ئەشرەفخان لە ئاوێنە گەورەکەی ڕۆژهەڵات و باشووردا
04/01/2026, 19:44 (GMT+1)

" ئێمە نۆکەریی کەس ناکەین و ئەگەر قەرار بێت نۆکەریی کەسێکیش بکەین، نۆکەریی خەڵکی خۆمان دەکەین" شەهیدی نەتەوە کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی.
هزرڤانی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێت: " ... دەزانین کوردستانی گەورە بە هۆی نەبوونی (یەکەی ئابووری) تێیدا لەم تەرزە دەسکەوتە کوولەمەرگانەش سوودمەند نەبووە. ئەو (نزیف اقتصادی)* یەی کوردستانی گرتۆتەوە بە درێژایی مێژوو هیچی لێ شین نەبۆتەوە و کاوولبوونێکی ڕووت و قوتی پێکهێناوە و بەس. لە هەموو مێژووی ڕابردووی کورد دا شارێکی وەک یەکێک لە شارەکانی ئەفەریقای داگیرکراو پەیدا نەبوو. ئەم حاڵەتەی لێرەدا بە خێرایی پێیدا تێدەپەڕم کە حاڵەتی چەندین سەدەی لە دوایەکتری کوردستانی گەورە بووە، شەپڕەی کۆمەڵایەتی (بە ئابووری و ڕامیاری و ڕۆشنبیری گشتی و کشتوکاڵ و هەموو لایەن و سەروبەرێکەوە) لە هەموو کوردستان و دانیشتوانی داوە نەک تەنها چینی هەژاری. بەر لەوە ئەم حاڵەتە شەپڕەی لە گۆڕانی کۆمەڵایەتی کورد داوە، کە ئەمە گوتەیێکە خەیاڵمان بۆ تارمایی پێشکەوتنی تێکهەڵکشاو دەبات، دەبێ بڵێم نەیهێشت دیواری جوداوازی نێوان عەشیرەتەکانی کورد هەڵوەشێت، لە زۆر جێگەشدا ڕێی نەدا کۆچەر نیشتەجێ بێت...نەی هێشت(دەرەبەگ) پەیدا بێت...ژیانی کوردەواری قاڵب بەستووی چەند هەزار ساڵ بوو، لەمەشدا هیچ موبالەغە نییە...پێشکەوتنی چی و گۆڕانی کۆمەڵایەتی چی!!."١.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕاڤە مێژوویی-کۆمەڵایەتییەی مامۆستادا، دەتوانم بڵێم ڕۆشنبیرای کورد بەتایبەت چەپەکانی، لەناو کتێبدا بۆ واقعی زێدە ئەسەفبار و شەپڕەلێدراوی نەتەوەکەیان دەگەڕان و بە زەڕەبین و گەردبین بەدوای ئەوەوە بوون کە وتراوەکانی ناو کتێب و تێۆرییە نامۆکان بە کۆمەڵگای کوردەواری، لەناو ئەو کۆمەڵگا وەستاوەدا لە ڕووی گۆڕڕانی کۆمەڵایەتییەوە، بە ڕاست وەرگەڕێنن، کارێک کە کۆمۆنیستە کوردەکانی باشووریی ساڵانێکی زۆربوو، بە وەرگرتنی دەستوور لە فەرمانڕانانی سۆڤیەتی کۆن، کەوتبوونە ناو گفتوگۆی هەندێجار خوێناوی کە ئایا کورد نەتەوەیە یان نەتەوە نییە!!!. لە ناو کوردەواریدا خاوەن موڵک و زەویمان بووە، هەیان بووە چەند گوند و دێهاتی هەبوون، بەڵام ئەم خاوەن موڵکە کوردەوارییە نەخوێندەوارە، کە چەند پلە لە ڕووی خۆراک و بژێوی ژیانەوە لە ڕەعیەتەکانی خۆی لەسەروتر بووە، هەرگیز نەیگەیاندە ئەوەی کە كلتوورێکی باڵا بەرهەمبێنێ یا ببێتە خاوەن کێڵگەی بەرهەمهێنانی مۆدێرن و ئامێری تەکنیکی نوێ، کە بتوانێ (هزر) بەرهەمبێنێ وەک لە چینی دەرەبەگی ئەڵمانیدا بەرهەمی هێنا، هەموو توانە خوێریلەکانی دەرەبەگی کورد! لەوەدا بوو کە کچی ڕەعیەتێکی خۆی بەزۆر(یا بە وەک کڕین) لە باوکی بسێنێت یا ئەگەر ڕەعیەتێکی سەرپێچی کرد، سزای بدات، بۆ نموونە فەلاقەی بکات...ئەمانە کاری خوێریلەن هەموو شەقاوەیەکی سەر جادەکانی ساڵەکانی شەست لە سلێمانی، زۆرتر و کەمتر، لەم کارە هیچووپووچانەی لێ دەوەشایەوە. بەڵام هەوای چەپایەتی بە جۆرێک سازگار و فریودەربوو، کە سەری هەر خوێندەوارێکی ئەو ساڵانەی بەسەر کتێبەکانی مارکس و لینیندا شەو تا بەرەبەیان شۆڕدەکردەوە و بەدوای دۆزینەوەی جیهانە ونبووەکەدا دەگەڕا بۆ چینە چەوساوەکان. من باسی (هەواکە) دەکەم کە کرایە مۆدێلی سەردەم و لە دوایشدا تاکو ئێستا ئاین و ڕەفتاری پێڕەوکراو ، ئەوانەی لەم پێناوەدا گیانیان بەخت کرد تواناکانی لاوانی کورد بوون، کە دەکرا بەدیوێکی زۆر چاکتردا، کۆمەڵگا لێیان سوودمەندبایە.
• ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا
ئابووری بنەمای زەمینەی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات دەڕەخسێنێ و دەسەڵاتیش توانای بڕیاردان و سەپاندن و یاساکان بەدوای خۆیدا دێنێ، کاتێکیش ئاین دەبێتە پشتیوانی ئەو ئابوورییەی کە لە دەستی دەوڵەتدا خڕ دەبێتەوە، وێنەکە تەواو دەبێت و سەرۆک دەبێتە (جێنیشینی خودا) و هەم دەوڵەت و هەم دین یەکتر تەواو دەکەن و یاسا کۆمەڵایەتییەکان بەسەر خەڵکدا دەسەپێنن، شەڕیان پێدەکەن، ئاشتیان پێدەکەن، گیرفانیان خاڵی دەکەنەوە بە بەهانەی زۆر و زەوەند، لەم جۆرە سیستەمانەشدا کە چاودێرێک نییە بەسەر ڕەفتارەکانی دەوڵەتەوە، ئەوا کۆمەڵگا تووشی ئەو (خوێنپژانە ئابوورییە)٢دەبێت، کە باجەکەی هەمیشە دەبێت خەڵک بیدات، خەڵک هەم سەرچاوەی هێزە بۆ دەسەڵاتدار، هەمیش سەرچاوەی کۆکردنەوەی داراییە بۆ دەوڵەت لە ڕێگای باج و خەراجەوە، کە کەس نازانێت بۆ کوێ دەچێت و چۆن سەرف دەکرێت. لە نزیکەی هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئابووری (ئابووری خێڵە) بە ناوی جووداوە. ئابووری بنەماڵەی دەسەڵاتدار، ئابووری ئەڵقەی یەکەمی کەسانی دەوری دەسەڵات، ئەڵقەی دووەم، ئەڵقەی سێیەم و...تا دەگاتە پەراوێزەکانی دەسەڵات، ئەم ئەڵقانە هەر یەکەیان بەپێی نزیکییان لە دەسەڵاتەوە، دەبنە خاوەن سامان لە پلەی جیاوازدا.
بۆ نموونە ئابووری ئێران، بە پێچەوانەی ئەوەی کە باس دەکرێت و چەپ و کۆمۆنیستەکان لە کتێبەکاندا پەیدایان کردووە، هیچ هێما و نیشانەیەک لە ئابووری سەرمایەداریی لە ئابووری ئێستاو ئەوسای ئێراندا نابینیت. ئێران ئەوسا و ئێستاش، نەیتوانی پێبنێتە قۆناغی سەرمایەدارییەوە، بازاڕێکی هەیە کە بنەماکەی (درۆزنەکار) پێکی دەهێنی، کە بریتییە لە ئاڵۆگۆڕی بەرهەمی خۆماڵی لە دێوە بۆ شار و لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر، لە پاش ئەوەش کە خێڵ-ئاخووندەکان هەم بوونە فەرمانڕان و هەم یاسادانەر، ئیتر بە دەوریاندا چەندین ئەڵقەی ئابووری دروست بوون، کۆمپانیا گرنگەکان وەک فرۆشتنی ئینتەرنێت، درووستکردنی خانووبەرە، ڕێگەوبان، هێڵەکانی شەمەندەفەر و ... هتد لە چنگی سپای پاسداراندا کۆکرایەوە، کە ئەوانیش خێڵێکی چەکداری دڕی پاسەوانی سیستەمی ئاخووندین، وەک خێڵێکی دەسەڵاتدار کە لە دەسەڵاتی ئاینیی ئاخوندییەوە، هێز و توانا وەردەگرن، بە درێژایی ئەو ساڵە زۆرانەی دەسەڵاتی ئاخووندی، بۆ خۆیان ئیمپراتۆریەتێکی ئابووری تۆڕئاسایان پێکهێناوە، لە ناو شار و شارۆچکەکاندا، شارۆچکەی خۆیان دروستکردووە، خۆیان و خیزانەکانیان لەوێدا دەژین و بە پاسەوان دەوریان گیراوە، ئەم پاسدارشارانە، سەربەخۆ دوور لە چاوی خەڵک هەموو پێویستییەکی ژیانیان بۆ ڕەخساوە، منداڵەکانیان دەچنە قوتابخانەی تایبەتی ئەم پاسدارشارانە، دەرمانگا و نەخۆشخانە و بازاڕی خۆیان هەیە و بەمجۆرە لە کۆمەڵایەتی خەڵکەکە جوودا بوونەتەوە و وەک خێڵێکی نامۆ کە چەکدارن، دەچنەوە بەگژ هەموو ناڕەزایەتییەکی خەڵکدا و ببڕ و بکوژ خۆیانن بەتایبەت دژ بە نەتەوەکانی ژێر ستەمی نەتەوەی سەردەستی ئیستعماری فارس، لەناو ئەم خێڵەدا، تاکی خێڵی ئەندازیاران، پزیشکان، قووتابیان، کاسبکاران و کرێکاران و جووتیارانیشیان تێدایە، بە پێی نزیکییان لە ئەڵقەکانی دەسەڵاتەوە، لە چمکێکی ئەو ئابوورییە خێڵکەییەی ژیانی ئابووری ئێران دەگێڕێ، چکێکیان بەردەکەوێ، کە ئەمە نزمترین و ڕسوواترین ڕێگای پەیداکردنی بژێوی ژیانی کۆیلایەتییە لەو کۆمەڵگایانی ئێرانئاسادا!!!.
• سەرمایە و سەرمایەداریی
جۆرەکانی سەرمایە(باسی ئێستا دەکەم):
- سەرمایەی دارایی: پارە، پشک، سەنەدی بەهادار کە بۆ سەرمایەگوزاریی تەرخان دەکرێت.
- سەرمایەی واقعی: ئامێرەکانی بەرهەمهێنان وەک: مەکینە، خانووبەرە، ئۆتۆمۆبیل، کەرەسەی خاو.
- سەرمایەی مرۆیی: توانای هزریی کارکەران، ئەزموونیان و بڕوانامەکانیان.
- سەرمایەی نامەتریاڵی: سامانی نامەتریاڵی وەک: مارکەیەکی تایبەت، پاتێنت(داهێنانی تۆمارکراو)، ناوبانگ.
- سەرمایەی سروشت، هەموو ئەو سامانەی سەر بە سروشتە.
جۆرەکانی سەرمایەداریی( سیستەم):
- بازاڕی ئازاد: کەمترین ئاستی تێکەڵ بوونی دەوڵەتە لە بازاڕدا، بازاڕ خۆی خۆی ڕێکدەخات.
- سەرمایەداریی دەوڵەت: دەوڵەت گەورەترین دەسەڵاتی لە بازاڕدا هەیە، یا خاوەنی پشکی گەورەی بەرهەمهێنان بێت، هەندێ جار پێی دەڵێن: سوشیالیستی.
- سەرمایەداریی دارایی: جۆرێک سەرمایەدارییە کە: بانکەکان، بۆرسە و سەرمایەگوزاریی دەسەڵاتی زۆری بەسەر پیشەسازیدا دەبێت، بەهۆی ئەو پارەیەوە کە دەستاو دەست دەکرێت، بە شێوەیەکی دیجیتاڵی، نەک بەهۆی بەرهەمە ماتریاڵییەکانەوە(فیزیکییەکانەوە).
- سەرمایەداریی کۆمەڵایەتی: زیاتر ڕووی لە بازاڕی پارەیە، بەزۆری دەبەسترێتەوە بە تۆڕی دابینکردنە کۆمەڵایەتییەکەوە(چاکگوزەرانی کۆمەڵگا)٣.
- سەرمایەداریی یا ئابووریی تێکەڵاو: ئەمە فۆڕمە باوەکەیە، کە تێکەڵاوێکە لە ئابووری دەوڵەت و ئابووری تایبەت وەک: سوێد.
ئایا ئێران، عێراق، سووریا و توورکیا لە کوێی ئەم جۆرە سیستەمە ئابووریەدا، جێگایان دەبێتەوە کە ئێمە باس لە سەرمایەداریی سیستەمەکانیان بکەین؟! ئابووری ئەو دەوڵەتانە بە تایبەت ئێران و عێراق، دوو ئابووری خێلەکی- بنەماڵەیین، کە بنەماڵەیەک و ئەڵقەکانی دەورییان، بازاڕەکان دەگێڕن و بە زۆریش ئابوورییەکی شەڕخوازە و پشتی بەو نەوتە بەستووە کە سروشت بە ڕێکەوت لەو ناوچەیەدا زەخیرەی کردووە(من باسێکی سیاسی دەکەم، نەک زانستی جیۆلۆجی، کە بێگوومان بەپێی ئەو زانستە، دەتوانرێ بزانرێ کە بۆچی نەوت لە ئێراندا دروست بوو و لە شوێنێکی تر دروست نەبوو یا زۆر کەمە).
• ئابووری دەوڵتنەتەوە موسڵمانەکانی عەرەبی
پاش ئەوەی جەنگە خوێناوییەکانی موسڵمانکردن و بەعەرەبکردنی ناوچەکە تەواوبوون(کە هەرگیز تەواویش نەبوون بۆ نموونە:سەبارەت بە کورد) و دوای دوو جەنگە گەورەکەی دنیا، جارێکی دی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەت فەرەنسا و بەریتانیا، گەڕانەوە بۆ ناوچەکە، ئەمجارە لەگەلێک وڵات و وڵاتی تازە مۆنتاجکراو(وەک عیراق) دا پاشایان بۆ خوڵقاند و لە خاکەکەشیدا نەوت و گازیان بۆ پەیداکردن و بەدەوری کۆمپانیاکانی نەوتدا، دامەزراوەی خوێندەواربوون، تەندروستی، بازرگانی و لەشکریی و...هتدییان دامەزراندن، کە هەم وێنەیەک بوون لە دەسەڵاتی دەوڵەت و هەم وێنەیەک لە مەرامی ئەوانەی ناونران ئیستعمار، کە بەلای بیروڕای منەوە، لە زۆرینەی ڕووکانی ژیان و ژیارەوە سەد بەرابەری ئیستعماری توورک، فارس و عەرەو، شەریفتر و ژیرتر و مرۆتر بوون. کورد ئەگەر عەشیرەتبازیی و دینبازی نەبوایە یا کە بووی بۆ سوودی خۆی بایە، دەیتوانی شتی باشتر لە بارودۆخەکە و ئیستعماریش بپچڕێت. باریی کۆمەڵایەتی وەستاوی کوردی، ڕێگەی نەدا بیر لە دەوڵەتداری بکاتەوە. ئەم میللەتە تازە پیاکەوتووە نەدی و بدیانە، کە پەترۆدۆلار ئاهێکی پێدا هێنانەوە و دەستوپێی خۆیان بینی کە دەجووڵیتەوە و هەوای چەپایەتیش لە زۆریاندا هەڵی کردبوو، سۆڤیەت و وڵاتانی پاشکۆی ئەویش، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوسا بەتایبەت فەرەنسا و بەریتانیا(سیستەمی سەرمایەداریی ڕۆژئاوا)، تێکەڵاوێکیان لە بیری شۆڤێنی قەومی(عەرەبی، توورکی، فارسی)، حیزبی ڕەگەزپەرستی قەومی و ئیسلامی خوڵقاند، کەهەموو نەهامەتییەکانی ئەم حیزب و ئاین و بزووتنەوانە بەسەر نەتەوە بندەستکراوەکانی ناوچەکەدا شکانەوە، لە ڕووی سیاسییەوە بیری شۆڤێنیستی فارسی، توورک و عەرەبی بەرهەمهێنا، لە ڕووی بڕواوە، ئایین خرایە خزمەتکردن بەو سێ نەتەوە سەردەستە و کلتووری ئەو سێ نەتەوە سەردەستە، ئابوورییەکە بوویە ئابوورییەکی شۆڤێنستانە کە زۆرترین خەرج بۆ کڕینی چەکی نوێ بوو، تا دژ بەو نەتەوە بندەستانە بەکاری بێنن.
• ئابووری تورکیا
بیست ساڵێک لەمەبەر، ئابووری توورکیا لە چاو ئابووری وڵاتانی دراوسێیدا، کە زۆرینەیان سواڵکەربوون(ئەگەر باسی ئابووری زەبەلاحی وڵاتانی دنیا بکەین)، تەکانێکی خیرای دا و ئاهێکی پێداهاتەوە، بۆیە هەندێ کۆمپانیای ڕۆژئاوایی لقی مۆنتاجکردنی بەرهەمەکانیان لە وێ دامەزراند، مەسەلەکەش جگە لە هەرزانیی دەستی کارکەریی کوردی کە ناچارکرابوون کۆچ بکەن بۆ شارە گەورەکانی توورک، هەروەها کارکەری میللەتانی تری ناو تورکیا و توورک خۆیشی، نزیکبوونەوە بوو لە بازاڕەکانی بەتایبەت عێراق و کەنداو کە بازاڕی ڕەواجداری ئەو کۆمپانیایانە بوون. بەڵام هەموو هەناردەکان بۆ نموونە بۆ عێراق بەهۆی ئەو لۆرییە زەبەلاحانەوە بوون کە لە مارکەکانی ڤۆلڤۆ، سکانیا و مان بوون، ئێستاش هەروایە.
• ئابووری لەشکریی
وڵاتێکی وەک توورکیا، دوو بەش لە سێ بەشی دەسەڵات وا لەدەستی جەنڕاڵ و پلەدارە سەربازییەکاندا و ئەوان ئابووری مەزنی لەشکری توورکیا هەڵدەسووڕێنن، ئەمانە جگە لەوەی جەڕاڵی فاشستی و ڕاسستیی لەشکری توورکن، پارەداری گەورە و خاوەن کارخانەی چەکسازیی و بازرگانی ئەو ئامێرانەن کە سەربە جەنگ و شەڕ و وێرانکردنن، بە تایبەتی جەنگ لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادییخوازییەکەی نەتەوەی کورددا لە باکووری نیشتماندا، بۆیە هەر کەسێکی کە لە پلەی سیاسی و ئیداریی حوکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی توورکیا دەسەڵاتی سیاسی بڵندیان وەرگرتبێ و مەیلیان بەلای ئەوەدا چووبێت کە کێشەی کورد بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن(کە زۆر کەمبوون)، بەجۆرێکی گوماناویی یا ونکراون یا تیرۆرکراون، ئەم ڕووداوانە لەگەڵ هەندێ سەرۆک وەزیر و سیاسییە ناسراوەکانی توورکیا کراوون، بە هەموو شێوەکانی تیرۆر. ئەم خێلە پلەدارەی سەربازیی هەمیشە لە ئاڵۆزکردنی بارودۆخی سیاسیدا دەستی باڵا بوون و هەموو گفتوگۆیەکی کە مەرامی کۆتایی ئاشتی نێوان خەڵق بووە، بە مەترسی دەزانن لەسەر بەرژەوەندی خۆیان بۆیە ناتوانن و نایانەوێت، پشتیوانی لێ بکەن، بەڵکو بە هەموو ئامڕازەکانی تێکدان، بەرانبەری دەوەستنەوە، جا لە ژێر پەردەی ئایندا، یا ئایدیۆلۆژیی شۆڤێنزمی نەتەوە، یا تەنانەت ئایدیۆلۆژی و بیری چەپیشدا بێت، ئەم سیناریۆیە لە وڵاتانی تری ئیستعماریی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، شەڕ لەگەڵ کورد، چینێکی تایبەتی لە پلەداری سەربازی دروستکردووە، کە هەم شەڕکەری شۆڤێنین، هەمیش بازرگانی شەڕن، لەناو کورد خۆشیدا لە پێوانەیەکی بچووکتردا، هەمان چینی بازرگانی شەڕی دروستکردوون لەناو سەرکردەیەتی و بەرپرسانی دوکانەسیاسییە کوردییەکاندا.
• ئابووری ڕۆشنبیران و یاریزانەکانی ناو کایەی ڕۆشنبیری
زۆرینەی ڕۆشنبیرانی دەوڵەتنەتەوە ئیستعمارییەکانی سەردەست لە توورکیا، ئێران، عێراق و سووریادا، ڕایەڵەی بیرکردنەوەیان و ڕایەڵەی بژێوی ژیانیان، بەستراوەتەوە بە دەسەڵاتەوە لە پایتەختدا، بۆیە دەبینین ئەوان لەبەرگی ئەندامەتی لە حیزبێکدا، یا بە تاک یا نیمچەکۆش، لەو کەسانەی ناو کۆمەڵگان کە پشتیوانی لە دەسەڵات دەکەن، لە ژێر ناوی:
- پاراستنی سنوورەکانی خاکی باپیران.
- پاراستنی ئارامیی نەتەوەییان.
- پاراستنی کەلەپووری نەتەوەیی و چنراوە کۆمەڵایەتییەکەیان. کە لەوێدا ئەوان براگەورەی بڕیاردەرن بن.
بۆ ئەمانە هەمووی نموونەی زەق و دیار و لە بەر چاوان هەیە، من یەک دوو نموونە باس دەکەم: هەرگیزاوهەرگیز لە ئێراندا یا لە توورکیادا، لە زۆرینەی ڕۆشنبیرانی نەتەوەی سەردەستمان نەبیست و نەخوێندەوە کە باس لەو ستەم و بێدادییە بکات بۆ نموونە سەبارەت بە کورد دەکرێت، سەبارەت بە هەموو نەتەوەکانی تریش، بەڵام من کوردم و دەتوانم لەبارەی نەتەوەکەی خۆمەوە قسان بکەم، بۆیە نموونەکانم سەبارەت بە نەتەوەی خۆمە. لە سووریادا پاش ئەوەی ڕژێمی بەعس کە بە باوک و کوڕ شەست ساڵ فەرمانڕانیان کرد، قەلفڕیی پێکرا و لە دیمەنێکی زۆر سەیر و خێرا و ناکاودا یەکێک لە تاوانبارە نێودەوڵەتییەکان، محەمەد جۆلانی دەسەڵاتی دیمشقی پێدرا، هەموو قەڵەمە لەرزۆکە زماندرێژە، بە دڵنیایەوە کۆنە بەعسییەکان، لە کەناڵە تەلەڤزیۆنییە عەرەبییە زۆرەکانی کە بە پارەی پیترۆدۆلار دامەزراون، خێرا کەوتنە پیاهەڵدان و بەهانە هێنانەوە بۆ(ساوابوون)ی دەسەڵاتەکەی کە دەبێت مەودا و دەرفەتی بدەین کۆمەڵگا ڕێکبخاتەوە و نابێت (کەمینەکان) ئێستا داواکارییان هەبێت و ئێستا سووریا دووژمنی زۆرە و جارێکە دەبێت ئاسایشی نەتەوەیی و سنوورەکانی سووریا بپارێزین!!!. فیلمی دەوڵەتە ئیستعمارییەکانی کە نیشتمانی کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، کە وڵات و نەتەوەی سەردەست دوژمنی دەرەکیان زۆرە، فیلمێکی کۆنی سواوە کە جگە لە ترساندنی خەڵک، سەرکووتکردنی کورد و پاراستنی ڕژێم و بزواندنی هەستی شۆڤێنستی قەومی و داپۆشینی گرفتە ناوخۆییەکان هیچ بنەمایەکی ڕیالیستیان نەبووە/ نابێت. ئەم بەناو ڕۆشنبیرانە، کە ڕۆمان، چیرۆک، شیعر و شانامە و وتارەسیاسییەکانیان دەخوێنییەوە، پێتوایە ئەمانە لە مرۆڤە (چاکخوازەکان)ی مرۆڤایەتین، تەنانەت سنووری دەوڵەتنەتەوەکانی خۆیان تێپەڕاندووە و هاواری گەلانی چەوساوەی ئەمریکای لاتین، تەنانەت مرۆڤدۆستییەکەیان بردوویانی بۆ ئەوپەڕی دنیا بۆلای (خەڵکە ئابورجینالەکانی ئەوسترالیا)ش٤، لەسەر ئەوانیش هاتوونەتە دەنگ، تا وای لێهاتووە هەندێکیان خەڵاتی نۆبێلیشیان پێدراوە، کە بەڕای من هەندێ جاران ئەم خەڵاتە خۆشناوە!!! تەنیا لەبەر حاڵەتی سیاسی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان دراون بەم نووسەر و چالاکوانە بەناو سیاسیانە!!!.
بێگوومان (ئازادی و ئازادیخوازیی) بارۆمەتری تایبەت بە خۆی هەیە، وەک هەموو دیاردە و ڕەفتارەکانی تری کۆمەڵایەتی مرۆڤ. ئێمە کە دیمەنی حاڵی ڕۆشنبیران لەبەر چاوی خۆمان بەرجەستە دەکەین، تەنیا دیمەنێکی کۆمێدی- تراژیدی دەتوانین ببینین، چوونکە زۆر جێگای سەرسووڕمانە، کە تۆ بەسەر ئازاری خەڵکانێکدا کە سەدان ساڵە، بەدەستی حوکوومەتەکەی نەتەوەکەی خۆت، ستەمی لێ دەکرێت، باز بدەیت بۆ داوای ڕزگارکردن و وەرگرتنی مافی (خەڵکە ئابورجینالەکانی ئەوسترالیا)، جێگای پێکەنین و جەفەنگ و گاڵتەپێکردنە چوونکە (لەم کاتەدا کاکی ڕۆشنبیر، وەک دوکاندارێکی لێزان، بە زمانی لووس کڕیارەکانی تەفرەدەدات) جێگای ئەفسووس و نێگەرانی و سەرکۆنەکردنیشە( چوونکە لەم کاتەدا کاکی نووسەر، کە دەبوو پێشڕەوی بەرگری بێت لە ڕاستییە تاڵەکان، ئەگەر چی بەزیانی نەتەوەکەی خۆشی بێت) دەبوایە بەر لە نووسەری نەتەوەی داگیرکراو، ئەو پێشەنگی داواکاری بۆ ماف و ڕزگاریی نەتەوەی بندەستی نەتەوەکەی خۆی بایە کە نەتەوەکەی خۆی ستەم لە گەلانێک دەکات کە وان لە بن دەستی نەتەوەکەی ئەواندا، بەپێی بارۆمەتری (ئەرکی کۆمەڵایەتی ڕۆشنبیران) کە بەر لە هەر شتێک، هوونەرکار و ڕۆشنبیر، ئەرکێکی کۆمەڵایەتی مەزنیان لە ئەستۆدایە کە: بەرهەم هێنانی ئازادییە.
• مایەی شەرمەزارییە
شەرمە بۆ ڕۆشنبیرەکان(خۆیی و غەوارەکان)، هونەرکارەکان، نووسەرەکان، مامۆستای زانکۆکان، مەلای مزگەوتەکان، مێدیاکارەکان، ئەکادیمیکارەکان و...هتد، کە هەموو هەوڵێکیان ڕاکردن و ڕاوکردنی پترۆدۆلار بێت و نەتوانن یا نەیانەوێت (زانیار)٥ بەرهەمبهێنن، بۆیان گرنگ نەبێت کە لاوەکان ڕۆشن و وشیار بکەنەوە، نەتوانن ڕاستییە تاڵەکان ببینن، بۆن و ڕەنگی پترۆدۆلارهۆشیان بەرێت و مەستیان بکات، کە هەموو گرفتارییە کۆمەڵایەتییە - کلتوورییەکان کە بەرانبەرە بە ئازادی بێ کۆتوبەند بە بەرپرسیارێتییەوە، لەبیر بکەن!!! لەم زەمانی لێشاوی زانیارییەدا کە مرۆڤایەتی لەگەڵ خۆی ڕاپێچ دەکات، ئەوان زەق و لەبەرچاوی هەموو دنیا، درۆ بەرهەم بێنن، درۆ بپێچنەوە، درۆ بفرۆشنەوە و درۆ ببەخشنەوە، زۆر شەرمە و مێژوو لێتان خۆش نابێت، منداڵەکانتان نەفرەتتان دەکەن. من دەزانم کە باوکان بەناوی منداڵەکانیانەوە، کە دەبێت بژێوی ژیانیان بۆ دەستەبەر بکەن بوونەتە درۆزنی شارەزا و دستبڕی کارامە، لەوە تێ دەگەم، بەڵام شەرمە بەناوی منداڵەکانمانەوە، ڕاستییەکان پێچەوانە و درۆکان بکەین بە ڕاستەقینە، جا سەبارەت بەهەر حاڵێکی سیاسی، ئابووری، لەشکری، ئاینی، یا کۆمەڵایەتی خەڵک و دەسەڵات بێت!!!. نەتەوەی خۆمان و نەتەوەکانی دی بێت، ئاینی خۆمان و ئاینی ئەوانی تر بێت!!!. بۆ نموونە: لە کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی پەترۆدۆلارییەوە، تاوانبارێکی خوێنخۆری وەک خالیدی کوڕی وەلید، لە لاوەکان بکەیتە فریشتەی ئازادی و یەکسانی و دادگەری!!!. ئەمە ئەو زەمانەیە کە پترۆدۆلار، جارێکی تر مێژوو دەنووسێتەوە، هەر لەبەر ئەوەی قەتەرییەکان ئەوەیان لە پێشکەشکارەکە دەوێت، یا شکستە گەورەکەی هێرشە تاوانکارییەکەی ڕێکخراوی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەردا، لە خەڵک بکەیەتە سەرکەوتن و بڵێت: ئێمە سەرکەوتین...تاوانە، شەرمە، شەرمەزارییە، خۆ دۆڕاندن و پووچییە، بۆ بەناو چینە(ژیرە) دەستەچنەکانی کۆمەڵگایەک...
• فشسم
فشسم، کە کورتکراوەی (فشنبیرانی سوشیال مێدیایە)، لەم ڕۆژانەدا، بەبەرنامەی زۆر لە کەناڵە سوشیال مێدیاییەکانەوە، دادەبەزن و گووتاریی ئەوەڵ و ئاخریان ئەوەیە کە: کاک سدیقی کەمانگەر، کاک جەعفەری شەفیعی یا ڕێبەرێکی کوردستانی وەک کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی، وەک کۆمۆنیست وێنە بکەن و بنەخشێنن، هەروەها بەجۆرێک وێنەی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات دەکەن، کە بیرکردنەوەی کۆمۆنیستی، نزیکەی زاڵە بە سەر هزرکردنی ئەو بەشە لە نەتەوەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، هەڵبەتە ئەمە خواستێکی نا واقعی و بانگەشەیەکی ویستراوە لەلایەن ئەو کەسانەوە، کە پێیان خۆشە وێنەکە وا بەرهەمبێنن. ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەو سەردەمە و وەک زۆرینەی کۆمەڵگاکانی میزۆپۆتامیا، لە قۆناغی جەنگی ساردی نێوان سۆڤیەت و بەرەی ڕۆژئاوادا کە ئەوان بە سەرمایەداریی ناوزەدیان دەکرد، لە ڕۆژهەڵاتی ئێمەش بیری چەپ و چەپگەرایی هەبووە و خوێندەوارەکان بە گشتی سەر بەو بەرەیە بوون، حیزبی تودە و ڕێکخراوە چەپەکانی فارسی ئێرانیش، ڕۆڵی زۆریان لە فۆڕمپێدانی بیرکردنەوەی لاوانی ڕۆژهەڵاتیدا هەبووە، هەر خۆی ڕۆژهەڵات بووە مەکۆی هەڵسووڕاندنی هزریی کۆمۆنیستی و چەپگەرایی فارسی، کە بە زیانی گەورە بۆ نەتەوەکەمان تەوا بوو، تەواویش نەبووە، چوونکە تا ئێستا ماکەکانی ئازاری بیرکردنەوە و توانای دەربازبوون لەو قۆناغەمان، دەدات، چوونکە گفتوگۆ و پیاهەڵشاخان و جوێندانی کورد بەکوردی بەرهەمهێناوە، کە لە ڕابووردوودا، ڕشتنی خوێنی کورد بە کوردیشی بەرهەمهێنا و زیانێکی مەزنی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد دا. دروست ئەوە بوو کە ئەو کەسانەی هاوبەشی ئەو بزووتنەوە لە بنەڕەتدا کوردستانییە بوون، بە بیرێکی واڵاتر و بە هزرێکی کراوەوە، خوێندنەوەیەکی کوردستانی زانستیانەیان بۆ ئەو قۆناغە کردبا و دەربازی قۆناغی ئیستا ببوونایە و داخوازیی و پیویستییەکانی ئەم قۆناغەیان دەستنیشان کردبا، نەک بەیەکدا هەڵشاخێن و جوێن بەیەکتر بدەن لەسەر ئەوەی کە مەنسوری حیکمەت، چەند سوودبەخش بووە بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد و کەسانێک هەن غەدری لێدەکەن!!! من لە وتارەکانی لەمەوبەرمدا لە کوردستانپۆستی هێژادا، چەندین جار لەمەڕ ئەم باسە دواوم و ڕای خۆم گوتووە.
من کاک سدیقی کەمانگەر و کاک جەعفەری شەفیعیم نەدیون، نە بیستون و نە خوێندونەتەوە، بەڵام کاک فوئادی مستەفا سوڵتانیم ناسییوە، خوێندۆتەوە و بیستووە کە ڕام وایە ئەو: ڕێبەرێکی ژیریی کوردستانی چەپ بوو، کە لە بنەمای بزووتنەوە ئازادیخوازییەکە تێگەیشتبوو، ئامێری بزووتنەوەکەی یا ڕایەڵەی دیاری بزووتنەکەی ناسیبوو، دەیزانی کوردبوون و خواستی سەربەستی و ئازادی، ئەم نەتەوەیە پێکەوە دەجوڵینێ، بەناچاری لە چوارپارچەدا، کە هۆی بەستنەوەشیان بەیەکەوە هەر ئەم بنەما سەرەکیانە بوون، کوردبوون و خواستی ئازادیی، جگە لەو ئامێرە بنەڕەتیانەی کە کوردبوونەکە بە نەتەوەکەی دابوو، کە زمان و نیشتمانی هاوبەش بوو، ئێمەش هەر لەم بەستێنەدا دەتوانین هەنگاوی مەزن بنێین و تێکۆشانی ئەو ڕابەرانە و نەتەوەکەش لەو ساڵانەی کە ئەوان لە خەباتدابوون و دوای ئەوەش کە ئێمەیان جێهێشت، پاش ئەوەی کوردستانی بوونیان و دڵسۆزییان و خەباتەکەیان، وەک سەرمایەیەکی بەنرخ بۆ ئێمە جێهێشت، نەتەوەکەش هەنگاوی گەورەی هاویشت و ئێستا نەتەوەکە و بزووتنەوەکەمان لە فەوتان و نەمان گوزەراوە و هێدی هێدی ئاسمانی بیرکردنەوەی ڕۆشنتر و کارەکەی زوڵاتر بووە، بۆیە گرنگە کە نەکەوینە ئەو بەستێنەوە، کە دەمان وەستێنیت و بیرکردنەوەمان دادەخات، ئەوان گیانیان بەخشی بە هیوای تەکاندان بە هزر و بیرکردنەوەی ئێمە، جا ئەوە ئەمانەتێکی بەهادار و پیرۆزە کە لە ئەستۆگرتنی و درێژەپێدانی بە شێوەیەکی ژیرانە و سەردەمیانە، بەرپرسیارێتی ئێمەیە، کە ئەو بەهاو نرخە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی ئەوان بخوێنینەوە و لێ تێگەیشتنە ئەمڕۆییەکانی لێ هەڵهێنجین، تا دەرهاویشتیەکەی شایان بە نەتەوەیەکی ئازادیخوازی وەک کورد بێت، هەروەک ئەوان و تێکۆشانە کوردستانییەکەیان شایستەی نەتەوەکە بوون. هەموو تێکۆشانێک ئەگەر کوردستانی بێت، دەچێتە ناو ئەو هەوڵە جددیانەوە کە کەسەکە دەیدات. کاک فوئاد لەو باسە چڕەدا کە سەبارەت بە دەستپێکردنی بەرەنگاربوونەوەی چەکداری خۆیان دەیگێڕێتەوە و باسیێکی چڕوپڕی پرۆسەکە دەکات کە بە ١٦ تفەنگەوە دەستیان پێکردووە. لە سەرەتاوە دەبێت بڵێم: لەو گێڕانەوەیەی کاک فوئاددا بۆمان ڕووندەبێتەوە کە ئەو بە قووڵی ڕۆچۆتە ناو چنراوە کۆمەڵایەتییە کوردییەکەوە، من چەند جارێک گوێم بۆ قسەکانی ڕاگرت، ڕستەیەکم گوێ لێ نەبوو کە لە جێگای خۆیدا نەیوتبێ، یا زیادی وتبێ، بە زمانێکی جوانی سادە و پەیڤی خەڵکەکە دەدوا لە دڵیەوە بۆیە خۆشەویست و گوێلێگیراو بوو، هەر لەسەرەتاوە دەیویست کەسایەتی کوردبوون بۆ تاکەکان بگێڕێتەوە و گرێی خۆ بەکەمزانین بەرانبەر بە نەتەوەی سەردەستی فارس لە ڕۆحیاندا بسڕێتەوە و فێری شانازی کوردبوونیان بکات، باسی سەرەتای شۆڕشی چەکداری ڕۆژهەڵات دەکات، تا ئێستا ڕێبەرێکی سیاسی کوردم گوێ لێ نەبووە کە ئاوا دانە دانە بێ تێکەڵکردن و پچڕان لە بابەتەکەدا قسەی سیاسی گرنگی ئاوا بکات. کاک فوئاد دەڵێت:" ئێمە کاتێک دەتوانین لەگەڵ سەهەند و ئیتحادییەی کۆمۆنیستها، هاوکار بین کە ئەوان جێگایەکیان لەناو خەڵکدا هەبێت، بەوەی کە لێکۆڵینەوەیەکی چەند لاپەڕەییان لەسەر کۆمەڵگای کورد کردبێت، ناکاتە ئەوەی کە کۆمەڵگای کوردیان ناسیوە" لە کاک فوئادم بیستووە، کە ئەو لەگەڵ دامەزراندنی حیزبێکی کۆمۆنیستی ئێرانیدا نەبووە لە کوردستانەوە، من دەزانم کە ئەو ڕێبەرە دڵسۆزە، دەیزانی بنەمای بزووتنەوەی کورد، ئازادیی نەتەوەییە، جا هەر بیروبۆچوونێک بیەوێ خزمەت بە نەتەوەکە بکات، دەبێت کوردستانی بێت، دیارە لەناو کۆمەڵەدا کەسانێک هەبوون کە خواستی دروستکردنی حیزبێکی سەرتاسەری کۆمۆنیستیان بووە، بەڵام کرۆکەکەی لاوانی کورد و تێکۆشانە دڵسۆزانەکەی هێزە شۆڕشڤان و کوردستانییەکەی کۆمەڵەیان مەرام بووە، بەڵام ئەم بۆچوونە لە بیرکردنەوە و تێکۆشانە کوردستانییەکەی کاک فوئادەوە دووربووە و ئەو نەیویستووە ئەم هێزە كوردستانییە شۆڕشگێرە بەهیچ ناوێکەوە بخاتە خزمەتی مەسەلەی ئێرانەوە، یا بە واتایەکی دی، هێزێکی ئاوا شۆڕشگێڕی کوردی بکاتە بەستێنێکی ئاودراو بە خوێنی لاوانی کورد، بۆ (بیروباوەڕێکی هەرزە)ی دوور زۆر دوور لە واقعی کوردستان و خەباتە ئازادیخوازییەکەیەوە، ئەو دەیزانی کە ئەمە زیانبەخش و نادروست و لادانە لەو خەباتەی کە کۆمەڵەی بۆ دروستکرا و بەو جوامێرییە خەڵکەکە لە دەوری کۆبوونەوە و هیوای گەورەیان لەسەر هەڵچنی بوو، خۆشیاندەویست و گیانی خۆیان لەناو ئەو بزووتنەوە کوردستانییەدا بەخت دەکرد بۆ نەتەوەکەیان، ئەو نەیدەویست کۆشکی هیوای ئەو بەشە لە نەتەوەکە کە لەسەر ماندووبوون و زەحمەتی نەتەوەیەکی ستەمدیدە، بنیانراوە بڕوخێنێ، تا تیۆری ناو کتێبان بەڕاست وەرگەرێ!!! ئەو نیشتمان، نەتەوە و بیروبڕواکەی خۆی بە شایانی ئەوە دەزانی کە لەناو خەڵکەکەی خۆیدا بگەشێتەوە و ئەم درەختی ئازادییە بێتەبەر، ئەو ئەگەر کۆمۆنیستیش بووبێت، کە چەپ بوو، کۆمۆنیست و کۆمۆنیستخواز نەبوو، هەر لەناو خەڵکی خۆیدا و نەتەوەی خۆیدا و لەگەڵ ئەواندا تێکۆشان بکات، وەک لە دەنگێکیدا دەڵیت: "خەڵکانێک کە جگە لەمە، دەیانەوێت حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دروست بکەن ئەوە دەتوانن بیکەن، بەڵام خەڵکی کورد حەقی موسەلەمی خۆیەتی کە ئەگەر - بیەوێ-! حیزبی کۆمۆنیستی خۆی دروست بکات". بەم لێکدانەوە دڵسۆزانەیە و تێگەیشتنە قووڵەی کاک فوئاددا بۆمان دەر دەکەوێ کە: ژمارەیەک یان کەسانێکی (پلە باڵای ناو سەرکردەیەتی کۆمەڵە هەبوون) کە کاک فوئادیان بە ڕێگر و بەربەست زانییوە لەبەردەم مەرام و خواستەکانی خۆیاندا، ئەم جۆرە ئیرەیی بردن و چاڵ هەڵکەندن بۆ یەکدی و خۆپەرستیی لەناو سەرکردەیەتی پارت و ڕێکخراوەکانی کوردیدا لە دێر زەمانەوە، هۆیەکی گرنگ و بنەمایی بووە لەو پێکهەڵپژان و دەستبەیەخەبوونەدا کە ناوە ناوە و نزیکەی لە سەرلەبەری حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکاندا، ڕوویان داوە و زیانی بنجیی مەزنیان لە بزووتنەوەکەی داوە.
• ڕۆژهەڵات و باشوور
• ڕۆژهەڵات: ناوەندی کلتووریی کورد لە ڕۆژهەڵاتە، کە پاشان تەشەنەی کردووە بۆ دەڤەرەکانی تری کوردستان، بە تایبەت بۆ باشوور، یا لە سەردەمێکی دیاریکراودا، تەشەنەکردنەکەی بەرەو باشوور خێراییەکی زیاتری هەبووە تا لەو تەشەنە و فراوانبوونەی کە بۆ دەڤەرەکانی دی بوویەتی، چوونکە ڕۆژهەڵات نیشتمانی لەدایکبوونی کلتوورەکە بووە، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ باشووردا هەبووە و زۆرینەی کوردانی ئێستای باشوور بنەچەو داپیرە، پوور، میمی و باوەگەورە و باوانیان لە شارۆچکە و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتەوە هاتوون و لە دەڤەری باشوور نیشتەجێبوون، بە تایبەت شاری سلێمانی کۆپییەکی دەسکاریکراوی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمانە. چوونکە لە کۆنەوە لەم دەڤەرەدا بزووتنەوەی کوردەواری خەمی یەکەمینی خەڵک بووە، تا سەردەمی دروستبوونی ئەم دواییانەی حیزبی شوعی لە عێراقدا، کە زۆرینەیەک بە تایبەت لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی ڕاپێچی ناو خۆی کردووە، لەوەش بێگومانم کە حیزبی توودەی ئێران کە لە حیزبی شوعی عێراقیش کۆنترە هەمان کاریگەریی هەبووە لە سەر مامۆستایان و خوێندەوارانی ڕۆژهەڵات. باشوور بە تایبەت شاری سلێمانی وێنەیەکی ڕوون و دەوڵەمەندە بۆ لێکۆڵینەوە و ڕامانی هزرڤانان. چوونکە تا بەر لە ڕاپەڕین سلێمانی شارێکی نزیکەی ١٠٠٪ کوردیی بووە، جگە لە هەندێ فەرمانبەر و دامودەزگا سەرکووتکەرەکان و ئەو لەشکرە دڕندەیەی دەوڵەتی ئیستعماری عێراقی نەبێت کە زۆرینەیان عارەب بوون و سوغرەکێشی دەوڵەتە ئیستعمارییەکەیان بوون، سلێمانی شارێکی بەهەموو پێوانەکان کوردی و کوردستانی بووە. ئەی دوای ڕاپەڕین؟ بچن ێخەی ئەشرەفخانتان بگرن، تا زوو بیگرن درەنگە، دەساڵی تر نابات، منداڵی عەرەبی لە دایک بوو لە هەولێر و سلێمانی، یەخەتان دەگرن و لەسەر مافی خۆیان گوێتان ڕادەکێشن و حیزبی خۆیان، بارەگای خۆیان، مزگەتی خۆیان دادەمەزرێنن و خۆڕانانی خۆیانتان پیشان دەدەن، کاتێک کە لە هەنارانی سەروو، کە ئەوسا سێ ماڵ بوو، هەمووی کورد بوو، ئێستا هەر ماڵی کاک ئیسماعیلی کوردی لێماوە و دوو ماڵەکەی دی، بەهەردووکیان پازدە منداڵیان بەرداوەتە دار بایەمەکانی (مام ئەحمەدی قزلەری)، کاک ئیسماعیل بۆتە غەوارەی ناویان، ئەبو عەدنان کوێخای دێیە و ئەبو سەلمان جێگرێتی، هەر هەڵبژاردنێکیش بکەن هەر کاک ئیسماعیل دۆڕاوەکەیە، ئێستا عەرەبەکان بەپێی تیۆرییەکەی ماوتسی تۆنگ، لە گوندەکانی باشوورەوە، پەلاماری شارەکانی باشوور دەدەن، ئەوان بە پلان و بەرنامە هێرشیان هێناوە بۆ باشوور و ئێوەیش بەپێی تیۆرییەکەی ئەشرەفخانتان، بە پلان گوندەکانیان بۆ چۆڵدەکەن و دەکشێنەوە بۆ شارەکان، لای ئەشرەفخان کشانەوە و هەڵاتن، تاکتیکێکی ستراتیجی لە باوانەوە بۆ ماوەیە، ئاخر ئەشرەفخان بیستونۆ ساڵ لەمەوبەر قەرزێکی نەتەوەیی لە باپیرەیان کردووە، ئەگەر چی ئەو نەماوە، خۆ دەبێت قەرزەکە بداتەوە بە نەوەکانی، ئەوە چیرۆکی هاتنی بە لێشاوی ئەو حەمکە عەرەبەیە، کە لە باشوور سەریان لە هێلکە ئەجووقێ و ئەشرەفخانیش بسکەی سمێڵی دێ و بە داهاتووی کورد گەشبینە!!! ئەو دەڵێت ئەو ئاڵایەی هەرێم هەرگیز نانەوێ، با لە سێبەرەکەشیدا، عەرەب لە کورد و کوردیش لە کورد هەڵبدا، قەیدی چییە!!! فەرمانڕانیی ئەشرەفخان و بنەماڵە پایەدار بێت، با چوار لاوی عەرەو فیکە بۆ کچانی کوردیش لێ بدەن، ئێوەش کچەکانتان فێرکەن فیکەیەکیان بۆ لێدەنەوە، ئەوە مانای ئەوەیە هەزار فاکتتان بە فیکێکمان، لە پەرەگرافی چوارەم لاپەڕەی سی ویەکدا لە کتێبی (خەیاڵ خۆش) دا، ئەشرەفخان وای وتووە!!!.
بەم پێیە دەبینین ئەنجومەنەکانی کلتووری لە ڕۆژهەڵات، جوودا لە ناوچەکانی تری ئێران، وەک ئاگری ژێر خۆڵەمێش دەگەشێنەوە بەو هێز و توانا کوردییەوە کە لە خۆیان پیشاندا، کە ئەمە ئاماژەیە بۆ ڕابووردوویەکی کلتووری، با دەماودەم و نەنووسراوەش بێت(کە لە ڕاستیدا نووسراویشنەوە و بەڵام تا ئێستا نەدۆزراونەوە، یا لەلایەن کەسانێکی کەمی کۆمەڵگای کوردییەوە قسەی لەسەرکراوە و دەکرێت)، جا ئەم کلتوورە هەرچی بووبێت، کوردی بووە، هیچ هێز و بیروباوەڕێکی غەوارە نەیتوانیووە ئەم کلتوورە بسڕێتەوە، تەنانەت بیری موسڵمانەتیش کە لەژێر سایەی شمشێردا هەڕەشەکانی دەسەپاند، هەر نەیتوانی بیسڕێتەوە و بە پێچەوانەوە، ئەوی لەناو خۆیدا هەم گونجاند و هەم سیمایەکی کوردەواری پێدا، کلتووری مەلا موسڵمانە کۆنەکانی ئێمە، شایەتی ئەم قسەیەی منن. دەمەوێت بڵێم: ڕۆژهەڵات دەتوانێ بێ ئەوەی چاوەڕوانی لە گەلانی تری ئێران هەبێت، ئەگەر بارودۆخێکی کەمێ گونجاو بڕەخسێ، بەبێ ئەوان خۆی بەڕێوەبەرێت، هەر ئەوەی کە ئێمە دەیبین لە ڕۆژهەڵات، بزووتنەکان چەندە بە تەژم و داخوازییەکانی بریتی دەبن لە (ژن ژیان ئازادی)، بەڵام لە پارچەکانی تری ئەوەی ناونراوە ئێران لاواز و سست و بەپای بزووتنەکەی ڕۆژهەڵات ڕاناگەن، جگە لەو شۆڤێنییەتییەی نەتەوەی سەردەست کە فارسە و مەسەلە سیاسییەکانی ئەمڕۆش، ئەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە نەتەوەی کورد خۆی لەناو کلتوورێکی ئاوا ڕیشەدار و بنجبەستوودا ژیاوە بە درێژایی بوونەکەی، خۆی لە چوارچێوەی ئەو کلتوورەدا دەربڕیوە، فارسەکان ئەو ئەزموونە کلتوورییەیان نییە، بۆیە خۆبەخۆ کاری وا مەزن و ڕاپەڕینی وا مەزن لە ناو ئەواندا سەرهەڵنادا، سەرپێچی و مانگرتنی ناوە ناوە، بۆ گرانبوونی بەنزین، هێلکە و برنج، بۆڵەو خووتنەی هەموو خەڵکی دنیایە بە شێوەی جیاواز، بەڵام هاواری ئاوا تەرلان و شۆخ و قووڵ وەک (ژن ژیان ئازادی) باسێکی تری ئینسانی فرە فرە باڵاترە لە خواستی ئاوا کورت و قاوغیی، ئەوان لەناو ئەو کلتوورە ڕیشەدارەدا نەژیاون و پرۆسەی ژیانی ئاوایان نەبووە، لەبەر ئەوە دەرک کردنی و بەرهەمهێنانی بوێریی ئاوا باڵا، ناخوڵقێنن، بۆیە نابێت چاوەڕوانیی ئەوەمان لەوان هەبێت و بەدیار( بیردۆز و تیۆرییەکانی ئەوانەوە) دابنیشین، یا تەماشای بارۆمەتری بیرکردنەوەی ئەوان بکەین.
ئەگەر ئەوی لە سووریادا ڕوویدا، کە حوکوومەتی ناوەندی ئەسەدیی لاوازکرد، لە ئێران ڕووبدات و حوکوومەت لاوازبێت و نەتوانێ ڕۆژهەڵات کۆنترۆڵ بکات، هێزی تەڤگەری ئازادی ڕۆژهەڵات دەبێت بارودۆخەکە بقۆزێتەوە و خۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆی چێ بکات، دەزانم نە دەبێت و نە واشە، کە کۆپی ڕۆژئاوا بکات، بەڵام ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، هەرچی لێکچوونێک بکەن، لە دەرەوەی بازنەی لێ تێگەیشتنەکاندا نییە، مەگەر ئەوەی کوردگەلێک لەبەر بیروباوەڕیی (چەپایەتی یا هەر چی)، بەسەر خۆیاندا بیسەپێنن کە ئەوە نابێت!!! ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا کوردن و سەر بەیەک کلتووری دێریینی ناوچەی میزۆپۆتامیان و جگە لە بارودۆخە سیاسییەکە، هیچ جووداوازییان نییە، شوورەییە مرۆڤ(کوردبوونی خۆی بگۆڕێتەوە بە بیروڕای سیاسی)، چوونکە کووردبوون لە هەموو کەس، گرووپ، بیروڕا، پارت و ڕێکخراوێک مەزنترە، ئێمەش لەناو کۆمەڵگای کوردیدا کار دەکەین، هەر نەتەوە و گرووپ و دەستە و بیروڕایەکیش، لە جێی خۆیاندا، بەڕێز و حەقدار و ئازادن، کە وەک ئێمە کار بکەن یا نەیکەن، بەڵام کارێک کە پاراستنی نەتەوەی کورد، بخاتە مەترسییەوە، جا کورد خۆی بیکات یا بیانیی، ئەوە قبوڵناکرێت!!!. بەئاشتی ژیانێکی یەکسان و بەرانبەریش، ئەگەر بۆ قۆناغێکیش بێت، پرۆسەیەکی دژوار و قێزەوون نییە، بە مەرجێک کورد(هێزی پاراستنی خۆی) لەدەست نەدات، چوونکە ئەزموونەکانی ئێمە نزیکەی سەرلەبەریی تاڵ، خوێناوی و زامدارە، سەبارەت بە بەڵین و ویستی پشتپەردەی داگیرکەرەکانی، بۆیە دەبێت هەموو هەنگاوەکان ڕوون بن لەلایەن هێزی پاراستنی کوردەوە ڕوو بە نەتەوەکە و لەگەڵ نەتەوەکەی خۆیدا، دوژمن ویستی چاوشاركێ و خاپاندن بووە/ دەبێت، بەڵام شەڕی ئێمە بۆ ئاشتی و ئارامی نەتەوەکەمانە... جا بە هەر هۆ، ئامێر و شێوەیەک بۆی مسۆگەر بکرێت، دەبێت بیکات. ئەگەر لە قۆناغێکدا، بەرژەوەندیی نەتەوەیی کورد، لەگەڵ بەرژەوەندی شەتانەکانیش لێکبچن و لە خاڵێک و لە چەندین خاڵدا ڕوو بەیەک جێ هەنگاو بنێن، نابێت کورد بەهەر ناوێکەوە دەبێت با ببێت، لەم مەسەلەیە بسڵەمێتەوە، هەموو هەر وایان کردووە، بۆچی دەبێت هەر بۆ مەڕ شوورەیی بێت؟!!!.
• باشوور
لە ڕووی بیر و هزرەوە، لە باشووری لە شەستەکان بەملاوە، دوو حیزبی بنەماڵەیی دەسەڵاتیان بەسەر ژیانی خەڵکەکەیدا گرتووە، ترساندوویانن، شەڕیان پێفرۆشتوون، لێیان داوون و سووکایەتیان پێکردوون و تیرۆریان کردوون، هەر دوو حیزبەکەش خەڵکی ڕەدووکەوتووی خۆیان هەبووە کە تاوانەکانیان بۆ ئەنجامداوون، یان بانگەشە و خواستەکانیان بۆ نووسیونەوە و گووتووە، واتە هزرێکی قووڵی سەر بە کوردایەتی نەبووە کە ببێتە جێگای باسوخواز و گفتوگۆ، لە رووکەشێکی تەنکدا، باسی چەپ و کوردایەتی بووە، کە هیچ کات نەچۆتە قۆناغێکەوە کە تەکانی هزری درووست بکات، دەسەڵات و پاوانخوازیی حیزبی هەردوو بەرەکەی جوڵاندووە، کە بەزۆری شەڕی یەکتر بووە تا شەڕی داگیرکەرانی کوردستان! باشترین لاوەکانیشی هەر لە میانەی ئەم شەڕە دوولایەنییەدا، بووتەنە سووتوی ئەو شتەی کە بە کوردایەتی پێیان فرۆشراوەتەوە، ئەگەر سەرکردەیەتییەکی کوردستانی سەر بە خواستی دەروونی نەتەوەکە لە باشووردا هەبایە، ئەوا باشوور دەبووە زەمینەیەکی چەسپاو بۆ هەنگاونانی هەر سێ بەشەکەی تر. ئەوان زیاتر یارییان بە هەستی کوردبوونی لاوەکان کردووە. دوای ڕاپەڕینیش، ئێدی شەڕەکەیان چووە قۆناغی نوێوە و لە شارەکانەوە پەلاماری یەکدییان داوە و فەرمانڕانییەکەی پووچەڵی بێ دەرگاوپەنجەرەیان پێکهێێناوە کە لە هیچ ناچێت، خەڵک خۆی (شارستانی) و (کوردە) بۆیە ئەوان بە پێوە ماوون، تەنانەت هەموو پیرۆزییە کوردەوارییەکانیش کە تاکورد بووە بەگیان و دڵ پاراستبوونی و گەشەی پێدەدان، دوای فەرمانڕانییەکەی ئەمان، ئەوانیش کاڵبوونەوە و بوونە مایەی گاڵتە و جەفەنگ. ئەوان لە ڕووی هزرەوە لە (خێوەتێک دەچن کە بە بەنزین و کارەبا) دەڕواتبەڕێوە، واتە (ئامڕازی سەردەمیانە) بۆ (پراکتیزەکردن و بەرهەمهێنانەوە هزری خێڵ) بەکاردێنن، بۆیە هیچی لێ سەوز نابێت، زۆر ئاساییە کە ئەگەر تۆ بیرە نەوتێک بدەیت بەهەر کوردێک، دەتوانێ بە دەیان کۆمپانیا و سەرمایەدار و ڕاوێژکار لەدەوری ئەو بیرە نەوتە کۆبکاتەوە. سەرفکردنی پارەی بە (با) هاتووش، هیچ زیرەکی و ژیریی و داناییەکی ناوێت، ئەوەش مایەی سەرسووڕمانە کە نەخۆشی جەلالی و مەلای تووشی خەڵکانی بە ناو ژمارەیەکی زۆری ڕۆشنبیرانی ئەو بەشە لە نەتەوەی کورد لە باشووردا بووە و ئەوانی ڕۆژهەڵاتیشی گرتۆتەوە. لەهەموو ئەو پەنگانەدا کە لەماوەی ئەو (سی پێنج ساڵەی فەرمانڕانییاندا) بە کوردی باشووریان دا، لەیەک دابڕینی خەڵک و لاساییکردنەوەی شێوەکانی بەکارهاتووی حیزبی بەعس، بووە بنەمای کارکردنی ئەم دوو لایەنە، بۆ نموونە: لەهەموو دەزگایەکی حوکوومەتدا، ئەندامێکی ئەوان، بەهەر ناوێکەوە بێت، بڕیار لەسەر بەڕێوەبردنی ئەو دەزگایە دەدات بەپێی ئەو فەرمانانەی کە پێی دەکرێت لە سەرکردیەتی ئەو لایەنەوە، ئەمە کوتوومت وێنەیەکی کوردیی ئەو (ئەفسەرە ئەمنیانەی ڕژێمە) کە بەناوی (تەوجیهی سیاسیەوە)، دەزگاکانی سەر بە ڕژێم و ناوەندە گشتییەکانی وەک زانسگاکان، قوتابخانە، پەیمانگا و ناوەندە خزمەتگوزارییەکانی تریان بەڕێوەدەبرد، ئەوەی کە ئەم کەسە کوردە و ئەو قسەقۆڕەی کە دەڵێت: هەرچی بێت بەس نییە ئەمە کوردێکە، ئەم قسەیە کە دەسەڵاتدارانی ئەو دوو لایەنە بانگەشەی بۆ دەکەن و لە ڕێگای ماسمێدیاکانەوە دەیخە سەر زاری خەڵک، هەر کەسێ بیکاتەوە(گەمژەیەکە کە ئەقڵی لە ئەژنۆیدایە)، ئەمە ئەگەر لەسەرەتای ڕاپەڕیندا، کە خەڵکی باشوور، هێشتا ئەمانی لە دەسەڵاتدا نەدیبوو، دەفتەرە کۆنە پڕ لە خیانەتەکانی سەرکردەیەتییەکانیانی داخستبوو، بە هیوای ئەوەی کە دەرسێکیان لە (ڕەفتارە دژە نەتەوەییەکانی) خۆیان وەرگرتبێ، دەتوانرێ بەهانەیەکی لاوازی بۆ بهێنرێتەوە، بەڵام دوای ٣٥ ساڵ، برسێتی، دۆڕاندنی زەوییەکانی باشوور بە توورک و عەرەب و فارس، مردنی خەڵک لە ڕیزی مووچەی بەچەندمانگ دراودا و بڵاوبوونەوەی هەموو فەسادە سیاسی، کۆمەڵایەتی و زانستییەکان، عەقڵی ساغ، ویژدانی زیندوو، کوردی دڵسۆزی وردبین، قسەی قۆڕی ئاوا ناکات بە پاساوی هەموو تێکشکاندنەکانی دەزگا شڕەکەی مەلای و جەلالی!!! من ئەو ڕستانەم بەو جۆرە نووسینەوە، چوونکە خەڵکەکەم وا دەیڵێن، منیش لەگەڵ خەڵکی خۆم قسە دەکەم و بە کوردی دەنووسم. دەبێ ئەوەش بڵێم کە نەتەوەکە دەبێت، لەو کەسانە ببوورێت کە تاوانێکیان بەرانبەر بە نەتەوەکە نەکردووە و هۆگەلی زۆری ژیان و ژیاریی، کە ڕەنگە ناچاری کردبن کە دەستەو دامێنی ڕژێمەکانی داگیرکەری کوردستان بن، بەڵام دەستیان نەچۆتە خوێنی کوردەوە و خیانەتیان بە نەتەوەکە نەکردووە، چوونکە ئەگەر نەتەوەکە قبووڵیان نەکات، ئەوا باوەش زۆرن کە بیانگرێتە خۆی!!!.
ئێستا هەن پێم دەڵێن: مەلای و جەلالی نەبڕایەوە، ئەم قسانە کۆن بوون؟!! کاتێک ئەو کەسانەی کە مایەی ئەو هەموو تاوانانە بوون و تاوانی مەزنی کەڵەکەبووی ٣٥ ساڵیشیان خستە سەر، زرپ و زیندوون، لەکام گۆشە و لۆچی عەقڵدا جێگای دەبێتەوە کە بەم قسانە بڵێین کۆن بوون؟!! تا ئەو ڕۆژەی دەرگای (دادگای گەل) ڕوو بەهەموو تاوانبارێکی کورد، مردوو یا زیندوو، دەکرێتەوە، ئەم نووسینانە بەردەوام دەبێت، کە دەرگای دادگای گەلیش کرایەوە بەڕوویاندا، ئەوسا ئێدی "داواکاری گشتی کورد" دەبێتە لایەنی داخوازییەکانی نەتەوەکە لەو تاوانبارانە، ئەمە ڕاستەقینەیەکە کە بڕوام پێیەتی.
• ئاڵای هەرێم
لای من کۆمەڵەی خۆیبوون، حیزبی هیوا، کاژیک، ژێکاف، پاسۆک و کۆماری کوردستان، بیروڕا و خۆشەویستانێکن کە جوودایان دەکەمەوە، لەو گاڵتەجاڕییەی ناوی ناسیونالیستی کوردە و چەند بنەماڵە و لە پێشەنگیانەوە، قیادەموەقەتە و مەلاییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن و ڕیزێکی درێژ لە ڕۆشنبیران داوێنگیرییان بوون و لە پەراوێزیانەوە سەرچۆپیان گرتووە و شاییەکەیان بۆ گەرم کردوون/ دەکەن. بزانە لە ماوەی ئەم ٣٥ ساڵەدا و فەرمانڕانی ئەواندا، پسپۆرێکی ئابووری، پسپۆڕیکی یاسایی یا پسپۆڕێکی هەر مەیدانێکی تری زانست و زانینت خوێندەوە کە لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لەسەر ئەو بڕیارە ئابوورییە سەقەتانە نووسیبێ کە بەهۆیانەوە ژیانی خەڵکی باشووریان کردە دۆزەخ و نیشتمانیان پێ وێران کرد و حسابە بانکییەکانی خۆیانیان پێ ئاوەدان؟! کەسێکت بینی ڕێز لەو زانستە بگرێت کە لەوانەیە لە زاستگەکان فێری بووبێت؟! ئەوانەی کە ڕێزیان لە خۆیان وەک مرۆڤ و لە زانستەکەشیان وەک بەرهەمێکی شارستانەتی مرۆڤایەتی گرت، لە باشووردا ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکەن. من ئەو ئاڵایەی هەرێمم بەر لە ڕاپەڕین هەر لەسەر بنکە هەژارانەکانی پاسۆک دەبینی کە هیچ سەرکردەیەکی هیچ حیزبێک تەنانەت (نەشیدەوێرا) وێنەک لەو نزیکانە بگرێت کە ئەم ئاڵایەی تێدا دەربکەوێت. لە ١٩٤٦ وە کوردستان لەژێر یەک ئاڵادا لەماوەی ١١ مانگدا و بە پێشەوایەتی بیرێکی ژێکافیی دڵسۆزی نەتەوەکە، توانی کوردەکان لە هەر چوارپارچەی کوردستان کۆبکاتەوە و بەشێکی گەشاوە لە مێژووی نوێی کوردیی تۆمار بکات. دەنگدانی خەڵک بەو ئاڵایەی هەرێم وەک ئاڵای کوردستان، کە ئەڵبەتە خەڵک تامەزرۆی ئاڵای نیشتمان و نەتەوەی خۆیەتی، چاو و ڕاوێک بوو، بنەماڵە لە خەڵکیان کرد، بووە هۆی قوورسبوونی سەنگی بنەماڵە و مانەوەیان و تۆمارکردنی چیرۆکێکی هەڵبەستراو بەناوی خۆیانەوە، کڵاوەکەیان کردە سەر خەڵکەکەی باشوور و سەریش! کەوتن!!!. ئەمە چ لۆجیکێکە بۆ نەتەوەیەک کە کۆماری هەبووبێت و ئاڵای سەربەخۆی خۆی هەبووبێت، کەسێک بێت پاش چلوچوار ساڵ هەڵبەستنێک بۆ بنەماڵەکەی لە خەڵکەکە بکاتە ڕاستەقینە و ئەوانیش بڕوا بێنن و هێما و ئاڵای پارتێکی نەتەوەکە یا دووپارتی بکاتە ئاڵای نەتەوەیەکی وەک کورد؟! ئەگەر لەبەر خاتری خاتران، نەت دەوێرا ئاڵا ڕاستەقینەکەی کۆماری کوردستان، بەرز بکەیتەوە، چەند خاڵێکی تێدایە لەوانە: یەکەم، تۆ شایان بە بەرپرسی بەشێک لە نەتەوەکە نیت و ناتوانیت خۆت بکەیەتە پاڵەوانی کوردایەتی لە نەتەوەکە، چوونکە بڕیارەکان لەدەستی خۆتدا نین و لەخەڵکەکەشت زەوتکردووە بە سەربووردەیەکی هەڵبەستراو. دەتتوانی ئاڵای ئەو پارتانەت وەک ئاڵای هەرێم بناساندایە نەک ئاڵای کوردستان، بەهیوای ڕۆژی هاتنی دەرفەت. دەتوانی گۆڕانکارییەکی هونەریت لە ئاڵای کوردستاندا بکردبایە پاش پرسوڕا بە هونەرکارانی ژیر و کەسانی پسپۆڕ کە ڕۆشنتر و فراوانتر مەبەستە کوردستانییەکەی گەیاندبا، بە پاراستنی بنەمای ئاڵای کۆماری کوردستان، نەک وەک دەسکەوتێکی بنەماڵە، ئەفسانەیەک بهۆنیتەوە و بیسووی بەشانی جەنڕالە کارتۆنییەکانی دەسکردی خۆتاندا و سوودی بنەماڵەیی بەدەست بێنی لەهەستی پاکی ئەو خەڵکە تامەزرۆییە بۆ ناوی کورد و کوردستان، ئاڵای هەرێم ئاڵای سێ شار و لەتێکە و هیچی دی.... . من لە هەستی پاکی خەڵک تێدەگەم کە عاشقی ئازادی کوردستانەکەیانن، بۆیە هەر هێمایەک بۆنی ئەو شەیدابوونە بدات، ئەوان بە پیریەوە دەچن، بەڵام لەوەش دڵنیانم کە دڵدادە هەرگیز پەیامی خۆی بە ( بەکرە شۆفار) ەکاندا بۆ دڵبەری خۆی نانێرێت!!!
• خەسڵەتەکانی ئاڵای کۆماری کوردستان
- کوردی یەکخست.
- هزری سپایەکی یەکگرتووی کوردیی بنیات نا.
- بیریی نەتەوەیی کوردی ژیانەوە.
- زمانی کوردی گەشانەوە.
- کلتووری کوردیی زیندوو کردەوە و... هتد.
لە باشووری خوێناویدا و دوای گوشاری بە تایبەتی ئەمێریکا، جەلالی و مەلایی، ناچار کران کە دەست لە کوشتنی لاوانی کورد هەڵگرن و پەرلەمانیان پێ دروستکردن و مەلاییەکان ئەم هەلەیان قۆستەوە و ئەو ئاڵایەی خۆیبوون/پاسۆکیان کردە موڵکی بنەماڵە و چیرۆکێکی خەیاڵییان بۆ هۆنییەوە، بێ ئەوەی بتوانن بەڵگەیەکی باوەڕ پێکراو پیشانی نەتەوەکە بدەن، کە گوایە پێشەوا لە ڕۆژەکانی کۆتایی کۆماردا ئەم ئاڵایەی داوە بە مەلا مستەفا کە درێژە بە خەباتی ئەو بدات و کوردستان ڕزگار بکات!!!. بە شێوەیەکی (گریمانەیی) وای دادەنێین کە ئەم چیرۆکە دەماودەمییە ڕاستە، بەڵام ئایە ئاڵای کۆماری کوردستان کە پێشەوا بەوی داوە، بۆچی گۆڕڕا بەو ئاڵایەی کۆمەڵەی خۆیبوون و پاسۆک؟! خۆ لەو وێنانەی کە لە کۆمار بەجێماون، ئاڵای کوردستان جۆرێکی ترە، ئەی پێشەوا بۆ لەیەکەم ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆماردا، ئەم ئاڵایەی بەرز نەکردەوە و سڵاوی لەم ئاڵایە نەکرد و وێنەی یادگاریی لە ژێریدا نەگرت؟!. بیرەوەرییەکانی ئەو کەسانەی کە لە کۆماردا بەشداریان کردووە، بەڵگەی پێچەوانەی ئەم قسانەی بنەماڵە دەگێڕنەوە و بە نووسراو بڵاویان کردۆتەوە. لە ڕاستیدا چوونی ٣٠٠٠ تا ٤٠٠٠ هەزار ژن و منداڵ و پیرەژن و پیرەپیاو کە لە ترسدا عیراقیان جێهێشت، لەو ڕۆژە سەختەدا بۆ شاری مهاباد، بارگرانییەکی زۆر گەورەبوو بۆ ئەو کۆمارە ساوایە و خەڵکی شاری مهاباد، بیرەوەرییەکان بخوێننەوە، ڕاستەقینەتان زۆر بۆ دەردەکەوێ. خاڵێکی تر ئەوەیە کە ئەگەر ئەم ڕاسپاردەیەی پێشەوا لای ئەوان بووە چۆن ئەم شتانە ڕوویاندا:
• خەسڵەتەکانی ئاڵای هەڵبەستراوی هەرێم، کە لەلای بنەماڵە بوو، بەناوی ئاڵای کوردستانەوە
- کاتێک کاک سڵێمانی موعینی و هەڤاڵەکانی شەهید دەکەن و تەرمە پیرۆزەکانیان دەدەنەوە بەساواک، کە ئەوان وەک نەوەی پێشەوا بوون، بنەماڵە ئەم ئاڵایەیان لابوو، ئەمە بێڕێزییەک بەو ئاڵایە و بە ڕاسپاردەکەی پێشەوا.
- کاتێک ئاشبەتاڵیان بە نەتەوەکە کرد، بنەماڵە ئەم ئاڵایەیان لابوو، ئەمە دوو بێڕێزی بەو ئاڵایە و بە ڕاسپاردەکەی پێشەوا.
- دکتۆر شڤان و هەڤاڵەکانیان تیرۆر کرد و گۆڕەکانیان بزرکردن، بنەماڵە ئەو ئاڵایەیان لابوو، ئەم سێ بێڕێزیی بەو ئاڵایە و بە ڕاسپاردەکانی پێشەوا.
- بنەماڵەی حەمەد ئاغا مێرگە سوورییان قەتڵعام کرد، بنەماڵە ئەو ئاڵایەیان لابوو، ئەمە چوار بێڕێزی بەو ئاڵایە و بە ڕاسپاردەکەی پێشەوا.
- کارەساتی هەکاریان خوڵقاند، بنەماڵە ئەم ئاڵایەیان لابوو، ئەمە پێنج بێڕێزی بەو ئاڵایە و بە ڕاسپاردەکەی پێشەوا.
- کاتێک شۆڕشی ئازادیخوازیی دژ بە ڕژێمی کۆماری ئاخوندی ئیسلامی ئێران، بۆ پاراستنی نەتەوەکە لە ڕۆژهەڵاتدا گەشایەوە، ئەوان پێش لەشکری ئێران و سپای پاسداران کەووتن بۆ کورد کوشتن، خۆ ئەو کوردانە نەوەی پێشەوا بوون و یادگاری ئەو بوون، بنەماڵە ئەم ئاڵایەیان لابوو، ئەمە شەش بێڕێزیی بەو ئاڵایە و بە ڕاسپاردەکەی پێشەوا.
- شەڕێکی خوێناویان بە نەتەوەکە فرۆشت و هەزاران لاوی کورد بوونە سووتەمەنی ئەم شەڕە، بنەماڵە ئەم ئاڵایەیان لابوو، ئەمە حەوت بێڕێزیی بەو ئاڵایە و بە ڕاسپاردەکەی پێشەوا.
- خیانەت، کارەسات و تاوانی ٣١ی ئابیان خوڵقاند، بنەماڵە ئەم ئاڵایەیان لابوو، ئەمە هەشت بێڕێزیی بەو ئاڵایە و ڕاسپاردەکەی پێشەوا.
- دەرگای پەرلەمانی کوردستانیان بۆ ماوەی دوو ساڵ قوفڵ کرد، بنەماڵە ئەم ئاڵایەیان لابوو، ئەمە نۆ بێڕێزی بەو ئاڵایە و بە ڕاسپاردەکەی پێشەوا.
خۆتان لیستەکە تەواو بکەن... تیرۆرکردنی ئازادیخوازانی باکوور و ڕۆژهەڵات، سەردەشت عوسمان، سۆرانی مامەحەمە، کاوە گەرمیانی، ویداد، شیروان شیروانی، مامۆستا جهیان، شەق تێهەڵدان لە مامۆستاکە و دزینی سامانی کورد و...هتد و هتد.... هەندێ لەم سووکردنانەی ئاڵا و تاوانانە نەتەوەییانە، بە جووت لەلایەن مەلایی و جەلالییەکانەوە ئەنجامدراوە دژ بە نەتەوەکە.
بەو خاڵانەی کە لەسەرەوە نووسیومە، ڕوون بوویەوە، کە هەرچی سیفەتی کوردەواری، مرۆیی، شارستانەتی و سەردەمیانەیە، لەم ئاڵایە داماڵراوە و تەنیا پڕوپاگەندەیەکی بنەماڵەیە و هەرچی سووکایەتییە بەو بەشە لە نیشتمانی کورد و ئەو بەشە لە نەتەوەکە کراوە لە باشووردا، لەژێر ئەم ئاڵایەدا کراوە و حەشاردراوە و شاردراوەتەوە، بە باوەڕی من تێکۆشانی کوردی، بە جل و جامانە و جوڵاندنی سۆز نییە، بەڵکو تاڕادەیەکی زۆر خاپاندن و دواخستن و گومڕاکردن و ساردکردنەوە لە خەباتی جددی بە دوای خۆیدا هێناوە. بۆیە ئەم ئاڵاییە هیچ پەیوەندییەکی بە ئاڵای کوردستانەوە نییە و چیرۆکەکە هەڵبەستراوە و ئاڵای کوردستان، هەر ئەو ئاڵایەیە کە پێشەوای شەهید لە مهاباد هەڵی کرد و سڵاوی کوردەواریی بۆ کرد. ئەندامانی کۆمەڵەی خۆیبوون نەماوون تا بەرگری لەو ئاڵایە بکەن، ئەرکێک بوو کە دەبوو پاسۆک/ حیزبی دیمۆکرات لە ئەستۆی بگرن و نەیانگرت و نەتەوەکەیان بێ هیوا کرد، چوونکە لە بنەڕەتدا، ئەو کارەی بنەماڵە بۆ بچووککردنەوەی خۆشەویستی پێشەوا، حیزبی دیمۆکرات و سڕینەوەی یادگارییەکانی کۆماری کوردستان بوو کە لە هێما هەر گرنگەکانی ئاڵای کۆمار بوو!!!. کۆمەڵەی خۆیبوون لە مێژووی کوردستاندا، کۆمەڵەیەکی کوردستانیی سوێنخۆر بە ئامانجە بەرزەکانی نەتەوەکە بوو کە بریتییە لە ئازادی کوردستان، بۆیە ئەو هێمایەیان کە ئەو ئاڵایەیە ئەمڕۆ لە هەرێم هەڵکراوە، ڕێزلێگیرا و یەکێک لە هێماکانی کۆمەڵەیەکی دڵسۆزی کوردەواریی و بیری پاکی کوردبوونە کە بە کوردایەتی ناسراوە، هەروەها هێمایەکی ڕێزلێگیراوی پارتی سوشیالیستی کورد(پاسۆک)ە، کە بەداخەوە، کەس نەیزانی ئەم کۆمەڵە نەتەوەییە، چۆن و لە پای چیدا، خەباتی کوردستانی خۆیان، تێکەڵ بەو لیخناوەکرد کە ئاشی بنەماڵەی دەگێڕا و خۆیان کردە شەریکەبرای هەموو ئەو تاوانانەی کە بنەماڵە لە دروستبوونیانەوە تا ئەوسا و ئێستاش، دژ بەنەتەوەکە ئەنجامیان دا/دەدەن؟!. نموونە دێنمەوە هەر بۆ بەیادهێنانەوەی ئەو بەشە لە نەتەوەکە لە دەڤەری باشوور: ئێمە دەزانین کە بنەماڵە بە پێی ئەو ڕێککەوتنە سەربازییەی کە ڕژێمی بەعس لەگەڵ حووکومەتی تورکیا واژۆی کردبوو بەر لە چل پەنجا ساڵ لەمەوبەر، کە سەربازان و دەزگا سیخوڕخانەکانی هەردوو ڕژێم دەتوانن (دوای یاخیبووانی کورد بکەون بە قووڵایی بیست کیلۆمەتر بچنە ناو خاکی یەکدییەوە، ئەمە لە حەفتاکاندا واژۆیان کردبوو، ساڵەکە گرنگە!!!)، ڕێنمایی لەشکری توورک و دەزگا سیخوڕییەکانیان کرد بۆ دامەزراندنی ٤٨ سەربازگەی توورکی(لە سەر سایکۆلۆجییەتی توورک، یادداشتەکانی هزرڤانی کوردایەتی مامۆستا ڕەفیق حیلمی بخوێننەوە، یا لە کەناڵی یوتیووبی بەزمی حزووردا گوێی لێبگرن) ئەم ڕەفتارەیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپای ڕزگاریی کوردستان لە قەندیل، لە خۆیان نواند و دژ بە ینکی ئەوسا. زووڕناژەنانی بنەماڵە و کوردایەتی پووچ و ڕووکەش و فشنبیرانی دەرباریی، دەیان ساڵ وتیان و وتیانەوە کە بوونی توورک هۆکەی ئەوەیە کە پارتی کرێکارانی کوردستان وان لە قەندیل، باشە بڕوامان کرد و فشەی ئێوەمان سەلماند، ئەوە بۆ نزیکەی ساڵێک دەڕوا لە کۆنگرەی دوازدەهەمی ئەو بزووتنەوە کوردییەدا، بڕیاری شەڕ ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی خۆیان دا( چاک یا خراپ، من لە دەیان وتاردامدا لە کوردستانپۆستی هێژادا، لە زنجیرەی ئاوێنەکاندا نووسیومە و ئەم وتارە بۆ ئەو هەڵسەنگاندنە نییە)، ئەی فشبیرانی پەراوێزی دەرباریی، دکتۆرەکانی هەڵگری بڕوانانەی ساختەی زانکۆ زۆر و زەوەندەکانی باشوور، خەڵکی مەستکراوی کە زوو هەموو کارەساتێک و تاوانێکی نەتەوەیی لەبیرتان دەچێتەوە و هەمیشە ئەو پەندە کوردییە سیاسیە-کۆمەڵایەتییە لەسەر خۆتان دەچەسپێنن کە: نەباتان دیوە نەباران، بۆ لە بنەماڵەی ئەشرەفخان! ناپرسن کە ئێدی ئەوا ژنانی دلێری کورد، کە بە دەیانتان بە زیندوویی گرت و داتانەوە بە سیخوڕخانەی توورکان، چەکەکانی خۆیان بێدەنگ کرد و تەنانەت سووتاندیان، ئێدی بۆچی لەشکری توورکان بەرۆکمان بەرنادەن و گوند و دێهات و شار و شارۆچکەکانمان چۆڵ ناکەن؟! پرسیتان بۆچیییییییییییی؟! نا، چوونکە دەزانن باش دەزانن، بەڵام ئێوە هیچ قۆناغێک و سەردەمێک نە باکە دەبینن نە بارانەکە نە کردەوەکانی ئەشرەفخان!!!.
کۆتایی وتارەکەم وەک دەسپێکەکەی هەر دەبێت لە باشترین عەقڵی کوردی و ژیرترین بیرکردنەوەوەی کوردییەوە وەربگرم تا ڕاسپاردەکانی بخەمەوە بیرتان، هزرڤانی مامۆستامان مەسعوود محەمەد دەفەرموێت:" من لە نوسینمدا هەر ئەوەندە جورئەتم کردووە بڵێم ناشێ بۆ مرۆڤی کورد هیچ بیروڕا و بەرژەوەندێک پێش بیروڕای قەومایەتی بخاتەوە وەیا سوودی چینێک بکاتە یەکەم ئامانج لە خەباتدا، هەرگیزاو هەرگیزیش نەمگوتووە نابێ مرۆڤی کورد ڕێبازی بزووتنەوەی کۆمۆنیزم بگرێتە بەر وەیا باوەڕ نەهێنێ بەڕاست بوونی بنکە فکرییەکانی: من پێم لەسەر دوو مەرج داگرتووە، یەکەم مەرج ئەوەیە مافی نەتەوایەتی پێش مافی چینایەتی بخرێتەوە، مەرجی دووەم ئەوەیە بیروباوەڕ نەکرێتە ئاین و وەک (دۆگما) بخرێتە مێشکمانەوە".٦
............
سەرنجەکان
١- مەسعوود محەمەد، حاجی قادری کۆیی، بەرگی ٣ لاپەڕە ٣٣٥-٣٣٩.
٢- خوێنپژانی ئابووری(وشەیەکە خۆم دامناوە)/ وشەیەکی مەجازییە باس لەو حاڵەتەی ئابووری دەکات کە تێیدا(پارە) ون دەبێت بێ ئەوەی بتوانرێ کۆنترۆڵ بکرێت، لای تاکێک بەهۆی خەرجی زۆرەوە، لای کۆمپانیایەک بەهۆی بەرزی تێچوون و مەسرەفی زۆر و کەمبوونەوەی داهات، واتە ئەو پارەیەی لە دەغیلەکە دەچێتە دەرەوە زیاترە لەو پارەیەی کە دێتە ناو دەغیلەکەوە(ئاوا بە سادەیی باسم کرد).
٣- چاکگوزەرانی: لە باشووردا کە زمانیان تا لە سەدا هەشتا و نەوەد، سەقەتکردووە وەک هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکانی دی، دەربڕینی (خۆشگوزەرانی) بەکاردێنن، کە هەڵەیە و کۆمەڵگا و تاک ناتوانن خۆشی بگوزەرێنن، چوونکە خۆشی هەستێکی ڕێژەییە، ڕەنگە لای لاوێک سێکس و خواردنەوە و نێرگەلەکێشان و ئەم حاڵەتانە بێت، کە ڕەنگیشە تووشی دەردیسەریی زۆری بکات، ئیتر ئەمە چ خۆشگوزەرانییەکە؟!
مەسەلەکە چاکگوزەرانییە کە بریتییە لە: گوزارەیەکی فراوان سەبارەت بە باشی هاووڵاتیان و باشی ژیانیان کە تەندرووستی، ئاستی ئابووری، خوێندن و ئاسایشیان دەگرێتەوە، ئەم خزمەتگوزارییە باڵایانە بە کوالیتی بەرز بەو پارەی باجە جێبەجێ دەکرێت کە لە دەرامەتی هاووڵاتیان کۆدەکرێتەوە، کە دەکرێتەوە بەو خزمەتگوزاریانەی وەک: چاودێری تەندروستی، قوتابخانە، چاودێری خێزانی واتە مسۆگەرکردنی هەموو پێویستییەکانی هاووڵاتیان لە ئاستێکی بەرزدا کە ئامانجەکە یەکسانی و پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان بێت، لەهەموو بارودۆخەکاندا. لە زمانی سوێدیدا پێی دەڵێن:Välfärd (ڤێلفێرد) کە بەڕاستی کوالیتی چاکگوزەرانییەکە لە سوێد زۆر بەرزە و بە ئینگلیزیش پێی دەڵێن: Welfare، تکایە واز لەلاوەکانی(کچان و کوڕان)ی باشووری کوردستان بێنن و گومڕایان مەکەن، بەو زمانە سەقەتەی سەرۆک، مەرۆک، بەرپرسی نەزان، زاناکانتان و مێدیاکانتان. لاوەکان دەبێت هەموو دەرفەتەکانی ژیانیان بۆ بڕەخسێنرێ و فێری بەرپرسیارێتی بکرێن، نەدرێنە دەست قەدەر و بەچکە وەزیر و گزیر و بەرپرسانی ناحاڵی، ئەگەر ناتوانن کۆمەڵگایەکی چاکگوزەران بنیات بنێن، کە بێگومان ماوەی ٣٥ ساڵە سەلماندووتانە کە ناتوانن، ئەوە کاری ئێوە نییە، تکایە بچنەوە سەر کارەکۆنەکانی خۆتان و سامانە دزراوەکانی لاوەکان بگێڕنەوە تا خۆیان لە سفرەوە کوردستانێکی ئازاد و یەکسان و چاکگوزەران بنیات بنێن.
٤- خەڵکە ئابورجینالەکانی ئاوسترالیا: Australian Aboriginal peoplesدانیشتوان و خەڵکە رەسەن و ئەسڵەکەی کیشوەری ئاوسترالیا.
٥- مامۆستا مەسعوود محەمەد دەڵێت: وشەی"زانیار" وەک"پرسیار" بریتییە لە"تجرید" بە واتای" معرفە" نەک ناوی کارا بە واتای زانا. لە وشەی كڕیار کە ناوی کارایە پاشگری "یار" چۆتە سەر ڕەگی"کڕی" و یەک لەو دوو"ی"ە قرتاوە. پەرژینی بێدەنگی، لە بڵاوکراوەکانی کۆمەڵەی فەرهەنگی سوێد- کوردستان، سوێد ١٩٩٦ .
٦- مەسعوود محەمەد، حاجی قادری کۆیی، بەرگی ٣ لاپەڕە ٣٣٠.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









