<

نوێژەلافاو و نوێژەبارانە و چارەسەری زانستی بۆ کارەساتەکان!

17/12/2025, 18:18 (GMT+1)
 - بۆچی نوێژبارانە دەکرێت، بەڵام بۆ وەستانی باران ناکرێت؟
- ئاخۆ کێ کارەساتەکان دروست دەکات، و کێن ئەوانەی کە دەبێت چارەسەر بۆ کارەسات و کێشەکان بدۆزێتەوە؟
- تۆ بڵێی غەزەبی خودا، بوومەلەرزە دروست بکات بۆ سزادانی دانیشتوانی ناوچەیەک؟
- تۆ بڵێی هەموو کارەساتەکان لە لای خوداوە بێن و  چارەسەرەکانیش لە لایەن مرۆڤەکانەوە بێن؟
---------------------
- بۆچی نوێژبارانە دەکرێت، بەڵام بۆ وەستانی باران ناکرێت؟
لەم هەفتەیەدا بارانبارینی بەخوڕ شەقامەکانی ناو شارەکان و گوند و شارۆچکەکانی ژێرئاو خستبوو، پیاوە ئاینیەکان و دامەزراوە ئاینییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بێدەنگ بوون! هیچ بانگەوازێکی جەماوەری بۆ دوعاکردن بۆ وەستاندنی ئەو  بارانە و هیچ دۆعایەکی بەکۆمەڵ بۆ ڕێگریکردن لە لافاوەکە نەکرا!
بەڵام لە کاتێکدا کە باران نەبوو بۆ وشکەساڵی و باران، مزگەوتەکان و دەشت و دەر  پڕ بوون لە نوێژخوێنان کە داوای بارانیان لە خودا دەکرد! لێرەدا چەند پرسیارێک دێتە پێشەوە:
- بۆچی نوێژبارانە، بۆ باران دەکرێت، بەڵام هەرگیز بۆ وەستانی باران ناکرێت؟
- بۆچی پیاوە ئاینییەکان دەوێرن داوا لە خودا بکەن شتێک بکات، بەڵام ناوێرن داوای لێبکەن کە کارەساتێکی سروشت بوەستێنێت؟
- وەڵامەکەی زۆر بەئازار و سادەیە، ئەویش پیاوانی ئاینی خودا بە بەرپرسیار دەزانن بۆ خۆشی و هیوا و سەرکەوتن،  بەڵام کەس ناوێرێت کە خودا بە بەرپرسیار بزانێت بۆ کارەسات و زیانەکانی سروشت کە کاری خودایە بەبۆچونی ئاینی!
- ئاخۆ کێ کارەساتەکان دروست دەکات، وە کێن ئەوانەی کە دەبێت چارەسەر بۆ کارەسات و کێشەکان بدۆزێتەوە؟
زۆرجار ڕوونکردنەوی پیاوانی ئاینی تەنها بەیەک ئاڕاستەی ڕێگا (تاک ساید) کاردەکەن، ئەویش:
- کاتێک کارەساتێک ڕودەدات یان شتێک بە هەڵەدا دەچێت، پێی دەوترێت ( ئەوە ویستی خودایە)، بەڵام کاتێک ئەنجامی کارەساتەکە دەبینرێت و شی دەکرێتەوە، ئەوا بۆ چاککردنەوەی زیانی ئەو کارەساتانە، هەمووان چاویان لە خێرخوازان و خەڵکە! ئەمەش واقیعی سەختە!
- کێ لافاوەکان دروست دەکەن؟ بە پێی لێکدانەوە ئاینەکان بێت، (خودا مرۆڤەکان تاقی دەکاتەوە یان خودا ئاگادارمان دەکاتەوە )
- ئەی کێن ئەوانەی چارەسەر و بەرەنگاری لافاوەکان دەکەن؟
لەکاتی لافاوەکەدا خۆبەخشەکانن و تیمەکانی فریاگوزاری و ئاگرکوژێنەوەن و لە پاشاندا ئەندازیاران بۆ چاک کردنەوەی شەقام و بەنداوەکان!
- کێ ڤایرۆسی و نەخۆشی و پەتاکانی دروست کردووە؟
- بەپێی بۆچونی ئایینی (ئەوە کاری خودایە و خودا توڕەیە لە کۆمەڵگە)!
- ئەی کێن ئەوانەی چارەسەر بۆ ڤایرۆس و نەخۆشیەکان دەدۆزنەوە و بەرەنگاری دەبنەوە؟ ئەوە کاری پزیشکان و توێژەرانن لە تاقیگەکاندا و پەرستارانن ، نەک خودا!
- تۆ بڵێی غەزەبی خودا، بوومەلەرزە دروست بکات بۆ سزادانی دانیشتوانی ناوچەیەک؟
- کێ بوومەلەرزە دروست دەکات؟ بە پێی لێکدانەوە ئاینەکان بێت، ( خودا چونکە غەزەبی لە دانیشتوانی ئەوناوچەیە گرتووە لەبەر تاوانەکانیان و خۆی دەزانێت چی دەکات)!
- بەڵام ئەوە بەلێکدانەوەی زانستییە کە دەڵێت  بوومەلەرزەکان پەیڕەوی یاساکانی سروشت دەکەن!
- ئەی کێن ئەوانەی هەوڵ دەدەن کە ڕێگری یان کەمکردنەوە لە زیانەکانی بومەلەرزەکان بگرن؟
- ئەوە ئەو زانایانەیە کە نەخشەی ناوچەی بوومەلەرزە دروست دەکەن و ئەو ئەندازیارانەشە کەدیزاینی بینای سەلامەت دەکەن و سیستەمی زەنگی ئاگادارکردنەوەیە کە لەکاتی پێویستدا ئاگاداری خەڵکی دەکەن کە لە ناوچەی بومەلەرزەکە دوور بکەونەوە، هەتا ژیانیان ڕزگار بکەن!
وەئەوەی کە سەرنجڕاکێشە ئەوەیە، کە زۆرجار قورسترین زیانی بوومەلەرزە لە وڵاتانی ئیسلامی دایە وەک ئەفغانستان و ئێران و تورکیا! ئەوەش نەک لەبەر ئەوەی کە خودا بۆ ئەو زیان و سزایە هەڵیان دەبژێرێت، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە ژێرخانی ئابووری گەندەڵەو و کوالیتی بیناسازی خراپە و حوکمڕانی لاوازە و پارە بۆ کۆمەڵگە خەرج ناکەن!
- ئەی ئاخۆ کێ گڕکان دروست دەکات؟ ئەوە سروشتە کە گڕکان دروست دەکات!
- ئەی کێن ئەوانەی کە دانیشتووانی ناوچەکە دەپارێزێت، کاتێک گڕکانێک دەتەقێتەوە؟
ئەوانە مرۆڤە خزمەتگوزاریەکانی کەشناسی و زانایانی جێولۆجی بەشی بومەلەرزە  و پلانی چۆڵکردنە کە ژیانی خەڵکی ڕزگار دەکەن!
لێرەدا چەند پرسیارێکی قورس و ناڕەحەت سەرهەڵدەدەن!
- بۆچی خودا بەرپرسیارە لە باران و لافاو و بوومەلەرزە و ڤایرۆسی نەخۆشیەکان یان کارەساتەکان وەک پیاوانی ئاینی دەڵێن؟
- تۆ بڵێی هەموو کارەساتەکان لە لای خوداوە بێن و  چارەسەرەکانیش لە لایەن مرۆڤەکانەوە بێن؟
وەڵامەکە ڕوونە و بە ئازاریشە:
- کارەساتی سرووشتی پەیڕەوی لە لۆژیکی ئایینی ناکات! بەڵکو پەیڕەوی یاسا فیزیکیەکان دەکەن! ئەوەش بە مرۆڤە زانستخواز و زاناکان چارەسەر دەکرێن، نەک بە دوعا و پاڕانەوە!
کوردستان و کۆمەڵگەی کوردی لەبەردەم هەڵبژاردنی زانستە یان دروشم و دۆعادایە:
- کوردستان لە کاتی وشکەساڵیدا نەریتێکی دوور و درێژی هەیە بۆ ڕێوڕەسمی ئایینی و نوێژەبارانە!
بەڵام کاتێک لافاو و قوڕ و زیانە کشتوکاڵیەکان ڕوودەدەن، پیاوانی ئاینی بێدەنگن و سیاسەتمدارانیش ستراتیژی ژینگەیان کەمە! چونکە ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە زیاتر لە کوردستان بکرێت:
- پلانی باشتر بۆ بەڕێوەبردنی ئاوە!
- دروستکردنی زیاتری بەنداوی گەورەتر و تۆکمە و کەناڵە مۆدێرنەکان.
- باشتر کردن و فراوانکردنی سیستەمی ئاوەڕۆی شارەکانە
- گرنگیدان بە هۆشداری زانستی!
- پلان بۆ فریاگوزاری لە ڕۆژانی کارەساتدا و چۆڵکردن و خۆپاراستن لە کاتی پێویستدا!
کەواتە هیچ کاتێک ئەو چارەسەرە زانستی و مرۆییانە بە دۆعا و لە ئاسمانەوە نایەتە خوارێ، بەڵکو لە هەوڵ و زانین و بەرپرسیارێتی مرۆڤەکانەوە دێن!
- بەبۆچونی من،  نوێژکردن هەڵە نییە، بەڵام دوعا کردن بارانێکی بەخوڕ ڕاناگرێت! وە پیاوانی ئاینیش بەدۆعا کردن ناتوانن بەنداوێک دروست بکەن، وە بەوتاری ئاگرینی و گریان و پاڕانەوەی سەر مینبەرەکان ناتوانن ڕێگری لە کارەسات و بوومەلەرزەش بگرن.
چونکە ئەوە سروشتە ئەو کارە دەکات کە خۆی دەیەوێت بیکات! بەڵام ئاخۆ مرۆڤەکان زیانیان پێدەگات یان نا؟ ئەوەیان بەندە بە یەک شتەوە، ئەویش ئەوەیە کە ئایا سەرکردەکان زانست هەڵدەبژێرن؟ یان دروشم و دۆعا؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست