<

هەزار تاوان و یەک وێنە! 

24/11/2025, 15:06 (GMT+1)

مەعقول چیە وێنەیەک ببێتە سڕینەوەی هەزاران تاوان!؟

 باسی ڕەهەندە سیاسی و ئەو گۆڕانکاریە ناوچەییانە کە قەرارە بکرێت بە پالپشتی ئەمریکا و ئیسرائیل لە پشتی ئەم دیدارە با بۆ کەسانی تایبەتمەندبێت. 
تەنها بیرخستنەوەیەک بۆ ئەو هاوڵاتیانەی بەهاریان بە گوڵێک هێناوە لە دیداری نمایشی خۆنواندن و قوڵکردنەوەی برینەکان و خۆفەرزکردنی بنەماڵەیی و ناوچەیی و ڕقەبەرایەتی حیزبە ڕازی و ناڕازیەکانی تر لە شارەکانی تری کوردستان، نەک دیداری ئاشتی!
هەڵوێستەیەک لەسەر وێنەکەی خوارەوە لە گۆشە نیگای دەسەڵاتدارانی شاری هەولێری باشووری کوردستانەوە. 
أمما بعد؛ 
ئەم کوردەی خۆمان؛ 
دەیان ساڵ بیچەوسێنەرەوە،
 مووچە و هەلی کار و ئارامی جەستەیی و دەروونی لێ ببڕە، 
دەیان هەزاری لێ بکوژە و دوایی وەرە سەرشاشە و بڵێ خەتای ئێمە نەبووە،
 لەسەر ئازادی ڕادەربڕین بیخەرە زیندان و دەربەدەری بکە،
سەرخان و ژێرخانی وێران بکە،
سەرە زلەکان و ئەولادە ناساڵح و باش پەروەردە نەکراو و دزەکانیان سەروەتەنیشتیمانیەکەی بەتاڵان ببەن،
دادگا و هەڵبژاردن و پەرلەمانەکەی بکە بە گاڵتەجار،
نەوە خۆش ژیاو و لەباوان چووەکان ئامادەبکە بۆ ئەوەی حوکمی نەوەکانیان بکەن،
دز و گەندەڵەکانی ئەوروپا و ئەمریکا و تیکتۆکچی و ڤلۆگەر و مۆدێلەکانی ناوخۆ و وڵاتان بهێنە و وەسفی ساختەی هەڵبژاردن و شار و کەناڵی تەلەفزیۆنی تەمویلکراویان پێبکە هەر لەسەر پارە و قوت و گیرفانی خۆی ، 
خاکەکەی پارچە پارچە بکە، نیوەی بفرۆشە و ئەوەشی کە ماوە بیکە بە تەراتێنی هەواڵگری وڵاتانی ناوچەکە و جێنفوزی حیزبی خۆت و بنەماڵەکەت،
شارچێتی و ڕق لەنێوان هاوڵاتیان بگەیەنە لوتکە، 
کەچی ئەم کوردە سەیرە، ئەم هەموو تاوان و گەندەڵی و کەم و کورتیانە، بە یەک وێنەگرتنی جەماعی سیاسیەکان ،لێیان ئەکرێت بە رەمزی بەرخودان و ئاشتی و هەموو شتێکی خراپی
 ئەوانە لەبیرئەکات !
لەوەش خراپتر، ڕام و دەستەمۆکردنی سەرکردەکانی پارچەکانی ترە، بەجۆرێک کە وەک پاڵەوانی ئاشتی سەیری ئەم فاشلانەی باشوور بکەن، کەچی لەولاوە چەندین حیزبی نەیاری سیاسی لە ناوچەکانی تری کوردستان نەک بانگهێشت نەکراون بەڵکو لە مێدیاکانیانەوە دژایەتیش ئەکرێن! 
من هەزار وێنەی ئاوا ببینم پێم وایە هەر خۆنواندنێکی دووڕوویانە و گەوجاندنی بەرامبەرە و هیچیتر، بۆیە هەر ئەبێت ڕۆژێک بێت سەرانی زلی بنەماڵە و حیزبەکانی باشوور دادگایی بکرێن،لەپای وێرانکردنی نیشتیمان و تێکشکاندنی کەرامەتی تاکی کورد!
 هەر هەنگاوێکیان بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی حیزبی و خێزانەکانیانە نەک بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتیمان! 
تۆش ئەم وێنەیەی خوارەوە دابنێ و هەر بڵێ دوو زائد دوو ئەکاتە یەک! 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست