<

دۆلاربارانەی (بیل گەیتس) و نوێژەبارانەی پیاوانی ئاینی، کامیان ڕاستیە؟

03/12/2025, 0:32 (GMT+1)
- (بیڵ گەیتس) کێیە؟ چۆن بوو بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین کەسی جیهان؟
- باران لە ئاسمانەوەیە، بەڵام گۆڕانکاری بە دۆلاری دەستی مرۆڤی خاوەن هەستە!
- ئایا (گەیتس) کەی وە لەکوێ ڕایگەیاندوە کە ئەفریقا دۆلارباران و ملیارباران دەکات؟
- تۆ بڵێی (گەیتس) بزانێت کە نوێژەبارانە و ھەژاری و خواردنەوەی میزی حوشتر بۆ نەخۆشی بە دۆعا نابێت، بۆیە دۆلار باران دەکات؟
- بۆچی (گەیتس) نایەوێت بە دەوڵەمەندی بمرێت؟ ئایا مردن بە دەوڵەمەندی شەرمەزارییە؟
- ئاخۆ بڕیارەکەی (گەیتس) ئیلهامبەخشە بۆ دەوڵەمەندەکانی کوردستان، نەک دروستکردنی مزگەوت؟

- (بیڵ گەیتس) کێیە؟ چۆن بوو بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین کەسی جیهان؟

(گەیتس) خاوەنی کۆمپانیای (مایکرۆسۆفت) و  پرۆگرام نوسە و خێرخوازە و نووسەرێکی ئەمریکییە. لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٥ لە شاری سیاتڵ لە ویلایەتی واشنتۆن لە ئەمریکا لەدایکبووە.
ئەو وازی لە زانکۆی بەناوبانگی هارڤارد هێنا بۆ ئەوەی کار و سەرنجی زیاتری لەسەر کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بێت!
لە ساڵی ١٩٧٥ لەگەڵ هاوڕێیەکی لاویدا (پۆڵ ئالن) کۆمپانیای تەکنەلۆژیای مایکرۆسۆفتیان دامەزراندووە.
مایکرۆسۆفت گەشەی کرد و بوو بە گەورەترین کۆمپانیای سۆفت وێر لە جیهاندا و سیستەمی کارپێکردنی (ویندۆزی) بڵاوکردەوە، کە لە سەرانسەری جیهاندا بەناوبانگ بوو!
بەهۆی سەرکەوتنی کۆمپانیای مایکرۆسۆفتەوە، (بێڵ گەیتس) بۆ چەندین ساڵ بە دەوڵەمەندترین کەسی جیهان دادەنرا!
(بێڵ گەیتس) حەز و ئارەزووی زۆری ھەیە لە زانست و داهێنان و گرنگیدان بە ژینگە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گۆڕینی کەشوهەوا! وە پارەش دەبەخشێت بەو کۆمپانیایانەی کە کاردەکەن بۆ گەشەپێدانی دەرزی کوتان دژی مەلاریا و ئیفلیجی منداڵان و ئایدز  لە سەرانسەری جیهاندا!

- باران لە ئاسمانەوەیە، بەڵام گۆڕانکاری بە دۆلاری دەستی مرۆڤی خاوەن هەستە!

موسڵمانان بە کۆمەڵ نوێژ دەکەن بۆ بارانی وشکەساڵی. ئەوان پێیان وایە خودا دەتوانێت هەموو شتێک بکات، وەک باران بارین بۆ وەڵامدانەوەی دوعاکان! وە خودا دەتوانێت موعجیزەش ئەنجام بدات! بەڵام ئەو پرسیارەی کە درزی  نێوان ئیمان و واقیع زیاتر دەردەخات، ئەوەیە:
- ئەگەر خودا بتوانێت باران ببارێت، ئەی بۆچی دۆلار نابارێنێت؟ لە کاتێکدا ملیۆنان کەس برسیەتی؟
- بۆچی خودا، خواردن و دەرمان و ئاشتی و ئاسودەیی بۆ ووڵاتانی موسڵمانان نابارێنێت؟ وەک هەموان دەزانین، هەر لەسەردەمی پێغەمبەرەوە هەتا ئێستاش، هەر شەڕ و بەکافر کردن و کەنیزەی سێکسی بردنە و کوشتار و سەربڕینە؟
- بەڵام لەم نێوانەدا، پیاوێکی وەک (بیل گەیتس) کە تواناکانی خودا نییە و پیرۆزیش نییە، تەنیا دەوڵەمەندە، دەتوانێت بەتەواوی ئەو کارە بکات کە خودایەکی بەتواناو میهرەبان بۆ هەژاران دەبێ بیکات! بۆنمونە (بیل گەیتس) منداڵان ڕزگار دەکات لە برسێتی (خورادنیان بۆ دابین دەکات) و پڕۆژەی ئاو دروست دەکات (نەک لافاو)، نەخۆشی چارەسەر دەکات (نەک ڤایرۆس دروست دەکات) و وەبەرهێنانیش لە کشتوکاڵ و ژینگەدا دەکات (نەک ووشکەساڵی و بومەلەرزە)
- ئەوەی سەیریشە بەلامەوە ئەوەیە، کە ئاسمان بە بێدەنگی دەمێنێتەوە، لەکاتێکدا کە خەڵکی گرفتەکانی ژیانی ئاسایی خۆیان چاک دەکەن و گۆڕانکاریش دەکەن بە دۆلار و پارە نەک بە دۆعا و پاڕانەوە و هێزی خودا! هەتا خەڵکی خۆیان ماڵیش بۆ خودا دروست دەکەن ( واتە مزگەوتیش)
- کەواتە موعجیزە لە هەواوە نایەت! بەڵکو گۆڕانکاری تەنها بە دەستی مرۆڤی لێهاتوو و زیرەک و خاوەن هەست و زانست دەکرێت!

- ئایا (گەیتس) کەی وە لەکوێ ڕایگەیاندوە کە ئەفریقا دۆلارباران و ملیارباران دەکات؟

(بیڵ گەیتس) ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ڕایگەیاند لە میانەی ووتارێکیدا لە هۆڵی نیلسۆن ماندێلا لە بارەگای یەکێتی ئەفریقا لە ئەدیس ئەبابای پایتەختی ووڵاتی ئەسیوپیا ، کە لە ڕێگەی (دامەزراوەی گەیتس)ەوە، زۆربەی سامانەکەی کە ٢٠٠ ملیار دۆلارە لە ماوەی ٢٠ ساڵی داهاتوودا بە ئەفریقا دەبەخشێت و ئەفریقا دۆلارباران و ملیارباران دەکات! نەک دۆعاباران و نوێژەباران!
- (مێلیندا گەیتس)، هاوسەری پێشووی و هاودامەزرێنەری (دامەزراوەی گەیتس)، پێشتر ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرنجی لەسەر خێرخوازیەکانی خۆی دەبێت و بەڕێوەی دەبات! چونکە دامەزراوەی (بیل و مێلیندا گەیتس) تا ساڵی ٢٠٢٤ زیاتر لە ٦٠ ملیار دۆلاریان بەخشیوە بۆ کاری خێرخوازی، کە بەشێکی زۆری ئەو پارەیە بە ووڵاتانی ئەفریقا دراوە !

- تۆ بڵێی (گەیتس) بزانێت کە نوێژەباران و ھەژاری و خواردنەوەی میزی حوشتر بۆ نەخۆشی بە دۆعا نابێت، بۆیە دۆلار باران دەکات؟

بە بۆچونی من، کەسێکی خاوەن پارە، دەتوانێت زیاتر یارمەتی ڕاستەوخۆ بدات بە مرۆڤایەتی و ژینگە وەک لەوەی کە خودایەکی بەهێز دەیکات (وەک دەڵێن)!
ئەگەر خودا هێندە میهرەبان و بەهێزە و هەموو شتێک دەبینێت و گوێی لە دوعاکانە و مرۆڤایەتشی خۆش دەوێت!
- ئەی بۆچی خودا هێزی خۆی زیاتر پیشان نادات؟ هەروەک هێز و مرۆڤایەتی ملیاردێر (گەیتس) کە پیشانی هەموو جیهانی دەدات؟
- بۆچی خودا نە دۆلار و نە باران، بەدۆعا و نە موعجیزەیش لەواقع دا پیشانی کەس نادات؟
- بەڵام (بێڵ گێتس) هێز و میهرەبانی و دۆلاربارانەکەی پیشانی هەموو جیهان دەدات؟
بێڵ گەیتس جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی دۆلاربارین و بەخشینەکەی بۆ باشترکردنی چاودێری تەندروستی و فراوان کردنی بواری خوێندن و بەرزکردنەوەی ئاست و کوالیتی خوێندن بۆ کۆمەڵگەی ئەفریقا ھەتا لە ئەفریقاش بواری داهێنانی تەکنەلۆژیا ھەبێت و زۆربەی باری ژیانی ئەوانیش گەشەبکات!
- (گەیتس) چاک دەزانێت کە نوێژەباران بۆ ووشکەساڵی و دۆعا و خواردنەوەی میزی حوشتر بۆ نەخۆشی و ھەژاری و بەڵێنی خەیاڵی بۆ بەھەشتێکی فراوانی پڕ حۆری ئەو دنیا، ھیچ لە ژیانی ئەفریقیەکان ناگۆڕێت! بەڵام دۆلاربارین،  ئازاری زۆربەی خەڵکی کەم دەکاتەوە و دەتوانێت ژیانیان بیگۆڕێت و لە برسیتی و نەخۆشی دوریان بخاتەوە!

- بۆچی (گەیتس) نایەوێت بە دەوڵەمەندی بمرێت؟ ئایا مردن بە دەوڵەمەندی شەرمەزارییە؟

(گەیتس) ڕایگەیاندووە کە نایەوێت بە دەوڵەمەند بمرێت! پێویستە سامانەکەی بەکاربهێنرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە جیهانییە زەقەکان! ئەو پێی وایە وەبەرهێنان و پارە بەخشین لە تەندروستی و پەروەردەدا کلیلی کردنەوەی تواناکانی مرۆڤ و پێشخستنی خۆشگوزەرانییە لە ئەفریقا، نەک چەق وەستاندنی بیروباوەڕ و گەڕانەوەیان بۆ دواوە و فێری پاڕانەوە و سواڵکردن لەبەردەم مزگەوتەکاندا.
- جگە لەوەش ئاماژەی بەوە کردووە، کە تەنها ٪١ی سامانەکەی وەک میراتی بۆ منداڵەکانی بەجێدەهێڵێت! ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە سامانی کەسی خۆی و میراتی پێ گرنگتر نییە! لە کاریگەری ئەنجامی ئەو بەخشینەی (دۆلار بارینە) کە بۆ پێشخستنی باری ژیانی کیشوەری ئەفریقای ھەژارنشین و دواکەوتوو سەرف دەکات! ھەتا بتوانێت بەو بەخشینە، دەرگای زانستی و پێشکەوتن بۆ ھەژاران بکاتەوە!
ئەمەش جەخت لەوە دەکات کە سامان پێویستە بۆ چاکەی گشتی بەکاربهێنرێت نەک بۆ دەوڵەمەندکردنی کەسی و ئەندامانی خێزانی و بەجێهێشتنی  ملیارەها دۆلار وەک میراتی!

- ئاخۆ بڕیارەکەی (گەیتس)، ئیلهامبەخشە بۆ دەوڵەمەندەکانی کوردستان، نەک دروستکردنی مزگەوت؟

بەبۆچونی من ، بڕیارەکەی (گەیتس) ڕەنگدانەوەی باوەڕێکی قووڵە کە خێرخوازی ئامرازێکی بەهێزە بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و کەلتوری و ئاینە چەقبەستووەکان! ئەگەر بەشێوەیەکی زانستی و دوور لە خەرافیات خەرج بکرێت!
بڕیارەکەی بێڵ گەیتس، ئیلهامبەخشە بۆ دەوڵەمەندەکانی کوردستانیش، هەتا ئەوانیش بەشێوەیەکی زانستی  بەخشینە خێرخوازیەزانیان بۆ پەروەردە و زانست و ژینگەی کوردستان سەرف بکەن نەک بۆ مزگەوت دروستکردن!
- ئەو دۆلار بارین و بەخشینەی (گەیتس) ئاماژە بە وتارێکی (ئەندرۆ کارنێگی) دەکات کەناوی (ئینجیلی سامان)، باس لەوە دەکات کە (مردن بە دەوڵەمەندی شەرمەزارییە)!
ئەو هیوادارە کە ئەو بەخشین و دۆلاربارینە گۆڕانکاری بەردەوام دروست بکات و کاریگەریەکی پۆزەتیڤی دیاری لەسەر نەوەکانی داھاتووی ووڵاتانی ئەفریقا هەبێت!
- بڕیارە دامەزراوەی (بیل و مێلیندا گەیتس) لە ساڵی ٢٠٤٥دا کارەکانی ڕابگرێت، تا ئەو کاتە، زۆربەی سەروەت و سامانەکەی بۆ ئەم بەخشین و کارە خێرخوازیانە تەرخان دەکرێن. (بیل و مێلیندا گەیتس) هیواداریشن کە زۆربەی ووڵاتەکانی ئەفریقا بەو دۆلاربارینەی ( نەک نوێژەبارینەی) گەیتس سەوز ببێت و کۆمەڵگەش ئارام و ئاسودە و تەندروست تر بکات!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست