ئاپۆ و دابڕان
16/12/2025, 21:27 (GMT+1)

هونەرمەندی ئەڵمانی ژۆزێف بۆیس (Joseph Boys 1921-1986)، لە شەڕی جیهانی دووهەمدا فڕۆکەکەی دەکەوێتە خوارەوە، خێڵی تەتەر برینەکانی ساڕێژ دەکەن بە ماتریالی سروشتیی وەک لباو، هەنگوین، چەوری...تاد، ئەم ماتریالانە بەکار هاتوون بۆ دابڕانی برینەکەی لە جیهانی دەرەوە.
ئیدی لەو بەسەرهاتەوە چەمکی دابران و ئەو ماتریالانە دەبنە هەوێنی هونەرەکەی. لەم لینکەی خوارەوە دەتوانیت وتارەکەم بخوێنیتەوە لەسەر ژۆزێف بۆیس بە ناوی دابڕان و مرۆڤی ژیری ژیر.
https://kurdcollect.com/.../%D8%AF%D8%A7%D8%A8%DA%95%D8...
یەکێک لە کارە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی ژۆزێف بۆیس پیانۆکەیەتی کە پێچراوەتەوە لە لباو، وەک ئەوەی پیانۆ و هونەرمەند پێویستیان بە دابڕان بێت بۆ ئەوەی هونەرمەند بتوانێت شاکارێکی مۆسیقامان بۆ بەرجەستە بکات. ئاپۆش وەک کەسێکی دابڕاو بیرۆکەی کۆمەڵگەیەکی بەختیاریی بۆ کوردان دەئافرێنێت بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی واقیع ببێتەوە کە چەندە ئاڵۆز و گرانە. وەک سارتەر دەڵێت: جەهەنم ئەوانی ترن. ئەوە ئەوانن کە بوونی ئێمە دەسەلمێنن، لەهەمان کاتدا ئێمەش شەرمەزار دەکەن، بە ئاگا دەهێننەوە بەرامبەر بە هەڵسوکەوت و بیرۆکەکانمان. کاتێک کۆسمۆنۆتێک لەو دووریەوە سەیر زەوی دەکات کە هێندەی تۆپێکە، گاڵتەی بە هەموو ئەو کێشانە دێت کە مرۆڤی سەر زەوی شەڕ و کوشتاری لەسەر دەکەن وەک سەرۆک ئاپۆ، چارەسەری مرۆڤ بۆ ئەو لەو دوریەوە تەنها ئافراندنی بەختەوەریە، ئیدی ئەوەی دەمێنێتەوە بێ هودەیە. بەڵام کاتێک دێتەوە سەرزەوی ڕووبەڕوی (ئەوان) دەبێتەوە، تێ دەگات کە ئافراندنی بەختەوەریی کارێكی وەها ئاسان نیە چونکا ناتوری مرۆڤ لە پێکداندا خۆی دەدۆزێتەوە.
سەرۆک ئاپۆش یەکێکە لەو کەسانەی کە لە مێژەوە لە جیهانی دەرەوە دابڕاوە و دەیەوێت بیرۆکەی چارەسەرییمان وەک شاکارێکی مۆسیقا بۆ بژەنێت، بەڵام ئەو شاکارە بەردڵە لە دەرەوەی واقیعە ڕووبەڕوی (ئەوان) نەبۆتەوە، بۆ نمونە دەڵێت کوردان دەبێت بە هێزی خۆیان بەرگریی لە خۆیان بکەن و یارمەتی لە وڵاتانی بێگانە وەرنەگرن. ئەم گووتەیە جوانە وەک مۆسیقایەکی دڵگیر نەک وەک واقیعێکی ڕێتێچوو چونکا هەموومان دەزانین بەرامبەر بە فڕۆکە و چەکی ئاسمانیی کوردان ناتوانن بەرگریی بکەن.
ئاپۆی دابڕاو کەسێکی ئیومانیستە، گشت کێشە و بەربەستەکان تێ دەپەڕێنێت، دووژمنەکانی ڕابووردوشی دەکاتە باوەشی و وەک کەسێکی ڕاستگۆ و میستیک لەم پرۆسەی ئاشتیەدا وەدەردەکەوێت؛ هەموومان برابین و دەتوانین بە بەختەوەریی بژین پێکەوە بە بێ بەربەست. هەموو ئەم بیرۆکانە پیرۆز و دڵگیرن بەڵام کێشەکە (ئەوان)ە کە دەیانەوێت ئەم هێزە ئیومانیستە ڕاسگتۆیە وەک هەلێكی زێڕین بۆ خۆیان بقۆزنەوە و بە قازانجی خۆیان نەک بە قازانجی گشت.
ئاپۆ هەموو دیوالیتێیەکی تێ پەڕاندووە و وەک کەسێكی مرۆڤدۆست گەشتوە بە گووتەکەی عیسا و دەڵێت:
(خودایە لێێان ببورە چونکا نازانن چی دەکەن.)
بەڵام کاتێکیش عیسا دەڵێت ئەگەر شەپازلەیەکیان لە ڕوومەتی ڕاستت دا ڕوومەتی چەپیان بۆ واڵا بکە. عیسا خۆشی هەموو کاتێک نەیدەتوانی لەو حاڵەتە میستکەدا بەبەردەوامی بژیێت.
کاتێکیش بیرۆکەکانی ئاپۆ ڕووبەڕووی (ئەوان) دەبنەوە، شکڵێڵی تر وەردەگرن. بە ئاگا دێنەوە چونکا هەموو بیرۆکەیەک دەبێت بە بەربەستا تێپەڕێت بۆ گەیشتن بە هەقیقەت.
دەبێت ئەوە بزانین کە هیچ شتێک بۆ هەتایە ناتوانێت بە دابڕاویی بمێنێتەوە، ئەگەر تەنەکە خۆی نەتوانێت خۆی دەربازبکات ئەوا هێزی دەرەکی تەنی دابڕاو دەرباز دەکەن، ئەمەش لۆژیکی ژیانە، وەک چۆن ئەو ئاژەڵەی سەر ڕەسمەکە چەندە کێوی بێت لە کۆتاییدا دەیەوێت پەی بەو شکڵە دابڕاوە ببات کە مرۆڤێکە.
بێ شک هەموومان پێویستمان بە دابڕانە بۆ باشتر بیرکردنەوە لەدەوروبەرمان.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









