێکۆڵینەوەی لێ دەکەین و بەدوای ڕەگوڕیشە مێژووویەکەیدا دەگەڕێین، تووشی شڵەژانێکی فیکری قووڵ دەبین. کێشەکە لەو جومگە بێدەنگ و پچڕاوەدایە، لەو بۆشاییە شاراوەیەدایە کە لە نێوان دەقی نووسراو (الرسم المصحفي) و دەقی خوێنراوە (القراءة)دایە. لێرەدایە کە تەواوی ئەو وێنە سادە و دڵنییایە، ئاڵۆز دەبێت.
بۆ ئەوەی خوێنەرێکی سادە، کە هیچ شارەزاییەکی لەم بوارەدا نییە، لەم قەیرانە تێبگات، دەبێت سەرەتا جیاوازی نێوان ئەم دوو شتە بکەین؛ نووسین و خوێندنەوە.
ئەوەی کە بەڕاستی بە تەواتور گەیشتووە و هیچ دوو موسڵمانێک لەسەری ناکۆک نین، "رەسمە عوسمانی"یەکەیە. ئەمە چییە؟ کاتێک خەلیفەی سێیەم، عوسمانی کوڕی عەففان، ویستی کۆتایی بە ناکۆکییەکان بهێنێت، فەرمانیدا بە کۆکردنەوەی یەک وەشانی ستانداردی نووسراو بۆ قورئان و لەناوبردنی هەموو ئەوانی تر. ئەوەی کۆکرایەوە، رەسم بوو. رەسم واتە ئێسکەپەیکەری وشەکان. زمانی عەرەبی لەو سەردەمەدا، بە شێوەیەکی سەرەتایی دەنووسرا. بۆ نموونە، خاڵ لەسەر پیتەکان (وەک جیاکردنەوەی ب، ت، ث، ن، ی) یان زۆر کەم بوو یان هەر نەبوو. بزوێنەکان (فتحة، ضمة، كسرة) کە دەنگی وشەکە دیاری دەکەن، بە هیچ شێوەیەک بوونیان نەبوو.
کەواتە، رەسمی عوسمانی، ئێسکەپەیکەرێکی بێ جووڵە و بێ دەنگە. بۆ نموونە، ئەگەر وشەی "ملك" بە رەسمی عوسمانی بنووسرایە، دەیتوانی بە چەندین شێوە بخوێنرێتەوە: "مَلِك"  پاشا)، "مالِك" (خاوەن)، "مُلك" ( موڵک و دەسەڵات)، "مَلَك" ( فریشتە). کامیان ڕاستە؟ رەسمە بێدەنگەکە وەڵامی نەدەدایەوە.
ئەم ئێسکەپەیکەرە نووسراوە، بەڵێ، بە تەواتور گەیشتووە. بەڵام قورئان تەنها ئەم رەسمە نییە. قورئان لە بنەڕەتدا کیتابێکی خوێنراوە، واتە دەنگێکی زیندوو و خوێندنەوەیەکە. ئەو دەقە بێدەنگە هیچ مانایەکی نییە ئەگەر دەنگێک زیندووی نەکاتەوە. پرسیارە گەورەکە یان قەیرانەکە لێرەدایە؛ ئایا ئەم دەنگەش، ئەم خوێندنەوە جیاوازانەش، هەمان ئەو تەواتورە تیۆرییەیان هەیە کە رەسمە نووسراوەکە هەیەتی؟
لێرەوە دەرگایەکی هێندە ڕەخنەیی گەورە دەکرێتەوە کە بە هیچ عەقڵێکی ڕاستگۆ ناتوانرێت داخرێتەوە. زانایانی ئوسوڵی فیقهـ، ئەو ئەندازیارانەی کە سیستمی یاسای ئیسلامییان دادەڕشت، نەیاندەتوانی سیستمی یاسادانانی خۆیان لەسەر شتێکی گوماناوی بنیات بنێن. ئەوان بۆ دەرکردنی حوکمی حەڵاڵ و حەرام، پێویستیان بە سەرچاوەیەکی قەتعی و گوومانهەڵنەگر بوو.
بۆیە هاتن پێناسەی قورئانیان (حدّ القرآن) داهێنا. ئەم پێناسەیە سادە و ڕوون و توند بوو. پێناسەکە زۆر بە سادەیی دەڵێت قورئان ئەوەیە کە بە تەواتور گەیشتووە. و بە پێچەوانەوە، هەر شتێک بە ئاحاد گەیشتبێت، قورئان نییە، تەنانەت ئەگەر زنجیرەی گێڕەرەوەکانیشی واتە سەنەدەکەشی ڕاست و جێی متمانە بن.
با ئاحادیش ڕوون بکەینەوە. ئاحاد پێچەوانەی تەواتورە. ئەگەر تەواتور گواستنەوەی کۆمەڵێک بێت لە کۆمەڵێک، ئەوا ئاحاد گواستنەوەی تاکەکەسییە؛ یەک مامۆستا بە قوتابییەکی وتووە، یان دوو قوتابی، یان ژمارەیەکی کەم کە ناگاتە ئەو ئاستەی گومانی هەڵە و ڕێککەوتن لەسەر درۆ تیایاندا نەمێنێت.
کەواتە، زانایانی ئوسوڵ یاسایەکی تیۆریی زۆر ڕوونیان دانا کە دەڵێت قورئان = تەواتور. هەر شتێکی تر = ئاحاد = قورئان نییە.
ئەمە پێناسەیەکی مەنتقی و جوان بوو، بەڵام کێشەیەکی کوشندەی دروست کرد. کاتێک خودی ئەو زانایانە لە تیۆرییەوە دەهاتنە خوارەوە بۆ واقیع، کاتێک سەیری مێژووی ئەو خوێندنەوانەیان دەکرد کە لە مزگەوت و کوتابەکاندا دەیانخوێند و فێری خەڵکیان دەکرد، تووشی ئەو ڕاستییە حاشا هەڵنەگرە بوون کە ئەو خوێندنەوانەی لەبەردەستیاندایە، ئیدی حەوتە ناسراوەکە بن، یان دە یان هەر ژمارەیەکی دیکە، لە ڕووی زنجیرەی گواستنەوەوە و سەنەدەوە، هەموویان ئاحادن!
واتە، زانایانی ئیسلامی پێناسەیەکی تیۆرییان بۆ قورئان دانا کە لە ئەنجامدا، زۆربەی ئەو شتەی لەبەر دەستیاندایە و پێی دەڵێن قورئانی خوێنراو، دەخاتە دەرەوەی ئەو پێناسەیە. خوێندنەوەی نافعی مەدینەیی، یان عاسمی کوفی، یان ئیبن کەسیری مەککی، کاتێک سەیری زنجیرەی گێڕەرەوەکانیان دەکەیت، دەبینیت یەک کەس لە یەک کەسی وەرگرتووە تا دەگاتەوە بە یەکێک لە هاوەڵان. ئەمە بە پێوەری توندی خودی زانایانی ئوسوڵ، ئاحادە، نەک تەواتور.
ئەمە ئەو پارادۆکسە گەورەیەیە کە عەقڵی ئیسلامی تا ئەمڕۆش تێی گلاوە. کە بە بڕوای من تەنها دوو ڕێگا لەبەردەمیاندایە یان دەبێت واز لەو پێناسە توندەی تەواتور بهێنن (کە ئەمە واتای ڕووخانی قەڵاکەیە)، یان دەبێت دان بەو ڕاستییەدا بنێن کە زۆربەی ئەو قیرائاتانەی دەیانخوێنین، بە پێوەرە تیۆرییەکەی خۆیان، ناچنە خانەی قورئانی قەتعییەوە.
هەڵبەت بۆ تێگەیشتن لەم ئاڵۆزییە و بۆ زانینی چۆنیەتی دروستبوونی ئەم واقیعە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ساتەوەختێکی مێژوویی دیاریکراو؛ کە سەدەی چوارەمی کۆچییە و دەرکەوتنی پیاوێکە بە ناوی ئیبن موجاهید (٣٢٤ کۆچی).
پێش ئیبن موجاهید، مەیدانی قیرائات مەیدانێکی ئاڵۆز و پڕ فەوزای زانستی بوو. بەهۆی ئەو رەسمە بێدەنگەی عوسمانەوە، دەرگا کرابووەوە بۆ دەیان شێوازی خوێندنەوەی جیاواز. هەر شارێک (مەککە، مەدینە، کوفە، بەسرە، شام) قوتابخانەی خوێندنەوەی خۆی هەبوو. هەندێک زانا باسی بیست خوێندنەوەی باوەڕپێکراویان دەکرد، هەندێک پەنجا، و هەندێک زیاتریان دەکرد. ئەمە تەواتور نەبوو، بەڵکو تەکاسور و بڵاوبوونەوەیەکی کۆنترۆڵنەکراو بوو کە هەڕەشەی لە یەکپارچەیی تێگەیشتن لە دەق دەکرد.
لەم فەوزایەدا، ئیبن موجاهید لە بەغدا دەرکەوت. ئەو کارەی کە ئەو کردی، لە مێژوودا بە کۆکردنەوە ناونابرێت؛ چونکە ئەو کۆی نەکردەوە. ئەو کارەی ئەو کردی هەڵبژاردن و دیاریکردن بوو.
ئەو وەک ئەندازیارێک یان فەقیهـ و موجتەهیدێک هاتە پێشەوە، نەک تەنها وەک گێڕەرەوەیەکی پاسیڤ. لەناو ئەو هەموو دەنگەدا، لەناو ئەو بازاڕە پڕ لە خوێندنەوە جیاوازەدا، حەوت دەنگی هەڵبژارد. وتی: تەنها ئەم حەوت خوێنەرە (قراء) و خوێندنەوەکانیان ڕەوان.
بەڵام پرسیارەلە لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی حەوت؟ بۆچی شەش نەبوو؟ بۆچی هەشت نەبوو؟
ئەو ژمارە حەوتە، داهێنانێکی سیاسی و تیۆلۆژیی زیرەکانەی ئیبن موجاهید بوو. ئیبن موجاهید ویستی ئەم هەڵبژاردنە مرۆییەی خۆی ببەستێتەوە بە فەرموودەیەکی ناڕوون و ئاڵۆزەوە کە دەوترێت پێغەمبەر فەرموویەتی "قورئان لەسەر حەوت ئەحروف دابەزیوە". ئیبن موجاهید ویستی بەم کارەی، پرۆژە مرۆییەکەی خۆی، کە لە بنەڕەتدا کارێکی ئیداری و ستانداردکردن بوو بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکی، بکات بە پرۆژەیەکی ئیلاهی و ڕەوایی پێ ببەخشێت. ئەو ئیجتیهادی خۆی خستە ژێر چەتری تەوقیفێکەوە کە وەک ڕاسپاردەیەکی ئیلاهی سەیر بکرێت.
بەڵگەی ئەمەش ئەوەیە کە کاتێک سەیری لیستەکەی دەکەیت، دەبینیت هات سێ خوێندنەوەی لە شاری کوفە هەڵبژارد (خوێندنەوەکانی عاسم، حەمزە، کیسائی). ئەگەر بابەتەکە تەواتوری حەتمی بووایە، چۆن دەکرێت یەک شار سێ تەواتوری جیاواز و ڕکابەری تێدا بێت؟ ئەگەر تەواتور بووایە، دەبوو هەموو خەڵکی کوفە یەک جۆر بیخوێنن.
ئەمە خۆی لە خۆیدا داننانە بەوەی کە بابەتەکە ئیجتیهادی زانایان و هەڵبژاردنی قوتابخانە فیقهی و لێکدانەوەییەکان بووە، نەک گواستنەوەیەکی میکانیکی و بەکۆمەڵ. ئیبن موجاهید وەک دادوەرێک مامەڵەی کرد کە لە نێوان چەند قوتابخانەیەکی مەزهەبدا، چەند دانەیەکیان هەڵدەبژێرێت و دەڵێت ئەمانە ڕەوان.
هەڵبەت ئەوەش ئاشکرایە کە هەر پرۆسەیەکی ستانداردکردن، قوربانی خۆی هەیە. هەر کاتێک تۆ قانوونێک دادەنێیت، ئەوا تۆ لە هەمان کاتدا شتگەلێک دەخەیتە دەرەوە. کاتێک ئیبن موجاهید حەوت خوێندنەوەی هەڵبژارد و کردی بە قانوون، لە هەمان کاتدا دەرگای لە دەیان خوێندنەوەی تر داخست کە تا دوێنێ بەشێک بوون لە گوتاری قورئانی و خەڵک نوێژی پێ دەکرد.
لێرەوە چەمکی شەواذ لەدایک بوو. شاذ مانای چی بوو؟ شاذ ئەوە نەبوو کە لزوومەن لەڕووی زمانەوانییەوە هەڵە بێت، یان سەنەدی نەبێت زۆرێک لە خوێندنەوە شازەکان سەنەدیان لە خوێندنەوە قانوونییەکانیش بەهێزتر بوو. شاذ بە سادەیی ئەو خوێندنەوەیە بوو کە لەناو سیستمی حەوتی ئیبن موجاهیددا جێگەی نەکرایەوە.
بە واتایەکی تر، کتێبەکانی شەواذ بوون بە گۆڕستانی ئەو دەنگانەی کە لە پرۆسە سیاسی و ئیدارییەکەی ستانداردکردندا دۆڕان. شەواذ مێژوویەکی مەسکووت عەنھو یان بێدەنگی لێکراوی دەقی قورئانن؛ ئەو دەنگانەن کە لە پرۆسەی یەکخستنی دووەمدا (یەکخستنی یەکەم هی عوسمان بوو بۆ رەسم، دووەم هی ئیبن موجاهید بوو بۆ دەنگ) کرانە دەرەوە.
با بگەڕێینەوە سەر ئەو حەوت خوێندنەوەیەی کە مانەوە. ئایا ئەمانە خۆیان پاک و بێگەرد و یەکپارچە بوون؟ کاتێک بە شێوەیەکی زانستی و بێ سۆز سەیری زنجیرەی گواستنەوەی ئەم حەوت خوێندنەوەیە دەکەین، ڕاستییەکی سادە بەڵام شۆکهێنەر دەبینین؛ ئەویش ئەوەیە کە هەموویان ئاحادن.
بۆ نموونە، ئێمە ئەمڕۆ زۆربەی هەرە زۆری موسڵمانانی جیهان بە خوێندنەوەی حەفس دەخوێنین. حەفس قوتابی عاسمی کوفی بووە کە یەکێکە لەو حەوتەی ئیبن موجاهید هەڵیبژارد.. بەڵام عاسم قوتابییەکی تری بەناوبانگی هەبوو بە ناوی شوعبە. کاتێک بەراوردی نێوان خوێندنەوەی حەفس و خوێندنەوەی شوعبە دەکەین کە هەردووکیان لە یەک مامۆستا، واتە عاسم، وەریانگرتووە، دەبینین لە سەدان شوێندا جیاوازن!
ئەمە گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە پرۆسەکە تەواتوری میکانیکی و کۆپی ئاسا نەبووە. ئەگەر تەواتور بووایە، دەبوو هەموو قوتابیەکانی عاسم وەک یەک بییان گواستایەتەوە. بەڵکو ئەوەی ڕوویداوە گواستنەوەیەکی مرۆیی بووە؛ مامۆستایەک وانەی وتووەتەوە، و قوتابییەکان بەپێی ئیجتیهاد و لێکدانەوە و بیرەوەری خۆیان، یان تەنانەت بەپێی هەڵبژاردنی خۆیان گواستوویانەتەوە. ئەمە ئیختیلاف و ئیجتیهادی گێڕەرەوەکانی تێدایە.
مێژووی دەقی قورئانی خوێنراو، مێژووی تەدبیرێکی مرۆیی بووە بۆ کۆنترۆڵکردنی دەقێکی ئیلاهی. ئەمە مێژووی پەرەسەندنێکی هێواش و قۆناغبەندی عەقڵی ئیسلامییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ میراتە پیرۆزەکەیدا.
بە یەکخستنی ئێسکەپەیکەرە نووسراوەکە لەلایەن عوسمانەوە دەستی پێکرد. ئەمە قۆناغی یەکەم بوو کە تەنها رەسمی یەکخست.
پاشان گەیشتە قۆناغی هەستیاری هەڵبژاردن و دیاریکردنی دەنگە سەرەکییەکان لەسەر دەستی ئیبن موجاهید لە سەدەی چوارەم.
بەڵام کارەکە هەر لێرە نەوەستا. دوای ئەو، زانایانی وەک دانی و شاتبی لە سەدەی پێنجەم و شەشەم هاتن و ئەم سیستەمەیان زیاتر پاڵفتە کرد. ئەوان هاتن بۆ هەر یەکێک لەو حەوت ئیمامە، دوو گێڕەرەوەی سەرەکییان دیاریکرد وەک حەفس و شوعبە بۆ عاسم. بەم کارە، جیاوازییە ناوخۆییەکانی ناو هەر سیستمێکیان کەمتر کردەوە و وەهمی گواستنەوەیەکی پاک و بێگەرد و هێڵی تەریبیان دروست کرد.
پاشان ئیبن جەزەری لە سەدەی نۆیەم هات و بۆ چارەسەرکردنی هەندێک کێشەی تر، سیستمەکەی فراوانتر کرد و سێ خوێندنەوەی تری بۆ زیاد کرد و کردی بە دە خوێندنەوەکە.
تا گەیشتینە سەردەمی مۆدێرن و شۆڕشی چاپەمەنی. لێرەدا قۆناغی کۆتایی ستانداردکردن ڕوویدا. لە ساڵی ١٩٢٤، زانایانی ئەزهەر لە قاهیرە، بڕیاریاندا یەک وەشانی قورئان چاپ بکەن. ئەوان دەبوو لەناو ئەو هەموو خوێندنەوە ڕەوایانەدا یەکێک هەڵبژێرن. ئەوان یەک دەنگیان هەڵبژارد کە خوێندنەوەی حەفسە لە عاسمەوە. بەهۆی هێزی چاپخانە و بڵاوبوونەوەی جیهانی، ئەم چاپە بوو بە ستانداردی جیهانی ئیسلامی. ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە بە کردەوە، هەموو ئەو دەنگە ڕەوا و قانوونیانەی تریش وەک خوێندنەوەی وەرش کە لە باکووری ئەفریقا باوە، یان قالوون بخرێنە پەراوێزەوە و وای لێبێت کە خەڵکی وا بزانن قورئان تەنها و تەنها هەر ئەم یەک خوێندنەوەیەیە.
ئەم ڕوانگەیە پێمان ناڵێت کە دەقەکە ساختەیە، یان پیرۆز نییە. بەڵکو پێمان دەڵێت کە تێگەیشتنی باو و سادە و مناڵانە بۆ مێژووی دەقەکە، تێگەیشتنێکی نادروست و ناڕاستەقینەیە.
کاتێک دەڵێین قورئان، ئێمە لەبەردەم دەقێکی وەستاو و یەکپارچەدا نین کە لە یەکەم ڕۆژەوە وەک ئەمڕۆ لەبەردەستماندا بووبێت. بەڵکو لەبەردەم دەقێکی پەرەسەندوو داین کە مێژوویەکی ئاڵۆز و مرۆیی، مێژوویەکی پڕ لە ئیجتیهاد و هەڵبژاردن و ناکۆکی و ستانداردکردن، لە پشت شێوازەکانی گواستنەوەیەوە هەیە. داننان بەم مێژووە مرۆییە، تەنها پێویستی بە کات و کرانەوەی جیهانی ئیسلامییەوە هەیە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست