گەلی باشوور یا هەواداری باشوور؟
07/12/2025, 13:27 (GMT+1)

فەیلەسوف و نووسەری ڕۆمانی ئەمیل سیوران دەڵێت : بە هۆکاری ئەوەی ئێمە شکستمان هێنا لە درووستکردنی مرۆڤێک کە بیر بکاتەوە. هەر بەو هۆکارە گەل دروستنەبوو، بەڵکو هەوادار درووست بوو، هەواداری چەپڵە لێدەر و هەواداری دەمپیس، هەوادارێک جارێک چەپڵە لێدەدات و جارێک جنێو ئەدات.
ببینە و سەرنج بدەن
ئەم جۆرە لە مرۆڤ دەتوانیت چۆنت بوێت بەکاری بهێنیت کۆمەڵگای کوردیش بە تایبەت باشوور ناتوانیت ناوی بنێیت گەلی کوردی باشوور بەڵکو دەکرێت ناوی بنێیت هەوادارانم لە کوردستانی باشوور، ئەمڕۆ دەتوانیت لەشکرێک لە دەستخۆشیکەر لە خۆت کۆ بکەیتەوە و لە هەمانکاتیش دەتوانیت لەشکرێک لە دەمپیس لە دەورت کۆبکەیتەوە، ئەم هەوادارە بیر ناکاتەوە و نایەوێت تێ بگات هۆڵەکانی دەنگدانیان پێ پڕ دەکەیتەوە و شەقامەکانیان پێ پڕ دەکەیت و سەنگەر و سنورەکانیان پێ دادەپۆشیت و کۆڕ و کۆبونەوەکانیان پێ قەرەباڵخ دەکەیت، نازانێت بۆ دەجەنگێت و دژی چی و کێ دەجەنگێت بۆ چەپڵە لێدەدات و بۆ دەگری و بۆ هەڵدەپەڕێت و بۆ شین دەکات.
دەتوانیت بینێریت شەق بوەشێنێت و چاو بز بکاتەوە و لەهەمانکاتیش دەتوانیت وای لێ بکەیت تێی هەڵبدرێت، ئەمڕۆ هاواری پێ دەکەیت بۆ مووچە و سبەی هاواری پێ دەکەیت بۆ کوردایەتی و سێ سبەی هاواری پێ دەکەیت بۆ عروبە ، ئەمڕۆ دەتوانیت شینی کوردایەتی پێ بکەیت و سبەی دەتوانیت دایبنیشێنیت لەگەڵ تورکێک نانەکەی لەگەڵیان بەش بکات، لێرەدایە کە دەتوانین بڵێین دەستەمۆکردن لە دایک دەبێت.
لەشکرێک لە بێ ئەقڵەکان کۆ بکەرەوە و دەتوانیت چۆنت بوێت هەڵیان سوڕێنیت، هەوادارێک کە نازانێت بۆ دەنگ ئەدات، بۆ ئەژی و بۆ چ شتێک هەوڵ ئەدات، هەوادارێک کە لێپرسینەوەی نیە لە کردەوەکانی خۆی کە بۆ کارێک دەکات؟
ئەمڕۆ دەتوانم هەموان وا لێبکەم جنێو بە بارزانی بدەن و سبەی دەتوانم وایان لێ بکەم شوێن بارزانی بکەون، بارزانیش دەتوانێت لەشکرێک درووست بکات و بێن و بەر شەقم بدەن و لەهەمانکاتیش دەتوانێت وا بکات هەموان شوێنم بکەون، بۆیە ئێمە گەلمان نیە بەڵکو هەوادارمان هەیە لەبەر ئەوەی گەل لەسەر ئەساسی بیرکردنەوە دەبێت بە گەل.
گەل سیستم درووست دەکات و لە چوارچێوەی ئەو سیستەمەدا تاک هەڵدەستێت و دادەنیشێت و ژیان بە ڕێ دەکات، کاتێک گەل هەلومەرجی ڕەخساند تاک بونی دەبێت هەر ئەم تاکە دەبێت بە کۆمەڵگەیەک و لە هەناویەوە شارستانی درووست دەبێت.
بەڵام دیقەت بدە لەبەر ئەوەی باشوور گەل نیە و هەوادارە ئەوەی ووجودی نەبێت تاکە..!!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









