<

ئەگەر خودا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بوایە، ئاخۆ ناوەرۆکی ووتارەکەی چی دەبوو؟

04/01/2026, 20:10 (GMT+1)
ئەگەر خودا دەنگ و ڕەنگی هەبوایە، لەوانەیە ووتارێکی لەم جۆرەی لەسەر مینبەری نەتەوەیەکگرتووەکان پێشکەش بە سەرکردەکانی جیهان بکردایە و کۆمەڵێ بابەتی ڕۆژ و ئەم کێشانەی لەخۆ بگرتایە:
- ئاخۆ خودا، دەربارەی یەک زەوی بۆ هەموان لە مینبەری نەتەوەیەکگرتووەکان چی دەووت؟
- ئایا خودا، لەسەر ئاینە جیاوازەکان و دابەشبوونەکانی کۆمەڵگەکان، چی دەووت؟
- ئاخۆ خودا ، دەربارەی ئازادی و ژنان و باڵاپۆشی، چی پێشکەش دەکرد؟
- ئەی ئاخۆ خودا، دەربارەی شەڕ و دەسەڵات، چی دەووت؟
- تۆ بڵێی خودا، دەربارەی ژینگە و زەوی، چی پێشکەش بکات؟
- ئاخۆ خودا دەربارەی کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکان, چی دەڵێت؟
- ئاخۆ بانگەوازی خودا لەووتارەکەیدا، لەسەر دوعا و پاڕانەوە و هەستی مرۆڤایەت، چی دەبوو؟
--------‐-‐--------------------------------------
- ئاخۆ خودا، دەربارەی یەک زەوی بۆ هەموان لە مینبەری نەتەوەیەکگرتووەکان چی دەووت؟
ئەی خاوەن دەستەڵاتدارن و سەرۆکی ووڵاتانی جیهان باش گوێ بگرن! من یەک گۆی زەوی و یەک مرۆڤایەتیم بە ئێوەی مرۆڤی سەر زەوی بەخشیوە. بەڵام ئێوە گۆی زەویتان بە سنوور و ئاڵا و دیواری جۆراوجۆر دابەش کردووە! ئێوە منتان کردووە بە بیانووی خۆتان و بەناوی منەوە شەڕ دەکەن و مرۆڤەکان دەچەوسێننەوە ! لە کاتێکدا کە من ئازادی و عەقڵیشم بە ئێوە داوە هەتا بتوانن بەکاری بهێنن بۆ خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی بۆ هەموان!
- ئایا خودا، لەسەر ئاینە جیاوازەکان و دابەشبوونەکانی کۆمەڵگەکان، چی دەووت؟
ئەمڕۆ زیاتر لە چوار هەزار ئایینی جیاواز لەسەر زەوی هەیە. تۆ دەپرسیت، ئاخۆ کام ئایینیان ڕاست بێت؟ بەڵام ئەو وەڵامە لەلای تۆ نییە! تەنها وەڵامەکەی لای منە( وەکو خودا!)
کەواتە ئێوە لە پێناو بەرژەوەندی خۆتاندایە یەکتر دەکوژن! موسڵمانان لەناوخۆیاندا یەکتر قڕ دەکەن! وە لەگەڵ ئاینەکانی وەک مەسیحی و جولەکە و هیندۆسی و ئەوانی تریشدا و دژی یەکتریش شەڕ دەکەن! و هەر گروپەش،  ئایینەکەی خۆی لە بەرامبەر ئایینەکانی تردا بەرز دەکاتەوە و هەر ئاینەکەی خۆی بەڕاست دەزانێت! ئێوە وا هەست دەکەن و دەڵێن کە ئێوە بەرگری لە من (وەکو خودا) دەکەن! بەڵام ئێوە دەتانەوێت ئەو بەرگریە هەر بەو جۆرە بێت کە خۆتان دەتانەوێت!
کەواتە با ئەو ڕاستیەتان پێ بڵێم، ئەگەر من پێویستم بە پاراستن و بەرگری ئێوە بوایە، ئەوا نەمدەتوانی گەردوونێکی گەورە دروست بکەم! هەرکەسێکیش بە ناوی منەوە، مرۆڤ بکوژێت و سەربڕێت! ئەوا بۆ بەرگری و پەرستنی من نییە! بەڵکو بۆ دەسەڵات و بەرژەوەندی خۆیەتی و دەیەوێت خۆی بەگەورە بزانێت و کورسی دەستەڵاتیشی هەبیت!
- ئاخۆ خودا ، دەربارەی ئازادی و ژنان و باڵاپۆشی، چی پێشکەش دەکرد؟
گوێم لە پیاوە ئاینیەکانە کە دەڵێن من (وەکو خودا) فەرمانم بە باڵاپۆش کردووە! هەر وەک ئەوەی، کە پیاوانی ئاینی ئافرەتە دروستکراوەکانی من، بە ناتەواو و خراپ بزانن و بە خراپیش سەیری بکەن! بەڵام ئەگەر باڵاپۆشی پێویست بوایە، ئەوا من وەک قژ و پێڵوی چاو و برژانگ بۆ ئافرەتانم دروست دەکرد! ئەگەر من پارچە قوماشێکم وەک لەچک یان باڵاپۆشی پێ گرنگ بوایە بۆ ئافرەتان، ئەوا لە کاتی لەدایک بوونیاندا بە ئافرەتانم دەبەخشی!
کەواتە ئەوە یاسای من نییە کە ژن دەچەوسێنرێتەوە! یان ئەوە من نیم کە ئازادیەکانی سەر جێگای نوستن (جۆری سێکس کردن) دیاری دەکەم! یان پێیان بڵێم، چۆن دەبێت بچن بۆ توالێت! ئەوە یاسای ناو مێشکی پیاوانی ئاینییە! ئەوان دەیانەوێت ئەو کۆت و زنجیرانە بخەنە گەردنی کۆمەڵگە و بەتایبەتیش ئافرەتان بەناوی تاجی زێڕینەوە!
بۆ من ئازادی و کەرامەت بەشێکن لەو ژیانەی کە من وەک خودا،  بە ئێوەی مرۆڤم بەخشیوە!
- ئەی ئاخۆ خودا، دەربارەی شەڕ و دەسەڵات، چی دەووت؟
دەبینم ئێوە ملیارەها دۆلار خەرج دەکەیت بۆ چەک و تەقەمەنی، لە کاتێکدا کە منداڵان لە برسێتیدا دەمرن!
من دەبینم ئێوە پەرستگا و مزگەوت و کۆشک بۆ من دروست دەکەن، لە کاتێکدا هەژارەکان لە شەقامەکاندا دەخەون و لەبەردەم پەرستگاکانی ئێوەدا سواڵ دەکەن!
پیاوە ئاینیەکانیش ئەوە باش دەزانین کە بە نوێژ و دۆعا، ناتوانێت تەنها یەک نەخۆش چاک بکەنەوە و سکێکی برسیش تێر بکەن، بەڵکو بەبەرهەمی زانستی نەخۆشەکان چاک دەبنەوە. وە تەنها بە هەوڵ و هاوکاری مرۆڤە بەخشندەکان و سیستەمێکی دادپەروەرانە (وەک ئەوروپای ڕۆژئاوا) کە ماڵ و خزمەتی تەندروستی و نانیان بۆ هەموان دابینکردووە،  سکی برسیەکان تێر دەبن و خەڵکی ئاوارە نابن!
ئێوە ئەوە باش بزانن کە من هەرگیز داوای دروستکردنی مزگەوت و پەرستگا و بینام نەکردووە و هەرگیز داوای قوبەی زێڕینیشم نەکردوە! وە بەهیچ جۆرێک داوای شمشێری و چەکی جەنگیشم نەکردووە!
ئەگەر من وەک خودا بتوانم هەموو گەردوون دروست بکەم، بۆچی دەبێت  پێویستم بە مرۆڤ بێت بۆ دروستکردنی مزگەوت و کڵێسا و پەرستگا؟ یان کوشتن و سەربڕینی مرۆڤەکان، بەدەستی مرۆڤەکانی تر؟
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین پیاوە ئاینییەکان چەندین جار داوای پارە و کار و یارمەتی دەکەن بۆ دروستکردنی مزگەوت و کوشتار! ئایا ئەمە پلانی خودایە؟ یان تەنها بۆ بەرژەوەند و دەسەڵاتی خۆیانە؟
ماڵی من لێرەدا لەگەڵ ئێوەدایە، کە زەوییە و ڕووناکی منیش لەسەر زەوی، هەر هەمان خۆری ئێوەیە، وە ئاسودەیی کانگای دڵیشم، مامەڵەکردنی ڕاستگۆیانە! کەواتە ئەی پیاوانی ئاینی بەناوی منەوە درۆ مەکەن و یەکتر مەکوژن و مزگەوت و پەرستگاش دروست مەکەن! بەڵکو قوتابخانە و زانکۆ و تاقیگە و خەڵوەتگەی پیران و خانوو بۆ بێلانەکان دروست بکەن، ئەویش بۆ خزمەتی مرۆڤەکان و مرۆڤایەتیە!
- تۆ بڵێی خودا، دەربارەی ژینگە و زەوی، چی پێشکەش بکات؟
ئەی سەرکردەکانی جیهان،  ئێوە دارستانەکان وێران دەکەن و دەریاکان ژەهراوی دەکەن و ئەو هەوایەش پیس و گەرم دەکەن کە خۆتان و منداڵەکانتان هەڵی دەمژن!
ئەم زەویەی کەمن پێمداون، دەبینم کە ئێوە وەک کاڵا مامەڵەی پێوە دەکەن! لەکاتێکدا ئێوە دوعا دەکەن و دەپاڕێنەوە بۆ خۆتان و بۆ مردووەکانیشتان هەتا بچنە بەهەشتەوە! بەڵام ئەو بەهەشتەی کە من ئێستا پێم بەخشیوین (واتە زەوی) ئێوە وا خەریکن لەناو دەبەن و دەیکەن بە جەهەنم بۆ خۆتان!
- ئاخۆ خودا دەربارەی کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکان, چی دەڵێت؟
ئەگەر خودا لە نەتەوە یەکگرتووەکان باسی دادپەروەری بکات، ئەوکات بە ناچاری باسی گەلی کورد دەهێنێتە پێشەوە و دەڵێت گەلێک زیاتر لە سەدەیەکە ستەمی لێ دەکرێت و دابەش کراوە و ئینکاریشی لێ کراوە! زۆرجار لە ژێر ناوی ئایین، هەندێک جار لە ژێر پەردەی ئەمنی نیشتمانی و یان تەعریب و بەتورک کردنیان، لە ئێران و تورکیا بە بەردەوامی ئاینی ئیسلام وەک قەڵغانێکی ئەخلاقی بۆ بەرتەسک کردنەوەی مافەکانی کورد بەکاربهێنن، بەوەش زمانی کوردی قەدەغە دەکرێت، کولتوور سووکایەتی پێدەکرێت و مافە سیاسییەکان بەتاوان دەزانرێت و تاوانبار دەکرێن.
بەڵام هیچ ئایینێک، پاساو بۆ لەناوبردنی گەلێک نادات کە من وەک خودا دروستم کردبن،  ئەوەی زمانی کوردی سەرکوت بکات، ئەوە مەترسییەک سەرکوت ناکات، بەڵکو ناسنامەی گەلێک سەرکوت دەکات! ئەوەش ئایین و ئیمان نییە، بەڵکو خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتە لە ژێر ناوی ئایین و بە ناوی منەوە (خودا).
لە سوریا و عێراقیش کورد بوونە قوربانی توندڕەوی لەلایان سیاسەتی پاکتاوی عەرەب وەک سەدام حسێن و لەلایەکی ترەوە توندوتیژی ئایینی داعش و شیعە و ئیسلامیە ناوخۆییەکانی کوردستانیش. ئەوانیش لە واقیعدا دینیان وەک میزەڵان پڕ کردووە لە تیرۆر و ووێرانکاری و بەکەنیزەکردن بۆ بەرژەوەندی کورسی و گیرفان و ئارەزووە سێکسێکانیان!
بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ ناگرێت. زۆرجار کورد لە (کێشەیەکی ناوچەیی) یان (کاروباری ناوخۆی ووڵاتانی داگیرکەر)دا کورت دەکرێتەوە. وە بێلایەنیش بەرامبەر نادادپەروەری دژی کورد، ڕێگای دیپلۆماسی نییە، بەڵکو هاوبەشی کردنە لەو تاوانەکانەی کە دژی کورد دەکرێن! چونکە مافی مرۆڤ هەڵبژاردە نییە، وە نابێت بە بەرژەوەندی جیۆپۆلەتیکی سنووردار بکرێت.
- ئاخۆ بانگەوازی خودا لەووتارەکەیدا، لەسەر دوعا و پاڕانەوە و هەستی مرۆڤایەت، چی دەبوو؟
ئێوە ئیتر لە من مەپاڕێنەوە و دوعای مەکەن و داوای موعجیزەش لە من مەکەن وەکو خودا! چونکە گەورەترین دوعا تەنها بە ووشە نییە! بەڵکو بە کردارەکاتانە! بۆنمونە مزگەوت دروست مەکەن! چونکە من وەکو خودا  پێویستم بە مزگەوت نییە! بەڵکو خۆراک بدە بە برسیەکان! یان لە دوژمنەکانتان خۆش بن! یان منداڵێک فێری خوێندن و زانست بکەن! نەک منداڵان فێری دۆعا و پاڕانەوە بکەن! یان برینی مرۆڤەکان چاک بکەنەوە نەک سەریان ببڕن! درەخت یان دارستان بڕوێنن! نەک دارستانێک یان شارێک بەناوی اللە اکبرەوە گڕ تێ بەردەن!
چیتر مەپرسە کام ئایین ڕاستە؟ بەڵکو بپرسە چۆن ئەمڕۆ دەتوانیت هەستی مرۆڤایەتیت زیاتر بکەیت!
هەرکەسێکیش خۆشەویستی هەڵبژێرێت بەسەر ڕق و کینەدا،  وە بەرژەوەندی لە دەستەڵات و کورسیدا نەبێت بەناوی دین و بەناوی منەوە وەکو خودا! ئەوا ئەو کەسە ئیرادەی من (وەکو خودا) باش دەناسێت!
- ئەی خەڵکی سەر زەوی، من وەکو خودا عەقڵ و ئازادیم پێداون، ئەو عەقڵ و ئازادیە بەکاریان بهێنە بۆ شکاندنی دیوارەکان و بەربەستەکانی ئازادی،  نەک بۆ دروستکردنی کۆت و زنجیر و چەوساندنەوە و باڵاپۆشی! ئێوە ئازادی و ڕزگاریتان لە کڵێسا و مزگەوتەکاندا دەست ناکەوێت!چونکە مزگەوتەکان بۆ بەعەبدکردنی مرۆڤەکان دروست دەکرێن بەناوی منەوە! ئێوە ئازادی و ئاسودەییتان لەناو ئەو دەستانەدا دەستدەکەوێت کە دەتوانن یارمەتی یەکتری پێ بدەن!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست